بۆ رێگری لە بڕیارێکى ئەڵمانیا، رووبکەنە سەدر و سیستانى

11-11-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
هەفتەى رابردوو دواى کۆبوونەوەى راوێژکارى ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆکى هەرێمەکان، پڕۆژە بڕیارێکى حەوت خاڵییان پەسەند کرد لەبارەى دۆسیەى پەنابەران. یەکێک لە خاڵەکانى ئەو بڕیارە، بەزۆر ناردنەوەى ئەو پەنابەرانەیە کە بڕیارى دیپۆرتکردنەوەیان هەیە، یاخود دۆسیەکانیان داخراوە.
 
بەپێى ئامار و داتاى دەزگاکانى پەیوەست بە کۆچبەران لە ئەڵمانیا، نزیکەى 72 هەزار عێراقى لە کورد و عەرەب، کە بەشێکیان کوردى ئێزدین، دۆسیەکانیان داخراوە و بڕیارى دیپۆرتکردنەوە دەیانگرێتەوە و ئەڵمانیا بەنیازە بەزۆر رەوانەى عێراقیان بکاتەوە. لەکاتێکدا بەراورد بە پەنابەرى هەندێ وڵاتى دیکە، کۆمەڵگەى عێراقى لە ئەڵمانیا خەڵکانى دوور لە کێشە و گیروگرفتن و بێزراونین لەبەرچاوى کۆمەڵگەى ئەڵمانى. 
 
بەڵام ئەوەى وایکردووە لە پلەى یەکەمدا بن بۆ بەزۆر رەوانەکردنەوەیان، پەیوەندى بە حکومەتى عێراقەوە هەیە، چونکە بەپێى یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و دەستوور و یاساى ئەڵمانیاش رێگە بەوە نادات بەزۆر پەنابەر بنێردرێتەوە بۆ وڵاتەکەى خۆى ئەگەر وڵاتەکە رەزامەندى لەسەر نەدات. پێشتر عێراق رەزامەند نەبووە لەسەر ناردنەوەى پەنابەرى عێراقى، بۆیە سەربارى ئەوەى خەڵکانێک چەندین ساڵە مافى پەنابەرییان رەتکراوەتەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى عێراق رەزامەندى نەداوە لەسەر بەزۆر ناردنەوەى، لە ئەڵمانیا و وڵاتانى دیکەى ئەوروپا ماونەتەوە، تاوەکو دواجار بەڕێگەى کارکردن و هەندێک رێکاری یاسایى دیکە بوونەتە خاوەن وڵاتینامەى ئەو وڵاتانەى لێى دەژین. 
 
بەڵام ئێستا وەک لە راگەیاندنەکان و لە زارى هەندێک لە پەرلەمانتارانى عێراقییەوە هەواڵەکە دزەى کردووە بۆ میدیاکان، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە سەردانى چەند مانگى رابردوویدا بۆ ئەڵمانیا، رەزامەندى لەسەر ئەوە داوە پەنابەرانى عێراقى بەزۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق. ئەویش دواى ئەوەى ئەڵمانیا گوشارى خستوونەتەسەر، ئەگەر پەنابەرە عێراقییەکان وەرنەگرنەوە، رەنگە ڤیزا بە شاندە عێراقییەکان نەدەن. دەسەڵاتدارانى عێراقیش لەبەر وەرگرتنى ڤیزا بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵى دەسەڵاتداران، گوێیان لەوە نییە ژیانى چەند هەزار خێزانى دیکە دەخەنە مەترسییەوە، بۆیە حکومەتى ئەڵمانیاش بێ رەچاوکردنى پێشێلکردنى مافى ئەو پەنابەرانە، لە رێگەى پۆلیسەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵ یاخود کەمپەکان و تائێستا چەندین هاووڵاتیى عێراقى بەو شێوەیە دەستگیرکراون و ئامادەکراون بۆ ناردنەوە. 
 
لەم گوتارەدا باسى ئەوە ناکەم لێکەوتە خراپ و دوورمەوداکانى ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران، بۆ ئەڵمانیا چى دەبێت، بەڵام دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم زیانەکانى ئەم بڕیار و رێکارە نامرۆیى و نادیموکراسییە لەسەر ئەو هاووڵاتییانە چى دەبێت کە بەزۆر دیپۆرتى عێراق دەکرێنەوە. ئەم ژمارە زۆرەى هاووڵاتیى عێراقى کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، ئەگەر هەمووشیان بەڕاستى مەترسى لەسەر ژیانیان نەبووبێت، بەشێکیان بەدڵنیاییەوە بەهۆى کێشەى سیاسى و ئەمنى و کۆمەڵایەتییەوە ناچار بوون وڵاتى خۆیان جێهێشتووە. بە ناردنەوەیان دەکەونەوە ناو هەمان ئەو کێشانەى پێشتر لێى هەڵهاتبوون. بەدوور نازاندرێت چەندین رووداوى کوشتن یان زیندانیکردنى لێبکەوێتەوە. 
 
ئەوانەشیان ئەگەر کێشە و مەترسییەکانى پێشتریان کۆتایشى هاتبێت، دەکەونە ناو بارودۆخێکى سەختى ژیانەوە، چونکە بەشێکى زۆر لەوانە کە عێراقیان جێهێشتووە، هەموو ماڵ و موڵکیان فرۆشتووە و داویانە بە قاچاخچى تاوەکو بە رێگەیەکى سەلامەتدا بیانگەیێننە ئەوروپا. لە ئەوروپاش لەبەر ئەوەى مافى پەنابەرییان نەدراوەتێ، جگە لە یارمەتییەکى کەمى سۆسیال کە بەشى ژیانێکى هاکەزایى کردوون، خاوەن هیچ سەرمایەیەک نیین تا لە گەڕانەوەیان یارمەتیدەربێت بۆ دەستپێکردنەوەى ژیان. هەروەها بە دەستگیرکردنیان و ناردنیان بۆ کەمپەکانى (ناوەندنى دیپۆرتکردنەوە) دەست بەسەر کەلوپەل و ئۆتۆمبێل و تەنانەت جلوبەرگەکانیشیاندا دەگیرێت. ئەوانەى تائێستا دەستگیرکراون و نێردراون بۆ دیپۆرتسەنتەر، تەنانەت رێگەیان نەداوە بگەڕێتەوە ماڵەکەى جلوبەرگى پێویست لەگەڵ خۆى ببات، لەبەر ئەوەى بڕیارى ناردنەوەکەشیان دیپۆرتى زۆرەملێیە، ئەو رێکارەش نایانگرێتەوە کە پێشتر بە کەسانێک دەدرا کە دەگەڕانەوە بۆ وڵاتى خۆیان، بۆیە هەموو ئەو خێزانانە بە گەڕانەوەیان دەبێت لە سفرەوە ژیان دەستپێبکەنەوە. 
 
لە کاتێکدا رێژەى بێ کارى لە عێراق رۆژ لەدواى رۆژ لە هەڵکشاندایە و لە هەندێک شار و شارۆچکە رێژەى هەژارى وا نزیک دەبێتەوە لە نیوەى دانیشتووان، ئەوانەى دەگەڕێندرێنەوە نە دەرفەتى دامەزراندن و نە دەرفەتى کاریان بۆ دەڕەخسێت، لە کاتێکدا بەهۆى ئەوەى منداڵەکانیان لە ئەڵمانیا بە زمانى ئەڵمانى خوێندوویانە و هەیانە گەیشتووەتە قۆناخەکانى سەروو سەرەتایى، بەگەڕانەوەى، یان لە خوێندن دادەبڕێت یاخود دەبێت چەندین ساڵ دوابکەوێت تاوەکو بە سیستم و زمانى خوێندنى عێراق ئاشنا دەبێتەوە، یاخود دەبێت خێزانەکەى بکەونە ژێربارى پێدانى کرێیەکى زۆرەوە لە خوێندنگەى تایبەت بە زمانى ئەڵمانى بخوێنێت کە ئەویش لە هەموو شارێک نییە. ئەمە سەربارى ئازارى تێکشکاندنى یادەوەریى منداڵەکان و دابڕانیان لە هاوڕێ و هاوپۆل و مامۆستا و تەنانەت پزیشکەکانیشیان. 
 
دەبێت بەپلەى یەکەم دەزگاکانى میدیا و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە عێراق، هەروەها هەموو ئەوانەى کەسوکاریان بەر ئەم لێشاوە دەکەوێت، لە عێراقەوە رێگەیەک بگرنەبەر پێش بەو بڕیارەى ئەڵمانیا بگرێت. بە بۆچوونى من باشترین بژاردەش ئەوەیە روو بکەنە سەدر و سیستانى. داوا لە سیستانى بکرێت فتوایەک بدات لەسەر ئەوەى کە دەبێت عێراق رێگربێت لە هەر جۆرە ناردنەوەیەک ئەگەر رەزامەندیى خودى کەسەکەى لەسەر نەبێت. هەروەها داوا موقتەدا سەدر بکرێت لە رێگەى خۆپێشاندانى جەماوەرییەوە گوشار بخاتە سەر حکومەت بۆ پاشگەزکردنەوەى لەو بڕیارەى داوێتى بە قبووڵکردنى بەزۆر ناردنەوەى هاووڵاتیى عێراقى لە ئەڵمانیا، چونکە ئەمە هەر بە ئەڵمانیاوە ناوەستێت و وڵاتانى دیکەى یەکێتیى ئەوروپا هەموویان دەیگرنەبەر. 
 
ناکرێت لەبەر ڤیزاى بەرپرس و دەسەڵاتدارانى عێراق (کە ڤیزا یەکێک لە هۆکارەکانە) بەشى زۆرى ئەو خەڵکەى سەرگەردانى وڵاتان بوون بەهۆى نادادى و گەندەڵى و تاوانکارییەکانى ئەوانەوە، جارێکى دیکەش لە ئەوروپا تووشى هەمان مەینەتى ببنەوە و ژیان و چارەنووسیان بخرێتەوە بەردەم هەڕەشەى جۆراوجۆر، لەبەر ئەوەى دەسەڵاتدارەکانى عێراق خۆیان و ماڵ و منداڵ و دەست و پێوەندەکانیان ئاسانکارییان بۆ بکرێت لە وەرگرتنى ڤیزا.
 
ئەگەر ئەمە بە روونى لە موقتەدا سەدر و سیستانى بگەیێندرێت، باوەڕم وایە دەسەڵاتدارانى عێراق ناچار دەکەن لەو بڕیارە پاشگەزببنەوە کە عێراقى بەزۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق. ئەمەش راستەوخۆ کار دەکاتە سەر بڕیارەکەى حکومەتى ئەڵمانیا و ناچارى دەکات بە پابەندبوون بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و کۆتایى بە ناردنەوەى بەزۆرى پەنابەرى عێراقى بهێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.