کارگرووپ و نەوتی کوردستان

13-05-2024
عومەر ئەحمەد
A+ A-
بەشداریی کۆمپانیای کارگرووپ لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتییەکانی عێراقدا، خاڵێکی وەرچەرخانە لە پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستاندا.
 
کۆمپانیای کارگرووپ، تەنیا کۆمپانیایەکی ناوخۆیی عێراقە، کە لە رووی ئەندازیاری و تواناوە، بە گونجاو زانراوە لەگەڵ گەورەترین کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان بەشداربێت لە گەڕی نوێی گرێبەستە نەوتییەکاندا.
 
بوونی کۆمپانیای کارگرووپ لەناو لیستی ئەو 22 کۆمپانیایەی کە بەشداربوون، وەک گەورە کۆمپانیاکانی تۆتاڵ، شێڵ، گازپرۆم، قەتەر ئێنێرجی، ئەدنوک و پێترۆناس، ئاماژەیەکە کە تاوەکو چەند، لە ماوەیەکی کورتدا هەرێمی کوردستان توانیویەتی ببێتە خاوەن کۆمپانیایەکی نەوتی، کە دەتوانێت نەک تەنیا لە ناوخۆی عێراقدا، بەڵکو لە ناوچەکە و وڵاتانی دیکەی جیهاندا بەشدار بێت لە کاری دۆزینەوە، پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت و گازدا.
 
بەپێچەوانەوە، لە عێراق کە دەرهێنانی نەوت مێژوویێکی نزیک لە یەک سەدەی هەیە، تاوەکو ئێستا کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت دروستنەبووە، کە هاوچەشنی کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بە شێوازی پیشەیی بتوانێت کاری پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکاندا ئەنجام بدات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە عێراق بەهۆی ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە لە زۆربەی بەشەکاندا خاوەنی هێزی کاری شارەزا و بە ئەزموونە.
 
ئامادەبوونی کارگرووپ بەتایبەتی لە کەرتی باڵادەستی نەوتی عێراق (گەڕان و دۆزینەوە، پەرەپێدان و بەرهەمهێنان)، مانای زۆر هەڵدەگرێت. لە هەموو گرنگتر ئەوەیە، هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ئەو توانا زانستی، تەکنیکی، ئەندازیاری و داراییە، کە دەتوانێت کێڵگە نەوتییەکانی خۆی پەرەپێبدات و نەوت و گاز بەرهەم بهێنێت. بە لەبەر چاوگرتنی ئەو هەمووە کێشەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، زۆر جار لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکاندا هەیبووە، ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە.
 
لە کەرتی باڵادەستی نەوتدا، کارگرووپ توانا و ئەزموونی خۆی پێشانداوە، بەتایبەتی لە کێڵگەی خۆرمەڵە، کە نزیکەی 20 ساڵە نەوتی تێدا بەرهەمدەهێنێت و لە چەند ساڵی رابردووشدا گازی هاوەڵی نەوتی کێڵگەکە بەپێی ستانداردە ژینگەییەکان ناسووتێنێت و کەڵکی لێوەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
 
لە کەرتی مامناوەنددا کە بە زۆری پەیوەستە بە ژێرخانی گواستنەوەی نەوت، بەهەمان شێواز کارگرووپ دامەزرێنەری بۆڕی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بووەو پلانی دروستکردنی بۆڕی گازیشی لەبەردەستدایە.
 
دواجار لە کەرتی خوارودەستی نەوت ( پاڵاوگە و کارگەی پێترۆکیمیایی)، کۆمپانیای کارگرووپ لەرێگەی دامەزراندنی گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی بەرچاوی لە دابینکردنی جۆرەکانی سووتەمەنی، بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی لە 15 ساڵی رابردوودا لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا هەبووە. بەو پێیەش لە پلەی یەکەمدا، کۆمپانیا کارگرووپ بووەتە کۆمپانیایەکی نەوتیی هەمەچەشن، کە هەر لە کەرتی باڵادەستی نەوتەوە تاوەکو خوارودەستی نەوت، خاوەن ئەزموون و شارەزاییە. تەنانەت بەرهەمهێنانی کارەبا نە تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ناوچەکانی دیکەی عێراق وەک بەسرە، کۆمپانیای کارگرووپی کردووەتە کۆمپانیایەکی بەتەواوەتی پسپۆری بواری وزە.
 
لە رۆژی یەکەمی راگەیاندنی گرێبەستە نوێیەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای کارگرووپ گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی (دیمە)ی لە پارێزگای میسان و کێڵگەی نەوتی و گازیی (ساسان) و کێڵگەی (عەلان)ی لە پارێزگای موسڵدا بردەوە. لە دوایین رۆژیشدا مۆڵەتی پەرەپێدانی کێڵگەی گازی (خەلیسیە)ی بردەوە، کە دەکەوێتە نێوان سنووری پارێزگای نەینەوا و پارێزگای ئەنبار.
 
پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی نەوت لە بلۆکێکی نەوتیدا یەکێکە لە کارە هەرە ئاڵۆزەکان، هەم لە رووی ئەندازیارییەوە و هەم لە رووی ژمێریایی و کارگێڕییەوە. هەر لە دیزاین و نەخشەدانانەوە بگرە تاوەکو جێبەجێکردن، هەزاران ستانداردی نێودەڵەتی و ناسراو هەیە، کە دەبێت رەچاوبکرێن و سەدان کەسی شارەزا و نوخبە، 24 کاژێر لە رۆژێکدا بەو ئەرکە هەڵدەستن، لەبەر ئەوەش توانای پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی کێڵگەیەکی نەوتی، بە پیشە و شارەزاییەکی نایاب هەژماردەکرێت.
 
وەبەرهێنان لە سەرچاوەکانی نەوت و بەتایبەتی سەرچاوەکانی گازدا، ساڵ لە دوای ساڵ ئاڵۆزتردەبێت. نیگەرانییە ژینگەییەکان لە جیهاندا لەلایەک و تێچووی زۆری ئەو جۆرە پرۆژانە کە لە چەند سەد ملیۆن دۆلارەوە دەستپێدەکەن تاوەکو چەند ملیار دۆلار، بەربەستی گەورەن لەبەردەم ئەو جۆرە وەبەرهێنانەدا. هەروەها سیاسەتی تووندی نەختی بانکە ناوەندییەکان لە جیهاندا، بوونەتە هۆکاری ئەوەی دابینکردنی سەرمایە بۆ پرۆژە نەوتی و گازییەکان تێچووی زۆر بێت.
 
بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق ئەوەندەی دیکە کۆمپانیا بیانییەکانی لە وەبەرهێنان لە سەرچاوەکانی نەوت و گازی ئەو وڵاتە دڵسارد کردووەتەوە. لە خولی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتییەکانی عێراق، هیچ کۆمپانیایەکی ئەمریکی بەشداری نەکردووە، سەرەڕای سەردانی سەرۆکوەزیران سوودانی بۆ واشنتن و بەڵێنی زۆر لەو بارەیەوە. لەبەر ئەوەیە لەم خولەدا، حکومەتی عێراق ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی گۆڕیوە و هەوڵیداوە هاندانی باشتر پێشکێش بە کۆمپانیا نەوتییەکان بکات.
 
کەمکردنەوەی رێژەی موڵکانە لەم خولەدا لە 25٪ وە بۆ 15٪، یەکێکە لەو هاندانانە. لە دوای دەرکردنی رێژەی موڵکانە بە حکومەت، قازانجی ئەو بەرهەمەی کە دەمێنێتەوە بەڕێژەیەک لە نێوان کۆمپانیا و حکومەت دابەشدەکرێت. بەرزکردنەوەی رێژەی قازانجی کۆمپانیاکان تاوەکو 30٪، خاڵێکی دیکەیە کە گرێبەستەکانی ئەم جارەی وەزارەتی نەوتی عێراقی نزیک کردووەتەوە لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی نەوتی عێراق پێداگرە لەسەر هەڵوێستەکانی پێشووی خۆی و گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی دەزانێت.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق جۆری گرێبەستەکانی گەڕی پێنج پڵەس و گەڕی شەشەمی بە ( گرێبەستی هاوبەشیکردن لە قازانج) ناوزەد کردووە. بەو واتایەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە دوای بەرهەمهێنانی نەوت و دوای ئەوەی کە تێچووی بەرهەمهێنانیان وەرگرتەوە، بە رێژەیەک کە لە گرێبەستەکانیاندا هاتووە قازانجیان پێدەدرێت. بۆ نموونە ئەگەر کۆمپانیایەکی نەوتی دوای پەرەپێدانی کێڵگەکەی گەیشتە قۆناخی بەرهەمهێنان و ئەگەر رێژەی قازانجەکەی 30٪ بوو، لە هەر 100 بەرمیل نەوت، سەرەتا 15 بەرمیلی وەک موڵکانە بۆ حکومەتی عێراق دەڕوات و پاشان لەو 85 بەرمیلەی کە دەمێنێتەوە، حکومەتی عێراق 30٪ ی وەک قازانج دەداتە کۆمپانیاکە.
 
لە گرێبەستەکانی هەرێمی کورستاندا، کە بە گرێبەستی (هاوبەشیکردنی بەرهەم) دەناسرێن، لە هەر 100 بەرمیل، سەرەتا 10بەرمیلی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک موڵکانە دەڕوات و پاشان رێژەیەک تاوەکو 40٪ی ئەو 90 بەرمیلەی کە دەمێنێتەوە دەدرێتە کۆمپانیا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو وەبەرهێنانەی کە بە سەرمایەی خۆی کردوویەتی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.