ئاگری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئەمریکای جۆ بایدن چی دەوێت؟

09-10-2023
عادل باخەوان
A+ A-
 
ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنە گەورەکەیە لە ئەمریکا. ئیدارەکەی جۆ بایدن دەیویست باوەڕ بە ئەمریکییەکان و هەموو جیهان بهێنێت بەوەی کە ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئارامتر و سەقامگیرترە، بە رادەیەک کە تەنانەت پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و عەرەبی سعودیەش ئاسایی دەبنەوە، بەڵام لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە، هەموو جیهان بە گشتی و ئەمریکییەکان بەتایبەتی تێگەیشتن لەوەی کە ئیدارەکەی بایدن باسی لە سەرابێکی فراوان کردووە نەک واقیعێکی کۆنکرێتی!
 
ئیدارەی دیموکراتەکان کە دەیویست چیتر لە قوڕاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕستدا نەچەقێت و دەست بە وەهمەکانیەوە بگرێت، وەهمی دانوستانی سەرکەوتوو لەگەڵ ئێراندا، وەهمی کۆنترۆڵکردنی میلیشیاکان لە عێراقدا، وەهمی پەراوێزخستنی پرسی فەلەستینی و چەندین وەهمی دیکە، دیسانەوە، رێک وەک 2014 کاتێک کە داعش موسڵی داگیرکرد، بەناچاری دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پشتیوانی بێ قەید و شەرتی خۆی بۆ ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە و بە تووندی هەڕەشە لە حیزبوڵڵا و میلیشیاکانی دیکەی سووریا و عێراق دەکات کە وریابن لە سیستمی مامەڵەکردنیان لەگەڵ رووداوەکاندا.
 
رەنگە بە درێژایی تەمەنی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن، هێندەی ئەم چەند رۆژە کاتی بە تەلەفۆنکردنەوە بەسەر نەبردبێت. هەر لە مەحموود عەباسەوە تاوەکو دەگاتە بن زاید، بن سەلمان، بن حەمەد، مارشاڵ سیسی، ئەردۆغان و تەنانەت لوبنانییەکان و ئەو ناوەندانەش کە لە سووریا و ئێرانەوە نزیکن، پەیوەندیی پێوەکردوون. ئەنتۆنی بلینکن لەلایەکەوە دەیەوێت قەناعەتیان پێ بکات کە سەرکۆنەی ئەو پەلاماردانەی حەماس بکەن و لەلایەکی دیکەشەوە دەیەوێت دەستێوەردان بکەن بۆ ئەوەی جەنگەکە تەنیا و تەنیا لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا بمێنێتەوە و هیچ گرووپ و لایەنی دیکە نەیەنە سەر هێڵ. 
 
لێرەوە و جارێکی دیکە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئیدارەی دیموکراتەکان ناچار دەکەن بە مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو لایەکدا و گەڕانەوە بۆ هەموولایەک، با ئەو لایەنانەش لە چاوی ئەواندا خودی شەیتانیش بن.
 
باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە کۆی رەخنەکان لە حکومەتەکەی بنیامین ناتەنیاهوو کۆتاییان پێدێت و چیتر باس لە پڕۆژە نادیموکراتییەکانی و ریفۆرمی نادروستی سیستمی دادوەری و ستراتیژییە هەڵەکانی ناکرێت، تاکە شتێک باس دەکرێت و رووناکی دەخرێتە سەر، بریتییە لە پشتیوانیی بێ قەید و شەرت و هاوکاریکردنی ئیسرائیل بۆ سەرکەوتن لەم تاقیکردنەوەیەدا. کاتێک کەشتییەکە نوقم دەبێت، پرسیار لەوە ناکەن کێ بەرپرسیارە لە شکستەکان، بەڵکو هەموویان پێکەوە کۆدەبنەوە بۆ رزگارکردنی و دواتر کیتاب و حساب دەستپێدەکات. هەر لێرەوەیە کە سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری بە هەموو لایەک دەدات و دەڵێت: هەر دووژمنێکی ئیسرائیل ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ سوودوەرگرتن، بەدڵنیاییەوە باجی قورس دەدات.
 
بێگومان پشتیوانیی ئەمریکا تەنیا قسە نییە، بەڵکو دۆخێکی کۆنکرێتیشی هەیە و لە دوێنێوە USS Gerald-Ford کە یەکێکە لە کەشتییە هەرە گەورە فڕۆکەهەڵگرەکان لە جیهان، دەریای سپی نێوەڕاست تەی دەکات و رێگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتووەتەبەر. ئەرکی ئەو بنکە سەربازییەی نێودەریا، بریتیە لە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل لە کاتی پێویستدا لەلایەک و چاودێریکردنی جموجوڵەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەکی دیکەوە، چونکە هەر دەستێوەردانێکی راستوخۆی ئێران، دەکرێت تەواوی یاساکانی یارییەکە بگۆڕێت.
 
بەدیوێکی دیکەدا و سەرەڕای هەموو جیاوازی و بەریەککەوتن و لێکدابڕانەکان لەنێوان کۆماریەکان و دیموکراتەکاندا، ئیدارەی جۆ بادین لەبەردەم کۆدەنگییەکی نیشتمانیدایە سەبارەت بە بەرگریکردن و پشتیوانیی سەربازی لە ئیسرائیل. ئەم کۆدەنگییە دۆخێکی ئێجگار ناوەزەیە و زۆر دەگمەنن ئەو پرسانەی کە دروستی دەکەن، بۆ نموونە جەنگی ئۆکراینا نەیتوانی ئەم کۆدەنگییە لەنێو ئەمریکییەکاندا دروستبکات و ژمارەی ئەو کۆمارییانەی کە داوای پشتکردن لە ئۆکرانیا دەکەن کەم نین. واتە لەبەردەم کۆدەنگییەکی لەم جۆرەدا، چیتر بایدن ناتوانێت بەخێرایی نەجوڵێتەوە و بەرنامەیەکی روونی پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل پێشنیاز نەکات.
 
سەرەڕای هەموو ئەمانە، تراژیدیای ئیدارەکەی بایدن لەوەدایە کە زیاتر لە دوو ساڵە دەیەوێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کێشەکانی هەڵبێت و خۆی یەکلاییبکاتەوە بۆ ئیدارەکردنی قەیرانەکانی لەگەڵ چیندا. ئێستا کە دێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، متمانەی خۆی لەدەستداوە. سعودییەکان کە هاوپەیمانی هەمیشەییان بوون بە گومانەوە لێیان دەڕوانن. میسری مارشال سیسی خراپترین پەیوەندی لەگەڵ بایدن و ئیدارەکەیدا هەیە. تورکیای ئەردۆغان بە چاویلکەی رەشەوە نەبێت ئەمریکای بایدن نابینێت و ناکۆکییەکانیان رۆژ لەدوای رۆژ فراوانتر دەبن، واتە جۆ بادین بۆ رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە کە یەکدیان تەڵاقداوە و ئەمەش بەهیچ شێوەیەک کارئاسانی بۆ ناکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.