بۆ کەسێک لە حوکمڕانییەکی دروست بگەڕێت
دیاردەی زۆر هەن لە ژینگەی سیاسیی هەرێمدا کە بواری درێژەپێدانی سیاسەت و شێوازی حوکمڕانیی پێشوویان نەخوازراو و تەنانەت بێهوودە کردووە، بۆیە ئەمڕۆ لەجیاتی وتووێژ و بڕیار و بەئەنجام بەرنامەڕێژی، زیاتر باسی لێکترازان و پەرتەوازەیی هێزە سیاسیەکان دەکرێت، دۆخێک کە لەخۆیدا رێگرە لە هاوکاری و ئەرکی هاوپەیمانی دروستکردن. بەواتایەکی تر، گۆڕەپانی سیاسەت و حوکمڕانی هەر لە دەسەڵاتەوە تا شەقامی کوردی لە پاشەکشەدایە. ئەوەی لەمەش زیاتر جێگەی نیگەرانی و تێڕامانە، نەبوونی توانا و ویستێکە لای ئەو خەڵک و دەسەڵاتە بۆ ئاستێک خۆکۆکردنەوە و هەوڵی تێپەڕاندنی شکست. ئەمەش لەخۆیدا نەبوونی توانای دۆزینەوەی ئیرادەیەکی زیندوو بۆ شوێنکەوتنی ئامانجێکی هاوبەش ئاشکرا دەکات.
لە پێکهاتەی هەر حوکمڕانییەکدا روودەدات رەوشێک بخوڵقێت کە تێیدا سەمتێک لە سیاسەتی سەپێنراو، مۆنۆپۆلی سیاسیی لێ بکەوێتەوە. ئەمەش خەڵک ملکەچ دەکات کە لە سنووری ئەو سیاسەتەدا مامەڵە لەگەڵ دەسەڵات و جۆری گوزەران بکەن. بەئەنجام ئەو "قایلبوونە" لەخۆیدا دەبێتە فاکتەری زامنکاری و خۆڕاگریی ئەو سیاسەتە سەپێنراوە. جۆری لێکدانەوە و ئەنالیزەکردنی ئێستا بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم و کاردانەوە لێی، نیشانەی زاڵبوونی ئەو رەوشەی پێوە دیارە. جا ئەگەر ئەمە هێمایەک ببەخشێت، ئەوەیە کە ئێستا و لەم رەوشە قەیراناویەی هەرێمدا، رۆڵی سەرکردە و پیاوی دەوڵەت گرنگە و پێویستە.
بەڵام سەرکردایەتی هەر ئەوە نییە کە تۆ کێیت؟ بەڵکو ئەوەیە کە تۆ چیت پێ دەکرێت؟ ئەرکی سەرکردەی راستەقینە خوڵقاندنی بایەخە بە کار و ئەنجامەکان، جەختکردنە لەسەر پێناسەیەک بۆ گروپی هاوکار و نزیک لە سەرکردە و گیانی یەکێتیی نێوانیان. فەراهەمکردنی جۆرێکە لە سەقامگیری و تەبایی سیاسی بۆ تەیاردانی هەمووان بۆ ئەدایەکی دروست. کاریگەریی سەرکردە لەسەر کەسانی دەوروبەری، لەوەدایە خاوەنی جۆرێک بەها بێت کە خەڵکانی تر خوازیاربن هەڵیگرن.
لە کاتێکدا کە بیرکردنەوەی هاووڵاتیان سەبارەت بە دۆخێکی نادیار و نالەبار، لە نێوان نیگەرانی و ئەندێشەدا دەگەڕێت، خەڵکی هەست بەوە دەکەن کە رەوتی ژیانیان روو لە ئاستێکی ئارام و ئومێدبەخش نییە. لێرەدا ئەولەویاتی کاری سەرکردە و بەرنامەی دەسەڵات رۆڵێکی گەورە دەبینێ و ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئایا ئەجێندای حکومەت زیاتر نەخشاندنی روخسارێکی گەشە بۆ خۆی، یاخود خزمەتگوزاریی زیاترە بۆ خەڵك؟
سەقامگیریی هەر پێکهاتەیەک بەستراوە، نەک تەنها بە گەشەکردنی ئابووری و دابینکردنی ئارامی و ئاسایشەوە، بەڵکو بە ئاستی کاریگەری و رەوایی سیستمی سیاسیی ئەو پێکهاتەیە. کاریگەریش بەمانای بەکردار خۆ- نواندنی ئەو سیستمە و ئاستی توانای لە بەجێهێنانی ئەرکەکانی حکومەتدا، ئەویش بەشێوەیەک کە زۆرینەی هاووڵاتیان پەسەندی بکەن.
رەوایی، وەک پێوەری ئاستی قەبووڵکردنی خەڵک بۆ دەسەڵات، بریتییە لە توانای سیستمی سیاسی بۆ هەڵگرتن و راگرتنی بڕوایەک بەوەی کە دامەزراوەکانی ئەو سیستمە گونجاوترین جۆری دامەزراوەن بۆ ئەو کۆمەڵە. کەوابوو دەشێت بگوترێت کە چەڵەمەی بڕوا (واتا دوورەپەرێزیی زۆرینەی خەڵک لە متمانەکردن بەنیاز و کرداری دەسەڵاتی خۆیان) لەڕاستیدا چەڵەمەی نەبوونی گۆڕانە. هەر سەرکردەیەک، کاتێک دامەزراوەکان فەرامۆش یان لاواز دەکات، دەبێت کاریگەری ئەخلاقیی دوورمەودای ئەم کردارە لەگەڵ کەڵکی دەستبەجێ باش بەکارهێنانی ئەو دامەزراوانە، لێکبداتەوە.
بوونی هەر شێوەیەکی دامەزراو لە کۆمەڵدا مەرج نییە مانای کۆمەڵێکی دامەزراو- ساز ببەخشێت. بەتایبەتی ئێستا کە بیر لە داڕشتن و پەسەندکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، ئەو دەرفەتە لەبەردەستە کە چوارچێوەیەکی دروست بۆ بەگەڕخستنەوە و شێوەی بەڕێوەچوونی دامەزراوەکانی سیستمی حوکمڕانیمان دابنێین تا بوونێکی تۆکمە و کارپێکراویان هەبێت. تەنانەت خودی پەرلەمان کە دامەزراوەی هەرە گرنگی سیستمی سیاسیمانە، دەبێت نموونەی دامەزراوەیێکی بەپێکهاتە و دەسەڵات و توانا و دیموکراتی و بەمەبەست و بەرنامەی کار سەرچاوەی راستەقینەی بەسەروەریکردنی یاسا بێت.
پیاوی دەوڵەت ئەو کەسەیە کە حیکمەت و کارامەیی و پێشبینی بەکاربهێنێ لە هەڵسوڕاندنی کاری دەوڵەت و مامەڵەکردنی لەگەڵ مەسەلە گشتیەکاندا. ئەم خەسڵەتانە هەموو دەچنە خانەی هونەری حوکمڕانیەوە کە دەشێت لە مرۆڤدا خۆڕسک یاخود پەروەردە بێت. هەر ئەم تایبەتمەندیانەشە کە پیاوی دەوڵەت لە کاربەدەستی پسپۆڕ و لێزان، واتا فێربوو بە زانستی حوکمڕانی و هەروەها لە سیاسەتکار و ئیداری (بەمانای تەکنۆکرات)، جیا دەکاتەوە.
لە ئێستاوە هەندێک پێشبینی ئەوە دەکەن کە لەوانەیە کابینەی نوێ نەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، چونکە لەسەر بنەمایەکی دیار پێکنەهاتووە! پێموایە ئەمە بەو مانایە دێت کە کابینەی چاوەڕوانکراوی حکومەت پێویستی بەوە هەیە بە تێگەیاندنی نیاز و مەبەستی خۆی بۆ حوکمی چوار ساڵی داهاتوو، ئاستێک لە نیگەرانیی ئێستای خەڵک بڕەوێنێتەوە و رێپیشاندەر بێت بۆ ئەگەری رەوشێکی لەبارتر.
دەگوترێت سەرکردایەتی چاک بوونی گرنگە، بەڵام بەختیش حسابی خۆی بۆ دەکرێت. سەرکردەی چاک و بوێر، ناوەستێت تا سەرکەوتنێک رووبدات بۆ ئەوەی رۆڵی تێدا هەبێت. سەرکردە، توانای دەبینرێت کاتێک بەختی سیاسی و سەرکەوتنی خۆی دروست بکات، بەتایبەتی ئەگەر کارا بێت سەرچاوەی وزە و ستایلێکی سەرکردەیی کاریگەر یەکبخات لە بواری جیاوازدا.
هەندێک زانایانی بواری سیاسەت و سەرکردایەتی دەڵێن "تاکی مرۆڤ کۆنترۆڵی شەپۆل ناکات، بەڵام دەکرێت سواری شەپۆلەکە بێت. کۆنترۆڵی رووداوەکان و بەرزاییەکان ناکات، بەڵام دەکرێت پێشبین و چاوەڕوان بێت و بۆ بەرژەوەندی خۆی هەوڵی ئاڕاستەکردنیان بدات. پێشهات و رووداوەکان بواری دەرفەت دەڕەخسێنن، بەڵام دەرفەت کورتە و زوو دادەخرێت. کاتێک سەرکردە گرنگە کە بەدەست و وردبین بێت و فرسەت لەو دەرفەتە بهێنێت".
کۆسپێکی گەورە و رێگر لە بیرکردنەوەی ئازاد و بوێری ئەکتەر و سیاسەتوانی ئەمڕۆی هەرێمدا، جۆرێکە لە نەبوونی بڕوا بەخۆ، واتا مەترسی لەوەی کە هەر بۆچوون و کردارێک، جیاواز و نەگونجاو لەگەڵ بیرکردنەوەی تاکتیک و ئاڕاستەی حیزبەکان خۆیان، شێوێنەری ئەو بارودۆخە دەبێت کە "ئێستای کوردستان دەیخوازێت". ئەم واتە تەلیسماویە کە هەمیشە هێزە سیاسیەکان بۆ رەتکردنەوە و رێگرتن لە هەر گۆڕانێک بەکاری دەهێنن، هەستکردنی خودی ئەو هێزانەیە بە هەڕەشەیەکی هاوبەش لە مێردەزمەی ئەو رابردووەی هێشتا لە نێوانیاندا بەرجەستەیە. گومان کەمە کە برەودان بەم شێوە بیرە، زیاتر لە ناخێکی تاڕادەیەک رووخاو یان شپرزەوە سەرچاوە دەگرێت.
هەر دەسەڵاتێکی حوکمڕانیی هەرێم، چیتر ناتوانێت بە ستانداردی خۆماڵی، واتا تەنها بەرامبەر خەئیمەکانی لە دەرەوەی دەسەڵات، رەوایی و دەگەری حوکمڕانیەکەی بپێوێت، بەتایبەتی دەسەڵاتێک کە روو لە ئاستێک چاوەڕوانیی دەرەکی و کرانەوە بێت بەڕووی جیهاندا. لە قۆناغی ئەمڕۆی سیاسەتی کوردیدا، قەدەری سیاسیی کورد کە فاکتەری کاریگەر تێیدا شکستی رێفراندۆم و شانزەی ئۆکتۆبەر بوون، دۆخێکی سەپاندووە کە تێیدا باشووری کوردستان ناچارە لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێتەوە و دووبارە دووچاری خۆ-گونجاندن بێت لەگەڵ پێشهاتەکانی دروستبوو لە دەوڵەتێکی نیمچە شکستخواردووی وەک عێراقدا. جا ئەگەرچی ئەو دەوڵەتە لەبار کەوتووە هێشتا ئەوەندەی لەباردایە پلانی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، بەدەسەڵات و قەوارەی حوکمڕانیەوە، ئامانجی بێت.
بەکۆچی دوایی دوو سەرکردەی دیا ر و خاوەن کاریزمای وەک جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا، هەروەها لاچوونی مەسعود بارزانی لە ئەرکی فەرمیی حوکمڕانی، گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم ئاستێک بۆشایی و جیاوازیی ستایل و کرداری سیاسیی پێوە دیارە و ئەمڕۆ، نەوەیەکی تر لە سەرکردەی هەموو هێزە سیاسیەکان چالاکن و هەوڵی پڕکردنەوەی دەدەن. وەک پڕۆسەیەک، ئەمە، نە دیمەنێکی دیموکراتی و یاسایی تەندرووست دەبەخشێت و نە وەک گواستنەوەیەک لە قۆناغی سەرکردایەتی و هەژموونی سیاسیدا، دوورە لە ئەگەری پێشهاتەکان، ئەگەرچی بۆ ئێستا لای زۆر خەڵک و ناوەندە سیاسیەکان، وەک پڕۆسەیەکی فەرمی و ئاسایی دەگوزەرێت. جا وەک ئەم گۆڕانە لە توخمی سەرکردایەتی و حوکمڕاندا روویداوە، هەروەها دەشێت شێوە گۆڕانێک لە سیستمی حوکمڕانی و دامەزراوەکان و ئەدای بەرپرسانی داهاتووی هەرێمدا، چاوەڕوان بکرێت. سەرکردەی حوکمڕان، دەبێت توخمەکانی دەسەڵات وەک پڕۆسەی بڕیاردان، پێگەی حوکمڕانی و تواناکانی پێکهاتەی حوکمڕانی لە رکێفی دەسەڵاتی خۆیدا ببینێت. خۆ ئەگەر لەبەکارهێنانی ئەو توخمانەدا کارامە بوو، دەکرێت دەستڕۆیشتوو بکرێت لە ئاڕاستەکردنی چارەنووسی ئەو حوکمڕانیەی لە ئەستۆیەتی. لەرەوشی ئێستای هەرێمدا، بەگەڕدانی ئەو پڕۆسەیە، بە حوکمی پێویست، ئەرکی راسپێردراوی دەزگا و سەرۆکی کابینەی نوێ دەبێت.
لە ئێستای پاش تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمدا و هەروەها سەودا و مامەڵەی "گەرم" بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەت، پەرلەمانی کوردستانیش لە دۆخێکدایە کە "هاوئاهەنگی" لەگەڵ سەرۆکی نوێی حکومەتی تێدا زامن کرابێت. با ئەوەش لەبیر نەچێت کە بزووتنەوەی گۆڕان بەشداریی حکومەت دەکات بە مەرجی "چاکسازیی ئابووری لە ماوەی شەش مانگدا و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی ٧٠ و ٨٠ لە هێزێکی نیشتمانیدا"، داوایەک کە دەگوترێت ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنساش هەمان خواست و بۆچوونیان هەیە. بەمانایەکی تر، کابینەی داهاتوو بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی کە پێکهات، بە ئەنجام پابەند دەبێت بەو دوو خاڵەی چاکسازییەوە و ئەگەر ئەمە کاری پێ بکرێت، سەرەتایەکی ئومێدبەخش دەبێت بۆ چوار ساڵی داهاتووی حوکمڕانیی هەرێم.
لەوە دەچێت دوای دواکەوتنێکی زۆر کە پاساوێکی ئەوتۆی نییە، مەسرور بارزانی رابسپێردرێت وەک کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەت. کاتێک کەسایەتیەکی کەمناسراو لای خەڵک و کەمئاشنا بە گۆڕەپانی سیاسی و حوکمڕانیی هەرێم، دەستنیشان دەکرێت بۆ بەرپرسیارێتیەکی گشتیی گەورە، هیچ نەبێت بە مەبەستی سیوابوونەوە (orientation) و هەوڵی سەرخستنی کارەکەی، دەشێت وێنای سەرکردەیەکی بەنیاز و ئاڕاستە نمایش بکات. سەرنجڕاکێشە (ئەوەندەی بینراو و زانراو بێت) لە هەڵسوکەوتی پێکهێنانی حکومەتی نوێدا، کاندیدی سەرۆکایەتیی ئەو حکومەتە، دوور لە شانۆی رووداوەکان دەبینرا! بەشێکی زۆر لە ستایلی کار و ئەدای دروست، خەمی حوکمڕانە بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکان. واتا گواستنەوەی توانای داهێنەر بۆ سیستمی حوکمڕانیەکەی. جا هەر کات سەرۆکی حکومەتی نوێ، هەروەک چۆن دەگەڕێت لە شوێن خەڵکانی لێزان و باوەڕپێکراو بۆ هەڵگرتنی بەشێک لە ئەرکی حکومەتەکەی، هەروەها دەشێت هەوڵی بەگەڕخستنی سیستمێک لە دامەزراوەی رەوا و خزمەتگوزار بدات. ئەو کات دەکرێت خەڵک دڵنیا بن کە جڵەوی حوکمڕانی لە دەستێکی ئەمیندایە.
بە دروستبوونی ئەو کابینەیە، سەرۆکی نوێ دبێتە میراتگری سیستمی حوکمڕانییەکی قەیراناوی و بەڕادەیەک لەبارکەوتوو. حیکمەتی سەرکردایەتی و بیرکردنەوەی عەقلانی دەخوازێت، سەرۆکی نوێ بەرنامەیەک لە ئاست توانای کابینەکەی و توانستی دەزگای حکومەت و سەرچاوە و داهاتی بەردەست، بیر لێ بکاتەوە. هیچ حکومەتێک ناتوانێت و ناکرێت بەڵێنی چارەسەری هەموو کێشەکان بدات. بۆیە لێرەدا خواست و چاوەڕوانیی خەڵک دەبێت جیا بکرێتەوە لە ئەولەویەتی پێداویستییەکانی بەڕێوەچوونی حوکمڕانییەکی دروست و فەراهەمکردنی گوزەرانێکی باشتر بۆ خەڵک.
سەرکردەی کارا، لە رێگەی سیاسەتەکانیەوە وەفاداری و رەزامەندیی دەنگدەر و کاربەدەستانی هاوکاری حوکمڕانیەکەی بەدەست دەهێنێت، سیاسەتی حوکمڕانی، داڕشتن و شێوەی ئاڕاستەکردنی، فاکتەری گرنگی راکێشانی پشتگیری و متمانەیە لە دەنگدەرەوە. گرنگە دەسەڵاتی سیاسی لە قەناعەتەوە خۆی بە حوکمڕان بزانێت. بە حوکمی دەستوورێک کە خەسڵەتی هەمیشەیی پێ دەدرێت، حوکمڕان دەکرێت کارا و دەستڕۆیشتوو بێت لە تۆکمەکردنی رەوشێکی سەروبەند نەبەستراوی ئێستای وڵاتدا.