دیموكراسی به‌بێ هه‌ڵبژاردن
دیموكراسی وه‌ك چه‌مك، وه‌ك تێگه‌یشتنێكی دیاریكراو بۆ حوكمڕانی و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت و شار؛ ته‌مه‌نی سێ هه‌زار ساڵه، هه‌ڵبژاردن وه‌ك میتۆد و میكانیزمی به‌رجه‌سته‌كردنی دیموكراسی، وه‌ك ئیراده‌ی خه‌ڵك و خواستی زۆرینه ته‌مه‌نی ته‌نها دوو سه‌د ساڵه. له مێژووی مۆدێرندا یه‌كه‌م هه‌وڵدان بۆ چه‌سپاندنی دیموكراسی به تێگه‌یشتنی مۆدێرن له‌گه‌ڵ شۆڕشی فه‌ره‌نسیدا لە 1789 له‌دایكبوو، به‌ڵام به‌نێو نزیك دوو سه‌ده له جه‌نگ و ماڵوێرانی، توندوتیژی و ناسه‌قامگیریدا گوزه‌ری كرد تا گه‌یشت به جه‌نگی دووەمی جیهانی؛ لێره‌وه فه‌ره‌نسا و ئه‌وروپای رۆژئاوا توانیان له كه‌ناری شه‌پۆلی دووه‌می دیموكراسیدا، دوای قوربانییه‌كی زۆر، دوای تێڕامان و تێگه‌یشتن له مێژووی ئاڵۆزی خۆیان، بگه‌ن به كه‌ناری سه‌قامگیری و گه‌شه‌كردنی سیاسی و دیموكراسی.
باشوور و رۆژهه‌ڵات و ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا، زیاتر له نیو سه‌ده‌ی دیكه به تووله رێگا و هه‌وراز و نشێوی تۆتالیتاریزم و ناسه‌قامگیری و دواكه‌وتوویی ئابووری و سیاسی‌دا گوزه‌ریان كرد، تا له كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، دوای روخانی یەکێتی سۆڤیه‌ت، ئه‌ویش به یارمه‌تی و به‌هاناوه‌چوونی یه‌كێتی ئه‌وروپا و به داسه‌پاندنی سه‌دان مه‌رج و رێوشوێن و داموده‌زگا و چاودێرییه‌وه، سواری شه‌پۆلی سێیه‌می دیموكراسی بوون، به‌ڵام تا ئێستاش و دوای زیاتر له چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك و دوای زیاتر له ده‌یه‌یه‌ك له ئه‌ندامێتی له یه‌كێتی ئه‌وروپادا، هێشتا له‌نگه‌ریان له كه‌ناری دیموكراسی و سه‌قامگیری سیسته‌می سیاسی و ئابووری پێشكه‌وتوودا نه‌گرتووه. نموونه‌ش بۆ ئه‌مه، هه‌نگاریا كه له‌ناو وڵاتانی دوای كۆمۆنیزمدا پێشه‌نگ بوو له وه‌رچه‌رخانی دیموكراسیدا، ئه‌مڕۆ له هه‌ڵبژاردنه‌كانیدا پارتی (یووبیك) ی شۆفێنیست و نزیك له ئایدیای نازیزم به‌رده‌وام سه‌ركه‌وتنی زیاتر بۆخۆی تۆمار ده‌كات و له گه‌شه‌كردندایه.
نه‌ك به ته‌نها مێژووی خۆرئاوا، به‌ڵكو مێژووی به‌هاری عه‌ره‌بیش وه‌ك شه‌پۆلی سێیه‌می دیموكراسی له‌م دواییانه‌دا، ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌كه‌نه‌وه كه وه‌رچه‌رخانی دیموكراسی پرۆسه‌یه‌كی ئاسان نییه و ناتوانرێت به ته‌نها له خواست و گوتاری سیاسی‌دا یان ته‌نها له هه‌ڵبژاردندا بێته دی. به‌پێچه‌وانه‌وه مێژووی دیموكراسی و یه‌كه‌م ئه‌زموونه‌كانی، له‌گه‌ڵ شۆڕشی فه‌ره‌نسیدا به توندوتیژی له‌دایك ده‌بێت كاتێك شۆڕش سه‌ری رۆڵه‌كانی خۆی ده‌خوات و ده‌په‌ڕێنێت، تا ده‌گات به جه‌نگه ناوخۆییه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ئه‌وروپا و به‌ڵكان و تا گه‌یشتن به هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی یەکەمی جیهانی و له‌دوای ئه‌ویش جارێكی دیكه و له‌دوای 1918 وه، هه‌وڵدان بۆ چه‌سپاندنی دیموكراسی، له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه له ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا نازیزم و فاشیزم به‌رهه‌م دێنێت و ئه‌وروپا رووه و چاره‌نووسێكی ره‌شتر ده‌بات و جه‌نگی دووەمی جیهانی 1939- 1945، ئه‌وه‌نده‌ی دیكه خوێن و كوشتار و ماڵوێرانی به‌سه‌ر خه‌ڵك و وڵاتانی تازه‌پێگرتووی دیموكراسیخوازی ئه‌وروپادا ده‌بارێنێت.
له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا، به‌هاری عه‌ره‌بی 2011، هیوایه‌كی گه‌وره‌ی بۆ خه‌ڵكی خێرله‌خۆنه‌دیوی قوربانیی ده‌ستی ناسیۆنالیزم و عروبه دروست كرد، شه‌پۆلی سێیه‌می دیموكراسی له به‌هاری عه‌ره‌بیدا، به تامه‌زرۆییه‌وه خه‌ڵكی برده سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان هه‌ر له میسره‌وه تا ده‌گاته تونس، نائومێدی و شه‌ڕی ناوخۆ و گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سوپا و توندوتیژیی گروپه ئیسلامییه‌كان و ماڵوێرانی بوو. به ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌مڕۆ وڵاتانی به‌هاری عه‌ره‌بی خۆزگه بۆ رۆژانی سه‌رده‌می موباره‌ك و عابدین و قه‌زافی و ئه‌وانیتر ده‌خوازن.
ئێمه له هه‌رێمی كوردستاندا، دوای ساڵانێكی زۆر له چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌ستی رژێمی به‌عس و ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆڕه‌و و خه‌باتی شاخ و شار، بۆ یه‌كه‌مجار بۆمان ره‌خسا خۆمان حوكمی خۆمان له ناوچه‌یه‌كی بچوكی سه‌ر خاكی خۆمان بكه‌ین، هه‌موومان به ئومێده‌وه لە ساڵی 1992 باوه‌شمان بۆ دیموكراسی كرده‌وه، ناسینی ئێمه‌ش بۆ دیموكراسی هه‌ڵبژاردن بوو، به‌ڵام ئێمه‌ش خۆ چاكتر نه‌بووین له فه‌ره‌نسای شۆڕشی فه‌ره‌نسی و رۆبسبیر و فه‌یله‌سوف و رۆشنگه‌رانی سه‌رده‌می رۆشنگه‌ری، دیموكراسی و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ئێمه‌ش، یه‌كه‌م ده‌سكه‌وتی شه‌ڕی ناوخۆ و خواردنی سه‌ری رۆڵه‌كانی خۆی بوو.
دیموكراسی بۆ ئێمه‌ی كورد و میلله‌تانی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی ئێمه له رۆژهه‌ڵات و ئه‌فریقاشدا، بووه به سێبه‌ر و له پێشمانه‌وه رێده‌كا، هه‌رچی ده‌كه‌ین پێی ناگه‌ین، ئێمه له دیموكراسیدا هه‌ڵبژاردن باش ده‌ناسین، به‌ڵام هیچكات له رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه دیموكراسیمان ده‌ستنه‌كه‌وتووه، نه‌ك هه‌ر دیموكراسی، به‌ڵكو باجی ههڵبژاردنهكانیشمان به هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و ئه‌وه‌نده‌ی دیكه دروستبوونی نائارامی و ناسه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی داوه. بۆ؟ ئایا ئێمه هێشتا ماومانه له دیموكراسی تێبگه‌ین؟ یان دیموكراسی هێشتا ماویه‌تی به باڵای ئێمه بكا؟
وەڵام؛ دیموكراسی په‌یوه‌ندی به تێگه‌یشتن و ئاماده‌یی كولتووری گه‌لانه‌وه نییه، په‌یوه‌ندی به‌و داموده‌زگا و ئه‌زموونه مێژوویی و یاسایانه‌وه هه‌یه كه كۆمه‌ڵگا ده‌په‌ڕێننه‌وه بۆ كه‌ناری سه‌قامگیری و دیموكراسی. رۆڵی یاسا، چه‌سپاندنی یاسا، به‌هێزكردنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای سیاسی، ئه‌و كۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نییه‌ی كه ده‌توانێت له بازاڕی كاردا به‌رهه‌مهێن بێت، هه‌ر له شتومه‌ك و كاڵای بهكاربهرییهوه تا به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه و زانست و زانیاری له‌سه‌ر پێیه‌كانی خۆی بوه‌ستێ و له‌سه‌ر بونیادی ئابوورییه‌كی دامه‌زراو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای سیاسی ببه‌ستێت نه‌ك چاوی له ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بێت و ببێته پاشكۆی كۆمه‌ڵگای سیاسی.
له‌دۆخی ئێستای ئێمه‌دا، رۆڵی یاسا، دادپه‌روه‌ری و خزمه‌تگوزاری، ده‌بێت ئامانجی سه‌ره‌كی پرۆسه‌ی سیاسی بێت. پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان ئه‌گه‌ر نه‌توانن هه‌ڵبژاردن و ئه‌نجامه‌كانی قبوڵ بكه‌ن، ده‌بێت كار بۆ ته‌وافوق و لێكنزیكبوونه‌وه بكه‌ن، هه‌مووان به‌شداری بكه‌ن له حكومه‌تێكی به‌هێزی خزمه‌تگوزاردا، چونكه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا شه‌قام و ده‌نگده‌ر گوتیان “دیموكراسی نابێته نان بۆمان" ، هه‌ڵبژاردنێك نه‌توانێت دیموكراسیانه بێت، با دیموكراسییهكمان هه‌بێت بێ هه‌ڵبژاردن بێت.