کوردایەتی لە ئیستەنبوڵ!
خاڵێکی گەش کە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە باکوور لە پارچەکانی دیکە جیادەکاتەوە، شانبەشانی خەباتی چەکداری، خەباتی ئاشتیانە و مەدەنیانەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان بەتایبەتی لە رێگای دەنگدانەوە، هەڵبەت ئەو مەجالە سیاسی و یاساییەی لە تورکیا بۆ ئەو جۆرە خەباتە دەستەبەر بووە لە عێراق و ئێران و سووریا دەستەبەر نین.
بۆیە نیشتیمانپەروەرانی کورد لە باکوور، لە دوای گەڕانەوەیان لە کۆنفرانسی پاریس لە ساڵی 1989 دەستیان بە خەباتی لێگاڵ و دامەزراندنی پارتی سیاسی کرد، ئەگەرچی سەرەتا دووچاری ئاستەنگی زۆر بوونەوە کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەخرایە پێشیان. پەکەکەش ئەوکاتە هیچ بڕوایەکی بە خەباتی سیاسی نەبوو، ئازادی تەنیا لە لوولەی چەکی دەستی گەریلادا دەبینی، بۆیە ئەوانیش بەنۆرەی خۆیان کێشەیان بۆ ئەو خەباتە دروست دەکرد.
بەڵام کاتێک بۆی دەرکەوت کە نە دەتوانێ بەشەڕ کۆتایی بە دەوڵەتی تورکیا بهێنێ و نە دەتوانێ رێ لە نیشتمانپەروەرانی کوردی دەرەوەی خۆی بگرێ، ئاراستەکەی گۆڕی، ئیدی لە ساڵی 1992 بەدواوە، هەمیشە تارمایی سیاسەتی پەکەکە بەسەر پارتە کوردییە لێگاڵەکانەوە بەئاشکرا دەبینرێت، ئەگەرچی ئەو پارتانە بەئاشكرا ناڕەزایی خۆیان لە هەژموونی پەکەکە دەرنابڕن، بەڵام بەشێکیان کە بە باڵی کۆترەکان و کۆنسێرڤەتیڤ و کوردچێتی ناسراون، لێرە و لەوێ ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەیانەوێت سیاسەتێکی سەربەخۆیانەی خۆیان پەیڕەوبکەن بەبێ ئەوەی دژایەتی پەکەکە بکەن. پارساڵ کە لە تورکیا بووم، لە چەندین دانیشتنی تایبەتدا بەئاشکرا گوێم لە ناڕەزایەتی خەڵکانی نێو هەدەپە دەبوو کە رایان لە سیاسەتی پەکەکە و خەباتی چەکداری نەبوو بەو شێوەیەی ئێستا هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک نەیاندەویست بە ئاشکرا ئەو بۆچوونە دەرببڕن.
هەرچۆنێک بێت، ئێستا تەنیا پارتێک کە بە ناوی کوردەوە ناسراوە و خەبات دەکات هەدەپەیە (پارتی دیکەی کوردیش هەن بەڵام کاریگەرییان نییە)، هەدەپە خۆی بە پارتێکی تورکیایی دەناسێنێ. لە ساڵی 1992 بەدواوە و هەتاوەکو ئێستا چەندین جار پارتە کوردییەکان قەدەغەکراون، بەڵام بە ناوێکی دیکە و ئاڵایەکی دیکە و بە هەمان سیاسەت و ئایدیۆلۆژیاوە دەستیان بە خەباتی سیاسی کردووەتەوە. ئەم شێوە خەباتە کە لە لەلایەن باسکەکان و ئێرلەندیەکانەوە تاقیکراوەتەوە و سەرکەوتنیشی بەدەستهێناوە، لە باکووری کوردستانیش وەکو کردنەوەی دەرگایەک بووە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد، بەڵام ناکرێت بەریتانیا و ئیسپانیا لەگەڵ تورکیایەک کە ناسیۆنالیزم و ئاین تێیدا تێکەڵکراوە و بەدژی هەموو شتێکی کورد بەکاردەهێنرێت، بەراورد بکەین، ئەگەرچی داگیرکاری هەر داگیرکارییە.
ئەوەی کە هەدەپە و پارتە قەدەغەکراوەکانی پێش خۆی چەندین ساڵە لە بازنەیەکدا دەخولێنەوە و ناتوانن ببن بە دەنگی هەموو کورد، جێگای رەخنەیە و دەبێت بۆ رزگاربوون لەو بازنەیە پەنا بۆ ستراتیژییەکی نوێ ببردرێت و خەباتی چینایەتی و چەپگەرایی نەکرێتە بنەمای ستراتیژی داهاتوو، بەڵکو سیاسەتێکی گشتگیری کوردانە بکرێت و مافەکانی کورد بە ئەساس بگیرێت، خزمەتگوزاری و بوژانەوەی فەرهەنگ و زمانی کوردی پشکی شێریان بەربکەوێت لە خەباتی هەدەپەدا، ئێستا ئەوە نابینرێت، کوردانی ئەنادۆڵ کە 300 ساڵە نەفی کراون بۆ دەوروبەری کۆنیا و ئەنکارا، لە کوردانی دیاربەکر زیاتر زمان و فەرهەنگی خۆیان پاراستووە، ئاخر ئەگەر نەزانیت دیاربەکر کوێیە، بە کوچە و کۆڵانەکانیدا بگەڕێیت، وا هەست دەکەی ناوجەرگەی تورکیایە، چونکە زمانی تورکی باڵی بەسەر خەڵکی شارەکەدا کێشاوە.
هەدەپە و پەکەکە دەبێت وەڵامیان بۆ ئەوە هەبێت بۆچی شرناخ و دێرسیم و هەندێک ناوەندی دیکە کە بە درێژایی مێژوو ناوەندی کوردایەتی بوون، دەنگیان بە خۆیان نەداوە و دەنگیان بە بێگانە داوە؟
خۆ ئەگەربڵێن دەوڵەت دەستی لە هەڵبژاردنەکان وەرداوە، ئەوە راستە، بەڵام خۆ ساڵانی پێشووش دەوڵەت هەر ئەو گەمەیەی کردووە، کەچی هەدەپە زۆرترین دەنگی لەو ناوچانە دەهێنا، کەواتە بەشێکی خەتای سیاسەتی پەکەکەیە و خەڵک دوای چل ساڵ خوێندان و نەگەیشتنە هیچ ئامانجێک، دەیانەوێت ناڕەزایی دەربڕن، هەرچەندە هەڵوێستەی دەنگدەران هەڵەش بێت، دەبێت بە جددی حسابی بۆ بکرێت. ناکرێت هەموو شکستێکی کورد بە تیۆریە نەزۆکەکانەوە شەتەک بدرێت: دوژمن بەهێزە و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و هەرێمیمان لەسەرە! ئاخر ئەو ناوچانە لە گەرمەی شەڕی چەکداریدا دەنگیان بە پارتە تورکیەکان نەدەدا، خێرە ئێستا بەشێکیان روو لە ئاکەپە دەکەن کە ددانی خێر بە کورددا نانێت!
ماوەیەک پێش ئێستا رۆمانی “پەڵە خوێناوییەکانی سەر بەفر”م دەخوێندەوە کە باس لە ژیانی گەریلاکانی پەکەکە دەکات لە هەرێمی دێرسم. ئەوەی لەو رۆمانەدا دەیخوێنیتەوە و گیانفیدایی و خۆڕاگریی گەریلاکان لەبەردەم هێرشی سوپای تورکیا و هێرشی زریان و بەفر و رەشەبا و بەراوردی دەکەی بەو دەنگانەی کە لەم دواییەدا کورد لە دێرسم هێنای، هەموو هاوکێشەکان قڵپ دەبنەوە، وەکو ئەوە وایە بە شاخێکی هەزار بە هەزاردا سەربکەویت و زۆرت نەمابێت بگەیتە لووتکە، لەپڕ خۆت لە دامێنی چیاکەدا ببینیتەوە و نەپرسیت چۆن و چی تۆی گەیاندەوە دامێنی چیا، ئەمە دروست لە پەکەکە قەوماوە.
هەدەپە کارێکی باشی کرد کە دەنگدەرانی خۆی سەرپشک کرد لە ئیستەنبوڵ و ئەنکارا دەنگ بە کێ بدەن، چونکە بەو سیاسەتە توانرا پێش بە سیاسەتی تاکلایەنەی ئاکەپە و مەهەپە بگرن کە لەسەر حسابی کورد دەنگیان کۆدەکردەوە و بە بەردەوامی تورکەکانیان لە کورد تیژ دەکردەوە.
هەرچۆنێک بێت ئەوەی روویداوە تازە بووە بە مێژوو، بەڵام دەبێت بە چاوخشاندنەوە بەو مێژووە، سیاسەتێکی نوێ بۆ باکووری کوردستان دابڕێژرێتەوە کە لەوەی پێشوو نەچێت، ئەوە بەمانای چەکدانان ناڵێم، بەڵام ناشکرێت و نەگونجاوە لەژێر لوولەی چەکدا سیاسەت بکەیت کە بیست ساڵە تاقیدەکرێتەوە و زۆرجار بووە بە بارگرانی بۆ باکووری کوردستان. ئێستا کە ئاکەپە بە دۆڕاندنی ئانکەرە و ئیستەنبوڵ لە باڵندەیەک دەچێت هەردوو باڵی پێکرابێت، دەبێت کورد هەموو هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ بۆ چوونە سەر رێگای ئاشتی، رەنگە ئەو خەباتە لە خەباتی چەکداری زەحمەتتر بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوە تەنیا رێگایەکە کوردی باکوور بتوانێت بەشێک لە ئامانجەکانی بهێنێتەدی!