كۆنگرەی یەكێتی زیاد بوو

 
قسەی مەلا بەختیار راستە كە دەڵێ "یەكێتی كورسییەكیشی هەبێ هەر یەكێتییە". خۆ ئەگەر یەكێتی 100 كورسی پەرلەمانیشی هەبێ سنووری دەسەڵاتی هەر ئەوەندە دەبێ كە ئێستا هەیەتی. رەنگە یەكێتی تاسەر لەو ناوچەیە ئەو دەسەڵاتەی نەبێ كە هەیەتی. بێگومان ئەمە بۆ پارتیش وایە. واتە كورسیی پەرلەمانی مەرجی سەپاندنی دەسەڵات نییە، بەڵكو بۆ ئەوەیە كێ زیاتر خزمەتی هاونیشتمانیان دەكات، دەنگدەر و متمانەی زیاتر بەدەستدێنێ، بەڵام جوگرافیای زیاتر بەدەستناهێنێ. لێرە لە هەرێمی كوردستان وایە!
 
لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991ەوە پارتی و یەكێتی، شەریكی باشی و خراپییەكانی ئەم هەرێمەن. چەند جار لە ئاستی هەرە باڵای حیزبی خۆم بیستووە كە پارتی لەگەڵ یەكێتییەكی بەهێزدایە، چونكە هەركاتێك شەریكی ئێمە لاوازبێ، بڕیاری سیاسی و بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لاسەنگیی تێدەكەوێت. پارتی زیاتر بۆ خاتری چاوی رەشی كوردستانە دەیەوێ یەكێتی بەهێزبێ، نەك بۆ خاتری چاوە سەوزەكەی یەكێتی! بێگومان ئەوەش باشە.
 
یەكێتی لە نێوەڕاستی ساڵی 2010 سێیەمین كۆنگرەی خۆی گرێدا، ئەوكات كۆنگرە بۆ حیزبێكی وەك یەكێتی كە سێ ساڵ بوو بزووتنەوەی گۆڕان لەنێو هەناوی یەكێتیدا دروستبووبوو، یەكێتی خۆی كۆكردەوە. دوای 10 ساڵ كۆنگرەی چوارەمی گرێدا. كۆنگرەی سێیەم حەتمییەتی خۆی هەبوو، بەڵام كۆنگرەی چوارەم وەك خۆیان دەڵێن، بۆ حیزبەكەی مام! رەنگە سەرئێشەیەكی گەورەبێ. ئینجا بۆ پارتی و دواتر بۆ هەموو هەرێمی كوردستان.
 
یەكلانەكردنەوەی كەسی یەكەمی نێو یەكێتی لەنێو كۆنگرەدا، بڕیارێكی ژیرانە نەبوو، ئێستاش كێشە هەیە كە كێ ئەو پۆستە وەردەگرێت؟ یەكلایینەكردنەوەی ئەو پۆستە، تەنیا پەیوەندیی بە ناوخۆی یەكێتییەوە نییە، ئەی حیزبەكان و دامەزراوە فەرمییەكان لەگەڵ كێ قسە بكەن؟ گوتار و قسەی كۆتایی یەكێتی لە كێ وەربگرن؟
 
بینیمان لە سەرهەڵدانی كێشەی غازدا، چ كێشمەكێشێك دروستبوو، گوتیان "پارتی نەوتی هەولێر و دهۆك دەبات"، بە قسەی خۆیان دەیانگوت: رێگە نادەین پارتی غازی سلێمانی ببات. ئەم قسەیە لەئاست پێگەی حیزبێكی وەك یەكێتی كە خۆی بە شەریكی هەرێمی كوردستان دەزانێ، گونجاو نییە. دەبووایە بەیاننامەیەك دەرچووبا و تێیدا گوترابا "ئەمە گوزارشت لە هەڵوێستی حیزبێكی وەك یەكێتی ناكات".
 
پارتی بۆیە جیاوازە، هەمیشە كوردستانییانە بیردەكاتەوە، چۆن نەوتی زاخۆ و هەولێر دەفرۆشێ و مووچەی هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستانی پێ دەدات، ئاوهاش خەڵكی ئاكرێ، ئامێدی، دهۆك، زاخۆ، هەولێر، پێنجوێن و سلێمانیش مافیان هەیە غازەكەی كۆرمۆر بەكاربێنن. هیچ رۆژێك حكومەتی هەرێمی كوردستان كە زۆرینەی لەدەست پارتیدایە، نەیگوتووە مانگانە "374 ملیار دینار" تەنیا بۆ مووچەی ئیدارەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی دەنێرم و نایدەم، چونكە غازیان لەسەر هەولێری و دهۆكییەكان بڕیوە". یەكێتی و هەرێمی كوردستان پێویستی بە عەقڵی ژیرەكانی نێو یەكێتییە كە قسە و بڕیاری كۆتایی ئەوان بیدەن.
 
ئاگاداری هەموو هەوڵەكانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانین بۆ چارەسەركردنی كێشەی غاز، ویستی بۆ بەڕێز سەرۆكی حكومەت، ئەنجوومەنی وەزیران، پارتی و هەموو خەڵكێكی پێشانبدات كە دەتوانێ كێشەیەكی بەو شێوەیە كە هەندێ كەس رێگرن لە چارەسەركردنی، چارەسەر بكات، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆ نەبینرا.
 
بەڕێز قوباد تاڵەبانی لە كابینەی هەشتەم جێگری سەرۆكی حكومەت بووە و پێشتریش سەرۆكی فەرمانگەی بەدواداچوونی بڕیارەكانی حكومەت بووە، رەنگە ئەگەر حیزبەكەی زیاتر رێگە و دەسەڵاتی پێبدات، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، چ لەسەر ئاستی حكومەت بێ یان ئەوەتا كێشەیەكی حیزبی لەنێو حكومەتدا ئاسانتر لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەت كە یەكێتییە چارەسەربكرێت، نەك كەسێكی سەربازی خۆی بەناوی یەكێتییەوە بكاتە ساحێب. ئەوكات كێشەكانی یەكێتی لەنێو حكومەت لەگەڵ پارتی رەنگە ئاسانتر چارەسەر بكرێن.
 
بابێینە سەر ناونیشانی ئەم گوتارە كە بریتییە لە "كۆنگرەی یەكێتی زیاد بوو". یەكێتی پێش كۆنگرە هەیكەلی ئیداریی خۆی هەبوو، پەیوەندییەكانی، رێكخستنەكانی و ...هتد، هەمووی هەبوون، كەسی یەكەمی نێو یەكێتیش هەبوو كە دوای مام جەلال، كاك كۆسرەت رەسوول شوێنەكەی گرتبوو، بگرە یەكێتی قسەی كۆتایی خۆی هەبوو، یەك كێشەی هەبوو ئەویش هەردوو بەڕێزان (كاك بافل تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی) كە بە ناوی یەكێتی قسەیان دەكرد و كۆبوونەوەیان دەكرد و هەڕەشە و رێككەوتن و...هتدیان دەكرد. تەنیا دەسەڵاتیان بەو دوو بەڕێزە بدابووایە كە لەجیاتی بەناوی هەموو یەكێتی قسە و رێككەوتن بكەن، ئەوكات لە مەكتەبی سیاسی شەریكی بڕیارەكان دەبوون. خۆ ئەگەر بڵێن لە كۆنگرەی سێیەم نەبووبوونە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، ئەوە راستە، بەڵام كەسانی دیكەش هەبوون لە كۆنگرەوە نەبووبوونە سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی.