بۆچی خەڵاتی وێبی بەخشرایە رووداو؟

13-05-2024
رۆژ عەلی زاڵە
رۆژ عەلی زاڵە @RojZalla
A+ A-
 
برادەرێکم جارێک لێی پرسیم تۆ کە چەندێکە لە ئەمریکا دەژی، چ کارت داوە بە تەلەڤزیۆنێکی کوردی؟ بۆ کار بۆ ئەو هەموو دەزگا میدیاییە ئەمریکی و ئەورووپاییانە ناکەیت؟ من پێم گوت، ئەوەی رووداو پێی دەکرێت، زۆرینەی ئەوان پێیان ناکرێت. 
 
بەدەستهێنانی (خەڵاتی وێبی) نێودەوڵەتی و پشتیوانی بینەرانی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەڵگەفیلمی کۆرۆوای رێک ئەوە دەسەلمێنێت. کلەیر گرەیڤسی، سەرۆکی رێکخراوی خەڵاتی وێبی پێیگوتم، ئەم ساڵ 13 هەزار ئەکتەر و فیلم و بەڵگەفیلم لە 70 وڵاتی جیهانەوە، هەوڵیان بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانی وێبی دا، کە رووداو یەکێکیانی بردەوە. دەیان هەزارانی دیکە بە هیوای ئەوەبوون لە وێبی کارەکانیان هەر تەنیا ناویان بهێنرێت. کۆرۆوای لەنێو باشترینەکانی ئەم ساڵ دا، وەکو یەکێک لە باشترین بەرهەمی ساڵ رێزی لێگیرا.
 
بەڵگەفیلمی کۆرۆوای راستەوخۆ رکابەری لەگەڵ هاوبەشێکی CNN دەکرد و رووداو لێی بردەوە، لە کارێکی تۆڕی Bloomberg بلوومبێرگی بردەوە کە ئەویش راستەوخۆ رکابەری لەگەڵ بەڵگەفیلمی کۆرۆوای دا دەکرد. هەر یەکێک لەو دەزگایانە بودجەی زۆر و توانای مرۆیی گەورەیان هەیە، بەڵام وەک یەکێک لە دادوەرەکانی وێبی پێیگوتم، کارەکان لە وێبی لەسەر بنەمای بەرهەم و نێوەڕۆک هەڵدەبژێردرێن، نەک نێوبانگی دەزگای خاوەن بەرهەمەکان.  
 
چەند رەهەندێکی جیاوازی کۆرۆوای، وایکرد کە وێبی وەکو یەکێک لە باشترین کارەکانی ئەم ساڵ دیاری بکات و رووداو لەگەڵ ئاژانسی ناسا، گووگڵ، ئەپڵ و نێتفلیکس پێکەوە لە یەک رێوڕەسم و لەسەر یەک ستەیج خەڵات وەربگرن. 
 
 لیژنەی داوەری دەبینن لە بەڵگەفیلمی کۆرۆوای دا، بنەما سەرەکییە ئانترۆپۆلۆجییەکان جێبەجێکراون، دەبینن کە هەوڵێکی زۆر دراوە تاوەکو  ئەندامانی خێڵەکە وەک مرۆڤ نیشانبدرێن، هەوڵێکی زۆری تێدایە کە بەهیچ شێوەیەک ئەو مرۆڤانە بە کەم کولتوور یان دواکەوتوو نیشان نەدرێن، بەڵکو هۆکاری پشت بیرکردنەوە و کولتووریان بەڕێزەوە باسکراون و چیرۆکی ئەوان بە هەستیارییەوە وەکو خۆی گێڕدراوەتەوە. 
 
هۆکاری جلوبەرگ لەبەر نەکردنیان بۆ نموونە، ئێمە روونی دەکەینەوە، راشنەڵایزی دەکەین. نیشانی دەدەین کە ئەوان کولتووری خۆیان هەیە و هۆکاری خۆیان هەیە کە بەو جۆرە دەرکەون و بژین، هەروەک چۆن لە جیهانی دەرەوەی دارستانەکەش، خەڵک بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییان کولتوور، نەریت و رەفتار و جلوبەرگی جیاوازیان هەیە. خەڵکی ناوچە شاخاوییەکان دەبینی کە شەرواڵ لەبەر دەکەن و پشتوێن دەکەن، بەشێکی ئەو جلوبەرگە بەهۆی پێویستی هەڵگژانە بە شاخ و بەرزاییەکان دا، لە ناوچە گەرمە بیابانییەکان دەبینی کە جلی سپی و فراوان، وەکو دشداشە و عەگال لەبەر دەکەن، بۆ ئەوەی رەنگە سپییەکە تیشکی خۆر بگەڕێنێتەوە و فراوانی جلوبەرگەکەش فێنکییەکی زیاتریان پێبدات و عەگال و هەر شتێکی دیکەش کە سەری پێ دادەپۆشن بۆ ئەوەیە سەری مرۆڤ لە گەرمی تیشکی راستەوخۆی خۆر بپارێزێت.
 
بۆ کۆرۆواییەکانیش بە هەمان شێوەیە، جوگرافیا و کەشوهەوای ناوچەکە، وایکردووە کە پێویستییان بە جلوبەرگ نەبێت. دارستانەکە بەردەوام شێدار و گەرمە، چڵی دار و دڕکی زۆرە، دروستکردن و پەیداکردنی قوماش، کاتێکی زۆر و وزەیەکی زۆری پێویستە، کۆرۆواییەکان بەوشێوە خۆ پۆشینە، کاتی دۆزینەوە و داهێنانی جلوبەرگیان بۆ پێویستی دیکەی خۆیان تەرخان کردووە.
 
هەروەها لیژنەی داوەری وێبی دەبینن ئێمە لەو بەڵگەفیلمەدا ئەندامانی خێڵەکە بە بینەر - ئاشنا - دەکەین. ئاشناکردن بەو مانایەی نیشانی دەدەین کە ئەوانیش خۆشی و ناخۆشیان هەیە، ترسیان هەیە، پرسیاری هاوشێوەی هەر کەسێکی دیکەیان هەیە، مرۆڤ لە کوێوە هاتووە و بۆ کوێ دەڕوات، ئەوانیش مرۆڤ ناشتن، هاوسەرگیریکردنیان هەیە، پێکەنینیان هەیە، نووکتە دەگێڕنەوە، منداڵەکانیان وەک منداڵەکانی ئێمە خەریکی منداڵیکردنن، نان خواردن و بژێوی پەیداکردنیان نیشان دەدەین، دابەشبوونی کار لەنێوان ئافرەت و پیاوەکانیان نیشان دەدەین، میوزیکیان نیشان دەدەین. ئەگەر مرۆڤ بەبێ کولتوور بێت، چۆن دەتوانێ و دەزانێ میوزیک بژەنێت!
 
ئەگەر بە دیدێکی جیهانیانە تەماشای بەڵگەفیلمی کۆرۆوای بکەین، دەبینی چەندین ساڵە ئینگلیز و رۆژئاواییەکان دێنە جیهانی سێیەم و چیرۆکی ئێمە دەگێڕنەوە، فیلم لەسەر ئێمە دروست دەکەن، ئەوان ستانداردی ئەوەی کە ئێمە کێین و چۆن بیردەکەینەوە و چی دەکەین، دادەڕێژن، بەڵام کۆرۆوای، گێڕانەوەی نەتەوەیەکی رەسەنی نیوەگۆی باشوورە لەسەر نەتەوەیەکی دیکە، تێگەیشتنی گەلێکی نیوەگۆی باشوورە لەسەر گەلێکی دیکەی نیوەگۆی باشوور. واتە پێش ئەوەی تەماشای نێوەڕۆک بکرێت، کۆنسێپتی بەڵگەفیلمەکە بۆخۆی هەوڵێکە بۆ شکاندنی کولتووری کاریگەر بە کۆلۆنیالیزم و مۆنۆپۆلی سەر سەرچاوە مەعریفییەکان و هەوڵێکە بۆ  فرەچەشنکردنی ئەو سەرچاوانە و شکاندنی مۆنۆپۆلی بەشێکی جیهان بەسەر بەشێکی دیکەی دا. 
 
لە 1960ـەکان بە دواوە رەوتێکی بیرکردنەوە و تێڕوانینی پۆست کۆلۆنیاڵی لە رۆژئاوا پەرەیسەند، رەوتێکی بیرکردنەوە کە کۆلۆنیالیزم و هەموو رەهەندەکانی شرۆڤە دەکات و بیردۆزی رەخنەیی مێژوویی (Critical Theory of History) گەشەپێدا. بیرکردنەوەی کۆلۆنیالیستی پێیوابوو، پێویستە شارستانی گەشەسەندووی رۆژئاوایی بۆ هەموو جیهان هەناردە بکرێت، بەڵام لە رەوتی پۆست کۆلۆنیالی دا، کە دوای بڵاوکردنەوەی کتێبی رۆژهەڵاتناسیی (ئۆریانتالیزم) ئێدوارد سەعید لە  1978 دا زیاتر پەرەیسەند، داوا دەکات کە بە وردتر و قووڵتر تەماشای کۆمەڵگە و مێژووی مرۆڤ بکرێت و هەڵسەنگاندن بۆ چی باشە و چی خراپە لەسەر بنەمای یەکسانی کولتووری بکرێت. 
 
لە 1980ـەکانەوە، کتێب و نووسینی ئەندامانی کۆمەڵگە ژێردەستەکان لە ئەمریکا و ئەورووپا وردە وردە گەشە دەکات. کەسێکی وەک فرانس فانۆن، فەیلەسوفی خەڵکی مارتینیک کە لە ژێر دەستی فەڕەنسادایە، لەکاتی شەڕی جەزائیردا وەک سەرباز خزمەتی فەڕەنسای دەکرد، بەڵام لە هەمان کات دا لەنێو ئەو بەلەمەی کە پێی دەچوو بۆ شەڕ، دەبووایە لە بەشی خوارەوەی بەلەمەکە دانیشێت، ئێستا کتێبەکەی فرانس فانۆن لە زۆربەی زانکۆکانی ئەمریکا دەخوێنرێت و نەوەی نوێی ئەمریکا لەسەر ئەوە پەروەردە دەکات کە کولتووری رۆژئاوا هیچی زیاتر نییە لە کولتووری خێڵێک لە دوورگەیەکی دوورە دەست. هەردووکیان دوو تێگەیشتنی جیاوازن بۆ ژیان و کۆمەڵگە و مرۆڤ. لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان هەوڵی هەمەجۆرکردنی مەعریفە دەدەن، مامۆستای پێکهاتە ناسپی پێستەکان دادەمەزرێنن، هەندێ زانکۆ تەنانەت سیستمی کۆتای بۆ ژمارەی مامۆستایانی ناسپی پێست هەیە. سینەماش بە هەمان شێوە مشتومڕێکی زۆری لە نێوخۆیدا بۆ دروستبووە لەسەر ئەوەی کە کێ و چۆن لە فیلمەکاندا بەشداری پێ بکەن بۆ ئەوەی هەمەجۆرییەک لە سینەماش دا هەبێت. لە هونەر و ئەدەبیش دا بە هەمان شێوەیە. 
 
دۆکیۆمێنتەری کۆرۆوای هەوڵێکی لەو شێوەیە، دیارە ئەندامانی لیژنەی داوەری پێیان وابووە کە لەڕووی تەکنیکی بەرهەمهێنان و ڤیدیۆگرافی و نێوەڕۆکەوە لەو ئاستەدایە کە بەشداربێت لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی مەعریفی و گێڕانەوەی مەعریفی دا. 
 
کۆرۆوای بەرهەمی رۆژنامەڤانێکی تەنیا و چەند هاوکارێکی نییە. کۆرۆوای بەرهەمی بیرکردنەوەی دەستەجەمی رووداوە. رووداو، وەک کارگەیەکی بچووکی ئۆتۆمبێل، بیرۆکەیەک کە سەرەتا لە دەرگای رووداو دێتە ژوورەوە، تاوەکو لە شاشە دەردەکەوێت سەتان کەسی بە توانای نێو رووداو، جوانکاری و راستکردنەوەی تێدا دەکەن، تاوەکو لە کۆتاییدا کارێک دەردەچێت کە کەسی باشترین و شارەزاترینی میدیایی کاری تێدا کردووە و هەوڵی کامڵکردنیان داوە. دەزگایەک کە باشترینی کۆمەڵگەکەی خۆی تێدا کۆکردبێتەوە، هەر چاوەڕێی باشترین کاریشی لێ دەکرێت.
 
رەنگە زیادەڕۆیی نەبێت بڵێم رووداو وەک ئەمریکایەکی بچووکە. ئەمریکا ساڵانە چەندین ڤیزای ماوە درێژ دەبەخشێتە ئەو کەسانەی کە پێیوایە توانای باشییان هەیە. ئەوان کە دێنە ئەمریکا لە بوارەکەی خۆیان کاری خۆیان دەکەن بەبێ دەستتێوەردان، ئەمریکا تەنیا ژینگەیەکی لەباری کاکردنیان بۆ دەڕەخسێنێت. هەر ئەوەشە وایکردووە باشترین و بەهرەمەندترینەکانی جیهان زۆربەیان لە ئەمریکاوە سەرهەڵبدەن. رووداویش، ئەوەندەی کە من لێی تێگەیشتووم، هەموو کات دەرگای بۆ هەر کەسێک واڵایە کە توانای کارکردنی هەبێت و خواستی بەکارهێنانی تواناکانی هەبێت. هەربۆیە ئەوانەی کە لە رووداو کار دەکەن، جگە لە توانای باشیان بە حەز و خۆشییەوە کارەکانی خۆیان دەکەن. ئەوەش گەورەترین هەوێنی سەرکەوتنی رووداو و کارێکی هاوشێوەی بەڵگەفیلمی کۆرۆوایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.