باکووری سووریا؛ گرێکوێرەی دیپلۆماسیی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق

10-11-2024
رەسەن رەمزی
A+ A-
بەرایی:
 
ماوەی 13 ساڵە پەیوەندیی تورکیا و سووریا پچڕاوە. ئێستا ئەنقەرە بەدوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ دیمەشق. بەڵام فرەڕەهەندی لە کێشە و گرفتەکانی نێوان هەردوولا، بەربەستی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات دروست کردووە. چەند مانگێک بەر لە ئێستا تورکیا جارێکی دیکە دەستی ئاشتی بۆ سووریا درێژکرد. بەڵام سووریا مەرجی هەیە و وا بە ئاسانی لەسەر مێزی گفتوگۆ دانانیشێت. 
 
لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆیی سووریا دەستیپێکرد. ئەو شەڕە وایکرد ئێستا چوار سووریای جیاواز لەنێو ئەو وڵاتە ببیندرێن، کە سەیری نەخشەی سیاسی و جوگرافی سووریا دەکەیت، جگە لە حکومەتەکەی بەشار ئەسەد، چەندین لایەنی دیکەی نەتەوەیی و ئایدیۆلۆژی پێكهاتەی حکومڕانی سەربەخۆیان لەنێو سووریا دروست کردووە، کە بەشێکیان تاکلایەنە راگەیێندراون و بەشێکیشیان هێشتا لەلایەن وڵاتانی دەرەکییەوە پاڵپشتی دەکرێن، جۆرێک لە دانپێدانێکی نیمچە-نێودەوڵەتییان هەیە. جگە لەوەش فرە کارەکتەری نێودەوڵەتی لە سووریا هەن، کە راستەخۆ کارگەرییان لەسەر ئەو دابەشبوون و سنوورە سیاسی و سەربازی و جوگرافیای ئەو وڵاتە هەیە، لەوانەش ئەمریکا، رووسیا، ئێران، قەتەر و تورکیا. بەڵام دەکرێت بڵێین سەرجەمیان لە باکووری سووریا کۆبوونەتەوە. واتە هاوسنوورن لەگەڵ تورکیا. بۆیە ئەو ناوچەیە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە یەکلاکردنەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق. 
 
چوار پێکهاتەی سیاسی و سەربازیی جیاواز

حکومەتەکەی بەشار ئەسەد:
 
رۆژئاوای سووریا و شاری لازقیە بۆ سووریا گرنگن، هەروەها زێدی بەشار ئەسەدە. لازقیە دەکەوێتە سەر دەریای نێوەڕاست و خاوەنی گرنگترین بەندەری ئاوییە بۆ سووریا. لازقیە هێندەی دیمەشق بۆ سووریا گرنگە. حکومەتەکەی بەشار ئەسەد تائێستاش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵەی لەگەڵ دا دەکرێت و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانە، دیمەشق تائێستاش یەکەم وێستگەی دیپلۆماسییە بۆ وڵاتان و بەشار ئەسەد سەرپەرشتیی دەوڵەت دەکات. تاوەکو کۆتایی 2015 حکومەتەکەی بەشار ئەسەد کۆنترۆڵی سیاسی و سەربازی لە یەک لەسەر سێی سووریا لەدەست دا. بەشار ئەسەد بە پاڵپشتی راستەوخۆی رووسیا و ئێران، توانیویەتی دەسەڵاتی بەسەر دوو لەسەر سێی وڵاتەکەی بمێنێتەوە. رووسیا وەکو پاڵپشتیکاری ئەسەد و ئێرانیش وەکو پاڵپشتیکاری گرووپە شیعە مەزهەبەکان و بەیارمەتیی حیزبوڵای لوبنان پاڵپشتی لە ئەسەد کردووە. تاوەکو ئێستاش کاریگەریی ئێران لە رێگەی گرووپە چەکدارە شیعەمەزهەبەکان لە ناوچە چۆڵەوانییەکانی رۆژهەڵاتی دیمەشق تاوەکو رووباری فورات دەبیندرێت. لەلای رۆژئاوای دیمەشق و بەتایبەتیش لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کاریگەریی رووسیا دەبیندرێت. 
 
هەیئەی تەی تەحریری شام و ئیدلیب 
 
شاری ئیدلیب، هاوسنوورە لەگەڵ شاری هاتای تورکیا، لەژێر دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شامە، کە گرووپێکی رادیکاڵی ئیسلامین و دژی بەشار ئەسەدن. ئیدلیب بە دوا قەڵای ئەو گرووپە رادیکاڵە ئیسلامییە دەبیندرێت. هەیئەی تەحریری شام (هەتەشە) لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و تورکیا بە گرووپێکی تیرۆرستی ناسێندراون. هەتەشە هەر لەسەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریا، بانگەشە بۆ یەکگرتنی گرووپە ئیسلامییە رادیکاڵەکانی نێو سووریا دەکات لەدژی بەشار ئەسەد. هەتەشە تەنها دژی بەشار ئەسەد نییە، بەڵکو دژی ئەو گرووپانەشە کە سەرکردایەتیی هەتەشە قبوڵ ناکەن. چەند گرووپێکی دیکەی چەکداری رادیکاڵی ئیسلامی هەن لە ناوچەکە پاڵپشتی لە هەتەشە دەکەن، بەشێک لەوانە خۆڕسکی سووریا نین و تەنانەت لە نەتەوەی عەرەب نین، لەوانەش "جنود القوقاز – سەربازانی قەوقاز" کە لە چەکدارانی تورکمانستان، تاجیکستان، ئۆزبەکیستان و وڵاتانی دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە هاتوون. هەروەها "بەرەی ئیسلامیی تورکستان" کە لە تورکە ئویگۆرەکان پێکهاتوون، ئەوانیش پاڵپشتی لە هەتەشە دەکەن. هەتەشە چالاکیی سیاسی و ئیداری لەژێر ناوی "حکومەتی رزگاری سووریا" بەڕێوەدەبات لە شاری ئیدلیب. ئەو حکومەتە لە ساڵی 2017 دامەزرا، دوای دەرکردنی گرووپە چەکدارییەکانی پاڵپشتیکراوی تورکیا لە ئیدلیب. لە ئیدلیب هیچ هێزێکی سەربازیی دەرەکی نییە. ئیدلیب بووەتە مەیدانیکی ململانێ و پێکدادانی بەردەوام. جارە جارە هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا، یان هێزە تۆپهاوێژەکانی سووریا، ئیدلیب بۆردوومان دەکەن. هەروەها زوو زوو پێکدادانی هێزەکانی هەتەشە و گرووپە رادیکاڵەکانی دیکە لەگەڵ سوپای سووریا لەو ناوچەیە دەبیندرێت. لە ساڵی 2017 "رێککەوتننامەی ئاستانا" لە نێوان تورکیا، ئێران و رووسیا واژۆکرا. هەر بەپێی ئەو رێککەوتننامەیە، "ناوچەی پارێزراو" لە باشووری ئیدلب دروست کرا. لەو ناوچەیە خاڵی سەربازی و چاودێریی تورکیا هەیە.
 
سوپای نیشتمانیی سووریا و عەفرین
 
عەفرین، لەژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکانی دژی ئەسەدە، کە راستەوخۆ لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن. ئەو گرووپانە لە سەرەتای 2011 و تاوەکو کۆتایی 2017 پەیوەندیی پتەویان لەگەڵ ئەنقەرە هەیە، چونکە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ئەو کاتە داوای رووخاندنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی دەکرد. رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چەندین وتار و لێدوانیدا بە ئاشکرا باسی لەوە کردووە، بەشار ئەسەد تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە و سیاسەتە تووندە نێوخۆییەکانی لە دژی گەلەکەی دڕندانەیە. هەروەها ئەوە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دروست کردووە. بەتایبەتیش دوای هاتنی لێشاوی پەنابەرانی سووری بۆ تورکیا. ئەنقەرە لەسەرەتاوە بە ئاشکرا پاڵپشتی لە گرووپە چەکدارەکانی دژی بەشار ئەسەد راگەیاندووە. سەرەتا ئەو سەربازانەی لە ریزی سوپای سووریا کشانەوە و روویان لە تورکیا کرد، بە یارمەتیی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت)، "سوپای سووریای ئازاد"ـیان پێکهێنا. بەجۆرێک ئەو سوپایە ناوەندی بڕیاری لە شاری ئیستەنبووڵ بوو، کە لەنێو باڵەخانەیەک لە گەڕەکی فلرۆیایە و تائێستاش لەلایەن میتی تورکیاوە پاسەوانیی دەکرێن. لەسەرەتادا نەک هەر تورکیا، بەڵکو ئەمریکاش یارمەتیی دارایی و سەربازی پێشکەش دەکردن. 
 
دوای ئەوەی سووپای رژێمی سووریا لە چەند لایەکەوە بەرەی جەنگی لێکرابووەوە، بە ناچاری لە باکووری سووریا پاشەکشەی کرد، ناوچە کوردنشینەکان کەوتنە دەست پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و باڵی سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە). دوای سەرهەڵدانی داعش لە سووریا، رێڕەو و چارەنووسی سەربازی و جوگرافیای سیاسیی سووریا کەوتە قۆناخێکی دیکە. یەپەگە کەوتە شەڕ لەگەڵ داعش. ئەمە وایکرد پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا بەدەستبهێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش ئەمریکا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی دروست کرد. ئەمە وایکرد ئەرک و چاوەڕوانییە لەپێشینەکانی ئەنقەرەش لە سووریا بگۆڕێت. ئەردۆغان چەند جارێک پەیامی ئەوەی نارد؛ رێگە نادەن رێرەوێکی "تیرۆرستی" لە باکووری سووریا دروست ببێت. مەبەستی لە باڵادەستیی یەپەگە و هەسەدە بوو لە باکووری سووریا. بۆیە تورکیا لە نێوان ساڵانی 2016 بۆ 2020 چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەپەگە و هەسەدە ئەنجام دا. بۆ ئەو مەبەستەش، سوپای سووریای ئازاد جارێکی دیکە لەلایەن تورکیا رێکخرایەوە و لە ساڵی 2017 وەکو "سوپای نیشتمانیی سووریا" راگەیێندرا. ئەوانەش دوو بەشن. بەشێکیان راستەخۆ لەلایەن میت سەرپەرشتی دەکرێن، لەوانەش "لیوای سوڵتان موراد" و "لیوای محەممەدی پێنجەم" کە ناوەکانیان لە ناوی سوڵتانەکانی عوسمانییەوە هاتووە و زیاتر لە تورکمانەکانی سووریا پێکدێن. بەشەکەی دیکەیان زیاتر گرووپی ئیسلامین و لە ئیخوان موسلمین نزیکن و لەلایەن وڵاتی قەتەرەوە پشتیوانی دارایی و سەربازی دەکرێن. سوپای نیشتیمانی سووریا بە پاڵپشتیی تورکیا لە باکووری سووریا کۆنترۆڵی دوو ناوچە دەکەن، یەکەمیان لە رۆژئاوای رووباری فورات، لە عەفرینەوە تاوەکو جەرابلووس، دووەمیان لە ناوچەی گرێ سپی تاوەکو رەسولیان. لێرە لەژێر پێکهاتەیەک بەناوی "حکومەتی کاتیی سووریا" چالاکی سیاسی و ئیداری بەڕێوەدەبەن. لەو ناوچانەدا سوپای تورکیا هەیە، هەروەها چەند وەزارەتێکی حکومەتی تورکیا لەوێ راستەخۆ چالاکییان هەیە. لەوەش زیاتر، دراوی لیرەی تورکیا هاوشانی لیرەی سووری لە مامەڵەی رۆژانە بەکاردەهێندرێت. لەنێو سوپای نیشتمانیی سووریا، تەنها چەند لایەنێک هەن، کە خاوەن ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی یان ئایینی نین، تەنانەت لەپێناو دەستکەوتی ئابووری لە ریزەکانی ئەو سوپایەن، یاخود نایانەوێت لەژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا بن، بۆیە لەو ناوچەیەن. زۆر جاریش ناکۆکی و ململانێی تووند تاوەکو ئاستی پێکدادان لەنێوان گرووپەکانی نێو سوپای نیشتمانیی سووریا روودەدات. 
 
پەیەدە و هەسەدە و ئەمریکا 
 
هەسەدە کە چەتری کۆکردنەوەی گرووپە چەکدارە کوردییەکانە، پێکهاتەیەکی دیکەی باکووری سووریایە. دەسەڵاتی هەسەدە هەر لە رۆژهەڵاتی رووباری فوراتەوە، تاوەکو سنووری عێراق، هەروەها لە رۆژئاوای رووباری فورات لە شارەکانی منبج و تلرفعەت باڵادەستن. ئەوەش دەکاتە نزیکەی 25٪ـی خاکی سووریا. لەو ناوچانەدا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و رووسیا هەن. هەسەدە تاکلایەنانە حکومەتێکی خۆجێیی راگەیاندووە لەو ناوچەیە، کە پێی دەگوترێت "حکومەتی خۆجێیی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا". نەک هەر تەنها کورد، بەڵکو لە ناوچەکە عەرەبیش هەن و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتە خۆجێییەکەی هەسەدەن. ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو حکومەتە خۆجێییە جگە لەوەی خاسیەتی فرەنەتەوەیی هەیە، لەهەمان کاتیشدا سەرچاوەیەکی گرنگی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و سووتەمەنییەکانی سووریایە. بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکاش لەو ناوچەیە مەبەستێکی دیکەی هەیە لەپاڵ ئامانجی سەربازی، ئەویش رێگریکردن و کۆنترۆڵکردنی چوونی بەروبوومی کشتوکاڵی و وزەیە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سووریا. ئەوەش کارتێکی گوشاری گرنگە لە دەست ئەمریکا لە دژی دیمەشق بەکاریدەهێنێت. لەپاڵ ئەوەشدا لەو ناوچەیە و لەسەر سنووری نێوان عێراق و سووریا، بەربەستێکە بۆ گەیاندنی هاوکاری لۆجیستی لە ئێرانەوە بۆ سووریا و لوبنان. هەسەدە لەو نێوەندەدا توانیویەتی سوود لە رووسیا و ئەمریکا ببینێت. هەسەدە سوود لە نێوەندگیریی رووسیا دەبینێت لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق، بۆ ئەوەی لە داهاتووی سووریادا رۆڵی هەبێت، لەلایەکی دیکەوە ئەمریکا بۆ بەردەوامیی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و دانپێدانانێکی نیمچەنێودەوڵەتی بەکاردەهنێت، کە ئەمریکا بە تەواوی دژی بەردەوامیی رژێمەکەی بەشار ئەسەدە. 
 
پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق
 
لەگەڵ دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریا، گرژی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و سووریا دروست بوو و، لەماوەیەکی کورتدا پردی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بەیەکجاری رووخا. لەگەڵ رووداو و پێشهاتە ناوچەییەکانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تورکیا نیازی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سووریا راگەیاند. ئەردۆغان کە پێشتر بەشار ئەسەدی بە تیرۆرست وەسف دەکرد، لە رێکەوتی 12ـی تەممووزی 2024 لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان لە لووتکەی ناتۆ گوتی، "پێش دوو هەفتە داوام کردووە، کە برام ئەسەد تەشریف بهێنتە وڵاتەکەم "تورکیا" و یان لە وڵاتێکی دیکە یەکتر ببینین. دەمانەوێت ئەو گرژی و دڵشکانەی نێوانمان تێپەرێنین و دەست بە قۆناخێکی تازە بکەین". تورکیا لەبەرامبەر هەوڵەکانی پەیەدە بۆ دامەزراندنی "پێکهاتەیەکی سەربەخۆ" لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، زوو زوو رووبەڕووی ئەمریکا دەبێتەوەو رەخنەی تووند لە ئەمریکا دەگرێت. لەوەش زیاتر لەماوەی رابردوودا بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە بەرامبەر ئەمریکا، خۆی لە رووسیا نزیککردووەتەوەو پەیوەندییەکانی لەگەڵ مۆسکۆ پتەوتر کردووە. بەو پێیەی کە رووسیا هاوپەیمانێکی گرنگی سووریایەو لە سووریا هەیە، ئەنقەرە دەیەوێت لە رێگەی مۆسکۆوە لە دیمەشق نزیکببێتەوە و بگاتە رێککەوتن. لەماوەی دوو ساڵی رابردووشدا مۆسکۆ گوشاری ئەوەی کردووە، کە ئەنقەرە و دیمەشق لەیەک نزیک بکاتەوە. بەتایبەتیش ئەو هەوڵانەی مۆسکۆ بەر لە هەڵبژاردنەکانی 2023ـی تورکیا زیاتر بیندران. لەو ماوەیەشدا ئەنقەرە و دیمەشق لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە و دەزگا هەواڵگرییەکانیانەوە چەند دانیشتنێکیان کرد، بەڵام بێ ئەنجام بوون. 
 
داواکارییەکانی دیمەشق بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە
 
دیمەشق هەبوونی سەربازانی تورکیا لە باکووری وڵاتەکەی و ئەو پێکهاتە ئیدارییەی کە لەلایەن ئەنقەرە پێکهێندراوە "حکومەتی کاتیی سووریا" بە داگیرکاری وەسف دەکات. لەسەرجەم لێدوانە فەرمییەکانی دیمەشق، هاتنی سوپای تورکیا بۆ باکووری وڵاتەکەی بە داگیرکاری وەسف دەکات و داوای کشانەوەی سوپای تورکیا و هەڵوەشانەوەی "حکومەتی کاتیی سووریا" دەکات. راستە لەچاو پێشتر ئێستا جۆرێک لە نەرمی لە هەڵوێستەکانی دیمەشق دەبیندرێت، بەڵام وەکو ئەوە نییە کە لە میدیاکانی تورکیا باسی لێوەدەکرێت وەکو ئەوەی دیمەشق چۆکی بۆ ئەنقەرە دادابێت. دیمەشق پێی وایە ئەگەر ئەنقەرە داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات، دەبێت هەرچی زووە سوپای تورکیا لەنێو سووریا بکشێنێتەوە. هەروەها دیمەشق داوا لە تورکیا دەکات نابێ پاڵپشتی گرووپە چەکدارییە "تیرۆرستییەکان" بکات. کە مەبەستی لە "سوپای نیشتمانیی سووریا"یە. ئەمەش بۆ تورکیا ئاسان نییەو لەلایەن پێکهاتەکانی نێو "سوپای نیشتمانی سووریا"ش قبوڵکراو نییە. 
 
چاوەڕوانییەکانی ئەنقەرە لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق
 
ئەنقەرە داوای دەرکردنی هەسەدە دەکات لە باکووری سووریا، تاوەکو ئەو ناوچەیە بکاتە "ناوچەی پارێزراو" بۆ پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا. تورکیا هەسەدە و یەپەگە و گرووپە چەکدارییەکانی ژێر چەتری هەسەدە بە "تیرۆرست" ناودەبات و پێی وایە تەنها بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، دەتوانێت کۆتایی بەو پێکهاتە چەکدارییانە بهێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە دیمەشق ئەو پێکهاتە چەکدارییانە بە "تیرۆرست" نابینێت و بە گرووپە "یاخیبووەکان" وەسفیان دەکات. دیمەشق ئەوە بە کێشەیەکی نێوخۆیی سووریا دەبینێت و پێی وایە بەڕێگەچارەی سیاسی دەتوانێت چارەسەری بکات. هەروەها دیمەشق پێی وایە ئاسان نییە هەسەدە هەڵبووەشێنێتەوە، یان شەڕیان لەگەڵ بکات. شەڕکردنی لەگەڵ هەسەدە بۆ سووریا، واتە شەڕکردن لەگەڵ ئەمریکا و ئەمەش لە توانای سووریادا نییە. 
 
هەموو ئەمانە بەربەستی گرنگ و تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە و دواجار گرفت بۆ زەمینەی نزیکبوونەوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا دروست دەکات. ئێستا کە ناوچەکە بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و تورکیا لە عەرەفەی کرانەوەیەکی دیکەیە بەرامبەر بە کورد لەنێو وڵاتەکەی، ناتوانێت بێ یەکلاییکردنەوەی ئەو پێکهاتە و قەوارەیەی لە باکووری سووریا هەیە، کێشەی پەکەکەش چارەسەر بکات. بە واتەیەکی دیکە، ئەگەر ئەنقەرە نەرمی بنوێنێت لە قەوارەیەکی کورد لە سووریا، ئەو کاتە هەنگاوێک نزیکتر دەبێت لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، هەروەها چارەسەرکردنی پرسی پەکەکە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. گه‌نجۆ خه‌سره‌و، دكتۆرا له‌ جیۆپۆڵەتیك و مامۆستا له‌ زانكۆی كۆیه‌

سه‌رژمێری، دواچه‌قۆی‌ مه‌رگ له‌ جه‌سته‌ی كوردستانییه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مەڕوو، كۆمه‌ڵێك داتای نافه‌رمین و هه‌ندێكی له‌‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ تایبەتییەکانەوە وه‌رگیراون‌ و هه‌ندێكی بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌وانین، كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیدیه‌،‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی كورد تۆزێ خه‌می خاكیان له‌ دڵ و ده‌روونیان مابێت، ده‌بێت رێكاری پێویست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رابگرن.