پرۆژەیەك بۆ كۆنگرەی یەكێتی

پێشتر باسی ناسروشتیبوونی ئەم مۆدێلە حیزبایەتییەی ئێستای كوردستانم كردووە، لەبەر زۆر هۆكار كۆمەڵگەی كوردی بووە بە كۆمەڵگەیەكی حیزبی، بەهۆی ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكانی رابردووش، كۆمەڵگە حیزبیەكەش بۆ دوو كۆمەڵگەی حیزبیی ناتەبا دابەش بووە. كۆمەڵگەی پارتی و كۆمەڵگەی یەكێتی هەر سەردەمە و لەژێر ناوێكدا خۆی نواندووە (جەلالی، مەلایی) (پارتی، یەكێتی) (ئیدارە و زۆنی هەولێر، سلێمانی). ژیانی ئاسایی و كۆمەڵایەتی خەڵكیش بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەست بووە بە ژیانی سیاسی ئەم حیزبانەوە. 
 
رابردوو بە ئەزموون سەلمێنراوە، بۆ داهاتووش هەر راستە، ژیانی سیاسی هەریەك لەم دوو حیزبە خراپ بووبێت، رەنگدانەوەی لەسەر تاك بەتاكی زۆنە سیاسییەكەی هەبووە. بەپێچەوانەشەوە دۆخی كامیان دامەزراوتر بووبێت، زۆنە سیاسییەكەش سەقامگیرتر بووە. بۆیە تا كوردستان دەگاتە قۆناغێكی سەقامگیرتر و ئەم دۆخە ناسروشتییەی حیزبایەتی تێدەپەڕێنێ، هەموو ئەوانەی خوازیاری كوردستانێكی باشترن، پێویستە یارمەتیدەر بین لەوەی ژیانی سیاسی و دۆخی هیچكام لەم حیزبانە تێكنەچێت. چونكە مەعلومە زیانەكانی بۆ هەموومانە. 
 
یەكێتی نیشتمانیی كوردستان وەك لایەك لە هاوسەنگیی هاوكێشەكەی كوردستان، دوای ساڵانێكی زۆر و بڕینی قۆناغێكی سەختی ژیانی سیاسیی پڕ لە كێشە و قەیران، بڕیاری یەكلاكەرەوەی داوە 10 رۆژی تر كۆنگرەی چوارەمی ببەستێ كە دەكاتە یەكەمین كۆنگرە بەبێ‌ دامەزرێنەرەكەی، مام جەلال. ئەمەش لەكاتێكدایە یەكێتی دوو كێشەی گەورەی هەیە، یەكەمیان كێشەی رابەرایەتیكردنە، دووەمیش نەڕۆیشتنی كۆنەكان و مەیلی جیلێكی نوێ بۆ سەركردایەتی. لە ئەگەری نەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەریەك لەم كێشانە، بەدڵنیاییەوە یەكێتی و كوردستان رووبەڕووی ئاڵۆزی دەكاتەوە. بەڵام ئەمانە گرفتێك نین چارەسەریان نەبێت، بە گرتنەبەری سیاسەتێكی عاقڵانە دەكرێت هەردوو كێشەكە وەك پرۆسەیەكی تەواوكاری پێكەوە چارەسەر بكرێن.
 
بۆ هیچ كەس شاراوە نییە بۆ رابەرایەتیكردنی قۆناغی داهاتوو تێگەیشتنێكی هاوبەشی یەكێتییانە دروست نەبووە، هەروەها وەك چۆن پێشتر ئیجماعێك بۆ مام جەلال هەبوو، بۆ ئێستا ئەو كۆدەنگییە نییە بۆ كەسێك كە لە دوای كۆنگرە یەكێتی بەڕێوەبەرێت. ناشكرێت پرسێكی ئاوا چارەنووسساز كە بەنەتیجە بۆ هەموو كورد و بۆ كوردستانیش گرنگە، بدرێتە دەست قەدەر. رەنگە هەر وا بە ئاسانیش لەم دوو هەفتەیەدا ئەم تێگەیشتنە گشتییە بۆ هەموو یەكێتی دروست نەبێت كە پێش كۆنگرە ئەم پرسە یەكلایی بكرێتەوە، بۆ ئەوەی لە كۆنگرەش ئەم بابەتە نەبێتە بۆمبێكی چێنراو و بە یەكێتیدا نەتەقێتەوە، پێشنیازێك بۆ گۆڕینی هەیكەلە و سیستەمی بەڕێوەبردنی یەكێتی دەخەمەڕوو، بەنیەتی یارمەتیدانی یەكێتی لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی بەردەمی كە رەنگە یەكێتی لەم كێشەیە رزگار بكات.
 
بەشێك لە كادیرە گەنجەكان هاتوونەتە پێشەوە و لە ئاستەكانی خوارەوەش زۆرێك چاویان لەوەیە بێنە سەرەوە، سەركردە كۆنەكانیش مەیلی ئەوەیان نییە دەستبەرداری پلەكانیان بن. مام جەلال لە هەر كۆنگرەیەكدا بڕیاری فراوانكردنەوەی سەركردایەتی دەدا بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و توانای كۆنەكانیش وەرگرێت و دەرفەت بۆ خوێنی تازەش بڕەخسێنێ. ئەم قۆناغەش وادەخوازێت سەركردایەتی فراوانتر بكرێت و ژمارەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بكرێتە 75 كەس. دەرفەتی ئەوە بڕەخسێنن هەموو ناوچەیەكی كوردستان كەسێكی بگاتە سەركردایەتی بۆ ئەوەی هاوسەنگیی جوگرافی پارێزراو بێت، یەكێتی لە هەموو شارێك بەشی ئەوە كادری هەیە لە ئاستی ئەوەدابن گونجاوبن بۆ سەركردایەتی. بەمە لەلایەك ئەو هاوسەنگییە دەپارێزن و لەلایەكی تریشەوە دەرفەت بۆ خوێنی تازە دەڕەخسێنن بێنە ناو سەركردایەتییەوە.
 
دەكرێت یەكێتی بڕیار بدات لەسەر ئاستی پارێزگا و چەند ناوچەیەك ئەنجوومەنی سەركردایەتی دروست بكات. (سلێمانی) (هەولێر) (كەركووك) ئەنجوومەنی سەركردایەتییان هەبێت، (بادینان، شەنگال، موسڵ) پێكەوە ئەنجوومەنێكی سەركردایەتییان هەبێت (گەرمیان، دیالە، بەغدا) پێكەوە ئەنجوومەنێكی سەركردایەتییان هەبێت. بەمە یەكێتی دەرفەتی یەكسان بۆ ناوچەكان و بۆ كادیرەكانی دەڕەخسێنێ، چونكە هەیكەلەی ئێستای یەكێتی زامنی ئەوەی نەكردووە كە نە لەڕووی جوگرافی و نە لەڕووی دەرفەت بۆ كادیرەكانی هەلی یەكسان بڕەخسێنێ‌.  ئێستا كەسێك لە دهۆك خواستی ئەوەی هەبێت بگاتە سەركردایەتی، دەبێت یان لە ئاستی هەموو كوردستان ناسراوبێت، یاخود ببێتە بەشێك لە ململانێ‌ و تەكەتول و خۆی هەڵواسێت بە دەستە و باڵەكانەوە تا بیكەن بە سەركردایەتی. ئەمەش دەرفەتی ئەوەی تێدا نییە خوێنی تازە بێتە ناو سەركردایەتییەوە، یان زۆرتر شانس بۆ سەركردە كۆنەكان دەڕەخسێنێ‌ یا ئەوانەی شانسی بوونە پەرلەمانتار و وەزیریان هەبووە. ئەمە بۆ هەموو ناوچە و جوگرافیایەك راستە. كەواتا بۆ ئەوەی ئەو رێكارە خراپە تێپەڕێنرێت، باشترین شت ئەوەیە لە هەر سنووری ئەنجوومەنێكی سەركردایەتی، كادر و رێكخستنەكانی ئەو ناوچەیە خۆیان سەركردایەتی خۆیان هەڵبژێرن و ئەو ئەنجوومەنە سەركردایەتی یەكێتی بكات لە سنوورەكەی خۆی، ئەمەش وادەكات لە داهاتوودا تەكەتول نەمێنێ، لانیكەم بەم جۆرەی ئێستای ناو یەكێتی، چونكە لەم حاڵەتەدا كەسێك لە هەڵەبجە بیەوێ‌ ببێتە سەركردایەتی كاری بەوە نییە هەولێر، كەركووك و بادینان دەنگی پێبدەن، تەنیا كاری بەوەیە رێز لە رێكخستنی سنوورەكەی خۆی بگرێت بۆ ئەوەی شانسی بوونە سەركردایەتی هەبێت. 75 كەسەكە بەم جۆرە لە ناوچە جیاجیاكان هەڵبژێردرێت، پاشان هەیكەلەی سەركردایەتیكردن و میكانیزمی یەكێتی بگۆڕدرێت بۆ 3 ئەنجوومەن و ئەو 75 كەسە دابەش بكرێن بەسەر ئەو 3 ئەنجوومەنەدا. بەم شێوەیە:-
 
1- ئەنجوومەنی شوورای گشتی: پێكبێت لەو هەڤاڵانەی تەمەنێكی زۆر لە مەكتەبی سیاسی بوون و ئەزموون و شارەزاییەكی زۆریان هەیە، بەڵام لەڕووی كردارییەوە توانا و تاقەتی ئەوەیان نەماوە كاری رۆژانەی ئۆرگانەكان بەڕێوەبەرن. ئەو هەڤاڵانەی دەچنە ئەو ئەنجوومەنەوە پێگە و حورمەتیان پارێزراو بێت، لەڕووی بەڕێوەبردن و كردارییەوە كاریان بەسەر ئۆرگانەكانەوە نەبێت، بەڵام ئاگایان لە سیاسەتی گشتی یەكێتی و موڵك و ماڵی یەكێتی و دەزگا ئەمنییەكانی و هێزەكانی بێت، ئەمەش وەك جۆرێك لە دروستبوونی دڵنیایی كە بەخراپ بەكارنابرێت. سكرتێرێكی هەبێت و سەرۆك و بەڕێوەبەری دوو ئەنجوومەنەكەی تر ببن بە جێگری و بەرپرس بن لە سیاسەتی گشتیی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان.
 
2- ئەنجوومەنی راپەڕاندن: بەرپرسی هەموو مەڵبەندەكان و بەرپرسی هەموو مەكتەبەكانی یەكێتی ئەندامی ئەم ئەنجوومەنە بن، بەڕێوەبەرێك و چەند جێگرێكی هەبێت بۆ سەرپەرشتی راپەڕاندنی كاروباری یەكێتی و بەڕێوەبردنی ئۆرگانەكانی. واتا سیاسەتی یەكێتی جێبەجێ‌ بكەن. 
 
3- ئەنجوومەنی چاودێری: ئەو ئەندام سەركردایەتیانەی كە نە دەچنە ناو ئەنجوومەنی شوورا و نە لەوانەشن كە لە ئەنجوومەنی راپەڕاندنن، لێرە لەم ئەنجوومەنە كەڵك لە توانا و شارەزاییان وەرگیرێت بۆ چاودێری رێكخراوەیی و كارەكانی یەكێتی لەڕووی بەڕێوەبردنەوە. دەكرێت بكرێن بە چەند كۆمیسیۆنێكی جیاواز و چاودێری تەواوی كاروباری یەكێتی بكەن، ئەمەش پێویستی بە سەرۆك و جێگر دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ئەرك و كارەكانی.
 
ئەم سێ‌ ئەنجوومەنە پێكەوە شەش مانگ جارێك كۆببنەوە بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێكردنی كاروبارەكانی یەكێتی و بڕیارە چارەنووسسازەكان. دەكرێت ئەركی ئەم سێ‌ ئەنجوومەنە پێكەوە دەستەی سەرۆكایەتی بن، یان یەكیان سەرۆك و دووەكەی تر جێگری بن. بەمەش كێشەی رابەرایەتیكردنی یەكێتی و مانەوەی كۆنەكان و چوونەسەرەوەی گەنجەكان چارەسەر دەبێت.