پاڵنەرە نادیارەکەی سەردانی سوودانی بۆ هەولێر؛ نادڵنیایی لە 2025

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
دەشێ بەرنامەی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان شتی جیاجیای وەکو نەوت و پێکهێنانی حکومەت، رێگەی گەشەپێدان و سەرژمێریی تێدا بێت، بەڵام پاڵنەرە سەرەکییەکەی جیاوازترە و دوورترە لەوەی باسی لێ دەکرێت. نیگەرانییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق بۆ قۆناخی داهاتوو، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە عێراق بە پەرۆش بێت کە لەم کاتانەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان زووتر پێکەوە بنرێت و چارەسەرێکی مامناوەندیش بۆ پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزرێتەوە.
 
بەردەوامیی شەڕەکانی غەززە و لوبنان، هەروەها بازنەی هێرش و پەرچەکرداری ئێران و ئیسرائیل لە دژی یەک، ترسێکی لای بەغدا دروست کردووە، نەکا ئەو دۆخە عێراقیش پەلکێشی شەڕ و ناسەقامگیرییەکی گەورە بکات. ئەمەش جگە لەوەی لە ساڵی 2025دا ترەمپیش دەستبەکار دەبێت. ئەگەر لە سەردەمی بایدندا، بەغدا تۆزیکیش پشتڕاست بووبێت لەوەی کێشەی گەورەی بۆ دروست نابێت، ئەمجارە ناچارە دوو جار بیر بکاتەوە لەوەی چۆن لەگەڵ ئەم پرسانەدا مامەڵە دەکات.
 
عێراق بۆ 2025 سێ نیگەرانیی سەرەکیی هەیە:
 
یەکەمیان ئەوەیە کە چۆن گرووپە چەکدارییەکان رازی بکات دەست رابگرن و ئیدی لە عێراقەوە هێرش نەکەنە سەر ئیسرائیل. بایدن تەحەمولی هێرشی بەردەوام، بەڵام سنوورداری گرووپە چەکدارەکانی عێراقی دەکرد، بەڵام دیار نییە ترەمپ چی دەکات. لە کاتێکدا دوای هاتنی ترەمپ، تەنانەت مەسعود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ئێرانیش گوتوویەتی، پێویستە خۆمان دۆسیەی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا بگرینەدەست، وڵاتێکی وەکو عێراقیش خۆی ناچار دەبینێت کە خۆی بۆ قۆناخی دووەمی ترەمپ ئامادە بکات.
 
دووەمیان ئەوەیە کە بە هاتنی بەشێک لە ئەندامانی حیزبوڵڵا، حەماس و حوسییەکان، عێراق وەکو ساڵانی هەشتاکانی لوبنانی لێ نەیەت و، وەکو ناوەندی کۆبوونەوەی گرووپەکانی میحوەری مقاوەمە وێنا نەکرێت. بەشێکی زۆر لە سیاسییەکانی شیعە هاوڕان لەسەر ئەوەی، سەرەڕای پاڵپشتیی مرۆیی لە لوبنانییەکان و حەماس، باشتر وایە عێراق خۆی نەخزێنێتە ناو ئەم شەڕەی ئێستا لە ناوچەکە هەیە. تەنانەت ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە دوایین قسەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە چەک بە دەستی دەوڵەتەوە بێت، ئەوەش لەو کاتانەدا کە لانیکەم چەند گرووپێکی چەکداری لە عێراقەوە هێرشێکی بەردەوام، بەڵام سنووردار، دەکەنە سەر بەرزاییەکانی گۆلان، لێداونێکی سەرنجڕاکێش بوو. بێگومان ئەمە بە کەڵکی سوودانی دێت، بۆئەوەی لە ئیدارەکردنی ئەم قەیرانەدا دەستی ئاوەڵاتر بێت. لە راستیشدا ژمارەی ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرشەکان دەکەن و گوێ لە حکومەت ناگرن، بەراورد بە جاران کەمترن. سوودانی لەمەدا پاڵپشتییەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سەرکردە نەریتییەکانی شیعە و مەرجەعییەتی باڵای هەیە، دەیەوێت ئێرانیش بەوە قایل بکات خاکەکەی بەکار نەهێنێت.
 
سێیەمیشیان ئەوەیە کە ئایا رێگایەک هەیە بۆئەوەی نەهێڵێ ئیسرائیل و ئێران خاک و ئاسمانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر یەکدی بەکاربهێنن؟
 
وەزیری دەرەوی عێراق گوتوویەتی، ئێران بەڵێنی داوە لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەیدا بۆ سەر ئیسرائیل (بەڵێنی راست-3) خاکی عێراق بەکارنەهێنێت، بەڵام ئەمە بەڵێنێکە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە بردنەسەری ئەستەمە، ئەگەر بێتو ئێران ئەو هێرشە بکات - چونکە ترەمپ گەڕاوەتەوە، دیار نییە دەیکات یان نا - جا چی لەڕێی گرووپە پرۆکسییەکانەوە بێت یان لەڕێی هێرشی راستەوانەی مووشەکی. لە راستیدا بۆ ئێران و بۆ ئیسرائیلیش ئاسان نییە بتوانن دەوڵەتێک رازی بکەن کە بە فەرمی رێگای خاک و ئاسمانەکەیان بۆ بکاتەوە تاوەکو لەوێوە هێرشەکانیان بکەن - مەگەر لە حاڵەتێکدا کە هێرشەکان سەمبۆلیک بن و بە رێککەوتنی پێشوەختە بکرێن - بۆیە سووریا و عێراق کە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانیی بەهێزیان نییە و فرەسەری و ناسەقامگیرییان تێدایە، باشترین بژارەن بۆ هەردوولا.
 
لێرەدا، لەوانەیە تووندوتۆڵکردنی ئاسایشی ئاسمانی عێراق بە جۆرێک کە لانیکەم هیچ لایەک نەتوانێت بە ئاسانی بەکاریبهێنێت، شتێك بێت کە بە دڵی ئێرانییەکانیش بێت. لەوانەیە هەوڵەکانی بەغداش بۆ ئەوە، هۆکارێک بووبێت بۆئەوەی تاران ئەو گفتەی بە عێراق دابێت!
 
لەدوای هێرشەکەی 25ی ئۆکتۆبەری ئیسرائیل بۆسەر خاکی وڵاتەکەی؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتبووی، ئەمریکا کۆریدۆرێکی ئاسمانیی کردووەتەوە بۆئەوەی کە سوپای ئیسرائیل لەوێوە هێرش بکاتە سەر ئێران، عێراقیش لەوبارەیەوە نامەیەکی سەرکۆنەکردنی ئیسرائیلی دابووە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە راستیدا یەکێک لە گەورەترین نیگەرانییەکانی ئێستای عێراق ئەوەیە کە چۆن رێگا لە بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە بگرێت، بەڵام بۆ ئەوە پێویستی بە رادار و سیستمی بەرگریی مووشەکی و هاوئاهەنگییەکی بەهێز لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. چەند ساڵێکە عێراق بەدوای سیستمی بەرگریی مووشەکییەوەیە و بەم دواییانەش رێککەوتنێکی چەند ملیار دۆلاریی لەگەڵ کۆریای باشوور کردووە بۆ کڕینی سیستمێکی بەرگریی مووشەکی، بەڵام بۆ ئەوەی هەموو ئاسمانەکەی بگرێتەوە، پێویستی بەوەیە چەندەی بیر لە پاراستنی ئاسمانی بەغدا و ئەنبار بکاتەوە، ئەوەندەش بیرێکی لای هەرێمی کوردستان بێت. بۆ ئەوەش لەڕووی سیاسییەوە پێویستی بەوەیە پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ هەولێر هەبێت و تورکیاش رازی بێت، چونکە تورکیا ئۆپەراسیۆنی بەردەوامی هەیە و ئەگەری دووبارەبوونەوەی رووداوی خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکەی کەرکووک، دەتوانێت گرژی لەنێوان هەردوولا دروست بکات، کە عێراق لەم کاتانەدا ئەوەی ناوێت. عێراق بۆ دانانی سیستمی رادار یان بەرگریی مووشەکی، یاخود هەر جۆرە ئامادەکارییەکی سەربازیی دیکە لە هەرێمی کوردستان، پێویستی بە مۆڵەت وەرگرتن لە تورکیا نییە، بەڵام بە ئەگەری زۆر پێویستی بە گفتوگۆ لەگەڵی هەیە؛ بەڵام مەرجی سەرەکیی هەر جۆرە هەنگاوێکی وەها ئەوەیە، لانیکەم بەشێک لە کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و حکومەتی نوێش زووتر پێک بێت، بۆئەوەی بتوانێت هاوئاهەنگییەکی بەهێزی لەگەڵ هەولێر هەبێت.
 
لێرەوە، تەماشاکردنی سەردانەکەی سوودانی بۆ تورکیا، پاشان بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی نەوت و کێشەکانی دیکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەردانەکەی ئەعرەجی بۆ هەرێمی کوردستان و دواتریش بۆ ئێران لە یەک تابلۆدا، دیمەنێکی روونترمان بۆ دەردەخات.
 
رێک دوای هێرشەکەی ئیسرائیل، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی هاتە هەولێر. بەو پێیەی هۆکاری سەردانەکەی وەکو راسپاردەی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان باس کرابوو، دەشێ بابەتێکی سەربازیی گرنگ لە ئەجێنداکەیدا بووبێت. ئێرانییەکانیش لە دوایین دیداریان لەگەڵ وەفدی ئەمنیی عێراق کە بە سەرۆکایەتیی ئەعرەجی سەردانی تارانیان کردبوو، سوپاسی بەغدا و هەولێریان کردووە بۆ جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوانیان. کەواتە پێناچێت مژارێکی پەیوست بەوە لە ریزی سەرەوەی باسەکان بووبێت. بە ئەگەری زۆر، بابەتێکی سەردانەکە پەیوەندیی بە هەوڵی عێراق بۆ رێگرتن لە بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەیەوە لەلایەن ئیسرائیل و ئێرانەوە هەیە. ئەمەش سەرنجمان بۆ سەر یەک مژار رادەکێشێت؛ دانانی سیستمی رادار یان تەنانەت سیستمی بەرگریی مووشەکی. باشترین شوێنیش بۆ ئەوە لە هەرێمی کوردستان، لەوانەیە بنکەی سەربازیی هەریر بێت، کە لە سەرەتاکانی ئەم ساڵەوە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە چۆڵ کراوە، نەک وەکو ئەوەی کە هەندێک لە میدیا نێودەوڵەتییەکان گوتوویانە، گوایە بە تازەیی چۆڵ کرابێت!
 
پێشتر لە هەڵسەنگاندنێکدا لەدوای هەڵبژاردنەکەی هەرێمی کوردستان، باسی ئەوەم کردبوو کە پرسی پێکهێنانی حکومەت ئاڵۆزە و کاتی زۆری دەوێت، بەڵام دۆخی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە و خواستی عێراق بۆ تێپەڕکردنی مەترسییەکانی داهاتوو لەسەر خۆی، وادەکات کە زووتر لە جاران پێکبێت. دەکرێت لیستێکی درێژ ئامادە بکرێت بۆ بەرنامەی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام دواجار نادڵنیایی لە دۆخی ئەمنی و سیاسی لە 2025 هۆکارێکی سەرەکیی دانانی بەرنامەکانە!
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هێمن عەبدوڵڵا

ئێمە و 'کاکە سوور'

پەیامی خەڵکی ئەمریکا روونە، ئێوەش لەنێوخۆتاندا خۆتان رێکبخەنەوە و بەهێز بکەن. بۆ ئەوەی ترەمپ وەک بەهێزێک مامەڵەتان لەگەڵ بکات. ئەو پەیامە بۆ کوردستانیشە. شیکارییەکم خوێندەوە کە روونیدەکردەوە چۆن ئەورووپاییەکان خەریکن سیستمە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکەیان وردە وردە ترەمپ پرووف دەکەن. واتە وای لێدەکەن بە بڕیارێکی لەپڕی ترەمپ زیانی گەورەیان پێنەکەوێت. لە دڵی خۆمدا گوتم: ئەوانە بەو مێژوو و هێز و کاریگەرییەی بەسەر دنیاوە هەیانە ئاوا خۆیان بۆ ترەمپ پرووفبوون ئامادە بکەن، دەبێ ئێمەی پەرتەوازەی لاواز لەڕووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی و هەموو روویەکی دیکەوە، هەروەها مارانگەستەی بڕیاری پێشتری ترەمپ (لە شازدەی ئۆکتۆبەر)، چیمان پێبکرێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بڕیارێکی 'کاکە سوور' نەمانگەزێتەوە؟ ئای لەو رۆژەش کە گەزینەکە هێندە کاریگەر بێ، ئەوەی هەشمانە لەدەستبچێ!