دوێنێ ئێوارە گوێم لە گەنجێکی 28 ساڵەی ئەڵمانیا دەگرت کە بە گەرمی باسی ئەوەی دەکرد کە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە ئەورووپا سوپایەکی تایبەت بە خۆی هەبێت. بیری لە 50 ساڵی داهاتووی ئاسایشی ئەورووپا و دنیا دەکردەوە. دەیگوت سەربازییم کردووە و ئێستاش لەنێو سیاسەتم؛ ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا بوو. میوانی تۆڕی میدیایی رووداو بووین. وەک هەندێک لەم نەوەی تازەی رۆژنامەڤانانی لای خۆمان شانازی بەوە دەکرد کە سەرووی ملیۆنێک فالۆوەری هەیە، بەڵام ئەو ریالیست بوو، دەیزانی ئەوە واتای ئەوە نادات کە هەموو خەڵکەکە لایەنگری ئەون. دەیگوت من هێشتا لە سەرەتادام و تەنیا بۆ خۆم و حیزبە بچکۆلانەکەشمان واباشە کە هەر لە ئێستاوە بیر لە پرسە درێژخایەنەکان بکەینەوە.
دەیویست بزانێ چارەنوسی دنیا بەرەو کوێ دەڕوات و هەر خۆیشی دەیگوت تاوەکو سێ-چوار ساڵی دیکە شەڕێک روودەدات و ئەم جارە ئەورووپا بە حاڵیش بێ هەر بەهۆی ناتۆوە رزگاری دەبێت، بەڵام ئەی دوای ئەوە چی دەکات؟ دەشێ یەکێتی ئەورووپا هەر لە ئێستاوە مشووری خۆی بخوات!
مەبەستی ئەوەبوو کە ئەورووپا سوپایەکی هەبێت و هاوپەیمانی متمانەپێکراوی دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە کە بەڕای ئەو، ترەمپ لەو لیستەدا جێی نابێتەوە.
سیاسەتەکانی ترەمپ و شەڕی چەند ساڵەی ئوکراینا دەریانخست کە ئەورووپا بەم دۆخەی ئێستاوە بۆی ناچێتە سەر. هەموو جی دی پی یەکێتی ئەورووپا 10 جار لەوەی رووسیا گەورەترە و لەڕووی چەکەوە بێجگە لە ژێردەریایی و لەوانەیە بۆمبی ئەتۆمی، کە رووسیا زیاتری هەیە، لە زۆربەی بوارەکانی دیکەدا لە پێش مۆسکۆوەیە، بەڵام چەندین ساڵە ئەم شەڕەی ئۆکراینای بۆ چارەسەر نەکرا.
لەم کاتانەدا سەرنجم بۆ قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا رۆیشت کە دیداری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبوو. ماکرۆنیش کاتی خۆی گوتبووی ناتۆ لە مێشکی خۆیدا ئیفلیج بووەو دەبێ ئەورووپا بیرێک لە ئاسایشی خۆی بکاتەوە. خەرجی سەربازیی فەرەنسا بۆ ماوەی نێوان 2019-2025 بە 295 ملیار یۆرۆ دانراوە، بەڵام وادانراوە کە تاوەکو 2030 بگاتە 413 ملیار یۆرۆ. مانگی رابردووش کۆمیسیۆنی ئەورووپا "وەرەقەیەکی سپی" بۆ ئاسایشی خۆی تاوەکو 2030 بڵاوکردەوە کە باسی زیادکردنی خەرجی سەربازی تێدایە و هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگەی بایەخێکی ستراتیژییە.
فەرەنسا وەک سەرکێشی ئێستای یەکێتی ئەورووپا دەیەوێ خۆی لەم ململانێیەی چین و ئەمریکا بپارێزێ و بۆ ئەوەش هەوڵی فراوانکردنی پەویوەندییە دوولایەنە و چەند لایەنەکانی خۆی لەگەڵ هێزە ناونجییەکانی دنیا وەک بەرازیل و هیندستان، لەڕووی سیاسییەوە فەرەنسا داواکار بووە کە هەندێک لە وهێزە ناونجییانەی دنیاش ببنە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوەکو هەموو شت لە پاوانی هێزە گەورەکانی دنیادا نەمێنێتەوە.
هەورەوها هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە ناوچەییەکانی دیکە بە تایبەت رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات. بایەخ بە لوبنان، کۆنفرانسەکانی عێراق و بەودواییانەش کۆنفرنسەکەی پاریس لە سەر سووریا لەو چوارچێوەیەدایە. لە دوای ئەو پاشەکشەیەی کە پاریس لە ساڵانی رابردوودا لە ئەفریقا کردی، گەشەکردنی هەژموون لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست واتای بازاڕێکی نوێ دەدات، هەروەها واتای هاوپەیمان و هاوسەنگی تازە دەدات. پاڵپشتی ئێران لە رووسیا گرفتی بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا دروستکردووە بۆیە بە ئەگەری زۆر هەوڵی پەرەپێدان و چاککردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەنکەرە دەدەن جا چی بۆ پاکتێکی نوێی بەرگری بێت یان پەیوەندی سیاسی و ئابووری. پەیوندی بەهێزی ئابووری و سەربازی لەگەڵ ئیمارات بنیاتناوە کە بەشێکی دیاری لە پیشەسازیی سەربازیی دەریایی دایە. لەگەڵ میسر، عێراق و چەندیدن وڵاتی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پڕۆژەی فرۆشتنی چەک و ئابووری پێشخستووە. لە ساڵی 2024دا فەرەنسا دووەمین گەورەترین هەناردەکاری چەک بووە کە بە 9.6٪ وە لە دوای ئەمریکا بە دووەم هاتووە و لەوەشدا 28٪ی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە.
لەم کاتاندا کە زەینی خۆمدا زۆر بابەتی وەک پرۆسەی گفتوگۆکانی ئۆجالان و تورکیا، دۆخی سووریا، عێراق و هەڵبژاردنەکەیم وەک مژارە گریمانەییەکانی گفتوگۆی دووقۆڵی ماکرۆن-بارزانی ریز دەکرد، بیرم لەوە دەکردەوە کە ناکرێ تەنیا بە پاڵنەرە مێژووییەکانی پەیوەندی فەرەنسا لەگەڵ کورد باسی ئەم دیدارە بکرێت و دەشێ کۆمەڵێک پاڵنەری بابەتیانەی دیکە لە پشت ئەمەوە هەبن، بەڵام گفتوگۆی گەرمی پەرلەمانتارە گەنجەکەی تەنیشتم لەگەڵ هەندێک لە هاوڕێیانی سەر مێزەکەمان، لەسەر خەتای هێزە رۆژئاواییەکان لە دابەشکردنی نادادپەروەرانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم بۆ تاوێک لە بیرکردنەوە دایبڕاندم. دەیگوت ئەوە خەتای من نەبووە خەتای باپیرانمان بووە. منیش باپیرەم نازی بوو، بەڵام ئێستا من بە جۆرێکی دیکە بیر دەکەمەوە.
رەنگە باسە مێژووییەکان زۆر لە دەردەکانی ئەمڕۆ دەوا نەکەن، بەڵام ئێستا کە وڵاتێکی وەک فەرەنسا دەیەوێ لە حوزەیرانی ئەم ساڵدا دان بە سەربەخۆیی فەلەستین دابنێ دووبارە سەرنجڕاکیش بوو.
لە ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دا لانیکەم لە رۆژئاوای ئاسیا، هەر کەسێک بیەوێ ببێتە هێز دەبێ کوردستانی لە بیر بێت. ئەمە بە ئەندازەیەک بووەتە واقع کە تەنانەت ناسیونالیستێکی وەک دەوڵەت باخچەلیش لە تورکیا، کە جاران لە جیاتی دەستەواژەی کورد دەیگوت هاووڵاتیانی تورکی بە رەچەڵەک کورد، ئێستا باسی پێویستی برایەتی تورک و کورد بۆ قۆناخی نوێ دەکات. هەموو هێزەکانی ناوچەکە کەوتوونەتە تەقەلای ئەوەی کە لەم قۆناخەدا کورد بە شتێکی کەم رازی بکەن، بەڵام هەر ئەوە خۆی واتای واقیعێکی تازەیە، بۆیە هێزێکی جیهانیی وەک فەرەنسا زۆر بە باشی ئەوە دەزانێت و هەبوونی سیاسیانەی کوردیش لەم قۆناخەدا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیدا دێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی ئەورووپا کە ئەندامی لیژنەی بازرگانی بوو، باسەکانی زیاتر لەسەر ئاسایش و مێژوو بوون. دواجار وەک ئەوەی وەرگێڕانێکی سیاسەتی ئێستای ئەورووپا بکات گوتی بەدوای بازرگانی و هاوپەیمانیدا دەگەڕێ و رەنگە هەر ئەوەش رێی خستبێتە ئەم ناوچەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ