پیاوانی مەزهەب و یاسا

11-08-2024
نەزەند بەگیخانی
A+ A-
لە سەرەتای ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق جارێکی دیکە پڕۆژەیاسای جەعفەری و هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقی ژمارەی 188ـی ساڵی 1959ـی هێنایە بەرباس و گفتوگۆی پەرلەمانی. پەسەندکردنی خوێندنەوەی یەکەم بووە هۆی شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایی و بەرهەڵستکاری لەلایەن دادپەروەر و خەمخۆرانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی منداڵان.
 
پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق، رەگەکەی بۆ کۆنتێکستی مێژوویی عێراق و تایفەگەری و جەنگە یەک لەدوای یەکەکان دەگەڕێتەوە. ئەگەرچی سەرەڕای کۆمەڵێک کەموکوڕی، یاسای باری کەسیی عێراقی ژمارەی 188ـی ساڵی 1959 بە یەکێک لە باشترین یاساکانی ناوچەکە دادەنرێت. دواتر کۆمەڵێک چاکسازی لە بڕگەکانی ئەو یاسایە کراون، ئامانج لێیان باشترکردن و گونجاندنی بووە لەگەڵ دۆخی سەردەم. بەڵام لە سەردەمی سەدام حوسێندا، بەتایبەتی دوای جەنگی کەنداو و بۆ کۆنترۆڵ و بردنەوەی هەست و سۆزی خەڵک، سەدام حوسێن یاساکەی فەرامۆش کرد و، برەوی بە دابونەریتی کۆن و خێڵەکی و گەڕانەوە بۆ ئایین وەک ئامرازێکی سیاسی دا.
 
دوای رووخانی رژێمی بەعس، پۆڵ بریمەر، فەرمانڕەوای مەدەنیی ئەمریکی لە دەسەڵاتی کاتیی هاوپەیمانیێتیدا، لە ساڵی 2003 بە هاوکاری لەگەڵ هەندێک کەسایەتی ئایینیی شیعە و کۆنەپارێزی ئەوکات، کە دژی یاسای باری کەسیی عێراقی بوون، بڕیاری 137ـی دەرکرد. ئەو بڕیارە هەوڵێک بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای باری کەسیی ژمارەی 1959 و پابەند بوو بە عەقڵیەتی پیاوسالاری و مەزهەبیی شیعەگەرایی و ناکۆک بوو لەگەڵ پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.  
 
سەرەڕای گەشەسەندنی بەرچاوی بزووتنەوەی فێمینیستی و چالاکوانیی مەدەنی و هەوڵی بەرهەڵستیکردنی ئەو بڕیارە، ناوەڕۆکی بڕیارەکەی پۆڵ بریمەر بوو بە بڕگەیەکی دەستووری عێراقی (بڕگەی 41) کە ماف بە عێراقییەکان دەدات لە رێکخستنی باری کەسیدا ئاماژە بە مەزهەبەکان بکەن. ئەم ماددە دەستوورییە هەر لە سەرەتاوە بووە هۆی ناڕەزایی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی مافەکانی ئافرەتان دژی وەستانەوە. تائێستاش بڕگەی 41ـی دەستووری عێراقی جێگەی مشتومڕ و ناڕەزاییە، فێمینیست و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی داوای هەموارکردنەوەی دەکەن.  
 
دواتر، شەڕی دژەتێرۆریزم و سەرهەڵدانی رەوتی کۆنەپارێز و رێکخراوە رادیکاڵە ئیسلامییەکانی وەک ئەلقایدە و داعش، بۆ نموونە، بوونە هۆی دژواریی زیاتر و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکان. لە ئەنجامی ئەم بارودۆخەدا و لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ژنان لە سەرانسەری عێراق بەرەوڕووی کۆمەڵێ هێرشی جیاکاری و توندوتیژی و گێچەڵی سێکسی و رفاندن و کوشتن بە بیانووی شەرەف بوونەتەوە. سەرەڕای ئەو بارودۆخەش، ئافرەتان لە هەموو بەشەکانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، رۆڵێکی زۆریان بینیوە لە هۆشیارکردنەوەی رای گشتی، بە هاوکاریی کەسایەتییە پێشکەوتووخوازەکانی نێو دەسەڵات، چەندین چاکسازیی یاسایی ئەنجام دران و یاسای نوێی وەک یاسای ژمارەی 8ـی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی ساڵی 2011 لە هەرێمی کوردستان پەسەند کران، بەڵام ئەم یاسایانە نەبوونە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لە عەقڵییەتی گشتی و واقیعی کۆمەڵایەتیی و پەیوەندییە جێندەرییەکان لە عێراقدا.
 
راپۆرتەکانی یوئێن و هیومەن رایتس ۆوچ پیشانی دەدەن؛ ژنان لە عێراق بەردەوام بەرەوڕووی توندوتیژیی خێزانی و گێچەڵی سێکسی و لێدان و ریسواکردن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵاتیەکان تاوەکو ئاستی کوشتن بە بیانووی شەرەف دەبنەوە. هەندێک لەو راپۆرتانە، بەتایبەتی راپۆرتەکانی هیومەن رایتس ۆوچ باس لە تێوەگڵانی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق لە پێشێلکاری و توندوتیژیی دژی ئافرەتان دەکەن. 
 
یاسای جەعفەری و پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراق لەم کۆنتێکستە ئاڵۆز و دژوارەدا هاتە ئاراوە. ناوی یاساکە دەگەڕێتەوە بۆ شەشەمین ئیمامی شیعە، جەعفەر ئەلسدیق و لەلایەن وەزیری دادی عێراقی و ئەندامی حیزبی فەزیلە، حەسەن ئەلشەمەرییەوە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2013 خرایە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران. پڕۆژەیاساکە سێ بابەتی سەرەکیی یاسای باری کەسی دەگرێتە خۆی کە بریتین لە: هاوسەرگیری، تەلاق و میرات. 
 
پڕۆژەیاساکە لە شوباتی 2014 یەکەم خوێندنەوەی بۆ کرا و، بووە مایەی ناڕەزایی پێشکەوتووخوازان لەنێو کۆمەڵگەی سیاسی و مەدەنی و فێمینیستان لە عێراقدا. بەڕای ئەوان؛ ئەم پڕۆژەیاسایە لە بەرژەوەندیی پیاوسالاری و تایفەگەری و پەیڕەوکارە سەرسەختەکانی مەزهەبی شیعەیە، بە جۆرێک کە پابەند نەبن بە یاساکانی دەوڵەت، بەڵکو ئایین و مەرجەعی شیعە بکەنە چەقی بڕیار بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان.  
 
یاساکە 253 بڕگە لەخۆدەگرێت و پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی ژنان، منداڵان و جاڕی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤە. ئەو پڕۆژەیاسایە برەو بە دواکەوتوویی، کۆنەپارێزی، تایفەگەری، پێشێلکاری و تووندوتیژی دەدا لە وڵاتێکدا کە فرەمەزهەب، فرەئایین و فرەکولتوورە. بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و کاریگەرانە بەرەوڕووی ئەو پڕۆژەیاسایە ببینەوە، دەبێ بچینە نێو وردەکارییەکان و، بزانین تا چ ئاستێک نادادپەروەرە، مافی مرۆڤبوون لە ژن دەستێنێتەوە و دەیکاتە کاڵایەکی رووت بۆ ئارەزوو و چێژی پیاو، هەروەها رێگە بە لاقەکردنی منداڵان دەدات. 
 
ترسناکترین بڕگەی پڕۆژەیاساکە بڕگەی 50ـیە کە تایبەتە بە هاوسەرگیریی منداڵان. ئەو بڕگەیە ماف دەداتە باوک و باپیر کچەکانیان لە تەمەنی ساواییەوە بەشوو بدەن و شەرعییەت بەوە دەدات لە تەمەنی 9 ساڵیدا جەستە و ئەندامی زاوزێی کچ، لەبارە بۆ سێکس و زاوزێ. ئەم بڕگەیە کوڕیش دەگرێتەوە و دەڵێ باوک و باپیر "مافی ئەوەیان هەیە بە زۆر هاوسەرگیری ئەنجام بدەن بۆ کوڕ یان کچ یان کەسێکی نەخۆش کە تێکچوونی باری دەروونی پەیوەندیدار بە هەرزەکارییەوەی هەیە." 
 
یەکێک لە بڕگە ترسناکەکانی دیکەی پڕۆژەیاساکە بریتییە لە بڕگەی 101 کە مافی تەواو دەداتە مێرد بە ئارەزووی خۆی ژن بەکاربهێنێت بۆ چێژوەرگرتن، واتە هەر کاتێک بیەوێ و بە هەر شێوەیەک بیخوازێ لەگەڵی جووت ببێت بۆ ئەوەی "هەموو چێژێکی لێ وەربگرێت بەپێی ئەوەی لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا هاتووە". لایەنێکی دیکەی ترسناکی ئەو بڕگەیە دەڵێ ژن بۆی نییە "بەبێ مۆڵەتی پیاو،  ماڵی مێرد بەجێبهێڵێت". ئەم بابەتە لە بڕگەی 108ـی تایبەت بە "گوێڕایەڵیی ژن" زیاتر روون کراوەتەوە و دەڵێ ''ئەگەر ژنەکە سەرپێچی بکات و رێگە نەدات مێردەکەی بە تەواوی چێژی لێ وەربگرێت، ئەوا مافی بژێوی/بەخێوکردن و داڵدە و خەوتن لەگەڵی لێ زەوت دەکرێت. هەر ئەو بڕگەیە پێداگری زیاتر لەسەر ئەو لایەنە دەکات و دەڵێ ''ئەگەر ژنەکە چەند جارێک رەتی جووتبوون لەگەڵ مێرد بکاتەوە و رێگەی پێ نەدات بە تەواوی چێژی لێ وەربگرێت، یا بە بێ مۆڵەتی مێرد لە ماڵ بچێتە دەرەوە، ئەوە پیاو مافی دارایی لێ زەوت دەکات."
 
بڕگە ترسناکەکانی دیکە بریتین لە برگەی 62 (شەرعییەتدان بە فرەژنی)، بڕگەی 118 (بێبەریکردنی دایک لە منداڵ لە کاتی جیابوونەوە)، بڕگەی 126 (بێبەریکردن لە مافی دارایی) و بڕگەی 147 (تایبەت بە تەڵاق).  
 
دەربارەی فرەژنی، بڕگەی 62 ماف بە پیاو دەدات چوار ژنی هەبێت و ژنێکی دیکەش بخوازێت، ئەگەر لە یەک کاتدا لەگەڵ هەر چوار ژندا نەبێت: «هاوسەرگیری ژنی پێنجەم یاسایی نییە لە حاڵەتێکدا پیاوەکە چوار ژنی هەبێت و، هەر چوار ژنەکە بەردەوام وەک ژنی پیاوەکە مابنەوە." 
 
لەبارەی مافی دارایی و سەرپەرشتیی منداڵ، بڕگەی 118 دەڵێ "ئەگەر دایک و باوک جیاببنەوە و دایک هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی دیکە بکات، ئەوا مافی بەخێوکردنی منداڵەکانی لێ زەوت دەکرێت"، ئەو مافە "تەنها بۆ باوک پارێزراوە، تەنانەت ئەگەر لە مێردی دووەمیشی جیاببێتەوە."
لە بڕگەی 126ـیش دا هاتووە "مێرد ناچار نییە بژێوی ژنەکەی دابین بکات، ئەگەر ژنەکەی [تەمەنی] زۆر بچووک بێت [٩ ساڵ]" و، هەر لەبەر "ناکامڵی" جەستەشی مێرد نەتوانیت بە ئارەزووی خۆی "چێژی لێ وەربگرێت."
 
لە پرسی تەلاقیشدا، بڕگەی 147 ماف دەدات بە پیاو، ژن بە سەرپێیی تەڵاق بدات و نەگەڕێتەوە لای، تەنانەت ئەگەر ژنەکە منداڵیش بێت و لە ژێر تەمەنی 9 ساڵیشدا بێت، یا عیدەش لەبەرچاو بگرێت، واتە ئەو ماوەیەی کە لە قورئاندا هاتووە و ئافرەت دەبێت پاش مردنی مێردەکەی یان پاش تەڵاق پەیڕەوی بکات. 
 
ئەمانە بەشێکن لەو بڕگە ترسناکانەی لە پڕۆژەیاسای باری کەسی دا هاتوون و دوورن لە هەموو پرەنسیپێکی مرۆیی، ماف و یەکسانی و دادپەروەری، بەتایبەتی لەمەڕ مافی ژن و منداڵان. دیارە مەترسیدارترین خاڵ لەو بڕگانە پەیوەستە بە هاوسەرگیری کچان لە تەمەنی منداڵیدا، بەتایبەتی کە پڕۆژەیاساکە کەمترین تەمەنی گرێبەستی (زارەکی یان نووسراو)ـی دیاری نەکردووە؛ واتە بەپێی ئەو پڕۆژەیاسایە، پیاو دەتوانێ لە ساتی لەدایکبوونییەوە هاوسەرگیری لەگەڵ کچ بکات و دواتر بیگوازێتەوە. لێرەدا "پێنەگەیشتنی کۆئەندامی زاوزێی کچان"ـیان کردووەتە هۆکار بۆ شەرعییەتدان بەم پڕۆژە نامرۆڤییە. لەمەش خراپتر، پڕۆژەکە کچی منداڵ تۆمەتبار دەکات بەوەی جەستەی ئامادە نییە بۆ کرداری سێکسی و چێژی رەهای پیاوان!
 
ئەم پڕۆژە یاسایە مەترسییەکی گەورەیە و تێپەڕبوونیشی لە پەرلەمان دەبێتە هۆی کارەسات، کە لە کارەساتی جەنگەکان کەمتر نییە. گفتوگۆکان جارێکی دیکەش کۆمەڵگەی عێراقییان دابەش کردووە بۆ دوو بەرە: بەرەیەکی کۆنەخواز کە عەلی وەردی بە بەدەوی و "جاهیل" لە قەڵەمیان دەدات، لەگەڵ بەرەیەکی مەدەنی و پێشکەوتوو، کە داکۆکیکارە و بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکات.  
 
گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیاسایەکی لەمجۆرە لە پەرلەمان خۆی لە خۆیدا گەڕانەوەیە بۆ جاهیلییەت و کۆمەڵگەی عێراقی بە تەواوی خەڵتانی مەزهەبگەرایی، تایفەگەریی، کۆنەپەرستی و ستەمکاریی پیاوان دەکات. لە هەمووشی ترسناکتر ژیان و چارەنووسی کچەکانمانە؛ ئەو پڕۆژەیاسایە کچەکان بەرەو داهاتوویەکی رەش دەبات و، دەیانکاتە کاڵا بۆ چێژی رەهای پیاوانی مەزهەب و ئایینیی سیاسی. ئەمڕۆ ئەرکی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و دادپەروەر بە ژن و پیاو لە عێراق و لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەوەیە؛ بەرەڕووی ئەو بەرە تاریکە لە پەرلەمانی عێراق ببنەوە و نەهێڵن لەوە زیاتر پێی لێ هەڵبڕێت و پڕۆژەیاسایەکی لەمجۆرە پەسند بکرێت.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. ئادەم بێدار

ئێزدییەکانیش یەکتاپەرستن

ئەوەی کەسێکی ئێزدی کردوویەتی بێڕێزی و نادیدەگرتنێكی حاشا هەڵنەگرە و نەزانینە بە مێژووی خودی خۆی، وەڵامەکانیش بۆی دیسان تێنەگەیشتنیان تێدایە کاتێک بە ئێزدییەکان دەگوترێت شەیتان پەرست، لە راستیدا ئێزدی نەك هەر خودا بەڵكو یەكتاپەرستن