لێکەوتەکانی چاپکردنی پارە و زیادبوونی خەرجییەکان و خستنەڕووی دۆلار لە عێراق
بەرایی
رۆژ بە رۆژ، بڕی ئەو دینارەی دەکەوێتە دەستی خەڵک و ناگەڕێتەوە نێو بازاڕ و بانکەکان، لە عێراقدا زیاد دەکات. بەشێوەیەک لەکۆتایی کانوونی یەکەمی 2023ـدا گەیشتووەتە 101.4 تریلیۆن دینار، کە 93.1 تریلیۆن دیناری لە دەرەوەی بانکەکان و 9.03 تریلیۆنیشی لەنێو بانکەکاندایە.
ئەم دینارچاپکردنە پەیوەست بووە بەهاتنی ئەو دۆلارە ئەمریکییەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دێت، کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ساڵی رابردوو بە بەهای 97.5 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەگەر نرخی نەوت بەمشێوەیەی ئێستا نەبێت و ئەم دۆلارە بۆ عێراق نەیەت، بەهای ئەو هەموو دینارەی لە بازاڕە، چی لێدێت؟
ساڵی رابردوو، بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بەرز و نزمییەکی زۆری کرد، بەشێوەیەک لەماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی 10 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار دەبوو، بە بەردەوامیی ئەم ناسەقامگیرییەش دەوڵەت و خەڵکیش زیان دەکەن و رۆژ بە رۆژیش زیاتر دەبێت.
لەڕاستیدا، ئەم پرسە چەند روویەکی دیکەی هەیە، لەسەروو هەمووشیانەوە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق، سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتان، چونکە تەنیا ئاگادارکردنەوە و رێکارێکی ئەمریکییەکان بەهای دینارەکەی عێراق لە بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەک دابەزاند، هەرچەند حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بەهای یەک دۆلاری لە 1450 دینار کرد بە 1300 دینار، بەڵام لە بازاڕەکاندا، بە ئێستاشەوە لەسەرووی 1540 دینارەوە بۆ دۆلارێک مامەڵەی پێوە دەکرێت، بۆیەش هەر دەنگۆ و لێدوانێکی ئەمریکییەکان، کاریگەریی تەواو دەکاتە سەر رەوشی ئابووریی عێراق.
روویەکی دیکەی ئەم پرسە، پەیوەستە بەخستنەڕووەکانی دۆلار بە کاش و حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، کە لەماوەی ساڵی رابردوودا زۆرترین کاش بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو، خراوەتەڕوو، کە 9.1 ملیار دۆلار بووە. ئەم رۆژانەش کە نرخەکەی نەگەیشتووەتە 1600 دینار بۆ هەر دۆلارێک، بەهۆی هێشتنەوەی بەرزیی خستنەڕووە بە هەردوو جۆرەکەوەیە.
رووی سێیەمی ئەم ناجێگرییەی دینار، پەیوەستە بە سیاسەتی خەرجییەکانی دەوڵەت، بەتایبەتییش خەرجیی مووچە، کە بەتەنیا لەماوەی مانگی تشرینی دووەمدا بە رێژەی 100%، خەرجییەکان زیادیان کردووە، 50%ـشی بۆ مووچە بووە. لەو مانگەدا خەرجییەکان گەیشتوونەتە 19 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا لە مانگەکانی پێشوودا تەنیا نۆ بۆ 12 تریلیۆن دینار بووە.
لێرەدا بە خستنەڕووی داتاکان لە بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق، هەڵوەستەیەک لەسەر چاپکردنی پارە و خستنەڕووی دۆلار لە عێراقدا دەکەین.
چاپکردنی پارە و زیادبوونی خەرجییەکان و مانەوەی لە دەستی خەڵک؟
مانگ بە مانگ دینارە چاپکراوەکانی عێراق زۆرتر دەبن. لەماوەی ساڵی رابردوودا 13.9 تریلیۆن دیناری نوێ چاپکراوە، کە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی ساڵی 2022ـدا 87.5 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە کۆتایی کانوونی 2023ـدا، گەیشتووەتە 101.4 تریلیۆن دینار.
هەروەها، ئەو دینارەی لە بازاڕ بووە تاوەکو کۆتایی تشرینی یەکەمی 2023 گەیشتووەتە 93 تریلیۆن دینار، بەڵام لەهەمان ئەو ماوەیەدا، ئەو پارەیەی لە بانکەکان بووە، گەیشتووەتە نۆ تریلیۆن دینار، کە ئەمەش زۆرترین زیادکردنە لە ماوەکانی رابردوودا. هێشتاش رێژەی سەروو 90%ـی پارە لە عێراق، لە دەرەوەی بانکەکان و لە بازاڕدایە.
زیادبوونی خەرجییەکان؛ کەڵەکەبوونی پارە لە ماڵ و بازاڕ نەوەکو لە بانکەکان
خەرجییەکانی عێراق لەماوەی 11 مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 109 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا لە ساڵی 2022ـدا و لە هەمان ماوەدا 89 تریلیۆن دینار بووە، لەڕاستیدا ئەم زیادبوونە لەمساڵدا، جێگەی هەڵوەستەکردنە، چونکە بەتێکڕا لەماوەی 10 مانگدا 90 تریلیۆن بووە، بۆچی لە مانگی 11ـدا دەگاتە 19 تریلیۆن؟
زیادبوونی خەرجییەکانی مانگی 11 بەهۆی خەرجییەکان بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان نەبووە، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکانی مووچەوە بووە، بەشێوەیەک خەرجییەکانی مووچە تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی 2023، 37.6 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام تاوەکو مانگی تشرینی دووەم دەگاتە 42.1 تریلیۆن دینار، واتە 4.5 تریلیۆن دینار خەرجییەکان زیاددەکات، کە بەمشێوەیە خەرجییەکانی مووچەی 11 مانگ لە عێراق، پێنج هێندەی کۆی گشتیی بودجەی سووریا و، نیوەی بودجەی ئێران بۆ ساڵی 2023، کە بودجەی گشتی ئێران لەو ساڵەدا 52 ملیار دۆلار و بودجەی سووریا 5.88 ملیار دۆلار بووە.
لە ماوەی ئەو 11 مانگەدا، بۆ خەرجییەکانی مووچە بەهەموو جۆرەکانییەوە، ئەگەر مانگەکانی 9، 10 و 11 بەراورد بکەین، ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت؛ بە پلەی یەکەم خەرجیی وەزارەتی ناوخۆ کە بووەتە سەروو 11 تریلیۆن، بەدوایدا وەزارەتی پەروەردە کە بووەتە 9.3 تریلیۆن دینار، واتە زیادبوونی خەرجی بۆ فەرمانبەران و دامەزراندن زیاتر لەم دوو وەزارەتەدا بووە، بەشێوەیەک کە لە وەزارەتی بەرگری 120 ملیار و لە وەزارەتی پەروەردە 300 ملیار بووە وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.
خستنەڕووی دۆلار و بەردەوامیی ناجێگریی بەهاکەی لەبازاڕدا
بەگشتی لەساڵی 2023ـدا بەراورد بە 2022، لە عێراق 1.46 ملیار دۆلار بە حەواڵە و کاش کەمتر خراوەتەڕوو، هەر بۆیە ساڵی رابردوو زۆرترین بەرزی و نزمی لە بازاڕەکاندا روویدا. بۆ نموونە لە ساڵی 2023ـدا 46.7 ملیار دۆلار و لە 2022ـدا 48.2 ملیار دۆلار لە عێراق خراوەتەڕوو، وەکو لە گرافیکی سێیەمدا هاتووە.
هەروەها، لەڕووی کاش و حەواڵەوە، لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا، زۆرترین خستنەڕووی دۆلار لە 2023ـدا بووە، کە 9.1 ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە 2022ـدا 8.9 ملیار دۆلار بووە، واتە خستنەڕوو بۆ بازاڕ بە بڕی سەروو 200 ملیۆن دۆلار زیاتر بووە، بەڵام کەمترین حەواڵەش بووە بەراورد بە 2022، بەشێوەیەک لەساڵی 2023ـدا 37.6 ملیار حەواڵەکردن بۆ دەرەوە لەلایەن بانکی ناوەندی هەبووە، بەڵام لە 2022ـدا 39.3 ملیار دۆلار بووە، واتە 1.7 ملیار دۆلار کەمتر حەواڵە کراوە.
کۆتایی
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و لەم رۆژانەدا تاڕادەیەک نرخی یەک دۆلار لەنزیک 1500 بۆ 1550 دینار بووە، ئەویش بەهۆی بڕیاری کارکردن بە یەک دراو لەنێوخۆی وڵات و زۆر خستنەڕووی رۆژانە کە لەسەرووی 200 ملیۆن دۆلارە بە کاش و حەواڵەوە، بەڵام ئاسانکارییەکان بۆ مامەڵکردن بە دۆلار، وایانکرد کاریگەریی بڕیاری بەیەک دراو مامەڵەکردن لە بازاڕ و لە مامەڵە ئابوورییەکان بەڕوونی دەرنەکەوێت.
ئێستا، دوو شتی گرنگ روودەدەن؛ زیادبوونی خەرجییەکان و زیادبوونی پارەی چاپکراو لە عێراق، بەڵام بەهۆی مانەوەی دینار لەنێو بازاڕ و نەگەڕانەوەی بۆ سووڕی ئابووریی وڵات، رۆژێک ئەو تریلیۆن دینارانە چ بە کاخەز بێت یاخود بەهەر جۆرێکی دیکە، دەکەونەڕوو و رووی بەهای دیناری عێراقی دەردەکەوێت.
لەکۆتاییدا، خستنەڕووەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە دەسەڵاتی خۆیدا نییە و راستەوخۆش کاریگەریی لەسەر بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکاندا ناکات، چونکە توانای خستنەڕووی بە کاش و حەواڵەوە پەیوەستە بە دابینکردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە نەوەکو فرۆشتنی نەوت و کۆکردنەوەی داهاتەکەی، هەربۆیە گۆڕینی مامەڵە ئابوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەی هاوبەشی سەرەکین بە دراوی ئەو وڵاتانە، وەک درهەمی ئیماراتی، لەڕووی ئابوورییەوە کاریگەرییەکی گەورەیان نەبووە.