کوردستان پێویستی بە کۆنفرانسی میونشنە؟

14-02-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
 
نزیکەی 10 ساڵە هەموو ساڵێک رووماڵی کۆنفرانسی میونشنم کردووە. ئەم ساڵ یەکەمجارە لەبەر دۆخی تەندروستیم ناتوانم بچم، بەڵام ناشتوانم ئاگام لە وردەکارییەکانی نەبێ. بەتایبەتیش کە جیهان لە هەموو کاتێک زۆرتر لە دۆخی جەنگ و قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکاندا دەژی، دەستم لەسەر دڵمە کە ئەمە بۆ کوردستانەکەی من چی لەگەڵ خۆی دەهێنێ؟ هەروەها رەنگە زۆر کەس لە کوردستان بپرسن: بۆچی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی میوانێکی هەمیشە بانگهێشتکراوی کۆنفرانسەکەیە؟ ئەمە گرنگیی بۆ کوردستان چییە؟
 
کۆنفرانسی میونشن هێندەی گەنگەشە ئاشکراکانی باڵکێشن، هێندەش دیدارە فەرمییەکانی پەراوێزی کۆنفرانسەکە گرنگن. بیهێنە پێشچاوی خۆت زۆرتر لە 50 سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بە سەتان وەزیری دەرەوە و بەرگری و وەزیرانی دیکەی وڵاتانی گەورە و بچووک لە ژوورە بچووک و سادەکانی شوێنی کۆنفرانسەکە باسی هەموو شتێک لە جیهاندا دەکەن کە پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەبێ. لەنێو هەموو ئەوانەدا ئەوەی وەک سەرۆکی وڵات و نوێنەری بەشێکی گرنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشوازیی لێدەکرێ و راوێژی لەگەڵ دەکرێ و گوێ لە بیروڕاکانی دەگیرێ، سەرۆک نێچیرڤان بارزانییە. جارێکیان کریستۆف هۆیسگن، سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەبارەی ئامانجی کۆنفراسەکە لەبەردەم مایکی رووداودا پێیگوتم، "دەمانەوێ گرنگترین ئەکتەرەکان کۆبکەینەوە، بۆئەوەی دەرفەتیان پێبدرێ پێکەوە قسە بکەن و سەبارەت بە چۆنێتیی چارەسەرکردنی قەیران و ململانێکان بیرۆکە ئاڵوگۆڕ بکەن. تایبەتمەندییەکی دیکەی کۆنفرانسەکەشمان ئەوەیە کە سەرکردەکان و بەرپرسانی جیهان لەپشت دەرگە داخراوەکان بیرۆکە ئاڵوگۆڕدەکەن." 
 
بە حوکمی ئەزموونی 10 ساڵی رابردووم، ئەگەر بەراوردی کۆنفرانسی ئەم ساڵی میونشن لەگەڵ ساڵانی رابردوو بکەم، دەبێ بڵێم ئەم ساڵ لە هەموو ساڵەکانی دیکە جیاوازترە. پار وا دەزانرا گەورەترین ئاڵنگاری بۆ سەر ئاسایشی جیهان هەر شەڕەکەی رووسیا و ئۆکراینایە. کەچی ئەم ساڵ جەنگ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جەنگە لەبیرکراوەکانی ئەفریقا و جەنگە چاوەڕوانکراوەکەی تایوان و لەگەڵ ئەویشدا دوایین قسەکانی دۆناڵد ترەمپ و ترسی پەلهاویشتنی زۆرتری رووسیا بۆ وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ هەموویان وایانکردووە کە سەرۆکی کۆنفرانسەکە پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە بڵێت، "لە 60 ساڵی رابردوودا بەدەگمەن قەیران و ململانێ و ئاڵنگاریی وەک ئەمساڵمان لەبەردەم بوون." 
 
ئەم ساڵ لە هۆتێلی بایەریشهۆف لە میونشن وەک رۆژی حەشری لێدێ. دۆسێکان هێندە زۆرن کە دانیشتنە دیپلۆماسییەکان پێویستیان بەوەیە بڕیار بدەن کام مژارانە لەگەڵ کێ گرنگترن کە باس بکرێن. جێی سەرنجیشە کە نە رووسیا و نە ئێران بۆ کۆنفرانسی ئەم جارە بانگهێشت نەکراون. جگە لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران و وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و قەتەر و عێراق و تورکیا و لوبنان و ئوردن و بەحرەین و فەڵەستین و سەرۆکی ئیسرائیلیش بانگهێشتکراون. 
 
لە میونشن دەرفەتە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا و سکرتێری گشتیی ناتۆ سەبارەت بە ئاییندەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە کوردستانیش بەشێکە لێی، گفتوگۆ بکرێت. دڵنیام لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەنیا باسی کوردستان و پابەندیی هاوپەیمانان بە پشتیوانیی لە کوردستان ناکرێ، بەڵکو داواشی لێ دەکرێ پەیوەندییە فراوانەکانی لە سەرۆک و دەوڵەتانی ناوچەکەش بەکاربهێنێت بۆ رێگەگرتن لە فراوانتربوونی ئەو جەنگەی لە غەزەیە، بەڵام پریشکەکانی هەموو ناوچەکەی گرتووەتەوە. 
 
بەو قسانەی ترەمپ لەمڕۆژانەدا لەسەر وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ کردوونی و ئەگەر ساڵی داهاتوو ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بێ، رەنگە لە کۆنفرانسی ساڵی داهاتوودا ئەو سەرکردانەی ئەم ساڵ لە کۆنفرانسەکەی میونشنن، خۆزگە بە پار بخوازن، بەڵام من تا ئەوکات چارەسەرەکەم تەواو بووە و رووماڵی کۆنفرانسەکە دەکەمەوە و خۆزگەش بە پار ناخوازم!
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.