وەڵامێك بۆ رەخنەکانی سەر بەرنامەی چۆپی و چارە

13-09-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هۆگر محەممەد
A+ A-

هۆگر محەممەد

لە تۆڕی میدیایی رووداو رۆژی 12-9-2016 بابەتێك بڵاوبووەوە بە ناوی (بۆ گاڵتە بە شێوازی ژیانمان دەكەن؟) لەو بابەتەدا هێرشێکی گەورە کراوەتە سەر بەرنامەی (چۆپی و چارە) کە بەرنامەیەکی هەفتانەی تۆڕی میدیایی رووداوە، نوسەری ئەو بابەتە ناوی خۆی ناوە (مەلەك عوبەیدوڵڵا..راگەیاندکار).

راگەیاندکار، واتا لە راگەیاندن کار دەکات، کاتێك لە گووگڵ بەدوای ناوەکەیدا گەڕام بۆم دەرکەوت کە ئەو مەلەك عوبەیدوڵڵایە لە راگەیاندن کاری نەکردووە، تا ئێستا هیچ بابەتێكی بڵاونەکردووەتەوە واتا ئەو راگەیاندکارە بوونی نییە و راستی نەوتووە.

لە بابەتەکەیدا کە پڕە لە هەڵەی زمانەوانی، بەوە دەچێت کە کورد نەبێت یان کوردی باش نەزانێت، تەنانەت ناوەکەی خۆیشی بە هەڵە نوسیوە.

ئەو کەسەی کە خۆی بە مەلەك عوبەیدوڵڵا ناوزەد کردووە، نە ناوی مەلەكە و نە راگەیاندکاریشە، ناوەڕۆکی بابەتەکەشی پڕە لە چەواشەکاری و بوختان، باس لەوە دەکات کە گوایە چۆپی لە رێستۆرانتی ئەبوشەهاب لە سفرەچییەکە تووڕە بووە و وتویەتی بۆ ئەو هەموو خواردنەم بۆ دەهێنییت؟. ئەوە ڕاست نییە، لینکی  بەرنامەکە لە تۆڕی میدیای رووداو دانراوە و ئێستاش هەموو کەسێك دەتوانێت تەماشای بکات، هونەرمەند و پێشکەشکار چۆپی زۆر بەنەرمی بە بۆیەکە دەڵێت: بۆچی ئێوە ئەو هەموو خواردنە بۆ یەك کەس دادەنێن، من هیچم داوا نەکردووە و جارێك خواردنی سەرەکییم بۆ نەهاتووە، وا خەریکە تێر دەبم، ئێوە چی لەم هەموو خواردنە دەکەن کە لە بەردەست من دەمێنێتەوە؟ .

بۆیەکە وەڵام دەداتەوە دەڵێت فڕیی دەدەین. چۆپیش پێی دەڵێت حەیفە ئەو هەموو خواردنە فڕێ دەدەن، هەشت قاپی پڕ لە خواردنی بۆ دێت چەندیین جۆر برنج و زەڵاتە و قۆزی و سێ بۆ چوار جۆر مەرەگە، ئەمە جگە لە نان و سوپ. 

بەرنامەکەی چۆپیش لە سەر ئەتەکێت و خواردن بە فیڕۆدانبوو. بڕوا ناکەم کەس پێی باشبێت ئەو هەموو خواردنە بە فیڕۆبدرێت و بخرێتە نێو تەنەکەی زبڵەوە، پێویستە خواردن بە ئەندازە ئامادە بکرێت و خواردن بەهەدەر نەدرێت.

لەو بەرنامەیەدا پێشکەشکار دەچێتە ماڵی هونەرمەند ئیبراهیم حەکیم و لە سەر ئەرز دادەنیشن و خواردنێکی کوردەواری دەخۆن و چۆپیش وەك هەمیشە بە شێوەی کوردەواری خۆمان دادنیشێت و نانەکەی دەخوات، ئایە ئەوە گاڵتە کردنە بە شێوازی نانخواردنی کوردی؟.

تەنانەت چۆپی لە پسپۆرە هۆڵەندییەکە دەپرسێت: باشە ئەم هەموو ئەتەکێتەی تۆ باسی دەکەیت، ئەوە ناگەیەنێت کە شێوەی نان خواردن زۆر زەحمەت دەکەین لە سەر خۆمان؟. هونەرمەند چۆپی ئێمەی وا راهێناوە هەردەم بە جلی کوردییەوە مەقام و حەیرانەکانی دەڵێت و شانازی بە کوردبونی خۆیەوە دەکات، بەهیچ شێوەیەك گاڵتەی بە شێوازی ژیانی کوردەواری نەکردووە، وەکوو لە ناونیشانی بابەتەکەدا هاتووە لە لایەن کەسێکی نادیارەوە، کە خۆی بەخۆڕا بە راگەیاندکار ناساندووە.

نوسەر و رەخنەگری گەورەی کورد حەمە سەعید حەسەن دەڵێت (بێ پێزتریین بەرهەم ئەو بەرهەمەیە کە ئاوڕی لێنەدرێتەوە و کەس باسی نەکات)، ئێستا کە بەرنامەی چۆپی و چارە بووەتە جێی باس و بینەرێکی یەکجار زۆری هەیە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کە بەرنامەیەکی سەرکەوتووە و جێی دەستخۆشییە نەك پەلاماردان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە