کاریگەریی شەڕی حەماس - ئیسرائیل لەسەر کوردستان

13-10-2023
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
بە ئەگەری زۆر شەڕی ئەمجارەی ئیسرائیل - حەماس وەرچەرخانێکی دیکە لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دروست دەکات، ئەویش دوای ئەوەی کە لە قۆناخی دوای داعش پەراوێزخرابوو. 
 
پێش هەموو شتێک، هێرشە خافڵگیرکەرانەکەی حەماس، واتایێکی زیاتر دەدات بەو گوشارە زۆرەی کە ئێران لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی رابردوودا خستییە سەر هەرێمی کوردستان سەبارەت بەحیزبەکانی رۆژهەڵات. 
 
هەروەها دەشێت گوشارە پەیتاپەیتاکانی بەغداش لەسەر هەولێر واتادارتر بکات، ئەویش لەکاتێکدا کە بەرپرسانی کورد زیاتر لە هەر قۆناخێکی دیکە ئامادەی سازش بوون. لەوانەیە ئەوانە بەشێک بووبن لەو پلانە فراوانەی شەڕ کە ماتەوزەی کاریگەریی دانانی لەسەر جوگرافیایەکی فراوان لە غەززە و ئیسرائیلەوە بگرە تاوەکو کوردستان و ئێران تێدایە.
 
لە ئەگەری فراوانبوونی بەرەکانی شەڕ و تەشەنەکردنیدا، هەم ئێران، هەم گرووپە شیعییەکانی عێراق نایانەوێت هەرێمی کوردستان بەڕادەیەک بەهێزبێت کە لە قسەیان دەربچێت، یان لانیکەم دژیان بێت و حیزبەکانی رۆژهەڵاتیش نزیکی سنوور بن.
 
هەروەها بایەخی جوگرافیای کوردستانیش بۆ لایەنە دژبەرەکان شتێکی حاشاهەڵنەگرە. کوردستان بەلای کێدا بیشکێنێتەوە کاریگەرییەکی گرنگ لەسەر دۆخەکە دادەنێت، ئەمەش تەنیا لەبەر هێزە سیاسی و سەربازییەکەی خۆی نییە، بەڵکو بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەتی. بۆ ئێران کوردستان رێگەیەکی وشکانیی گرنگە بۆ گەیشتن بە سووریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان و دەریای سپی و گەیشتن بە بەرە گریمانەییەکانی شەڕ. 
 
بۆ رۆژئاواش بەتایبەتی ئەمریکا کە پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات، کوردستان خاڵێکی گرنگی رێگرتنە لە فراوانبوونی هێزی ئێران یان تەنانەت بۆ لاوازکردنی. لە دۆخێکی شەڕدا ئەگەر کورد لایەنێک بێت، بۆ نموونە لەوانەیە باڵادەستی مووشەک و درۆن گرفتی بۆ دروستبکات بەڵام شاخی سەرکێش و ناوچەی سەختی سنووری، پێگەیەکی ستراتیژیی گرنگی پێ دەبەخشێت. بۆیە بە ئەگەری زۆر لە کاتی زیادبوونی شەڕدا، تاران زیاتر هەوڵی راگرتنی دڵی هەولێر دەدات. سەرنجڕاکێشە کە هەر دوای شەڕەکەش بوو کە دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی خۆی بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی پارتی بۆ بارەگاکانی لە کەرکووک هەڵوەشاندەوە و مافی گەڕانەوەی پێدا.
 
بێگومان شەڕ شتێکی باش نییە، بەڵام حاشا لەوەش ناکرێت کە هێشتا کاریگەرترین رێگەی وەرچەرخانە لە سیاسەتی دنیا، وەک ئەوەی کە رۆبەرت گیلپین باسی لێکردبوو. شەڕی ئەمجارە هەرچۆنێک کۆتایی پێ بێت، سەرنج بۆ سەر دۆسیەی فەلەستین و کوردیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رادەکێشێت.
 
هەڵبەت دواجار ئەوەی گرنگە تەنیا رەخسانی هەل و دەرفەتەکان نییە، بەڵکو چۆنییەتی کەڵک وەرگرتنە لێیان. دەبێت چاوەڕوان بین بزانین دەرفەتی ئەمجارە چۆن دەبێت و عاقیبەتی چی دەبێت! 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.