دوو قەوارە و یەک دەوڵەت
روانگەی نێچیرڤان بارزانی بۆ چەمكی ( براوەی هاوبەش)
ئاریان فەرەج
جەواد قادر
عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هێشتا هەر لە دۆخی سەختدایە. هەر لە سەرەتاوە دابەشبوونی جوگرافیای سیاسیی عێراق بەسەر ژمارەیەک ناوەندی سیاسی و سەربازیی رکابەر و ناکۆک، دەوڵەتێکی لاواز و حکومەتێکی لەرزۆکی پڕتەنگژەی لێ کەوتەوە. گورزی سەرەکی لەو دۆخە نائومێدكەرە بەر هاووڵاتی و بە تایبەت نەوەی نویی لاوان و چاوەڕوانییەكانی ئەوان كەوت. ئێستا كە بیست ساڵ تێپەڕیوە، نەوەی عێراقی نوێ، لە هەموو ناوچەكانی عێراق (بە هەندێ جیاوازییەوە) ژیانێکی رۆژانەی قەیراناوی و لێڵ دەبەنە سەر و متمانەیان بە كایەی سیاسی و كارەكتەرەكانی و فەرمانڕەوایی نەماوە.
بەردەوامیی دۆخەكە بە هەندێ ئیسلاحاتی شەرمنانە و ئومێدی بچووكەوە، هەستنەكردنی قوڵی نوخبەی سیاسیی عێراق بە مەترسییەكان و ئامادەنەبونیان بۆ پێداچوونەوە و گۆڕینی باوەڕەكانی بیست ساڵی رابردوویان، نەكرانەوەی دەریچەی چارەسەری حەقیقی كە دۆخەكە بە ئاراستەی گۆڕانكاری گەورەدا ببات و ئومێد و دەرفەتی راستەقینە بژێنێتەوە، دەروازە لەسەر لێکترازانی زۆر قووڵتری کۆمەڵگەی عێراقی و دواجار جێگیربوونی یەکجارەکیی هەژموونی دەرەکی (ناوچەیی) لە وڵاتەکەدا بە واڵایی دێڵێتەوە. ئەگەر دۆخێکی وا بێتە پێش، دەوڵەت سەروەری لە دەست دەدات، عێراق دەچێتە قۆناخێکی زۆر دژوارترەوە و، ئەزموونی خەمناکی دوو وڵاتەکەی دیکەی ناوچەی شام - سووریا و لوبنان - دووپات دەبێتەوە کە دەرچوون لێی تەمەنی چەند نەوەیەكی دیكە بەهەدەردەدات.
مەترسییەکان راستەقینەن، هەم لەسەر عێراق، هەم لەسەر هەرێمی کوردستان. ئەم مەترسییانە درووشمی سیاسیی ئیستهلاكی نین، فاكتن و دەتوانن رێڕەوی مێژووی عێراق و هەرێمی کوردستان بگۆڕن. ئەمە هۆشدارییەکە کە نەک هەر خەڵك وەك ناڕەزایی بە نوخبەی سیاسییان گەیاندووە، بەڵكو وڵاتانی دۆست بەوپەڕی راشكاوی بە بەغدا و هەولێریان راگەیاندووە. هەر ئەم هۆکارەشە کە بەم دواییە هاتووچۆی نێردەی وڵاتانی بۆ بەغدا و هەولێر چڕ کردووەتەوە.
هەمیشە مەترسیی هاوبەش، دۆستایەتی و هاوپەیمانیی هاوبەش دروست دەکات. مەترسیی هاوبەش لەسەر عێراق بە كوردستانیشەوە، دەبێ دۆستایەتی و هاوپەیمانیی عێراقیانەی لێ بەرهەم بێت بە كوردستانیشەوە. شکانی سهروهریی عێراق، لەژێر هەژموونی دەرەکی، نهك ههر بههێزبوونی سهروهریی ههرێمی كوردستانی لێ ناكهوێتهوه، بهڵكو راستهوخۆ و بەخێرایی قهوارهی ههرێمی كوردستان لهق دهكات، چونكه ههرێمی كوردستان رهوایهتی نێودهوڵهتیی خۆی له دەوڵەت و لە دهستووری عێراق وەرگرتووە، لاربوونەوەی دهوڵهت، ژێرپێچوونی دهستووری لی دەكەوێتەوە، ژێرپێچوونی دەستووریش مەترسی بۆ سەر هەموو ئەو ماف و قەوارە و مەوجوداتە لی دەكەوێتەوە كە لە وجودیاندا پشت بە دەستوور دەبەستن لەوانیش قهوارهی ههرێمی كوردستان.
لە پاڵ ئەم ئاڵنگاریەدا، عێراق بە كوردستانیشەوە دەرفەتی لە پێشە. دەرفەتی گەورە كە توانای راستکردنەوەی عێراقی بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە. ئەم دەرفەتە لە بواری وزەدایە و بریتییە لە یەدەگی جێمتمانەی گاز و هەروەها نەوت. پێویستیی رۆژئاوا، بە تایبەت یەکێتیی ئەوروپا، بە سەرچاوەی وزەی زیاتر، دەرفەتێکی مێژوویی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوو لاوە هێناوەتە ئاراوە. لە لایەکەوە، عێراق كڕیارێکی درێژخایەن و جێمتمانە لەناو یەکێتیی ئەورووپادا مسۆگەر دەکات؛ هاوکات لەو هاوبەشییە بازرگانییەدا، رۆژئاوا یارمەتیی سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و ئابووریی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە دەدات و پاڵپشتی لە دامەزراوەییکردنی وڵاتەکە دەکات. ئەم یارمەتییەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەقامگیرکردنی هەناردەی وزەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە و هاوکات بۆ دوورخستنەوەی رکابەرە ناوچەیی و جیهانییەکانە لە عێراق.
مەودا و قووڵایی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رۆژئاوا بۆ پێشخستنی پێگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکەدا گرنگە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی بیست ساڵی رابردوودا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی جیهان و داڕێژەرانی سیاسەتی جیهانی و کەسانی کاریگەر لە دامەزراوە سەرەکییە نێودەوڵەتییەکاندا بینا کردووە و پەرەی بەرچاوی پێ داوە. ئەم پەیوەندییانە ئاسانکارییەکی زۆریان لە گەیاندنی پەیام و روانگەی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەندەکانی دەسەڵاتی جیهانی و بەدەستهێنانی پشتگیرییان دابینکردووە. بەڵام پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وەک لە نموونەی شەڕی ئۆکراینا دەرکەوت، لە دۆخێکی نائارامدایە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەو باوەڕەدایە کە عێراقێکی سەقامگیر و دیموکرات و بەهێز لەڕووی ئابوورییەوە کە تێیدا هەرێمی کوردستان لە سەرجەم مافە دەستوورییەکانی خۆی سوودمەند بێت، پاڵپشتیی جیدی جەمسەری رۆژئاوا دەستەبەردەكات وەك چۆن بێ ئەو پاڵپشتییەش ئەستەمە بنیات بنرێت. هەر لەم سۆنگەیەشەوەیە کە نەخشەڕێگەیەکی بۆ دەرچوونی عێراق لە تەنگژە بە پاڵپشتیی دنیای ئازاد پێشکەش کردووە کە هاوکات پاڵپشتیی زۆرینەی ئەکتەرە سیاسییەکانی عێراقیشی لەگەڵدایە. ئەم نەخشەڕێگەیە لە دوو لاوە کار دەکات:
یەکەم: عێراق كە مەوتەن و دەوڵەتی برابەش و شەریكایەتی عەرەب و کورد بێت، كەواتە پاراستنی سەروەری و سەقامگیری و ئەمنیەتیشی، هەم لەبەرژەوەندیی عەرەب و كوردە و هەم ئەرکی لەپێشینەی هەردوو شەریكە بە پێکهاتەکانی دیكەشەوە. عێراق وەک نیشتمان ناسنامەیەکی هاوبەشی سەربەستانە بە (عەرەبی عێراق) و (کوردی عێراق) دەدات وەك دوو (قەوارە نەتەوە) كە هیچكامیان بە تەنیا دەوڵەتی نییە و بەڵام پێكەوە بە شەریكایەتی دەوڵەتێكیان هەیە، واتا ( دوو قەوارە و یەك دەوڵەت). ئەم دەوڵەتە ( گەر دروست و فیدرالییانە بەڕێوە ببرێ) دەكرێ بۆ هەر یەكەیان دەوڵەتی سەربەخۆ بێت. ئەم ناسنامە عێراقییە هاوبەشە نابێتە بەدیل و ناکەوێتە سەرووی ناسنامەی نەتەوەیی عەرەب، کورد و ئەو ناسنامانە ناسڕێتەوە، بەڵکو هەر یەك لەو دوو ناسنامەیە لە چوارچێوەی عێراقی برابەشدا، دەوڵەتی عێراق بۆ پاراستن و پەرەپێدانی پێکهاتەكەی خۆی دەخاتە کار و كەڵكی لێ دەبینێ.
دووەم: هەرێمی کوردستان، بەپێی دەستووری عێراق، خاوەنی سەروەریی جوگرافی (نیشتمانی؛ خاکی هەرێمی کوردستان)، نەتەوەیی، سیاسی، سەربازی، ئابووری و فەرهەنگییە. پاراستنی سەروەریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەرکی لەپێشینەی دەوڵەتی عێراقە. ئەمە بەپێی دەستوور، جێبەجیکردنی راستەقینەی فیدرالیزمە لە عێراقدا.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، ئەم دوو بڕگەیە نەک هەر ناکەونە دژایەتیی یەکدی، بەڵکو دەبن بە هۆکاری پاراستن و پەرەپێدانی یەکدی. دەستەواژەی (دوو قەوارە و یەك دەوڵەت) كە بەم دواییە لە گوتاری سیاسیی خۆیدا بەكاری دەبات، ناونیشانی بوێرانە و دەربڕێنێكی دەقیقە لەو نەخشە رێیە.
نەخشەڕێگەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا سەنگین دەکات و یارمەتیی پاراستنی سەروەریی عێراقیش دەدات. هاوکات ئەم نەخشەڕێگەیە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا چالاکتر و کاریگەرتر دەکات. ئەم نەخشەڕێگەیە داخوازیی رۆژئاوا کە بریتییە لە هەرێمی کوردستانێکی گەشاوە لە چوارچێوەی عێراقێکی خاوەن سەروەری دەستەبەر دەکات و (براوەی هاوبەش) لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنێت.
ئەركی جیدی و لێبڕاوانەی كوردستان لەو هاوكێشەیەدا ئەوەیە لەسەر هەردوو ئاستی فەرمی و میللی باوەڕێكی عەقلانی و واقیعبینانە بە چەمكی( براوەی هاوبەش) بهێنین و دەستووپەنجەی لەگەڵ نەرم بكەین.. بەرژەوەندیی ئێستا و ئایندەی گەلی كوردستان هەر لەوەدایە.