سیمفۆنیای درەختە نەگونجاوەکان

12-07-2023
روەیدا مستەفا
A+ A-
 
 
هەر بەیانییەک کە بۆ سەر کار بەڕێدەکەوم، ناتوانم تێبینی دۆخی کارەساتباری ژینگەی شاری هەولێر نەکەم. رەنگە بپرسن بۆچی لەبارەی درەختەوە دەنووسم، لەکاتێکدا دیارە کێشەی گەورەتر لە هەرێمی کوردستان دا هەن. راستییەکە ئەوەیە کە هەموو کێشەکانی ئەم هەرێمە پێکەوەبەستراون و لەیەک رەگەوە سەرچاوەیان گرتووە کە نەبوونی پلانی گونجاوە. 
 
لەنێو جەرگەی شاری هەولێر، بەهۆی شێوازی بێباکانەی دامودەزگاکانەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ درەختەکان، خەریکە کارەساتێکی ژینگەیی دەردەکەوێت. ئەم پێکهاتە گرنگانە کە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی هەستیاریی سرووشت پێویستن، بەشێوەیەکی بێسەروبەر و بێ هیچ بیرکردنەوەیەک رووێنراون. ئەنجامەکەش دروستبوونی کۆمەڵێک درەختی تێکەڵ و پێکەڵە کە نە پێکەوە دەگونجێن و نە ئامانجیشیان هەیە. لە ئەنجامدا، شەقامەکانی شاری هەولێر خاڵین لە پەلوپۆی درەختی جوان رێکخراو کە ئەوەش لە دوورمەودا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت. 
 
درەختەکان زیندەوەری بێوێنەن کە پێویستە لەکاتی دیاریکردنی شوێنی ژیانیان، زۆر شت لەبەرچاو بگیرێت. هەبوونی تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان خاک و درەخت گرنگە بۆ مسۆگەرکردنی تەندروستیی درێژخایەن و پێداویستییەکانی چاودێریکردنیان، بەڵام لە شاری هەولێر لەپێناو جوانکارییەکی رووکەش، چاوپۆشی لەم بنەما زانستییە کراوە. جێگەی داخە کە دەبینی چەند جۆرە درەختێکی جیاجیا، بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەکی دروست، پێکەوە لە هەمان شەقام رووێنراون.
 
ئەم درەختانە لەجیاتی ئەوەی خزمەتی ئامانجێکی زیندوو بکەن، هەندێک جار لە جوانکاری بەولاوە، هیچی دیکە نین. روواندنی درەخت بەشێوەیەکی گونجاو لە هەردوو لای شەقامەکان، دەتوانێت شەقامەکان بکاتە رێگەی ئەفسوناوی کە بەوجۆرە سێبەر و فێنکایی فەراهەم دەکەن. بەداخەوە، وادیارە لایەنە بەرپرسەکانی ئەم کارە لە شاری هەولێر ئەم بنەما بنچینەییەیان پشتگوێخستووە.
 
ئەگەر پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر بەڕاستی یەکێک لە کارە لەپێشینەکان بووایە، دامودەزگە خۆجێییەکان وەبەرهێنانیان لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی باش دا دەکرد بەو ئامانجەی ژینگەی شارەکە باش بکەن و پیسبوونی ژینگەکەش کەم بکەنەوە. 
 
توێژینەوەیەکی ئەم دواییەی عەلی شارباژێری و مەهدی سوورچی کە لە گۆڤاری زانستیی کشتوکاڵیی فوراتدا بڵاوکراوەتەوە، تیشک دەخاتە سەر دیزاینی پارکەکانی شاری هەولێر و دەریدەخات کە لە جێبەجێکردنیان دا بنەما نێودەوڵەتییەکان شکستێکی گەورە هەیە. ئەم پارکانە کە بۆ ئەوە دروستکراون ببنە بەهەشتێک بۆ کۆمەڵگە تاوەکو کاتیان تێدا بەسەرببەن، کەرەستەی پێویستیان بۆ وەرزش و یاری منداڵان تێدا نییە. لەبەرئەوەی پشتگوێخراون و چاودێریکردنیان خراپە، ئەم پارکە گشتییانە پشت بە ئاودێریی بەدەست و ناڕێکوپێک دەبەستن کە ئەوەش کێشەی کەمئاویی لە شارەکەدا خراپتر کردووە.
 
هەڵبژاردنی درەخت بۆ ژینگەی نێوشار پێویستی بە لەبەرچاوگرتنی کرداریی هۆکارە جۆراوجۆرەکان هەیە. ئەو رووەکانەی لە ناوچە جیاوازەکانی نێو شاردا بە تەنیا لە پەراوێزدا کەوتوون کە رووبەڕووی گەرما و تیشکی تووند دەبنەوە، هەندێک جار بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە کە روواندانی درەختەکان لە نزیک یەک، دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی گەرمای نێو هەوا و تیشکی گەرمی ژێر پەلوپۆکانیان. روواندنی رووەکەکان لە نزیک یەکتری دەبێتە هۆی ئەوەی لق و پۆپەکانیان بچن بەنێو یەکتردا و ئەوەش سێبەرێکی زیاتر دەدات. شەقامە کراوە و گەورەکان زیاتر رووبەڕووی گوشاری گەرما دەبنەوە و تیشکدانەوەی خۆریش لەو شەقامانەدا زیاترە. لە رێگەی هەڵمژین و پێچەوانەکردنەوەی تیشکی خۆر، پەلوپۆی درەختەکان ئەو گەرمایە کەم دەکەنەوە کە بە پیادە و زەوی نێو شار دەگات، لەو رێگەیەشەوە دەرچەیەک بۆ رزگاربوون لە گەرمای تاقەتپڕووکێن دەکرێتەوە.
 
درەختەکان تەنیا بۆ جوانکاری نین، بەڵکو پێکهاتەی زیندوون و بەشێکی جیانەکراوەی ژێرخانی شارەکان پێکدەهێنن؛ لە هەر قۆناخێکی پلاندانان، دیزاین و گەشەپێدان دا، پێویستە بە وردی بیریان لێ بکرێتەوە. ئەگەر دیزاینێکی رێکوپێک بۆ شوێنی روواندنیان کرا، ئەو کاتە دەکرێت درەختەکان ببنە وەبەرهێنانێکی دانایانەی درێژخایەن. درەختەکان چەندین سوودیان هەیە، لە قازانجی ئابووری و زیادبوونی بەهای سامان و کەمکردنەوەی تێچووی فێنککردنەوە بگرە تاوەکو دەگاتە سوودە ژینگەییەکانی وەک کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەکان، باشکردنی کوالێتیی هەوا و ئاو و دابینکردنی نشینگە بۆ باڵندە کێوییەکان. لەوەش زیاتر، درەختەکان بە دابینکردنی سێبەر، رۆڵ لە تەندروستیی مرۆڤ دا دەبینن، دەبنە دابڕێنەری دەنگ و دیمەن، هەروەها ناوچە نیشتەجێبووەکان خۆشتر دەکەن، لە ئەنجامدا شەقامی گونجاوتر بۆ پیاسەکردن دروست دەکەن.
 
بۆ راستکردنەوەی ژینگەی خراپی شاری هەولێر، پێویستە ژمارەیەک ستراتیژیی گرنگ بگیرێنەبەر؛ دەبێت چاندنی درەختی گەورە بکرێتە کاری لەپێشینە بۆ ئەوەی پەلوپۆکەیان سێبەری پێویست بۆ شۆستەکانی شارەکە دابین بکەن. هەرچەندە دەکرێت درەختە گوڵدارەکان بۆ بینین جوانبن، هەندێک جار ئەم مەرجە گرنگەیان تێدا نییە. لە پاڵ ئەوە، هەلومەرجی سەختی شارەکان، لەوانەش دووکەڵی ئۆتۆمبێل، خراپیی ئاوەڕۆ، خاکی پەستێنراو، کەمیی تیشکی خۆر و پیسبوون، وادەکەن رزگاربوون و گەشەی زۆربەی درەختەکان زەحمەت بێت. 
 
پێویستە درەختەکان تەنیا بۆ جوانی نەڕوێندرێن، بەڵکو دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگیرێت کە زۆر سوودیان هەیە. ئەو رووەکانەی لە هەرێمی کوردستان دەڕوێن، زۆر سوودیان هەیە چونکە پەناگە و خۆراک بۆ زیندەوەرە کێوییەکان دابین دەکەن، لەبەرامبەر مێروو و وشکەساڵیدا خۆڕاگرن و ئاوی کەمتریان پێویستە. هەروەها ئەو رووەکانە ئەگەری مانەوەیان زیاترە، چونکە خۆیان لەگەڵ کەشوهەوا، خاک و مێرووەکانی ناوچەکەدا دەگونجێنن؛ جگە لەوەش، پێویستیان بە ئاو، پەیین و مێرووقڕکەری کەمترە بەراورد بەو رووەکانەی ژینگەیان ئێرە نییە و دەهێندرێن. 
 
شتێکی دڵخۆشکەرە کە دەبینین گەنجانی شاری هەولێر دەستپێشخەریی چاندنی درەخت دەکەن. پەرۆشی و پابەندبوونی ئەوان بۆ باشکردنی ژینگە جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام ئەو شتەی کە زۆر پێویستە هەبێت، پلاندانانی گونجاو و چاودێریکردنە لە لایەن لایەنە بەرپرسەکانەوە، بە تایبەتی شارەوانی، بۆ ئەوەی ئەوپەڕی سوود لە درەختەکان وەربگیرێت، پێویستە لەسەرمان هەنگاو بەرەو ئەودیوی چەندێتی بنێین و سەرنجمان بخەینە سەر چۆنێتی و چاودێری. 
 
شوێن، جۆر، هەلومەرجی چاندن، چاودێریکردنی بەردەوام و پاراستن هەموویان رۆڵی گرنگ لە زیادکردنی سوودی درەختەکانی نێوشار دەگێڕن. پارەی پێویست بۆ کارکردن، چاودێریکردن و پاراستنی درەختەکان پێویستییەکی بنچینەییە. دواجاریش ئەگەر دارێک لەنێوبچێت، ئەوا وەبەرهێنانە سەرەتاییەکە و سوودەکانیشی لەدەستدەچن. ئەو ستراتیژیانەشی کە لە رووی تێچووەوە بۆ روواندنی درەخت سەرکەوتوون، پێویستیان بە دابینکردنی بەردەوامی درەختی نوێ هەیە.
 
پلاندانانی گونجاو، دیزاینی بیرلێکراوە و پاراستنی شتەکان بەو جۆرەی هەن زیادە نین، بەڵکو پێویستن، ئەگەر بمانەوێت هاوسەنگیی ژینگەیی بۆ شارەکە بگەڕێنینەوە و پێکەوەژیانێکی هاوساز لە نێوان سرووشت و گەشەی شاردا دروستبکەین. شاری هەولێر دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە نموونەیەک بۆ شێوەی سەرکەوتووی شارەکان، بەڵام گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە هەوڵی پێکەوەیی و گۆڕینی هەڵوێستی ئەوانەیە کە لە دەسەڵاتدان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.