راپەڕین و كودەتای سەربازی

11-07-2013
تامان شاكر
A+ A-
تامان شاكر - قاهیرە

محمەد مورسی بەر لە ساڵێك لە مەیدانی تەحریر لە نێو هەوادارانیدا گوتی: هەركاتێك گەلی میسر منی نەویست ، من ئامادەم واز لە دەسەڵات بهێنم، بەڵام كاتێك 34 ملیۆن كارتی سوور بەرزكرانەوە و گەل هاواری كرد و گوتی (ارحل)، مورسی گوتی من شەرعیەتم هەیە و یەكەم سەرۆكی هەڵبژێردراوی میسرم (یا انا یا دم) واتە یان من یان خوێن. لە هەموو دونیادا گەل خاوەنی شەرعیەتە نەك سەرۆك، كاتێك ئەم هەموو خەڵكە هاواری كرد بڕۆ، دەبووایە مورسی بەڵێنەكەی بەجێبهێنێ و وەڵامی داواكاری خۆپیشاندەران بداتەوە، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی ئەوە بكات.  

ئیرادەی گەلان، هەمیشە بەهێزترە لە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی، كاتێك گەل بڕیار دەدات هیچ هێزێكی سەربازی یان سیاسی ناتوانێ بێدەنگی بكات. گەلی میسر دوای 30 ساڵ بێدەنگی شكاند و بڕیاری دا نەترسێ و رێگری لە جەمال موبارەك بكات و نەهێڵێ لە شوێنی باوكی ببێتە سەرۆكی میسر. ئەم ترس شكاندنە شۆڕشی 25ی یەنایری ساڵی 2011 ی هێنایە بەرهەم و لە مەیدانی تەحریر گەل بڕیاری دا كۆتایی بەدەسەڵاتی حوسنی موبارەك و بنەماڵەكەی بهێنێ. هەر لەو مەیدانە دوای یەك ساڵ و 48 سەعات جارێكی دی كۆتاییان بە دەسەڵاتی محەممەد مورسی و ئیخوان موسلمین هێنا كە كاتی خۆی سواری ملی شۆڕشی 25ی یەنایر بوون.

 شۆڕشی 30ی حوزەیران كۆتاییهێنان بوو بە دەسەڵاتێكی سیاسی لاواز، ئیخوان موسلمین ئەزموونی حوكمڕانییان نەبوو، بۆیە مودێلێكی سیاسی و حوكمڕانی پر بە پێستی خۆیان داهێنا كە جێگەی كەسی دیكەی تێدا نەدەبووەوە، لە هەوڵی پەراوێزخستنی ئەوانی دیكەدا بوون، نەیانتوانی مۆدێلێكی سەركەوتووی حوكمڕانی پێشكەش بكەن و ببنە نموونەیەكی باش لە میسر و ناوچەكەدا، بۆیە هیوای ئەو هێزە ئیسلامیانەشیان لە گۆڕنا كە بە تەمای گرتنە دەستی دەسەڵات بوون. ئەو لایەنە ئیسلامیانەی كە سەر بە ئیخوان موسلمینن، بە رەوتە ئیسلامیەكانی كوردستانیشەوە، بە كودەتای سەربازی ناوی دەبەن، دەیانەوێ لەپەنای شەرعیەت و سندووقی هەڵبژاردن هەڵە كوشندەكانی ئیخوان موسلمین و محەممەد مورسی سەرۆكی لەسەركارلابراوی میسر بشارنەوە، بەر لەوەی مورسی ببێتە سەرۆك، میسر بۆ ماوەی ساڵ و نیوێك لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای سەربازییەوە بەڕێوەچوو، كەس شینی بۆ میسر نەگێڕا، میسرییەكان پەیوەندییەكی تایبەتیان هەیە لەگەڵ سوپا كە لە هیچ وڵاتێكی دیكەی عەرەبی بەدی ناكرێ.

  رقی خەڵك تەنها لە سیاسەتە لاوازەكەی مورسی نەبوو، خەڵك هەستیان كرد وڵاتەی خۆیان ناناسنەوە، ئەو وڵاتەی كە مێژووی 7500 ساڵی هەیە، خەریكە لەدەستیان دەچێت.

راستە ئەوەی بڕوای بە دیموكراسی هەبێت، خۆشحاڵ نابێت بە دەستوەردانی سەربازی لەكاروباری وڵات، بەڵام هەڵوێستی بەپەلەی ئەنجوومەنی باڵای سەربازی میسر وەك كاردانەوەیەك بوو بەرامبەر بە پشتگوێخستنی مەسەلە چارەنووسسازەكان و  سەرهەڵدانی كێشەی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتی كە وڵاتیان بەرەو تونێلێكی نادیار دەبرد . بۆیە گەل بڕیاری داو قسەی خۆی كرد. شینی لایەنگرانی رەوتە ئیسلامی و سەلەفییەكان دادی خەڵكی هەژار و نەداری میسر نادەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە