'دەستی کار نەک کۆچبەر'

12-04-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
ئەم هەفتەیە لە پەرلەمانی ئەورووپا هەستت دەکرد جەژنە. هەڵبەت جەژنی رەمەزان نا، بەڵکو جەژنی رێککەوتن لەسەر چارەسەرێکی سیحری بۆ کێشەی کۆچبەری کە چەندین دەیەیە سەرکردە ئەورووپییەکان دەیانەوێ چارەی بکەن و بۆیان ناکرێ. هەرچەندەپێمخۆشە گەشبین بم، بەڵام بە حوکمی ئەو هەموو رووماڵانەی لەسەر کۆچبەری بۆ رووداو کردوومن و ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ کاربەدەستانی ئەورووپا هەمبووە، هەستدەکەم ئەوەی ئێستاش چارەسەر نییە و شتی دیکەی لەپشتە. دەمەوێ ئەوەش روونبکەمەوە کەرێککەوتنەکە بۆ کۆچبەرانی کوردیش مانای چییە. 
 
بەپێی ئەو ریفۆرمەی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ سیاسەتی کۆچبەریی یەکێتیی ئەورووپا پەسندی کردووە لەمەودوا کۆچبەرانی نایاسایی لەسەر سنوورەکانی ئەورووپا کەیسەکانیان یەکلایی دەکرێنەوە. واتە کەمپی گەورە لەسەر سنوورەکان دەبن و لەجیاتی ئەوەی کۆچبەر بەکەیفی خۆی هەڵبژێرێ کە دەچێتە کام وڵاتی ئەورووپا، دەبێ لەسەر سنوور داوای مافی پەنابەری بکات. هەر لەوێش یەکلایی دەبێتەوە کە کەیسی کۆچبەرەکە شایانی ئەوەیە مافەکەی پێبدرێ یان پێویستە دیپۆرت بکرێتەوە. دوای ئەوە ئەوانەی مافی پەنابەری وەردەگرن بە یەکسانی دەنێردرێنە وڵاتانی جیاجیای ئەورووپا. ئەمە لەسەر کاخەز لەپلانێکی تۆکمە دەچێ، بۆیەش سیاسییەکان و پارتەکانیان وەک دەستکەوت پیشانی خەڵکی دەدەن. بەڵام بەکردەوە جێبەجێکردنی ئاسان نابێ. بۆیەش رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی کۆچبەران رەخنەی زۆری لێدەگرن. 
 
یەکێک لە رەخنەکان ئەوەیە کە جێبەجێکردنی ئەو پلانە پێشێلکردنی کۆمەڵێک یاسای دیکە دەبێت کە لەنێو یەکێتیی ئەورووپا بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەن. بەتایبەتیش لە مەسەلەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەراندا زۆر یاسا هەن کەرێگرن لەوەی بەئاسانی کۆچبەر بنێردرێنەوە. رەخنەیەکی دیکە لەوەیە کە دەگوترێ ناکرێ لەوجۆرە کەمپانەی لەسەر سنوورەکان دەکرێنەوە بەخێرایی و رێکوپێکی ئەو کەیسی کۆچبەرییە یەکلایی بکرێنەوە. چونکە هەر کەیسێک چیرۆکی ژیان و چارەنووسی مرۆڤێک یان ماڵباتێکە و ناکرێ بەپەلە پڕووزە بڕیار لەسەر چارەنووسی ئەو کەسانە بدرێت. رەخنەیەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەو پلانە وادەکات کۆچبەران رێگەی نوێتر بدۆزنەوە بۆئەوەی لەو کەمپانە و کۆنترۆڵە سنوورییانە دەربازیان ببێ و بێنە نێو ئەورووپاوە. لێرەش بە پشتبەستن بە یاساکانی دیکە هەوڵی دەستخستنی مافی مانەوە بدەن یانیش بە رەش و بۆ ماوەی درێژ لێرە بمێننەوە. 
 
هەستدەکەم ئەو سیاسییانەش کە ئەم هەفتەیە لە پەرلەمانی ئەورووپا جەژنیان دەگێڕا دەزانن بەشێک لەو رەخنانە راستن. بەڵام ئەوان ئەوە دەزانن کە چەند هەفتەیەکی دیکە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا دەکرێن. لەو هەڵبژاردنانەدا ئەگەری زۆر هەیە ئەو پارتانەی دژی کۆچبەرانن دەنگی زۆر بهێنن. بۆیە پێویست بوو پێش ئەو هەڵبژاردنانە پارتەکانی دیکە شتێکیان بەدەستەوە بێ کە بەڵێنی ئەوە بە دەنگدەران بدات کە کێشەی کۆچبەری چارەسەر دەکرێ. ئێستا ئەو پارتانە چارەسەرەکەی خۆیان وەک چارەسەری سیحری بە رای گشتیی ئەورووپی دەفرۆشنەوە. 
 
ریفۆرمەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2026ـەوە کاریان پێدەکرێ و لە ئێستاوە وردە وردە ئامادەکارییان بۆ دەکرێت. بێگومان تاوەکو ئەوکات و دوای ئەوکاتیش زۆر هاونیشتمانی لە باشوور و رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاواوی کوردستانەوە رێگەی هات و نەهاتی کۆچ دەگرنەبەر. مرۆڤ ناشتوانێ بە هەموو ئەوانە بڵێ باشترە لە رێگەی یاساییەوە بێن. چونکە بۆ نموونە کوردێک کە راوە دوونراوە و لەسەر خەبات بۆ ئازادی رەنگە لەسێدارەش بدرێ، ناتوانێ رێگەی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ کۆچکردن. بەڵام ئەوانەی بۆ ژیانێکی باشتر دێن، رێگەی بێ مەترسیتر و باشتر هەن کە هەم یاسایین و هەمیش تێچووی کەمتریان هەیە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا. هەمیشە قسەی بەرپرسێکی ئەڵمانیم لە گوێدا دەزرنگێتەوە کەپێیگوتم: "ئێمە کۆچبەرمان ناوێن، دەستی کارمان دەوێ." هەر ئەو بیرکردنەوەیەشە وایکردووە ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەش ئاسانکاریی زۆر بکەن بۆ کۆچی یاسایی و هێنانی دەستی کار. زۆر وڵاتی دنیا سوود لەو ئاسانکارییانە وەردەگرن و بەوهۆیەوە سەرمایەیەکی باشیش دەبەنەوە نێو وڵاتەکانیان، بەڵام هێشتا کوردستان وەک پێویست سوودی لەمە وەرنەگرتووە.
 
 

 

 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.