نامە ئەکادیمییەکان.. بنیاتی رووداو لە رۆمانی کوردیی باشووری کوردستاندا
ئەمە ناونیشانی نامەیەکی ماستەرە (میران جەلال) ساڵی 2008 بە سەرپەرشتیی (پ.ی.د.فازڵ مەجید) پێشکەشی کۆلێجی زمانی زانکۆی سلێمانی کردووە. نامەکە لەسەر بنەمای رێبازی فۆرمالیزم، بەشێوەی شیکاری و رەخنەیی، رەگەزی بنیاتی رووداوی لە رۆماندا بە نموونە گرتووە. ماستەرنامەکە لە سێ بەش پێکهاتووە:
بەشی یەکەم، بەشێوەیەکی تیۆری پێناسەی رەگەزی رووداو دەکات. دواتر پەیوەست بە ڕەگەزەکانی (کەس، شوێن و کات) و لە کۆتاییشدا جیاوازیی رووداوی رۆمان و مێژوویی خستووەتەڕوو. رووداو کردارێکە سەرەتا و کۆتایی هەیە، یان زنجیرەیەک راستین لەڕووی ئۆرگانییەوە پەیوەندیدارن پێکەوە، یان وەک رۆلان بارت دەڵێ: کۆمەڵێک ئەرکی کارتێکراوە لەلایەن هۆکارێک یان چەند هۆکارێکەوە".
رووداو رەگەزێکی بزوێنەر و دیارخەرە بۆ رەگەزەکانی دیکە و لە پراکتیکدا لێیان جیانابێتەوە، چونکە دۆخی کەسێتییەکان نیشاندەدات. لە ڕەخنەی ئەدەبیدا رووداو بە گرنگترین رەگەزی دەقی گێڕانەوەیی دانراوە. توێژەر سەرەتا بۆچوونی ئەرستۆ بۆ رووداو و یەکێتیی رووداو دەخاتەڕوو کە بووەتە بنەمای بنیاتنان و تێگەیشتن لە دەقە سەرەتاییەکانی رۆمان. توێژەر پێیوایە فۆرمالیستە رووسەکان دیارترین کاریان لەو بوارەدا کردووە، چونکە پێگە و بنیات و نەسەقی رووداوەکانیان بەشێوەیەکی زانستییانە و بە پەیڕەوکردنی یاسا زمانییەکان ئاشکرا کرد. ئەوان پێیانوابوو "ئەدەب بنیاتێکی بچووکە لەچوارچێوەی بنیاتێکی گشتگیردا کە ئەویش زمانە".
فلادیمێر پرۆپ یەکەم کەس بوو لە کارەکانیدا هەوڵی دەرخستنی ئەو نەسەقانەی دا و پێیوابوو کەسێتی چیرۆک و کردارە دەروونییەکان ناجێگیرن و بەشداریی بەهای وەزیفیی دەق ناکەن، بەڵام کردارەکان بنەڕەتین، چونکە دەکرێت کەسێتییەکان بگۆڕێن و کردارەکان بەردەوام بن. دواتر شکلۆڤسکی هەوڵی پراکتیزەکردنی ئەو بنەمایانەی پرۆپی بەسەر رۆمان و چیرۆکدا دا. ئەو گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە دەکرێت بە چەند رێگەیەک رەگەزی رووداو بنیات بنرێت، وەک بنیاتەکانی: شوێنکەوتە، تێهەڵکێشان- لەخۆگرتن، هاوسەنگی، بازنەیی، تێکەڵ". تۆدۆرۆف ئەم نەسەقانەی بۆ سێ جۆری بنەڕەتی دابەشکرد: شوێنکەوتە، لەخۆگرتن و نۆرەیی. تۆدۆرۆف لە ڕێگەی زمانەوە لە بنیاتی دەقەکان دەکۆڵێتەوە و کردارەکانی بێو ڕستەکان- کە رەنگپێدەرەوەی رووداوەکانن- و نەسەقەکانی لەسەر بنیاتنراون، وەک بنەمای بەرهەمهێنانی گوتاری دەق دەبینێت. توێژەر پێیوایە لەپاش ئەرستۆ فۆرمالیستەکان بناغەی بایەخدان بە ڕەگەزی رووداویان هێنایەئاراوە. رۆلان بارت کە لەژێر کاریگەریی فۆرمالیستەکاندا بوو، پێیوایە کرداری رابردووی سادە پرۆسەی گێڕانەوە بەلۆجیکی دەکات، وادەکات دیاردەکان راستەقینە و ئاشنا بۆ خوێنەر دەربکەون.
توێژەر پێیوایە کە لە ئەدەبی کوردیدا یەکەم کەس بایەخی بە رووداو دابێت، شێخ نووری شێخ ساڵحە کە باسی گرنگیی رەگەزی رووداو لەسەر دەروونی خوێنەر دەکات. حسێن عارفیش رووداو بە گرنگترین رەگەزی هونەرە چیرۆکئامێزەکان دەزانێ و بە داینەمۆ و هەڵسوڕێنەری گێڕانەوەی دادەنێ. دواتر باسی پەیوەندیی رووداو بە ڕەگەزەکانی دیکەوە دەکات و دەڵێ، ڕەگەزەکان بە تەنیا ناتوانن ئەرکی هونەری لەئەستۆبگرن. کەسێتی بە رووداوەوە پەیوەستە، تەنیا کاتێک رووداو لە کەسێتی دەردەچێت کە دوور لە ویست و توانا و ژینگەی کەسێتی روودەدات، بۆ نموونە باران دەبارێت. لەم رووداوەشدا دەکرێت کاریگەری لەسەر کەسێتی جێبهێڵێت. شوێنیش ئەو ژینگە واقیعی یان خەیاڵییەیە کە رووداوەکانی تێدار روودەدات و کەسێتییەکان تێیدا دەجوڵێن. شوێن زیاتر ڕەگەزێکی وەسفییە. کاتیش ڕەگەزێکی گرنگە، ئەو کاتە رێژەییەیە کە چۆنێتی گێڕانەوەی رووداوەکان و جووڵانەوەی کەسێتییەکان لە ئێستا و رابردوو و ئایندەدا بەگوێرەی شێوازی گێڕانەوەی دەقەکە رێکدەخات. رووداو بە کاتەوە پەیوەستە و هیچ رووداوێک بەبێ کات ڕوونادات. لە تەکنیکدا کات رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت، خێرا یان خاوکردنەوەی کات، بۆ نموونە لە گفتوگۆ و مۆنۆلۆگدا کات خاو دەبێتەوە. لە کۆتایی ئەم بەشەشدا ئاماژە بە جیاوازیی رووداوی رۆمان و رووداوی مێژوویی دەکات، رۆمان وەک میراتگری مێژوو دەبینرێت و ڕۆمانی مێژوویی و رووداوەکانیش لە نزیکی رووداوی رۆمان و مێژوویی رۆڵ دەبینن. ئەرستۆ جیاوازیی رووداوی ئەدەبی و مێژوویی دەکات، رووداوی مێژوویی ڕوویداوە، بەڵام رووداوی ئەدەبی مەرج نییە روویدابێت یان دەشێت ڕووبدات.
بەشی دووەم، سەرەتا باسی چەمکی بنیات دەکات و بە وردی بۆچوونەکانی سۆسێر و کاریگەرییان لەسەر رەخنەی ئەدەبی و قوتابخانەی فۆرمالیستە رووسەکان دەخاتەڕوو. لەم بەشەدا چوار بنیات (شوێنکەوتە، تێهەڵکێش، هاوسەنگ و بازنەیی) لەسەر رۆمانەکان پراکتیزە دەکات. بنیاتی شوێنکەوتە کۆنترین و سروشتیترین شێوازی رێکخستنی رووداوەکانە بەبێ پچڕان و گەڕانەوە، وەکوو مێژوو یان حەکایەتە کۆنەکانە کە سەرەتا و ناوڕاست و کۆتاییان هەیە. ڕەخنەگران بە بنیاتی تەقلیدیش ناوی دەبەن و دەڵێن زیاتر لە چیرۆکدا کارایە. هەرچەندە بنیاتی جیاواز هەیە، بەڵام شوێنکەوتە مەرجێکی بنەڕەتی ئەدەبە و لەسەرجەم بنیاتەکانی دیکەشدا ئامادەیە، کاتێک بنیاتەکانی دیکە شیدەکرێنەوە، شوێنکەوتە دەردەکەوێت. توێژەر رۆمانی "پاشایان کوشت" بە نموونەی ئەم بنیاتە کە بە رووداوێکی سادە دەستپێدەکات، دەهێنێتەوە و دەڵێ، رۆمانێکی کلاسیکییە، گێڕانەوەکەی ڕاپۆرتئاسایە و گوتارەکەشی راپۆرتیە. بنیاتی تێهەڵکێشیش، تێهەڵکێشکردنی چیرۆکێکە لەناو چیرۆکێکی دیکەدا. توێژەر باسی ئاستی حیکایەت و ئاستی گێڕانەوە دەکات؛ کە رووداوەکانی دەق بەسەر سەرەکی و لاوەکیدا دابەش دەبێت. لێرەشەوە کەسێتییەکان بەشداری گێڕانەوە دەکەن و گەمەکردن بە کات سەرهەڵدەدات. توێژەر رۆمانی "ئەژدیها"ی محەممەد موکری کە بەم بنیاتە نووسراوە، بە نموونە دەهێنێتەوە و دەڵێ: پرۆسەی گێڕانەوە لە گێڕەرەوەی دەرەکییەوە بۆ گێڕانەوەی کەسێتییەکان لە ڕێگەی (دیالۆگ، مۆنۆلۆگ، یادکردنەوە) دەگوێزێتەوە، هاوکات تێهەڵکێشی چیرۆکێکی جیاواز بە چیرۆکی سەرەکی و گرێدانەوەیان لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا کراوە.
سەبارەت بە گوتاری دەقەکە، توێژەر لەسەر بنەمای تێهەڵکێشی دوو بەسەرهاتە جیاوازەکە دەڵێ، پەیوەندییەکی دەلالی لەنێوانیاندا نییە، ئەمەش پرسیار لەسەر گوتاری دەقەکە دروستدەکات. هەرچی بنیاتی هاوسەنگە، گێڕانەوەی دوو چیرۆک یان زیاترە کە رووداوەکانیان لەهەمان کات یان دوو کاتی یەکساندا روودەدەن و گێڕەرەوە بە نۆرەو بەش بەش دەیانگێڕێتەوە، ئەمەش جۆرێک جوانی و چێژ بەگێڕانەوەکە دەبەخشێ کە زیاتر لە هونەری سینەماییەوە نزیکە بەهۆی بەکارهێنانی مۆنتاژەوە، واتە دەستکاریی کات و شوێن دەکرێت. دەکرێت کەسێتییەک لە شوێندا جێگیر و لە زەمەندا بسووڕێتەوە، یان کات وەستاوە و شوێن دەگۆڕێت.
توێژەر لە کۆتاییدا باسی بنیاتی بازنەیی دەکات. بازنەیی، دەستپێکردنی رووداوەکانە لەخاڵێکی دیاریکراوداو گەڕانەوەیە بۆ هەمان خاڵ؛ واتە کۆتایی سەرەتایە و سەرەتاش کۆتایی، بۆ ئەوەش نموونەی چەند رۆمانێک دەهێنێتەوە لەوانەش "پێدەشتی کارمامزە کوژراوەکان"ی شێرزاد حەسەن.
بەشی سێیەم، باسی شێوازەکانی گێڕانەوەی رووداو دەکات. سەرەتاش ئاوڕ لە چییەتی و چۆنێتی گێڕانەوە دەداتەوە، واین بووس دەڵێ، پێنج ملیۆن رێگە هەن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێک؛ گێڕانەوە هونەرە نەک زانست. فۆرمالیستەکان گێڕانەوە بۆ گێڕانەوەی بابەتی و خودی دابەش دەکەن. گێڕانەوەی بابەتی کۆنترین جۆری گێڕانەوەیە و گێڕەرەوە دەبێتە زمانحاڵی کەسێتییەکان. تۆدۆرۆف سێ جۆر گێڕەرەوەی بابەتی بەپێی بینینەکان جیادەکاتەوە: بینین لەدواوە، بینین لەگەڵ، بینین لە دەرەوە. لەم گێڕانەوەیەدا هەردوو جێناوی (ئەو، تۆ) بۆ ئاماژەدان بە رووداو و کەسێتییەکان بەکاردەهێنرێ و لە رۆمانی کوردیدا بە بەربڵاوی بەکاربراوە، بۆ نموونە رۆمانی (ئەژدیها) بە "ئەو"و رۆمانی (سەگوەڕ)یش بە (تۆ) دەگێڕدرێنەوە.
سەبارەت بە گێڕانەوەی خودی کە کەسێتییەکی ناو رۆمانەکەیە و خۆی بەشێکە لە رووداوەکان، بۆ نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە دەگەڕێتەوە، کاتێک فلۆبێر داوای کرد رۆماننووسەکان رێ بە کەسێتییەکان بدەن گوزارشت لەهەست و تێڕوانینی خۆیان بکەن و ئەو رۆڵە لە گێڕەرەوەی دەرەکی بستێننەوە. لە گێڕانەوەی خودیدا دەنگەکان جۆراوجۆرن، تێڕوانینەکان جیاوازن؛ هەڵوێستەکانیش هەمەچەشن و تایبەتن. گێڕانەوەی خودی لە ڕۆماندا بە چەند شێوازێک دەردەکەوێت: گێڕانەوە لەڕێی کەسێتییەوە، لەڕێی دیالۆگ و مۆنۆلۆگەوە. بوتۆر سەبارەت بە گێڕانەوەی (من) دەڵێ: "جێناوی (من) دەمانگوازێتەوە بۆ ناوەوە، ئەم کەسێتییەش تەنها دەتوانێت ئەوەمان بۆ بگێڕێتەوە کە دەربارەی خۆیەتی". ئەمەش یەکێکە لە بنەماکانی گۆشەنیگای جیاواز و فرەدەنگی. ئەم شێوازی گێڕانەوەیە لە ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"دا ڕەچاوکراوە. دواتر توێژەر باسی گێڕانەوە لەڕێی دیالۆگەوە دەکات کە بۆ دیالۆگی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دابەشی دەکات. دواتریش باسی گێڕانەوە لەڕێی مۆنۆلۆگ دەکات کە هونەر و تەکنیکێکی نوێیە. تۆدۆرۆف مۆنۆلۆگ بە "توێکاری هۆشی کەسێتی لە چیرۆکدا" پێناسە دەکات. هەروەها مۆنۆلۆگ دەستکاری (کات، شوێن، رووداو، کەسێتی) دەکات و تایبەتمەندی جیاوازی هەیە: خۆدواندن، تەوژمی هۆش، گەڕانەوەی هونەری [فلاشباک]. هاوکات توێژەر نموونە لە رۆمانە کوردییەکان بۆ هەموو ئەمانە دەهێنێتەوە. لە کۆتاییشدا ئەنجامی نامەکە بە چەند خاڵێک دەخاتەڕوو.
توێژەر دەنووسێ: رۆمانە کوردییەکان بەپێی سروشت و تایبەتمەندیی ژینگەی دەوروبەر توانیویانە پراکتیزەی سەرجەم بنیاتەکانی رووداوی رۆمان بکەن، هەر ئەم سروشتەش وای کردووە لایەنی سیاسی تێکەڵی دەقەکان ببێت. جۆراوجۆری بنیاتی رووداوەکان کاریگەری لەسەر ناوەڕۆک و بەهای رووداوەکان نییە، بەڵکو تەنیا بەخشینی سیمایەکی هونەری و ئیستاتیکیە بە دەقەکە. رووداو لە ڕۆماندا کاریگەری لەسەر دیاریکردنی بنیاتەکان هەیە. تایبەتمەندی فرەدەنگی لە ڕۆمانی کوردیدا بەشێوازی گێڕانەوەی خودی بەرهەمهێنراوە.