ئایا بازاڕی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دەبووژێتەوە؟
محەممەد عەلی عەبار، سەرۆکی کۆمپانیای بەنێوبانگی ئیعماری ئیماراتی کە تاوەری خەلیفەی دروستکردووە، ساڵی 2013 بە رۆژنامەی فاینەنشڵ تایمزی گوت، "هەولێر وەک (دووبەی نوێ)ـی لێهاتووە، ئەوێ بووەتە ناوەندی بازرگانی و گەشتیاری بۆ هەموو عێراق و وڵاتانی ناوچەکەش".
بەپێی لێکدانەوەی کۆمپانیایەکی راوێژکاری بیانی خانووبەرە، (ئای کەی جی پرۆپێرتی)، کە ئەوکات لە هەولێر نووسینگەی خۆی کردبووەوە، نرخی خانوو و شوقە و شوێنی بازرگانی بۆ کرێ و کڕین بەردەوام رووی لە بەرزبوونەوە بوو. راپۆرتەکانی ئەو کۆمپانیایە ئاشکرایان دەکرد کە نرخەکان لە هەولێر خەریک بوون بەرەو نرخەکانی دووبەی ئاراستەیان بەرز دەبووەوە.
هێرشی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، خەونەکانی گەشەپێدانی کەرتی خانووبەرەی لە هەرێمی کوردستان، وەک ناوەندێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەگەڵ خۆی برد. لەکاتێکدا خەریکە 10 ساڵ بەسەر هێرشی داعش بەسەردەچێت کەرتی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە ببووژێتەوە و سەرەڕای ئەوەی کواڵیتی خانووبەرە باشتر بوون بەراورد بە ساڵی 2013، بەڵام نرخەکانی ئێستا هێشتا لە خوارەوەی نرخەکانی ئەوکاتەن.
کەرتی خانووبەرە لە دوای نەمانی داعش لە هەرێمی کوردستان بە هەوراز و نشێوی زۆردا روێشتووە. بەپێی لێکدانەوەی میران سەفین، شارەزای خانووبەرە لە هەولێر، دوای هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە 2014 دا نرخی خانووبەرە لە هەولێر بەرێژی 50٪ تاوەکو 60٪ دابەزی، لە دوای نەمانی داعش بازاڕی خانووبەرە هەر شەڕی قەرەبووکردنەوەی ئەو داڕمانە گەورەیە دەکات. گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گوشارە بەردەوامەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە دوای گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان لە 2017 دا نەیهێشتووە ئەو کەرتە ببووژێتەوە.
بەرپرسانی کەرتی وەبەرهێنان و داڕێژەرانی سیاسەتی ئابووری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پلانێکی رژد بۆ بووژانەوەی کەرتی خانوووبەرە دابنێن کە یەکەم هەنگاویشی لە دانانی یاسا و رێسای نوێ دەست پێدەکات.
هێشتا یاسا و رێساکانی پەیوەست بە بازاڕی خانووبەرە یاساکانی سەردەمی رژێمی پێشوون، کە گونجاو نین بۆ ئەم سەردەمە. سەرەڕای ئەوەش، شکستهێنانی ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەی نیشتەجێبوون و بیناسازی لە دوای شەڕی داعش، حکومەتی هەرێمی کوردستانی هاندا چەندین رێنمایی لە کەرتی وەبەرهێنان و بازاڕی خانووبەرە دەربکات، بەڵام ئەو بڕیارانە هەرچەندە ئەرێنی بوون، بەهۆی ئەوەی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە جێبەجێ ناکرێن و حکومەتیش چاودێری جێبەجێکردنیان ناکات، نەیتوانیوە ببێتە هۆکار بۆ گەرەنتیکردنی سەرمایە و سامانی هاووڵاتیان.
یەکێک لەو رێنماییانە، دانانی خیتاب زەمانە بە رێژەی 15٪ تاوەکو 20٪ی کۆی تێچووی پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون کە وەبەرهێنەر دەبێت وەک گەرەنتی تەواوکردنی پڕۆژەکەی لە بانک دایبنێت. بەپێی ئەو رێنماییە وەبەرهێنەر بۆی نییە جوڵە بەو پارەیەوە بکات تاوەکو دڵنیایی نەدات کە پڕۆژەکەی قۆناخێکی باشی لە جێبەجێکردن دا بڕیوە.
بازرگانانی خانووبەرە دەڵێن کەم وەبەرهێنەر هەیە کە ئەوە رەچاو دەکەن و هەر ئەوەش بووەتە هۆکار لە هەندێ کات دا وەبەرهێنەرێک دوای وەرگرتنی چەندین قیستی سەرەتایی لە خەڵک و کڕیاران، لەناکاو نامێنێت و هەڵدێت و پڕۆژەکەیشی شکست دەهێنێت.
بەپێی رووپێوێکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2022 دا ئەنجامدراوە و پەیوەستە بە کۆی بەرهەمی هەرێمی (ناوخۆیی)، لە ساڵی 2018 دا کۆی بەرهەمی هەرێمی هەرێمی کورستان بریتی بووە لە 26.4 ملیار دۆلار. لەم نێوندەدا کەرتی بیناسازی، ئاوەدانکردنەوە، وەبەرهێنان لە خانووبەرە و بەکرێدانی خانووبەرە 15٪ی کۆی بەرهەمی هەرێمی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت کە یەکسانە بە نزیکەی 4 ملیار دۆلار. واتە قەبارەی کەرتی خانووبەرە و بیناسازی بەهاکەی 4 ملیار دۆلارە کە بەشێكی گرنگی ئابووری هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت.
هەر بەپێی رووپێویەکەی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە 2018 دا، بەهای بەرهەمی بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە لەلایەن کەرتی تایبەت 3.7 تریلیۆن دینار بووە و بەهای تێچووەکان 0.65 تریلیۆن دینار بووە، بەو پێیەش بەهای زیادەی ئەو کەرتە 2.4 تریلیۆن دینار بووە کە بە دیناری ئەوکات دەکاتە نزیکەی دوو ملیار دۆلار. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە تاوەکو چەند کەرتی خانووبەرە و بیناسازی رۆڵی هەبووە لە گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان، بەڵام چی دەبێت بکرێت بۆ ئەوەی کەرتی بیناسازی و خانووبەرە ببووژێتەوە و دووبارە ببێتە هۆکار بۆ گەشەی ئابووری ئەم ساڵ و لە ساڵانی داهاتوودا؟
گەورەترین مەترسی و هۆکاری سستبوونی کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان، ئاڵۆزی و ناڕوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە. ئێستا کە دادگای فیدراڵی چەندین بڕیاری دەرکردووە بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی وزە و چەندین بواری دیکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت پلانێکی نوێی ئابووری دابڕێژێت و هەوڵبدات سەرنجی وەبەرهێنەران راکێشێت و سەرچاوەی نوێی دارایی بدۆزێتەوە بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری. هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە مانگی شەش بەڕێوەبچێت، چانسێکی گەورەیە بۆ دروستبوونی حکومەتی نوێ و دیدگای نوێی ئابووری گونجاو لەگەڵ ئەو بارودۆخەدا کە بەغدا بەسەر هەرێمی کوردستانی دا سەپاندووە، بەتایبەتی لە دوای نەمانی سەرچاوەی راستەوخۆی نەوت و نەمانی قورسایی خەرجی مووچەی مووچەخۆران.
رێنمایی و یاسا و رێسا نوێیەکان دەبێت بەو ئاراستەیەدا بڕۆن کە دەستکراوەییەکی زۆری پێوە دیاربێت، بەتایبەتی لە بواری باجی سەر داهات، باجی هاوردەکردن، باجی خانووبەرە و... لادانی رسووماتی جۆراوجۆر لە هەموو بوارەکان دا. تاوەکو ئەوکاتەی ئەو داهاتانە بە داهاتی ناوخۆ هەژمار دەکرێن و نیوەی دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا لەپێناو ناردنی مووچەی مووچەخۆران، باشترە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی نەرم لە بواری باج و وەبەرهێنان و بودجە دانان پەیڕەو بکات.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئابوورییەوە، نەبوونی رکابەری تەندروست و یاسا و رێسای گونجاوە بۆ هاندانی کەرتی تایبەت. بە ئەستەم خاوەنکار، داهێنەر و وەبەرهێنەر هەیە کە کاتێک دەست بە پڕۆژەکەی دەکات، رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە نەبێتەوە لە زۆر رووەوە، جگە لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ گەرەنتییەکی کرداری نییە بۆ پاراستنی وەبەرهێنانی وەبەرهێنەران و بەهەمان شێوازیش هاونیشتمانیان.
بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکە، لە کەرتی خانووبەرەی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان، بانکە تایبەتەکان هیچ رۆڵێکیان لە پارەداکردنی پڕۆژەکانی بیناسازیدا نییە، لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتی دەستەی ئامار، داهاتی زیادەی کەرتی بیناسازی نزیکەی 65٪ بووە لە 2018 دا. بانکەکان دەتوانن لە رێگەی پارەدارکردنی پڕۆژەکانی بیناسازی، نیشتەجێبوون و بازرگانی کێشەی پارەدارکردنی پڕۆژەکان چارەسەربکەن و قازانجیش بکەن. هاوکات دەتوانن لە رێگەی پێدانی قەرزی خانووبەرە و نیشتەجێبوون بە هاونیشتمانیان بزوێنەری سەرەکی بازاڕی خانووبەرە بن و بەشداربن لە فرۆشتنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە رەنگە هەر خۆیان بەشداربن لە پارەدارکردنیان.
ئێستا لەنێوان وڵاتاندا رکابەرییەکی بەرچاو هەیە بۆ راکێشانی خاوەنکار و وەبەرهێنەر و داهێنەری بیانی.
دووبەی بۆ نموونە باج لەسەر داهاتی تاکەکەسی، داهاتی سەرمایە، داهاتی میرات و داهاتی خانووبەرە وەرناگرێت. کۆمپانیای بیانیش ئەگەر داهاتی ساڵانەی سەرووی نزیکەی 100 هەزار دۆلاربێت بە رێژەی 9٪ باجی لێوەردەگرێت، ئەگەرنا باج لەوانەش وەرناگرێت. وڵاتێکی دیکەی وەک ئیتالیا، لە ساڵی 2017وە ساڵانە بڕێکی نەگۆڕ لە وەبەرهێنەری بیانی وەردەگرێت و لەجیاتی ئەوە وەبەرهێنەرەکە لە پێدانی باجی سەر هەموو داهاتەکانی دەبەخشێت. ئەمە بە تەنیا بووەتە هۆکار بۆ گەشەی کەرتی خانووبەرە لە شارە گەورەکانی ئیتاڵیا وەک میلان.
ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەر و خاوەنکارانی بیانی کە دێنە هەرێمی کوردستان، دەتوانێت بازاڕی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان ببووژێنێتەوە. ئەگەر کۆی ئابووری هەرێمی کوردستان لە سستی دەربچێت و بەرەو گەشەکردن بڕوات، وەبەرهێنەر، بازرگان و خاوەنکاری بیانی دووبارە دێنەوە بۆ هەرێمی کورستان و لە دۆخێکدا کە بازاڕی خانووبەرە سەرنجڕاکێش بێت، بە ئەگەری زۆرەوە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن.