سیناریۆ و لێکەوتەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق

کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق چ وەک سیناریۆ، یان وەک گوشاری هێزە پڕۆکسییەکانی نزیکی ئێران، شتێکی نوێ نییە، لە سەردەمی حکومەتی مالکی تاوەکو ئێستا، هەمیشە چەند هێزێکی ناسراو لە عێراق داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن. لە راستیدا پاڵنەر و ستراتیجیی ئەمریکییەکان هەرگیز ئەوە نییە کە تاوەکو ماوەیەکی درێژ لە عێراقدا بمێننەوە. لە کۆتایی 2011 هێزەکانی ئەمریکا هەر خۆیان لە عێراق کشانەوە، بەڵام زۆری نەبرد داعش بەخێرای نیوەی عێراق و سووریای داگیرکرد، بۆیە لە 2014 ئەمریکا لە رێگەی بڕیاری 2170ـی ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داواکاریی فەرمیی عێراق لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش گەڕانەوە عێراق بۆ هاوکاریکردنی لە رووی سەربازییەوە، بەتایبەت پاڵپشتیی ئاسمانی و راهێنانی سوپا و هێزە چەکدارەکانی عێراق، کە تائێستاش ئەم هاوکارییانە هەر بەردەوامن.  
 
لە راستیدا، پێناچێت ئەمریکییەکان زۆر تامەزرۆی مانەوە بن لە عێراق، بۆیە درەنگ یان زوو، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لە نۆڤەمبەری ئەم ساڵدا، لەوانەیە ئەمریکییەکان لەسەر داوای خۆیان عێراق جێبهێڵن، بەتایبەت لە ئەگەری دووبارە هاتنەوەی دۆناڵد ترەپ بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بەڵام ئێستا و لەژێر گوشاری ئێران و میلیشیاکان، کە چەند مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، کشانەوەی ئەمریکا واتا شکستی سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران. هەڵبەتە ئەوەی زیاتر گڵۆپی سەوزی بۆ میلیشیاکان و هێزە سیاسییە شیعەکان پێکردووە بۆ دەرکردنی ئەمریکییەکان؛ لێدوانەکەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکی حکومەت بوو دوای بۆردوومانکردنی بارەگای هێزەکانی بزووتنەوەی نوجەبا لە بەغدا، کە سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای کرد و، گوتی 'ئێمە، خەرکین بەم نزیکانە کۆتایی بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بهێنین لە عێراقدا." ئەگەر گوشاری زۆری هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەبێت، سوودانی نایەوێت ئەمریکییەکان لەم دۆخەدا عێراق بەجێبهێڵن، چونکە کشانەوەی ئەمریکا، دواجار دوور نییە سەری حکومەتەکەی سوودانیش بخوات. دیارە کشانەوەی ئەمریکا کە نزیکەی دوو دەیە دەبێت لە عێراقە و رۆڵی زۆریان لە پرۆسەی سیاسی و هاوکێشە هەرێمی و ناوخۆییەکانی عێراق هەیە، بێگومان لێکەوتەی زۆری لەسەر دۆخی عێراق و دراوسێکانیشی دەبێت، کە دەتوانین لە چەند سیناریۆیەکدا وێنای بکەین. 
 
پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بزانین کشانەوەی ئەمریکا تەنیا داواکاریی هێزە شیعەکانە، نە کورد و نە سوننە نایانەوێت ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، چونکە هەردووکیان دەزانن کشانەوەی ئەمریکا؛ واتا کۆنترۆڵکردنی حکومەت و دەوڵەتی عێراق لەلایەن گرووپە سەربازی و سیاسییەکانی نزیک لە ئێرانەوە، حکومەتێک کە زۆر نزیک دەبێت لەو حکومەتەی ئێستای حوکمڕانە لە تاران. شیعەکان هەنگاو بە هەنگاو هەرسێ دەزگای یاسادانان (زۆرینەی ئەندامەکانی شیعەی سیاسین)، دادوەری (لە رێگەی فائق زێدان) و جێبەجێکردن (لە رێگەی حکومەتی چوارچێوەی هاوئاهەنگی)ـیان کۆنترۆڵکردووە. 
 
ئەگەری کشانەوەی ئەمریکییەکان سنوورە مەزهەبی و ئیتنییەکان تۆختردەکاتەوە، دیسان عێراق بەسەر سێ ناوچەی ئیتنی و تائیفی دابەش دەبێت، باشوور و ناوەڕاستی شیعە، رۆژئاوا و باکوور (ناوچەکانی ئەنبار و موسڵ) سوننە، لە باکووریش هەرێمی کوردستان. بەڵام نەک ئەوەی کە هێزە شیعەکان واز لە ناوچە سوننە و کوردنشینەکان بهێنن بۆ ئەوەی حوکمی خۆیان بکەن، بەڵکو بەچڕی هەوڵدەدەن هەژموونی خۆیان بگەیەننە ناوچەکانی ئەنبار و موسڵ و هەرێمی کوردستانیش، ئینجا چ بە هێز بێت، یان لە رێگەی دروستکردنی هێزی سیاسی و سەربازی خۆجێی نزیک لە خۆیان.
 
میلیشیاکان هەوڵدەدەن ناوچە کێشەلەسەرەکانی وەک دەشتی نەینەوا، کەرکووک و شنگال کۆنترۆڵ بکەن، بە ئەگەری زۆرەوە ئەو شوێنانە پڕدەکەن لە هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، بەتایبەت ئەو سنوورەی نێوان عێراق و سووریا، کە بەشێکە لە درێژبوونەوەی هەژموونی سەربازیی ئێران لە عێراقەوە بۆ سووریا، لوبنان و فەلەستین. 
 
کشناوەی ئەمریکا دوور نییە وەک ساڵی 2011 ببێتە هۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلێکی دیکەی ناڕەزایی لە ناوچەکانی باکوور و رۆژئاوای عێراق، واتە ناوچە سوننەنشینەکان، چونکە میلیشیاکان هەوڵدەدەن هێزی خۆیان بگەیەننە ئەو ناوچانە، بەتایبەت سەر سنووری نێوان سعودیە و ئوردن. جگە لەوەش چەندین ناوچە سوننەنشین لە پارێزگەی ئەنبار و نەینەوا هەن، کە تائێستاش میلیشیاکان چۆڵیان نەکردوون، وەک ناوچەی جورفلسەخر بە نموونە. 
 
کشانەوەی ئەمریکییەکان دوور نییە دووبارە ببێتە هۆی چالاکبوونەوەی شانە نووستووەکانی داعش. وەک ئاگادارین ماوەیەکە هێزەکانی داعش چالاکی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا، بەتایبەت لە کەرکووک دەکەن. وەک ئاشکرایە داعش هەمیشە لەسەر ناکۆکییە ئیتنی و تائیفییەکان گەشەدەکات، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاش ئەم دەرفەتە دەڕەخسێنی، چونکە دەبێتە باڵادەستیی میلیشیکان لە ناوچە سووننەکان، هەروەها لە ناوچە کێشەلەسەرەکانیش، ئەمەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی کورد و سوننە بەرامبەر میلشیا شیعەکان. 
 
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا حکومەتی عێراق و دامەزراوەکانی دەوڵەت زۆر لاواز دەکات، چونکە هێزە چەکدارە شیعەکان بەسەر حکومەتی عێراق باڵادەست دەبن، نەوەک هەر ئەوە؛ نەمانی ئەمریکییەکان ئاستی روودانی ململانێی شیعە و شیعەش زیاتر دەکات، چونکە وەک دەزانین هەموو هێزە شیعەکان پاڵپشتیی باڵادەستی سیاسەتی ئێران نین لە عێراق. 
 
یەکێکی دیکە لە مەترسییە گەورەکانی کشانەوەی ئەمریکا ئەوەیە؛ ئابووریی عێراق تووشی جۆرێک لە داڕمان دەبێت، چونکە وەک دەزانین وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا باڵادەستیی زۆری بەسەر داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق هەیە، کە نزیکەی 90٪ـی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت. ئەمەش بە ئەگەری زۆرەوە مەترسیی داڕمانی نرخی دراوی عێراقی بەرامبەر دۆلار زیاتر دەکات. 
 
باڵادەستیی ئێران لە ناوچەی کەنداو - شام، وەک هێزێکی هەرێمیی بێ رکابەر، هاوشێوەی ئەو رۆڵە پۆلیسییەی ئێرانە لە سەردەمی شا کە لە کەنداودا هەیبوو. چونکە ئەوکاتە هێزێک نابێت ئێران لە ناوچەکەدا رابگرێت، بەتایبەت بە هۆکاری نزیکیی ئێران لە چین و رووسیا، رۆڵێکی ناوچەیی زۆر دەدرێت بە ئێران، ئەمەش بێگومان مەترسی لەسەر وڵاتانی کەنداو و ئوردن زیاد دەکات، بە جۆرێک دوور نییە دواجار جۆرێک لە جەمسەربەندیی هەرێمی لە ناوچەکەدا دروست بکات.  
 
زۆرترین کاریگەریی کشانەوەی ئەمریکا لەسەر دۆخ و پێگەی هەرێمی کوردستان دەبێت. هەرێمی کوردستان لە هەردوو پێکهاتەکەی دیکەی عێراق بێکەستر دەبێت، بەتایبەت کە ئێستا هیچ توانایەکی دارایی نەماوە کە بەبێ بەغدا لەسەر پێی خۆی بووەستێت. ئەمە جگە لەوەی کشانەوەی ئەمریکییەکان دوورنییە کەلێنێکی زۆرتر لەنێوان یەکێتی و پارتیش دروست بکات، تاوەکو ئەو ئاستەی دابەشبوونی هەردووکیان بەسەر دوو بەرەی جیاواز. تاوەکو دەگاتە پاشەکشەی دیموکراسی و پووکانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی. دۆخی هەرێمی کوردستان لە دوای کشانەوەی ئەمریکییەکان دەکرێت تراژیدیترین سیناریۆ بێت لە عێراق، چونکە پەیوەندیی بەغدا و هەولێر لەسەر بنەمای هێزە نەوەک بنەما دەستوورییەکان. لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا گورزێکی گەورە بە دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکان و ئۆپۆزیسۆنیش لە هەرێمی کوردستان دەکەوێت. 
 
کشانەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق بە ئەگەری زۆرەوە دەبێتە هۆی کشانەوە و لاوازبوونی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاش، چونکە ئەوکات مانەوەی ئەمریکییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەبێت، چونکە زۆربەی ئەو هاوکارییانەی ئێستا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات دەچێت، لە رێگای هەرێمی کوردستانەوەیە، بەڵام لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا، عێراق و تورکیا رێگەنادەن ئەمریکا هاوکارییەکانی بگەیەنێتە رۆژئاوای کوردستان. هەماهەنگیی تورکیا و ئێران یەکێک دەبێت لەو سیناریۆیانە لە رۆژئاوای کوردستان. هەڵبەتە نەمانی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان، لێکەوتەی سیاسی و دەروونی زۆری لەسەر پرسی کورد دەبێت لە ناوچەکەدا بەگشتی و بۆ هەرێمی کوردسانیش بەتایبەتی.