مرازی حاسڵ بوو
هیچ لەو ژیانە ئاسوودە نەبوو كە تێیدا دەژیا، چونكە هەڵبژاردنی هاوژینەكەی بە ویستی خۆی نەبوو، دڵی بۆ پیاوێكی دیكە لێیدەدا، ئەو چیدی نەیدەویست بە رێگایەكی نادروست درێژە بە پەیوەندییەكەی بدات، بڕیارێكی ژیرانەی دا كاتێك پەنای بۆ یاسا برد و لە رێگەی دادگاوە مرازی حاسڵ بوو.
ئەوەی لە گۆشەی ئەم هەفتەیەم باسی دەكەم بەسەرهاتی ئافرەتێكە كە ساڵێك لەمەوبەر شووی كردبوو، بەڵام شووكردنەكەی بە ویستی خۆی نەبوو. ئەو ئافرەتە پەنای بۆ ئێمە هێنا بۆ ئەوەی رێگەچارەیەكی یاسایی بۆ بدۆزینەوە و رزگاری بێ لە دەستی مێردەكەی.
ئافرەتەكە بۆی گێڕاینەوە "پەیوەندیی خۆشەویستیم لەگەڵ كوڕێك هەبوو، یەكدیمان زۆر خۆشدەویست، بەڵێنمان بە یەكدی دابوو كە ببینە هاوژینی یەكدی، كوڕەكە هاتە خوازبێنیم، بەڵام ماڵەوەمان رازی نەبوون شوو بەو كوڕە بكەم، پاشان كوڕێكی خزممان هاتە خوازبێنیم، منیش لە ترسی كەسوكارەكەم نەمتوانی داخوازییەكە رەتبكەمەوە و بە ناچاری شووم بە خزمەكەم كرد، بەڵام دڵم هەر لەلای ئەو كوڕە بوو كە خۆشمدەویست، پەیوەندییەكەشمان هەر مابوو. هیچ رووی خۆم نەدەدایە هاوژینەكەم، بەردەوام بیانووم دەگرت بۆ ئەوەی دەستبەردارم ببێ، بەڵام ئەو زۆر منی خۆشدەویست. دوو جار داوام لێكرد كە جیاببینەوە، بەڵام ئەو رەتیكردەوە، چونكە منی زۆر خۆشدەویست و دەیگوت ناتوانم دەستبەردارت بم.
ژیانێكی پڕ لە دوودڵی و راڕاییم هەیە، وا هەست دەكەم تاوانێكی گەورە دەكەم، مێردەكەم منی بەو جۆرە خۆشبوێ و منیش هیچ دڵم لەلای ئەو نەبێ، زۆر نائاسوودەم چونكە ئەوەی من دەیكەم خیانەتە لە مێردەكەم. بە ماڵی باوكیشم گوتووە كە من ناتوانم لەگەڵ ئەو پیاوە هەڵبكەم، بەڵام ئەوان دەڵێن ئارام بگرە، ئەگەر منداڵێك دروست بكەن ژیانت دەگۆڕێ و دڵت بۆ پیاوەكە دەچێ، بەڵام من دڵنیام منداڵ هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێ. ئەو كوڕەی پەیوەندیم لەگەڵی هەیە، چەند جارێك پێشنیازی بۆ كردووم سەری خۆمان هەڵبگرین و بڕۆین، بەڵام من حەز ناكەم ماڵی باوكم و هاوژینەكەم شەرمەزار بكەم و خەڵك بڵێن كچی بە مێردیان رەدووكەوتووە. ئێستاش هاتووم رێگەچارەیەكی یاساییم بۆ بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەو ژیانە رزگارم بێ و لە مێردەكەم جیاببمەوە".
ئامۆژگاری ئافرەتەكەمان كرد كە هەوڵ بدات قەناعەت بە خۆی بهێنێ، ئەو كوڕەی خۆشیدەوێ لە خەیاڵی خۆی دەربكات و پەیوەندی لەگەڵ بپچڕێنێ، چونكە ئەگەر ئاشكرا ببێ، ئەوە هاوژینەكەی دەتوانێ تۆمەتی "خیانەتی هاوسەرگیری" بخاتە پاڵ و سكاڵای لەسەر تۆمار بكات. بەڵام ئافرەتەكە دەیگوت هەڵوێست و رەفتارەكانی و خۆشەویستیی مێردەكەم بەسە بۆ ئەوەی بتوانم لەگەڵی بژیم، بەڵام بە دەست خۆم نییە، من هیچ دڵم بەو پیاوەوە نییە و خۆشمناوێ، ناشتوانم خیانەتی لێبكەم.
پێدەچوو ئەو ئافرەتە كۆتایی بە هەموو شتێك هێنابێ، ئامۆژگاری بۆ ئەو سوودی نەبوو، بۆیە پێشنیازی بۆ كرا كە لە دادگای باری كەسی سكاڵای جیابوونەوە تۆمار بكات و داوای پاراستن بكات، ئەویش وایكرد. ئافرەتەكە بۆ ماوەیەك داڵدە درا، كاتێك هاوژینەكەی دڵنیابوو لەوەی كە ئەوی ناوێ، لێی جیابووەوە. بەڵێننامەش بە كەسوكارەكەی پڕكرایەوە كە كاردانەوەی خراپیان بەرامبەر كچەكەیان نەبێ، ئینجا كچەكەیان رادەستكرایەوە. دوای ماوەیەك ئافرەتەكە شووی بەو كوڕە كرد كە پێشتر پەیوەندی لەگەڵی هەبوو.