لێكەوتەكانی ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمان: دوو ئیدارەیی یان بە‌هێزبوونەوەی کوردستان

13-10-2024
نەوزاد هێتوتی
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 20ـی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوەبچێت بە یەكێك لە گرنگترین و ھەستیارترین ھەڵبژاردنەکان دادەنرێت لە ھەرێمی كوردستان. دیارە ئەم ھەڵبژاردنە دەبووایە لە ساڵی 2022 بكرایە، بەڵام بەھۆی ناكۆكی سیاسی و رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی، لە 9ـی ئۆكتۆبەری 2022 پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ تەمەنی خۆی بۆ ماوەی ساڵێك درێژ كردەوە. لە راستی دا ئەم ھەنگاوە دژی بنەما و پرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئیرادەی خەڵك بووە و، رەوایی تەواوی دامەزراوەكانی ھەرێمی خستە ژێر پرسیارەوە و زیانێكی زۆر گەورەشی لە پێگە و بەرژەوەندییەكانی ھەرێمی کوردستان دا. ھەر ئەمەش رێگەی خۆشكرد بۆ دادگەی فیدڕالی بەشێوەیەكی فراوان دەست لە كاروباری نێوخۆی ھەرێمی کوردستان و پرسی ھەڵبژاردن وەربدات و لە ئایاری 2023 پەرلەمانی کوردستانی ھەڵوەشاندەوە و بەمەش ھەرێمی تووشی بۆشاییەكی یاسایی گەورە كرد. 
 
ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان و تێبینی و ناڕەزاییە تووندەكانی یەكێتی سەبارەت بە شێواز و رێكارەكانی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، بووە ھۆكارێك كە لە ئایاری 2023 یەكێتی لە دادگەی فیدڕالی سكاڵای یاسایی دژی یاسای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی کوردستان تۆمار بكات. سكاڵاكە زیاتر لەسەر كورسی كۆتاكان، بازنەی ھەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران بوو. لە 21ـی شوباتی 2024 دادگەی فیدڕالی لە بەرژەوەندیی یەكێتی سكاڵاكانی یەكلاكردنەوە. گرنگترین خاڵەكان كە دادگە بڕیاری لەسەر دا ئەمانە بوون: یەكەم، دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار بازنەی ھەڵبژاردن ھەولێر، دھۆك، سلێمانی و ھەڵەبجە. دووەم، ھەڵوەشاندنەوەی 11 كورسیی كۆتاكان. بێگومان ئەمە بڕیارێكی نایاسایی و نادەستووریی بووە، چونكە لە پەرلەمانی عێراق و لە پارێزگاكان كورسی كۆتاكان ھەیە و بە ھیچ شێوەیەكیش دەقێكی دەستووری نییە دژی ھەبوونی كورسی كۆتاكان بێت، بەڵام دیارە مەبەستی ھەرە سەرەكی لە لابردنی كورسی كۆتاكان بۆ لێدان لە پێگەی پارتی بووە، بەوپێیەی زۆربەی كەمەنەتەوەكان لە پارتییەوە نزیكن. سێیەم، دادگەی فیدڕالی كۆمیسیۆنی عێراقی راسپارد بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی کوردستان بكات. ھەروەھا دادگە لە شیكردنەوەكانیدا كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی کوردستانی ھەڵوەشاندەوە و جەختی لەسەر ئەوە كرد كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەرپرسە لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان لە سەر ئاستی عێڕاق و ھەرێمی کوردستان و پەیوەندیدارە بە داڕشتنی سیاسەتی خۆی بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردنەكان، دانانی یاسای ھەڵبژاردنەكان و بەڕێوەچوونی پرۆسەكە. 
 
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدڕالی، سەرۆكی ھەرێمی کوردستان لە 3ـی ئاداری 2024 بەپێی ئەو دەسەڵاتەی ھەبووە 10ـی حوزەیرانی 2024ـی دیاری كرد بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان، بەڵام لە بڕیارێكی لەناكاودا لە 18ـی ئاداری 2024، پارتی رایگەیاند كە بەو مەرج و كۆسپانەی دادگەی فیدڕالی دروستیكردوون، بەشداری ھەڵبژاردنەكان ناكات و لە پرۆسەكە كشایەوە. پارتی لە رێگەی راگەیێندراوێكەوە ھۆكارەكانی بایكۆتكردنی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی كە دادگەی فیدڕاڵ بە دەستكاریكردنی یاسای هەڵبژاردنی كورستان و بەندەكانی پەیوەست بە دیاریكردنی سیستمی بازنەكانی هەڵبژاردن و نەھێشتنی كۆتایی پێكهاتەكان و ژمارەی كورسییەكان و لایەنی سەرپەرشتیار و لایەنی تایبەتمەند بە یەكلاییكردنەوەی تانەكانی هەڵبژاردن، پێشێلی زەقی دەستووری كردووە. ئەم ھەڵوێستەی پارتی لەكاتێكدا بوو كە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە 13ـی ئاداری 2024 نامەیەكی ئاراستەی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی عێراق كرد و داوای كرد چارەسەرێك بۆ پرسی ئەو دەنگدەرانە بكات كە په‌نجه‌مۆره‌كه‌یان ناخوێنرێتەوە و ژمارەیان دەگاتە 20%ـی ده‌نگده‌رانی هه‌رێمی كوردستان. ھەروەھا، سەرۆكی ھەرێمی کوردستان داوای كرد كورسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ 4 كورسی زیاد بكرێن و پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌سته‌ی كۆمیسیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت و نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ بواری ته‌كنه‌لۆژیادا له‌ سه‌نته‌ری ته‌كنیكی كۆمسیۆن ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت.
 
كشانەوەی پارتی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەكی كاردانەوەی فرەجۆری لێكەوتەوە. لەسەر ئاستی نێوخۆیی زۆربەی ھێزە سیاسییەكان لەوانەش یەكێتی، نەوەی نوێ، رەوتی ھەڵوێستی نیشتمانی، ھێزە ئیسلامییەكان پابەندبوونی خۆیان بە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن راگەیاند. لەم رووەوە گوتەبێژی یەكێتی لە رێگەی بەیاننامەیەكەوە رایگەیاند پابەندن بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا. لەلایەكی دیکەشەوە، سەرۆكی نەوەی نوێ جەختی لەسەر ئەوە كرد ئەگەر ھەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەكرێت یان كار بكرێت بۆ دواخستنی، سكاڵایەكی دیکە دەبەنە دادگە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی حكومەتی ھەرێمی کوردستان. لەسەر ئاستی عێراقیش كاردانەوەكان جیاوازبوون، لەلایەك ھێزە شیعەكان بەتایبەت چوارچێوەی ھاوئاھەنگی نزیك لە یەكێتی، داوایان لە پارتی كرد لە بڕیارەكەی پاشگەز بێتەوە و بەشداریی ھەڵبژاردن بكات. ھەروەھا ھێزە سوننەكان بە نیگەرانییەوە سەیری ئەم بڕیارەی پارتیان كرد.
 
لەسەر ئاستی دەرەكیش، ئەمریكا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە؛ نیگەرانن لەو بڕیارەی پارتی و داوای كرد ھەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت، بەشێوەیەك ئەنجامەكان باوەڕپێكراو بن. لەم رووەوە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند 'ئێمە تێدەگەین لەو مەترسیانەی كورد باسیان دەكەن سەبارەت بە بڕیارەكانی دادگەی فیدرالیی عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بزانین بایكۆتكردنی ھەڵبژاردنەكان لەلایەن پارتییەوە خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان، خەڵكەكەی و عێڕاق بەگشتی ناكات.' ھەروەھا، نوێنەرایەتی هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق جەختی لەسەر ئەوە كرد ھەموو لایەك دەبێت كاربكەن بۆ بەرژەوەندیی ھاووڵاتیان و گەیشتنە چارەسەری گونجاو نەك دووبارە دروستكردنی تەنگژەیەكی دیكە لە كوردستان. 
 
دیارە بەشدارینەکردنی پارتی لە پرۆسەكە، مەترسییەكی راستەقینەی لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دروست دەكرد و ھەرێمی دەخستە بەردەم چەند بژاردەیەك. یەكەم، بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان بەبێ بەشداری كردنی پارتی. دووەم، رێگرتن لەوەی ھەڵبژاردن لە زۆنی زەرد بكرێت. سێیەم، كاركردن بۆ ئەوەی پرۆسەكە دوابخرێت جا چ لە رێگەی سەرۆكی ھەرێمی کوردستانەوە بێت یان دادگای فیدڕالییەوە. لەم رووەوە، پارتی ھەوڵیدا زیاتر پرۆسەكە لە رێگەی ئێران و ھێزە شیعەكانەوە دوابخرێت. بۆ ئەم مەبەستەش نێچیرڤان بارزانی لە 5ـی ئایاری 2024 سەردانی ئێرانی كرد و لەگەڵ عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران و زۆربەی بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە كۆبووەوە. ئامانجی ھەرە سەرەكیی ئەم سەردانە دواخستنی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی کوردستان بوو. لە ئەنجامی ئەم ھەوڵانە دادگەی فیدڕالی لەژێر گوشاری ئێران و ھێزە شیعەكاندا، 7ـی ئایاری 2024 لەسەر سكاڵایەكی سەرۆكی حكومەت، مەسرور بارزانی فەرمانێكی ویلایی دەركرد بۆ راگرتنی كارەكانی كۆمیسیۆن و لە 21ـی ئایاری 2024 دادگە بڕیاریدا 5 كورسی لە 100 كورسیی پەرلەمان بۆ كەمینەكان تەرخان بكرێت لەگەڵ چەند رێكارێکی دیكە بۆ زیاتر شەفافكردنی پرۆسەكە. لە دوای ئەم ھەنگاوە و بەھۆی نەبوونی كات، سەرۆكی ھەرێمی کوردستان دوای چەندین جار دواخستن 20ـی ئۆكتۆبەری 2024ـی بۆ ھەڵبژاردن دیاریکرد.
 
بۆچی ئەم ھەڵبژاردنە گرنگە؟
 
دیارە ئەم ھەڵبژاردنە گرنگییەكی زۆری ھەیە، بەتایبەت دوای كێشە و مشتومڕێكی زۆری نێوان لایەنە سیاسییەكان، زۆر بە زەحمەت توانرا وادەیەك بۆ ھەڵبژاردن دیاری بكرێت. سەبارەت بە گرنگیی ئەم ھەڵبژاردنە بە كورتی دەكرێت ئاماژە بەم خاڵانە بكەم:
 
یەكەم، ئەم ھەڵبژاردنە لەكاتێكدایە ئەمە 6 ساڵە ھەڵبژاردن لە كوردستان نەكراوە. لەكاتێكدا بەپێی دەستووری عێراق و پرەنسیپەكانی دیموكراسی، دەبووایە پێش دوو ساڵ ئەم ھەڵبژاردنە بكرایە. بێگومان ئەم دواكەوتنە ھۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دەستووری و قەیرانی رەوایی لە ھەرێمی کوردستان. ئەمەش زیانێكی یەكجار گەورەی بۆ ھەرێمی کوردستان ھەبووە، كە جاران پێیدەگوترا "عێڕاقێكی دیکە". بۆیە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە ھەموو كەموكورتییەكانییەوە هۆکارێكی ھەرە گرنگە بۆ دووبارە گەڕانەوەی رەوایی بۆ دامەزراوەكانی ھەرێمی کوردستان و دووبارە چالاككردنی پرۆسەی دیموكراسی كە كەتووەتە بەردەم قەیران و تەنگژەیەكی زۆر گەورە.
 
دووەم، دیارە ئەنجامنەدانی ھەڵبژاردن ھۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ زیاتربوونی دەستتێوەردانی عێراق و دادگەی فیدڕالی لە كاروباری نێوخۆی ھەرێمی کوردستان. ئەمەش بووە هۆکارێک بۆ ئەوەی دادگەی فیدڕالی زۆر بڕیار دژی ھەرێمی کوردستان دەربكات، لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ھەڵوەشاندنەوەی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی كوردستان و دەستوەردان لە یاسای ھەڵبژاردنەكانی كوردستان. ھەموو ئەمانەش راستەوخو لێدان بوون لە ماف و دەسەڵاتەكانی ھەرێمی کوردستان. بۆیە ئەم ھەڵبژاردنە و دروستكردنی پەرلەمانێكی كارا دەكرێت ببێتە سەرەتایەك بۆ كۆتاییھێنان بە دەستوەردانەكانی بەغدا لە كاروباری ھەرێمی کوردستان بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە پرسی ھەڵبژاردنەوە ھەیە.
 
سێیەم، لەسەر ئاستی دەرەكی، ئەم ھەڵبژاردنە گرنگییەكی زۆری ھەیە، بەتایبەت کە ئەمریكا و دەوڵەتانی ناوچەكە بە وردی چاودێریی پرۆسەکە دەكەن و دۆستەكانی كورد پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن، كە بەردەوامبوونی پاڵپشتیكردنی ھەرێمی کوردستان بەندە بە پرۆسەی دیموكراسییەوە. لەم روانگەیەوە تاوەکو چەند ھەرێمەكە لەڕووی دیموكراسییەوە بەرەوپێش بچێت، پاڵپشتیی دۆستەكان بۆ ھەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت و بەپێچەوانەوە بە نەمانی دیموكراسی بە ئەگەری زۆر ئەمریكا و دۆستەكانی دیکەیش، پشت لە ھەرێمی کوردستان دەكەن.
 
چوارەم، ئەم ھەڵبژاردنە ئاراستەی سیاسەتی ھەرێمی کوردستان دیاری دەكات كە بەرەو چ ئاراستەیەك دەچێت. دیارە ھێزە سیاسییەكان لە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەت پارتی و یەكێتی ئاراستە و سیاسەتی جیاوازیان ھەیە، بۆیە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ئەوە دیاری دەكات، کە پەیوەندییە سیاسییەكانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریكا و ئێران و هێزە شیعەكان و تەنانەت پرۆسەی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بە چ ئاراستەیەكدا دەچێت.
 
پێنجەم، پێدەچێت ئەمە یەكەم جار بێت کە ھەڵبژاردنێك بكرێت بەرچاوڕوونییەكی زۆر نییە سەبارەت ئەنجامەكانی و شێوازی پێكھێنانی حكومەتی ئاییندە. بۆیە ململانێ و كێبڕکێی زۆر تووند لەنێوان ھێزە سیاسییەكان بۆ راكیشانی دەنگی دەنگدەران هەیە.
 
 
سیناریۆیە چاوەڕوانكراوەكانی دوای ھەڵبژاردن 
 
زۆر سیناریۆ ھەن سەبارەت بەوەی حكومەتی ئاییندەی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت، بەڵام ھەموو پێشبینییەكان ئەوە دەردەخەن؛ ئەم جارە پرۆسەی پێكھێنانی حكومەت زۆر قورس و گران دەبێت و بەو ئاسانییەی جاران نابێت. لەم رووەوە سیناریۆیە ھەرە دیارەكان ئەمانەی خوارەوەن:
 
سیناریۆی یەکەم، دروستكردنی حكومەت لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە، ئەگەر توانیان پێكەوە دەنگی پێویست بهێنن و زۆرینە لەناو پەرلەمان دروست بكەن. بێگومان ئەمە یەكێكە لە ئەگەرە ھەرە بەھێزەكان، بەڵام ئەم سیناریۆیە كێشەی خۆی ھەیە. لەبەرئەوەی ئێستا پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی زۆر خراپە و یەكێتی دەیەوێت دەسەڵات ببێتەوە بە فیفتی بە فیفتی، كە بێگومان ئەمەش لەلایەن پارتییەوە لەوانەیە رەتبكرێتەوە. بۆیە ھاوكێشەكان وەك جاران نەماون و رێككەوتنی پارتی و یەكێتی وەك جاران ئاسان نییە و كاتێكی زۆر دەخایەنێت. ھەروەھا ئەو ئەگەرەش ھەیە، كە لەوانەیە ئەم دوو ھێزە نەگەنە رێككەوتن، بەتایبەت ئەم جارە درووشمی بانگەشەی ھەڵبژاردنی یەكێتیی جەخت لەسەر ئەوە دەكات، 'كۆتایی پێدەھێنن' كە مەبەستی لادانی پارتییە لە دەسەڵات.
 
سیناریۆی دووەم، دروستكردنی حكومەت لەلایەن پارتی و بەرەی گەل بە سەرۆكایەتیی شێخ لاھور، ئەگەر بتوانن پێکەوە زۆرینە دروست بكەن. بێگومان خراپی پەیوەندییەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی دەكرێت پارتی ھانبدات بیر لەو سیناریۆیەش بكاتەوە. بێگومان ئەگەر ئەمە سەربگرێت گۆڕانكاری گەورە و بنەڕەتی لە پرۆسەی سیاسی ھەرێمی کوردستان دا دروست دەبێت و بۆ یەكەم جار لەدوای ساڵی 1991، یەكێتی بە فەرمی دەچێتە دەرەوەی پرۆسەی پێكھێنانی حكومەت. لەوانەیە یەكێك لە پاڵنەرەكانی پارتی بۆ ھەنگاونان بەو ئاراستەیە، تۆڵەكردنەوە بێت لەو سیاسەتەی یەكێتی لە موسڵ و كەركووك پەیڕەوەی كرد و پارتی كردە دەرەوەی پرۆسەی پێكھێنانی حكومەتی خوجێیی، بەڵام لەڕاستی دا ئەم سیناریۆیە لێكەوتەی زۆر دەبێت. دەركردنی یەكێتی لە پرۆسەی حكومڕانی ئاسان نییە لەبەر زۆر ھۆكار: یەكەم، یەكێتی ھێز و خاكی لەبەردەستە و ھەر ھەوڵێك لەم رووەوە ھەرێمی کوردستان رووبەڕووی كێشەی راستەقینە دەكاتەوە و ئەگەری دابەشبوونی ھەرێمی کوردستان و گەڕانەوە بۆ فیدڕالی پارێزگاكان لە ئارادا دەبێت. دووەم، ئەم سیناریۆیە دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئەوەی یەكێتی زیاتر لە ئێستا روو لە بەغدا بكات و راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغدا بكات، بەتایبەت ئێستا باردۆخەكە زۆر لەبارە بۆ ئەو ھەنگاوە. لەلایەك مووچە لە دەست ھەرێمی کوردستان دا نەماوە، لەلایەكی دیکەشەوە بەغدا ئەوكات پێشوازی لەو ھەنگاوەی یەكێتی دەكات. سێیەم، ھێزە شیعەكان و ئێران رێگە نادەن پارتی ھاوپەیمانەكەیان بكاتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، چونكە ئەمە كاریگەریی خراپ دەكاتە سەر سیاسەتەكانی ئەو ھێزانە لە ھەرێمی کوردستان و ھاوسەنگی ھێزی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەكی ریشەیی دەگۆڕێت. چوارەم، ئەمە وادەكات ئێران و ھێزە شیعەكان گوشارەكانیان لە دژی ھەرێمی کوردستان زیاتر بكەن و گرژییەكان روو لە ھەڵكشان دەكات. لەوانەشە لە بەغدا سیناریۆی دوورخستنەوەی پارتی بهێندرێتە ئاراوە . 
 
سیناریۆی سێیەم، پێكھێنانی حكومەت لەلایەن ھێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن بە یارمەتیی یەكێتی، ھەرچەندە ئەم سیناریۆیە لاوازە، بەڵام وەك گریمانە ناكرێت رەچاو نەكرێت. بەتایبەت ئەگەر دەنگەكانی پارتی لە كەمی بدات و لایەنەكانی دیکەیش بتوانن دەنگی زۆر بەدەستبهێنن. لەم سیناریۆیەدا تەنانەت ئەگەر پارتی دەنگی یەكەمیش بهێنێت، دەكرێت بەھۆی لایەنداریی دادگەی فیدڕاڵی ئەو فراکسیۆنەی كە بتوانێت زۆرینە لەنێو پەرلەمان دروست بكات مافی پێبدرێت بۆ دروستكردنی حكومەت، وەك چۆن لەكاتی ناكۆكیی نێوان عەللاوی و مالیكی لە 2010 لەژێر كاریگەریی ئێران، دادگە ئەو بڕیارەی دا. لەم بژاردەیەدا تەنانەت ئەگەر یەكێتی نەچێتە نێو حكومەتیش، بەڵام لەوانەیە یەكێتی یارمەتی ھێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن بدات بۆ تەواوكردنی نیساب. لێرەدا بۆ یەكێتی گرنگ نییە كێ دەبێتە دەسەڵاتدار یان خۆی لە دەسەڵات نەبێت. بەڵكو گرنگ ئەوەیە پارتی لە دەسەڵات نەبێت. بێگومان ئەم سیناریۆیەش كێشەی خۆی ھەیە، چونكە پارتی ھێز و خاكی لەبەردەستە و دەستەوەستان نابێت. هەروەها یاسای هەرێمی کوردستان روونە، کە مافی پێکهێنانی حکومەت دەدرێتە لیستی براوەی یەکەم . 

 

سیناریۆی چوارەم ئەوەیە پارتی و یەكێتی نەگەنە رێككەوتن و لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنیش نەتوانن زۆرینە دروستبکەن بۆ پێکهێنانی حكومەت. ئەمەش وادەكات ھەرێمی کوردستان دووبارە بكەوێتە نێو قەیرانی پێكھێنانی حكومەت و بۆ ماوەیەكی درێژ وەك عێراق نەتوانێت حكومەتی نوێ پێکبهێنێت. تەنانەت ئەوكات لەوانەیە سەربكێشیت بۆ ئەوەی دووبارە ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە كوردستان بەڕێوەبچێت. بەتایبەت ئەگەر لەماوەی یاسایی خۆیدا نەتوانرێت حكومەت دروست بكرێت، دیسان مەترسی ئەوە ھەیە دادگەی فیدڕاڵی بڕیاری ھەڵبژاردنی پێشوەختە بدات. بێگومان ئەمەش ھەرێمی كوردستان تووشی قەیرانێكی گەورەی سیاسی دەكات و نقوومی كێشەكان دەبێت و رێگە خۆش دەكات بۆ دەستتێوەردانی زیاتری بەغدا و دەوڵەتانی ناوچەكە لە كاروباری نێوخۆیی ھەرێمی کوردستان دا .
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. زوبێر رەسوڵ

بۆچی ئەم هەڵبژاردنە جیاوازترە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو؟

ئەوەی من مەبەستمە لەم نووسینەدا تیشکی بخەمە سەر، چەند پرسێکە کە لەم هەڵبژاردنەدا جیاوازتر دەردەکەون بە بەراورد بە هەڵبژاردنی خولەکانی پێشوو، وەک بڵێی ئاماژەیەک بن بۆ سەرەتایی قۆناخیکی دیکە لە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دا کە دەتوانین لە چەند ئاستێک دا تێبینییان بکەین.