کێ بنێرین بۆ بەغدا؟

12-12-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
ئەوەى لە کێشە و ناکۆکییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا بۆ من ناڕوونە و هێشتا یەکلانەبوومەتەوە لەوەى ئایا هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی هیچ لە بەغدا ناچنێتەوە و وەک پێویستییەک بۆ دۆزینەوەى رێگەچارەیەکى دى، یارى بەکات دەکات؟ یان هەر بە راستى چاوى لەوەیە لە دەرئەنجامى گفتوگۆکانى ئەو شاندەى بەردەوام بەڕێى بەغداوەن، مافەکانى کورد بەدەستبهێنێت؟
 
ئەگەر ئەو باوەڕەى بۆ دروست بووبێت کە بەغدا جێى ئومێد نییە، بەڵام لانى کەم ئێستا چارەیەکى دیکە شک نابات و بە یاریکردن بەکات چاوەڕوانى پێشهات و قەدەرێکى باشترە، یا بەدواى دەروازەیەکدا دەگەڕێت لە تەوقى بەغدا رزگارى بێت و پێویستى بەکات هەیە، ئەگەر ئەوەبێت ئەم سیاسەتەى پەیڕەوى دەکات ئاساییە، بەڵام ئەگەر بەچاوى هیواوە لە بەغدا بڕوانێت و ئومێدى لەسەر ئەوە هەڵچنیبێت بە دانوستانى ئەو شاندانەى بەغدایان کردووەتە رێى کانى، شتێک لە مافەکانى کورد بەدەستدەهێنرێت، دەبێت پێش بەغدا لۆمەى خۆمان بکەین کە گفتوگۆکان هیچیان لێ شین نابێت. 
 
دەگێڕنەوە لە سەردەمى دەسەڵاتدارێتیی مەلیک مەحمووددا، کابرایەک عاشقى کچى پیاوێکى بەدفەڕ دەبێت. زۆر کەس دەنێرێتە خوازبێنى و باوکى کچە رازى نابێت. پەنا دەباتە بەر شێخ مەحموود و سکاڵاى دەردى خۆى بۆ دەکات، شێخ مەحموود بەڵێنى پێ دەدات خۆى بچێتە لاى باوکى کچە و خوازبێنى بۆ بکات. دەچێت و بەهەمان شێوە دەست بە رووى شێخیشدا دەنرێت و کابرا کچەکەى ناداتێ. ئەم هەواڵە بەناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، کابرایەکى بەدفەڕ و شەڕانگێز کە هاوڕێى باوکى کچەکەیە هەواڵەکە دەبیستێت و دەچێت بۆ ماڵى کیژەکە و هەر لە دەرگەوە هاوار دەکات فڵانى کەروکەرباب بوویتە ئەو پیاوەی شێخ مەحموود بێتە ماڵەکەت و دواى رەتیبکەیتەوە، (ئا وەرە دەرەوە با واو وات لێبکەم). کابرایش لە دەرگەی ژورەکەوە سەرى دەردێنێ و دەڵێت، جا با پیاوێکى وەک تۆیان بناردایا بزانە دەستم بەڕوویەوە دەنا.
 
هەرچەندە خۆم باوەڕم وایە بەغدا بەهیچ جۆرێک نایەوێ یارمەتیدەربێت لە تێپەڕاندنى ئەم کێشە و قەیرانانەى بەرۆکى هەرێمى کوردستانیان گرتووە، بەڵام کە باوەڕت وابوو بۆ تێپەڕاندنیان لە دەرگاى بەغدا بدەیت، دەبێت بزانیت کێ دەنێریت. دابەزاندنى ئاستى شاندى هەرێمی کوردستان بۆ ئاستیک کە بەغدا وەک سکرتێر و بەڕێوەبەرى نووسینگەی بەرپرسانى هەرێمی کوردستان دەیانبینێت، هاندەرى زیاترە بۆ ئەوەى دەست بە روویانەوە بنرێت و بە دەستى بەتاڵەوە بێنەوە. 
 
لە سەردەمى شێخ مەحموود و مەلا مستەفا بارزانییەوە تاوەکو مام جەلال و کاک مەسعود، هەمیشە خۆیان وەک کەسى یەکەم و بڕیار بەدەستى سەرەکى، سەرکردایەتیی ورد و درشتى دانوستاندنیان کردووە. بۆ ئێستا چى شتێک لەوە پێویستترە کە هەوڵبدرێت مووچە بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکرێت. پێویستە کەسانى یەکەم لەناو دامەزراوە حوکمڕانییەکانى هەرێمی کوردستان دانوستاندن بکەن نەک سکرتێر و سەرۆکى نووسینگەکانیان. 
 
پرسى نوێنەرایەتیی کورد چى بۆ دانوستاندن و چى ئەوانەش کە بە نوێنەرایەتیی کورد پۆستیان لە بەغدا وەرگرتووە و ئەوانەیش بە نوێنەرایەتیی کوردستان دەچنە پەرلەمان، بابەتێکە پێویستى بە لێکۆڵینەوە هەیە، کورد نەیتوانى لەم ئەزموونە سەرکەوتووبێت کەسانى شیاو دیاریبکات نوێنەرایەتیی گەلى کوردستان بکەن. بە دیاریکراوى لەم دەیەیەى رابردوودا ناڵێم هەموویان، بەڵام بەشى زۆرى ئەوانەى لەو پۆست و پێگە و نوێنەرایەتییانەبوون ئەوەیان سەلماند کە دەگوترێت کورد ئەوەى لە مەیدانى شەڕ بەدەستى دەهێنێت لەسەر مێزى گفتوگۆ لەدەستى دەدەن. لەوەش جێى سەرنجتر ئەوەیە کە هەندێک لەوانەى بە نوێنەرایەتیی خەڵکى کوردستان چوونەتە بەغدا و بە حیسابى خۆیان و خەڵکیش بۆ ئەوە چوون پارێزگارى لە مافە بەدەستهاتووەکانى گەلى کوردستان بکەن و هەوڵى بەدەستهێنانى ئەو مافانەش بدەن کە بەدەستنەهێندراون. کەچى خۆیان بوونە بەشێک لەو هەڕەشە و مەترسییانەى لەسەر مافەکانى کورد بوون. 
 
باوەڕناکەم لە مێژووى هیچ میللەتێکى چەوساوە و خاک داگیرکراودا ئەوە روویدابێت کە خەڵکانێک بە نوێنەرایەتیی میللەتێک بۆ داخوازى و مافە زەوتکراوەکانى نەتەوەکەیان روو بکەنە دیوانى نەتەوەى سەردەستە، لەوێ بچنە پاڵ نەتەوەى سەردەستە دژ بە داخوازیی نەتەوەکەیان. ئەمەى لە باشوورى کوردستان روودەدات لە مێژووى گەلاندا بێ پێشینەیە و رەنگە جگە لەنێو کورد بۆ هیچ گەلێکى دیکەش نەبێتە مۆدێل، بەڵام لەناو ئەم قەومى کوردى عێراقە، حاڵەتی تێپەڕاندووە و بووەتە دیاردەیەکى سەردەمەکە. خەریکە لە ئاستى کەسیشەوە سەردەکێشێت بۆ مۆدێلى گرووپى کۆمەڵایەتى و حیزبى لەو جۆرە.
 
لەنێو ئەوانەشدا کە بە نوێنەرایەتیی کورد پۆستیان وەرگرتووە، هەیانە لەبرى ئەوەى هەموو توانا و شارەزاییەکى بۆ خزمەتى پرسى کورد تەرخان بکات، کەچى لەپێناو دەستکەوتى شەخسى و بەدەستهێنانى سەروەت و سامان بۆ خۆى و دەوروبەرەکەى، بوونە نموونەى کەسانى گەندەڵ لە عێراق. تەنانەت لەنێو ئەوانەشى بە وەفد دەچوون بۆ بەغدا بۆ داواى مافەکانى کورد، هەبوون بەدواى بەدەستهێنانى پۆست و پلەى کەسوکاریانەوە بوون. 
 
کورد دەبێت ئەم پەتایەى ناوخۆى چارەسەر بکات پێش ئەوەى لۆمەى بەرانبەرەکەى بکات کە مافەکانى لێ زەوتکردووە. تا رێگەچارەیەک بۆ ریشەکێشکردنى ئەو دیاردانە نەدۆزێتەوە، ساڵ لەدواى ساڵ ژمارەى ئەوانە زیاتر دەبن کە لەسەر پشکى کورد و بە نوێەرایەتیی کوردستان دەچنە بەغدا و لەوێوە سەنگەر لە کوردستان دەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.