زۆر پرسیار هەن کە بۆ نەوەی پێش ئێمە وەڵامدانەوەیان ئاسانتر بوو؛ تەنانەت لە سەردەمی شەڕی ساردیشدا وەڵامی ئەوەی کە "بلۆکی کۆمۆنیستی باشترە یان دنیای لیبراڵ؟" ئاسانتر دەدرایەوە لەوەی ئێمە لە سەردەمی شۆڕشی زانیاریدا تێیکەوتووین. بۆ نموونە لەم ساڵانەدا لە وڵاتانی رۆژئاوایی خۆپێشاندان و چالاکیی جیهانی کراون و دەکرێن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە گۆڕانکاریی ژینگەیی.
کەس نییە گرێتا تونبێرگ و جووڵانەوەکەی نەناسێت، کەچی پێتان سەیر نەبێت، بۆ نموونە دەنگدەرانی ئەڵمانی لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی هەفتەکانی داهاتوودا بۆ پەرلەمانی ئەورووپا، دۆسیەی کۆچبەرانیان پێ لە گۆڕانکاریی ژینگەیی گرنگتر بێت. پێشتان سەیر نەبێت کە سەرەڕای ئەوەی بەراورد بە پێنج ساڵ پێش ئێستا ئەمریکا کەمتر کێشەی لەگەڵ جیهانی ئیسلامیدا هەبووە، کەچی دژایەتی و بیرکردنەوەی نەرێنی سەبارەت بەو وڵاتە (ئەمریکا)، لەنێو وڵاتە موسڵمانەکاندا زۆرتر بووە لە جاران. بۆ تێگەیشتن لەو جیهانە نوێیەی تێیدان، هەر بۆ ئێمەی رۆژنامەنووس نا، بەڵکو بۆ هەر هاووڵاتییەکی ئەم دنیایە، زۆرتر لە چاویلکەیەک پێویستە.
ئەم رۆژانە راپۆرتی ساڵانەی (هاوپەیمانێتیی دێموکراسییەکان) بۆ ساڵی 2024 بڵاوکرایەوە. ئەو دامەزراوەیە نێوەندێکی بیرکردنەوەی دانیمارکییە، کە سکرتێری پێشووی ناتۆ (ئەندرێس فۆگ راسمووسن) دایمەزراندووە و نێوبانگێکی باشی هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی دێموکراسی لە جیهاندا. باشیی ئەو راپۆرتە ساڵانەیە ئەوەیە کە پیشانمان دەدات دێموکراسی لە وڵاتانی رۆژئاوایی لەو دۆخە ئایدیاڵییە خەیاڵییەدا نییە کە خەڵکی وڵاتانی دیکە لە دوورەوە هەستی پێدەکەن کە هەبێت. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیاش بەشێکی گەورەی هاووڵاتییان وا هەست دەکەن حکومەتەکەیان لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییاندا نییە و لەلایەن گرووپی بچووکەوە بەکاردەهێندرێت.
کەمتر لە مانگێکی ماوە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا بکرێن. بۆ من کە رووماڵی چەندین لافاوی گەورە و کارەساتی سرووشتیی دڵتەزێنم لە ئەڵمانیا و ئەورووپا کردووە، چاوەڕوانم دەکرد دەنگدەرانی ئەورووپا زۆر بەلایانەوە گرنگ بێت بزانن حکومەتەکانیان چی دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی ژینگەیی. دەمەویست بزانم، ئەو دیمەنانەی پیشانمان دەدان و تێیاندا ماڵوێرانبوونی هاووڵاتییان و بێتاقەتبوونیان بەدەست لافاوەوە دەردەکەوتن، چۆن وادەکەن دەنگدەر داوا بکەن ئەمە لەسەر ئاستی ئەورووپا کاری زۆری بۆ بکرێت و کۆنترۆڵ بکرێت. بەڵام وەکو لە راپۆرتەکەی دامەزراوەکەی راسمووسندا دەردەکەوێت، 44%ی دەنگدەرانی ئەڵمانیا تووندکردنی سیاسەتی کۆچبەرییان پێ گرنگترە لە گۆڕانکاریی ژینگەیی (بە 24%).
ئەوەی بۆ کوردستانیش جێی سەرنجە، باسکردنی هۆکارە سەرەکییەکانی زیانکەوتن بە دێموکراسی و دوورکەوتنە لێی لە راپۆرتەکەدا. خەڵک لە 53 وڵاتی جیهانەوە (کە دەکاتە 75%ی دانیشتووانی جیهان) بەشدارییان لە راپرسییەکانی راپۆرتەکەدا کردووە و دەڵێن، نادادپەروەریی ئابووری (واتە جیاوازیی نێوان هەژار و دەوڵەمەند) هۆکاری یەکەمی کەمبوونەوەی دێموکراسییە (68% وا بیردەکەنەوە). لەدوای ئەویش گەندەڵی دێت (67% بە هۆکاری دووەمی دەزانن). ئینجا کاریگەریی کۆمپانیا گەورەکانی وەکو کۆمپانیاکانی نەوتیش کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی دێموکراسی هەیە (60% وا دەیبینن). ئەو هەرسێ خاڵەش بەداخەوە هەرسێکیان لە کوردستان هەن و کاریگەرییان لەسەر دێموکراسییەکەمان هەیە، کە سەردەمێک زۆر بە شانازییەوە لە ناوچەکەدا پیشانی دۆست و دووژمنمان دەدا، کەچی ئێستا زۆر رەخنە لە "ئەزموونە ساواکەمان" دەگیرێت و پێناچێت بەلامانەوە گرنگ مابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ