ژینگە و هۆكارەكانی گواستنەوە

11-05-2014
عەبدولڕەحمان سدیق
نیشانەکردن ژینگە گواستنەوە
A+ A-

ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان یەك ملیۆنی تێپەڕاندووە، ئیدی جێی خۆیەتی هەڵوەستەیەكی ورد لەسەر قەیرانی هاتوچۆ بكرێت كە ئەمڕۆ بووەتە یەكێك لەدیاردە نەخوازراوەكانی نێو كۆمەڵگە.

گواستنەوە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو پێشكەوتنی زیاتر هەنگاو دەنێت، بە جۆرێك ساڵانە درێژیی رێگەوبانەكان زیاتر دەبن ‌و شەقامی نوێ‌ دروست دەكرێن ‌و هۆكاری گواستنەوەی زیاتریش دروست دەكرێت یان هاوردە دەكرێن.

لە ئاستی جیهانیشدا لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ژمارەی هۆكارەكانی گواستنەوە بۆ دوو ئەوەندە زیادیان كردووە، بە جۆرێك لە هەندێك وڵاتدا زیاتر لە نیوەی دانیشتووان هەریەكە و هۆكارێكی گواستنەوەی خۆیان هەیە.

دیارە ئەمەش كاریگەری پۆزەتیڤی هەیە بۆ گواستنەوەی خێرا و كارئاسانی و بە یەكگەیاندنی خەڵك، بەڵام لە هەمانكاتیشدا دەبێتە هۆی بەكاربردنی بڕێكی زۆری دەرامەتە ژینگەییەكان، وەك بەكارهێنانی زەوی بۆ رێگەوبان ‌و بەكاربردنی بڕێكی زۆری وزەی ئاو و هەواو بەنزین ‌و گاز بۆ ئەم مەبەستەو لە ئەنجامیشدا پیسبوونی هەوا بەگازەكانی ئۆكسیدەكانی كاربۆن ‌و نایترۆجین ‌و هایدرۆكاربۆنەكان ‌و گەردی تۆزو خۆڵ ‌و ژاوەژاو.

جا بە مەبەستی كەمكردنەوەی زیانەكان ‌و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ژینگە و پەرەپێداندا، پێویستە لیژنەكانی گواستنەوە و گەیاندن و پیشەسازیی پەرلەمان ئاگاداری بڕیارەكانی بواری گواستنەوە بن بەمەبەستی:

1- بایەخدانی زیاتر بە هۆكاری گواستنەوەی گشتی، لەڕێی چاككردنی هێڵەكان ‌و بەكارهێنانی هۆكاری گواستنەوی تازەو قەبارە مامناوەندیی ‌و هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی بەكارهێنانی هۆكاری گواستنەوەی تایبەت.

2- هەوڵدان بۆ بایەخدان بە رێگەوبانەكانی ناوخۆی شارەكان ‌و دەرەوەو چاككردنی رێگەوبانەكان بە جۆرێك كە جووڵەی هۆكارەكانی گواستنەوە ئاسانتر بكات و رێگەوبانەكانیش لەقەرەباڵغی ‌و خنكانی هاتوچۆ رزگار بكات.

3- هاریكاریكردن لەگەڵ زانكۆكان بە مەبەستی هەوڵدان بۆ چاككردنی جۆرەكانی بەنزین ‌و گاز و چاككردنی مەكینەكان بە جۆرێك كەمترین بڕی ماددەی زیانبەخش بخەنە دەرەوەو نزمترین ئاستی دەنگیش دەربكەن بەمەبەستی كەمكردنەوەی ژاوەژاو.

4- هەوڵدان بۆ كاركردن لەسەر بەرهەمێنانی سووتەمەنی وەك ئیسانۆل یان كاركردن بەكارەبا یان غازی شل لە زۆر هۆكاری گواستنەوەدا كە زۆر لە وڵاتان ئێستا كاری پێدەكەن.

هەروەها پەرلەمانتاران لە لیژنە پەیوەندیدارەكان بە پرسی گواستنەوە گرنگە ئاگاداری زانینی ئەو بارودۆخە بن كە یاساو رێنمایی تێدا لەدایك دەبێت، چونكە وەك بەئەزموون دەركەوتووە: یاسایەك كە لە نێو بیركردنەوە لەگرفتێكدا دێتە ئاراوە، جیایە لەیاسایەك كە لەكاتی بیركردنەوە لە چارەسەر لەدایك دەبێت.

لە دیداری نێوان وەزیرانی ژینگە و كۆمپانیا ژاپۆنییەكان لە ساڵی (2004)دا، دكتۆر (واتانابی هیرۆیۆكی) بەڕێوەبەری كارگێڕی لەكۆمپانیای (تۆیۆتا)ی ژاپۆنم بینی، ئەو دەیگوت: "ئێمە لەژاپۆن لەكاتی روودانی هەر گرفتێكدا بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین پێش دەركردنی هەر یاسایەك، نەك هەوڵدان بۆ دەركردنی یاساو رێنمایی كتوپڕ لەساتەوەختی رەگداكوتانی گرفتەكە لەزەمینەی واقیعدا).

ئێمە ئەمڕۆ شەقامەكانمان پڕبوون لە هەموو جۆرەكانی ئۆتۆمبێل كە هەریەكەیان لەشوێنێكی دنیادا دروستكراون، بەڵام وەك جەخت دەكەینەوە لەسەر ساڵی دروستكردن و مۆدیلی ساڵانەی هۆكارەكانی گواستنەوە، گرنگیشە جەخت بكەینە سەر شوێنی هاتن و دروستكردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەش، چونكە ئۆتۆمبێلەكانی ژاپۆن بۆ نموونە باشترین جۆرن لەڕووی پاكڕاگرتنی ژینگەو پیس نەكردنی هەواوە، ئەوان گازەكانی ئەگزۆزیان بەردەوام كەمكردووەتەوە و پلانیان بەرەو ئەوەیە كە ئۆتۆمبێلەكانیان لەدواجاردا بەئۆتۆمبێلی ژینگە ناوبنرێن.

بۆیە لەم بوارەدا زۆر گرنگە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لەكاتی مۆركردنی گرێبەستەكانی هاوردەكردنی هۆكارەكانی گواستنەوەدا ، پێوەرە ژینگەییەكان لەبەرچاو بگرن، بەمەش زەمینەیەكی لەبار دروستدەبێت بۆ ئەوەی ئاسانتر یاساكانی پاراستنی ژینگە جێبەجێ‌ بكرێن.

*نووسەر و رۆژنامەنووس و یەكەم وەزیری ژینگەی عێراق لەدوای رووخانی رژێم.
asidiq1962@yahoo.com

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە