لە بەغدا سیاسەت چۆن دەکرێت؟


لە بەغدا، تاکە بەڵگەنەویستێک هەبێت ئەوەیە، کە هیچ بەڵگەنەویستێک لە روووبەری سیاسییدا نییە و دەکرێت بە ساتەوەخت هەموو شتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و بەبەردەوامی بینابکرێنەوە. هیچ هاوپەیمانییەک، هیچ رێککەوتنێک، هیچ بەریەککەوتنێک درێژخایەن نییە و لەنێو پەیوەندییێکی سیستماتیکدا نییە و نابێت بە ستراکتۆری دەزگایی، بەپێچەوانەوە، تەنها رێکخستن و ئیدارەکردنی ساتەوەختە هەنووکەییەکانی ژیانی رۆژانە، تەواوی بڕیارە بچووک و گەورەکان یەکلاییدەکەنەوە.
 
ئەمە بڕیارێکی پێشینەی پاریسییەک لەسەر عێراق نییە، ئەمە بیناکردنێکی تیۆری دۆخی ئێستای عێراق نییە، بەڵکو واقیعێکی کۆنکرێتی و بابەتی بەغدادێکە، کە رۆژانە چاودێری دەکەم و بە فیزیکیش لەگەڵیدا ژیاوم و دەژیم، چ لە بەغدا، چ لە شارەکانی دیکەی عێراق و چ لە رێگەی ئەو وەفدە گەورانەی عێراقەوە، کە هەفتانە سەردانی ئەوروپا دەکەن و دەیانبینم و بابەتەکانیان لەگەڵدا تاوتوێدەکەم.
 
لە سۆسیۆلۆژیای سیاسیدا، ئەمە پێی دەگوترێت بیناکردنی سیاسەت لەنێو "ئەنتراکسیۆن" دا. ئەم چەمکە بریتییە لە پەیوەندییەکی کورتمەودای نێوان دوو کەس، دوو گرووپ، چەند کەسێک، لەنێو دۆخێکدا بەشێوەیەکی تەقابولی و لەنێو ئەم دۆخەدا ئەکتەرەکان هەوڵدەدەن مامەڵەی کورتمەودا لەگەڵ چاوەڕوانی و بەرژەوەندی و جووڵە و خەیاڵدان و خواستەکانی یەکتریدا بکەن. "ئەنتراکسیۆن" پەیوەندییەکی جێگیر و بەردەوام و بونیەی کشاو و بەنێو زەمەندا نییە، چونکە دەکرێت بە تەواوبوونی دۆخەکە، هەموو ئەو بڕیارانەی کە تێیدا دراون کۆتاییان پێبێت!
 
ئێمە، جا ئەو ئێمەیە هەر کەسبێت (شیعە، سوننە، کورد، سەدر، سیادە، پارتی، یەکێتی، دەعوە، ...) لە وەهمێکی گەورەدا دەژین، گەر پێمانوابێت، هەر ئەوەندەی کە رێکەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ لایەنێکی دیکە دەکەین، ئیتر ئەو لایەنە، لەبەر کۆمەڵێک پرانسیپی ئەخلاقی و بەهای جوان و بەرژەوەندیی ستراتیژی دوورمەودا، پابەند دەبێت بە واژۆکەی خۆیەوە و ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ (ماڵەوە) و لە چاوەڕوانیی پراکتیزەکردنیدا پشوو دەدەین.
 
ئەم روانینە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەغدای ئێستا و ئێرەدا یەکناگرێتەوە، چونکە شتێک لە ئارادا نییە بەناوی پرانسیپی ئەخلاقی و ستراتیژیەتی دوورمەودا بۆ بیناکردن و ئاراستەکردنی رێککەوتن و بڕیارەکان. لە بەغدای ئەم ساتەوەختەدا، هەموو ئەوەی کە بە رۆژ رێککەوتنی لەسەردەکەی، دەکرێت زۆر بەئاسانی لە شەودا هەڵبوەشێنرێنەوە و پێچەوانەکەشی راستە.
 
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەغدا بریتییە لە چنینی تەونی سیاسی پاش کاتژمێر نۆی شەو! ئەکتەرە سیاسییە پلە یەکەکان وەک کورەی هەنگ جمەیان دێت. لە کۆشکێکەوە بۆ کۆشکێکی دیکە، لە سەردانێکەوە بۆ سەردانێکی دیکە، لەلای کەسایەتییەکەوە بۆ لای کەسایەتییەکی دیکە، لە باڵوێزێکەوە بۆ باڵوێزێکی دیکە: پەرلەمانتار، وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، دیپلۆمات، بزنسمانی گەورە، چاودێری سیاسی پلە یەک، هەموویان پێکەوە یان بەجیا، دێن و دەچن.
 
لە هەلومەرجێکی وادا، هەر گرووپێکی سیاسی، گەربێت و ئەکتەرە هەرە بەهێزەکانی خۆی لە بەغدا ئامادەنەبن، بەدڵنیاییەوە و بەخێرایی هەژموونی بەسەردا دەکرێت و رەوانەی پەراوێزەکان دەکرێت. ئەکتەری بەهێز کەسێکە کە لەیەککاتدا هەڵگری سامبۆلیزمێکی مێژووییە، رێکخەری جووڵەی خێرایە، لەگەڵ دۆخەکاندا مامەڵە دەکات، متمانەی بونیەوی بەهیچ ئەکتەرێکی دیکە نییە، لەیەککاتدا لەگەڵ دۆست و رکەبەرەکانیدا کۆدەبێتەوە، چاوەڕوانی لای ئەویتر دروستدەکات و بەردەوامیش لێرەیە بۆئەوەی لە هیچ ساتەوەختێکدا ئەوەی کە بەشەو بینای دەکات، بە رۆژ نەڕووخێت.
 
رەنگە کەسانێک بڵێن: ئەمە کەڵەکە و لە هەر ساتەوەخێکدا دەڕووخێت! یاخود چۆن دەتوانین لە دۆخێکی وادا کاربکەین؟ لە راستیدا ئەمە هەر چییەک بێت، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە تۆ، ئیتر هەر گرووپێکی سیاسی بیت، ناچاریت مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت و خۆتی لەگەڵدا بگونجێنیت، ئەگەرنا هەمیشە وەک دۆڕاوێک لە یارییە سیاسییەکان دێیتە دەرەوە. 
 
رووبەری سیاسی لە عێراقی پۆست سەدام حوسەیندا، رێک لەو رووبەرە کۆمەڵایەتییانە دەچێت، کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە روووبەری ( بێ پاشا) و ( بێ ئیمان) و ( بێ یاسا) ناسرابوون. لە رووبەرێکی ئاوادا بۆ ئەوەی بمێنیتەوە، دەبێت سیستمی ئامادەباشیت هەمیشە لەسەر پێبێت، تا بە وردترین شێوە ئیدارەی پەیوەندییەکانی هێز بکەیت، کە دەکرێت بە ساتەوەخت گۆڕانکاریی ریشەییان بەسەردا بێت.