ئیسرائیل و كوردستان دوو نەتەوە و یەك جوگرافیا

ئەیوب نوری

سبەی، چواردەی مایس، شەست و پێنجەمین ساڵیادی دروستبوونی دەوڵەتی ئیسرائیلە. لەم رۆژەدا، جێی خۆیەتی دانیشتوان و دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان كەمێك رامێنن و چەند پرسیارێك دەربارەی ئێستاو ئایندەی خۆیان بكەن . گرنگترین پرسیاریش ئەوەیە ئایا مانەوەی ئەم هەرێمە بە دادپەروەری و چاكسازییەوە بەندە؟ ئایا درووستكردنی رێگەوبان و فڕۆكەخانەی مۆدێرن و هاتنی كۆمپانیاكانی نەوت تاوەكو چەند گرنگن بۆ مانەوەی هەرێمی كوردستان‌‌؟ وەڵام: زامنی سەرەكی ئەم هەرێمەو سەربەستیی خەڵكەكەی سوووپایەكی بەهێزە. بەبێ سووپایەكی لێهاتوو و بەتوانا، بەبێ سنوورێكی پارێزراو، بەبێ جوگرافیایەكی سەقامگیر، ئەو مافانە نە دابیندەكرێن و نەپارێزگارییان لێدەكرێت. ئیسرائیل وڵاتێكی دیموكراسییە، ئازادی و مافی مرۆڤ تێیدا دەستەبەرە، زانست و تەكنۆلۆجیای پێشكەوتووەو پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ دنیا هەیە، بەڵام سەرجەم ئەو دەستكەوتانە لەسایەی سووپایەكی بەهێزو، هێزێكی ئاسمانی سەركەوتوو، دەزگایەكی هەوڵگری فراوانەوە فەراهەم بووەو گەشەی كردووە.

لە دەیڤید بێن گۆریۆنەوە تاوەكو دەگاتە بێنیامین ناتانیاهۆ ، ئامانجی سەرەكییان ئەوەبووە كە سووپای وڵاتانی عەرەب سنوورەكانیان نەبەزێنن، ئاسمانیان نەبەزێنن و مووشەكیان پێوە نەنێن . لەپشت ئەم دڵنیاییەوە بیر لەپتەوكردنی داوودەزگاكانی دەوڵەت دەكەنەوە. بەبێ بوونی ئاسایش لەچوارچێوەی سنوورەكانتدا، باسكردن لەگەندەڵی و دیموكراسی، خۆ لەنێوبردنە. ئیسرائیل ناتوانێ تەنیا بە دادپەروەری و مافی مرۆڤ لەگەڵ دوژمنەكانی بجەنگێت و لەبەرامبەر تووندوتیژی 22 دەوڵەت خۆی راگرێت . لەگەڵ ئەو هەموو دراوسێ دژەیدا، ئیسرائیل هێشتا توانیویەتی ببێتە تاقە وڵاتی دیموكراسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

كوردستانیش دەتوانێ لەو ئەزموونەوە فێر ببێت. دراوسێ راستەوخۆكەی هەرێمی كوردستانیش كە عێراقە ، شەڕەنگێز و تووندوتیژە. باوەڕی بەگفتوگۆ نییە. لەو رۆژەوەی عێراق دروستبووەو تاوەكو عێراق مابێ، بەغدا چاوی لەكوردستانەو بەهی خۆی دەزانێت. سەركردە شیعەو سووننەكان بەبێ جیاوازی، هەستدەكەن بەشێك لەخاكەكەیان دزراوەو هەر هەلێكیان بۆ بڕەخسێ هەوڵدەدەن بەزەبری چەك وەریبگرنەوە. هەربۆیە كورد پێویستی بە سووپایەكی بەهێزو سەربازی زۆر و چەكی پێشكەوتوو باشترین راهێنانە.

كەس هەڕەشەی داگیركردنی خاكی عێراقی نەكردووە، بەڵام بەغدا لە ئەمریكا تانك دەكڕێ و لە رووسیاش فڕۆكە. دراوسێیەكانی، هەموو عێراق بە براو دۆستی خۆیان دەزانن، بەڵام بەغدا بەردەوام خەریكی فراوانكردنی سووپاو خۆ رێكخستنە . عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات و قەتەر خۆیان بەیەك عەشیرەت و خەڵكی یەك بیابان دەزانن ، بەڵام ساڵانە بایی ملیاران دۆلار فڕۆكە و تانك دەكڕن. ناڵێم با كوردیش چاو لەوان بكات و هەموو داهاتی خۆی بۆ تەقەمەنی خەرج بكات، بەڵام ئەگەر ئەوان كە سنووری خۆیان هەیەو وڵاتی سەربەخۆن، بەوشێوەیە بایەخ بەلایەنی سەربازی دەدەن، ئیتر بۆچی كورد سووپاو چەكی پێشكەوتووی نەبێ؟

لێكچوونێكی نزیكی نێوان كوردستان و ئیسرائیل رووبەرە بچووكەكەمانە، كە ئەمەش لەڕووی سەربازییەوە مەترسییەكی گەورەیەو مێژووی وڵاتە بچووكەكان ئەو راستییەمان نیشاندەدات. سووپایەكی بەهێز دەتوانێ ، لەماوەی نەك چەند كاژێرێكدا، بەڵكو لەچەند خولەكێكدا سنووەكانمان ببەزێنێت و بگاتە ناوجەرگەی شارە قەرەباڵخەكانمان. فڕۆكەیەكی جەنگی دەتوانێ لەماوەی چەند چركەیەكدا بگاتە ئاسمانی دوورترین گوندمان. لەبەر ئەم راستییەیە كە سووپای ئیسرائیل بەردەوام لەئامادەباشیدایە ‌، فڕۆكەوانەكانی هەردەم ئامادەی فڕینن ، پاسەوانەكانی سنوور 24 كاژێر و حەوت رۆژی هەفتەو دوانزە مانگی ساڵ وەك واشە چاودێری بست بە بستی سنوورەكانیان دەكەن . سووپای ئیسرائیل و دەزگای مۆسادو ئاسایشی ناوخۆیان پەیڕەوی وتەیەكی داوود پێغەمبەر دەكەن كە لەتەوراتدا دەڵێت "پاسەوانەكانی ئیسرائیل هەرگیز نانوون و هەرگیز خەو نایانباتەوە" . ساڵی رابردوو چەند چەكدارێك ویستیان سنووری ئیسرائیل ببەزێنن، بەڵام هەر لەناو خاكی میسردا كوژران. هەلیكۆپتەرێكی ئیسرائیلی وەك ئەوەی شەست و پێنج ساڵ بێ چاوەڕێی كردبن، بە چەند چركەیەك گەیشتە ئاسمان و بەمووشەكێك كوشتنی . لە چەند مانگی رابردوودا دووجار فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان لەلوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل نێردران، بەڵام هەر بەئاسمانی لوبنانەوە خرانە خوارەوە. هەفتەی رابردووش، لەماوەی شەوو رۆژێكدا ئیسرائیل دووجار بەمووشەك بنكەی هێنان و بردنی چەكی لەدیمەشق و قافڵەیەكی سەربازی كە بەنیازبوو چەكی ئێرانی بگوازێتەوە بۆ حیزبوڵای لوبنان، لەناوبرد. دەزگای مۆسادیش لەلایەن خۆیەوە، لەو رۆژە‌وەی درووستبووە تائێستا، لە ئیمارات و ئێران و كینیاو تانزانیاو ئەفریقیای باشوور ئەمریكای لاتین و تایلەندو پاریس و برۆكسل، بەبێ دوودڵی كەسانێكی تیرۆركردووە كە هاووڵاتی ئیسرائیلیان كوشتووە، یان بەنیازبوون لەدژی ئیسرائیل راهێنانی چەكداری ببینن، یان چەكیان بەدوژمنەكانی ئیسرائیل فرۆشتووە، یان بەنیازبوون چەك بۆ دراوسێیەكانی ئیسرائیل درووستبكەن. هەرجارێكیش كەشتییەكی بارهەڵگر لە كۆریای باكوورەوە، لەئەفریقیاوە، لەئەمریكای باشوورەوە بەرەو ئێران یاخود سووریا یاخود میسر بەڕێدەكەوێت، كارمەندەكانی مۆساد چاودێری دەكەن و بارەكەی دەپشكنن و مەترسییەكانی لێكدەدەنەوە. ئەم جۆرە رەفتارەی ئیسرائیل تەنیا لەبەرئەوەیە كە رووبەری وڵاتەكەی بچووكە، دراوسێیەكانی سوێندیان خواردووە كیانی جوولەكە لەسەر رووی زەووی نەهێڵن. هەروەها لەبەرئەوەی كە جوولەكە تەنیا ئیسرائیل بە خاكی راستەقینەی خۆیان دەزانن، تەنیا لەوێ سەربەستن. تەنیا لەئیسرائیل لەبەر جوولەكەبوون سووكایەتییان پێناكرێت . جگە لەئیسرائیل، میللەتی جوولەكە لەهیچ وڵاتێكی دیكەی ئەم دنیایە لەناخی دڵەوە بەختەوەر نین. تەنیا لەوێ خۆیان بە هاووڵاتی پلە دوو نازانن. ئامانجی تیۆدۆر هێرتزل و دەیڤید بێن گۆریۆن و گۆڵدە مائیرو مۆشێ دایان و مەناحێم بێگنیش ئەوەبوو كە پەناگەیەكی هەتاهەتایی بۆ جوولەكە دروستبكەن و لەچەوساندنەوەو دڵەڕاوكێی وڵاتان رزگاریان بكەن.

جیاوازی چییە لەنێوان كورد و جوولەكە؟ ئایا كوردیش تەنیا لەكوردستان سەربەرز نین؟ ئایا كوردیش تەنیا لەخاكی خۆیدا دڵنقێن و بێترس نییە؟ كوردیش وەك جوولەكە، نەك لە هیچ دەڵەتێكی دیكە، بگرە لەبەغدایش كە تەنیا چەند كیلۆمەترێك لێمانەوە دوورە، هەست بەئاسوودەیی ناكەین. بە ماڵی خۆمانی نازانین. بەیەكسانی سەیر ناكرێین.

لەجەنگەكانیدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەب ، ئیسرائیل فڕۆكەكانیان لەنێودەبات پێش ئەوەی هەڵفڕنە ئاسمان. تانكەكانیان دەسووتێنێ پێشئەوەی بیابانی سیناو بەرزاییەكانی جۆلان ببەزێنن. كوردیش لەبەرئەوەی ئەزموونی جەنگی كراوەی نییەو تەنیا جەنگاوەری شاخە، دەشتەكانی باشووری كەركووك و ناوچەی جەلەولاو موسڵ دەكرێ ببنە هۆی شكستمان. هەربۆیە دەزگایەكی پێشكەوتووی هەواڵگری زۆر گرنگە تاوەكو سات بە سات بزانرێت عێراق چەند فڕۆكەو چەند تانك و چەند سەربازی هەیەو پلان و بیركردنەوەی ئەفسەرو جەنڕاڵەكانیان چییە. ئیسرائیل دەزانێ كە خەونی درێژخایەنی عەرەب لەنێوبردنی دەوڵەتی جوولەكەیە، بەڵام لەهەمانكاتیشدا چركە بەچركە راهێنان و جموجووڵی سوپاكانیان چاودێری دەكات. ئەم بابەتە بانگەشەكردن نییە بۆ جەنگ. تەنیا ئاماژەیەكە بۆ ئەو راستییە جوگرافی و مێژووییەی كە هەرێمی كوردستانی تێدا دەژیت . پێویستە سنووری ئەم هەرێمە بپارێزین. پێویستە سووپاكەمان هەموو پێداویستییەكی بۆ دابین بكرێت. سەربازەكانی كوردستان بەرزترین مووچەو باشترین جلوبەرگ و خۆراكیان هەبێت. پێویستە كورد‌ بەرامبەر هەر تانكێكی عێراق چەكێك و بەرامبەر هەر سەربازێك دوو پێشمەرگەو بەرامبەر هەموو پلانێك دوو پلانی هەبێت.