رزگار ئەمین نژاد: چیرۆكنووسانی كورد هێشتا گرفتاری كۆنترۆڵی گرووپە كۆمەڵایەتییەكانن

09-10-2017
غەمگین بۆڵی
نیشانەکردن چیرۆک
A+ A-

رووداو - هەولێر

ژانری چیرۆك پەیوەندییەكی بنەڕەتی بە هونەری گێڕانەوەوە هەیە، بۆیە لە زۆربەی ژانرەكانی دیكەی ئەدەبدا هەیە. ئاخر ژیان خۆی چیرۆكێكی درێژە، یان ئەگەر لە ڕوانگە ئایینیەكانەوە لە ژانری چیرۆك بڕوانین، ئەوە ژیان چیرۆكی سەفەرێكە. ژیانی هەر یەكێكیشمان بۆ خۆی چیرۆكێكە، كەواتە چیرۆك لە زۆربەی ژانرەكانی دیكەی ئەدەبیاتدا هەیە و هەندێكیان تەنانەت بەبێ ڕەگەزی چیرۆك ناتوانن هەبن. بۆ نموونە كام شانۆنامە هەیە ڕەگەزی چیرۆكی تێدا نەبێت؟ ئایا دەشێت بیرەوەری بنووسینەوە و ڕەگەزی گێڕانەوەی چیرۆكمان نەبێت؟ كام ڕۆمان هەیە چیرۆكی تێدا نەبێت؟ زۆر جاران شیعرێكی كورتیش چیرۆكێكی درێژی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، كەواتە دەپرسین: چیرۆك چییە؟ بۆچی ئێمەی مرۆڤ پێویستمان بە چیرۆكە؟ ئایا هەموومان بوخچەیەك یان كۆگایەك نین لە چیرۆك؟ بوونی ئەو هەموو چیرۆكە لە ژیانماندا پێویستی بە چییە بۆ گێڕانەوە؟ ئایا هونەری گێڕانەوە چییە؟

رووداو: چی یارمەتی چیرۆكنووس دەدات بۆئەوەی چیرۆكێكی باش بنووسێ؟ مەرجی چیرۆكێكی باش بەلای تۆوە چییە؟

رزگار ئەمین نژاد: پەیامی هەمیشەیی چیرۆك لە راستیدا ئەوەیە كە پێمان بڵێ ئێمە لە جێگای خۆمان نین، واتە ئەو شوێنەی كە شیاوی مرۆڤە. كەوایە یەكێ لە مەرجەكانی چیرۆكنووسین مامەڵەكردنە لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆی. كاری چیرۆكنووس لەراستیدا دۆزینەوەی لابڕ یاخود رێچكەیەكی گونجاوە بۆ تەبایی نانەوە لەنێوان ئەم بوون و نەبوونە. مەرجی چیرۆكێكی باش بەلای منەوە دۆزینەوەی وەها سێنتێزێكە كە بێگومان بە زمانی هونەری خۆی دەردەخات.

رووداو: ئەوە زمانە یان تەكنیك كە شێوازی چیرۆك دیاری دەكات؟ ئایا لەڕێی زمانەوە بەر ئەزموونێكی نوێی تەكنیك دەكەوین؟

رزگار ئەمین نژاد: هەڵبەت زمان لە چیرۆكدا شتێكی سەربەخۆ نییە، بەڵكو بەشێكە لە تەكنیك. لە سۆنگەی شێوازی چیرۆكەوە وا باشە باس لە ستروكتور بكەین، چونكە ستروكتور چوارچێوەیەكی بەرفراوانترە كە زمان، تەكنیك، شێوازی چیرۆك و تەنانەت چیرۆكنووسییش لەخۆدەگرێ و هەروەها دوورنمای بەرهەمی هونەریش دیاری دەكات. كەوایە كاتێ باس لە شێواز دەكەین، پێویستە رەچاوی دیالێكتیكی "كولتوور/ ستروكتور" بكەین.

چیرۆكیش وەك گشت دیاردە مرۆییەكان بەرهەمی مامەڵەی كۆمەڵایەتییە و زۆر سروشتییە ئەویش گرفتاری چوارچێوە و نۆرمە كۆمەڵایەتییەكان بێ و زۆرجار چیرۆكنووس تووشی قەیرانی نیگای هونەری بكا. زۆرجار هەست دەكەین شێوازی چیرۆك تووشی نسكۆ یاخود دابڕانێكی هونەری بووە و لە خۆمان دەپرسین: گرفتەكە چییە؟ لە راستیدا گرفتی ستروكتورە. ستروكتور یەكێكە لەو پرسیارە كۆنانە كە لە سەرەتای هاتنەئارای زانستی كۆمەڵایەتییەوە گرنگی پێدراوە و تەنانەت لە دونیای هونەریشدا قورسایی خۆی هەیە. 

كۆمەڵناسەكان لە روانگەی جیاوازەوە مامەڵەیان لەگەڵ ستروكتور كردووە، بۆ نموونە ماركس بڕوای بە شكاندنی ستروكتور و داهێنانی ستروكتورێكی مۆدێرن بوو، بەڵام كۆمەڵناسەكانی دوای ماركس پێیان وابوو ئەمە خولانەوەیە بە دەوری بازنەدا، چونكە بەم چەشنە ناگەینە كۆتایی ستروكتور. ئانتۆنی گیدێنز پێیوایە ستروكتور شتێكە كە مانا بە ژیانی كۆمەڵایەتی ئێمە دەدا، وەك زمان كە لە كاتی نووسین و دەربڕیندا بە شێوەیەكی سینتاگماتیك دەردەكەوێ و ئەكتەرەكان لەو چوارچێوەیەدا گەمەی كۆمەڵایەتی دەكەن، لەوەها دۆخێكدا مرۆڤ لە رێگای كولتوورەوە چاكسازی لە ستروكتوردا دەكا. لە روانگەی "دەسەڵات ـ تەوەری" ماركس و نیگای "كولتوور ـ تەوەری" گیدێنز دا هۆكارێكی سەرەكی لەبەرچاو نەگیراوە كە دواتر مارگارێت ئارچێر ئاماژەی پێدەدا، واتە هۆكاری مرۆیی. تاكەكان لە رێگای "پێوەندیی بەهەڵكەوت" رۆڵێكی چاكسازیانەیان لە ستروكتوردا بۆ دەڕەخسێ.

ئارچێر لەم پێوەندییەدا باس لە كاریگەریی "گفتوگۆی دەروونی" دەكا، هەڵبەت گفتوگۆی دەروونی جیاوازیی هەیە لەگەڵ مۆنۆلۆگدا، چونكە گفتوكۆی دەروونی لەسەر بنەمای كۆگنێتیڤ دامەزراوە و مرۆڤ دەتوانێ لەم رێگایەوە زەمینەی كۆمەڵایەتی و بنەمای كولتووریی خۆی بەباشی بناسێ و دواجار بڕیار لەسەر مانەوە یاخود چاكسازی لە ستروكتور بدات.

زمان و تەكنیك لە چیرۆكدا وەك دیالێكتیكی ستروكتور/ كولتوور وایە، ئەو شتەی كە دەبێ شێوازێكی نوێ دیاری بكا لە راستیدا گفتوگۆی دەروونیی چیرۆكنووسە. چیرۆكنووس پێویستە چاوێكی وردبین و گوێیەكی هەستیاری هەبێ تاوەكوو دیاردەكان و وردەكارییەكانی جیهانی دەرەوە ببینێ و ببیستێ، دواتر لە هەناوی خۆیدا گفتوگۆیان لەسەر بكا و دواجار ئەم تەعامولە كۆگنێتیڤییە، خۆی لە خۆیدا شێوازی چیرۆكیش دیاری دەكا. 

رووداو: هەندێك چیرۆكنووس رستەی پڕ لە تەمومژ دەخەنە ناو چیرۆكەكانیانەوە كە زۆرجار هونەری گێڕانەوەی چیرۆك ئاڵۆز دەكات، تۆ ئەمە چۆن دەبینی؟

رزگار ئەمین نژاد: ئاڵۆزی لە زماندا پێوەندییەكی راستەوخۆی هەیە بە ئاڵۆزیی هزر و دەروونی نووسەرەوە. یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم ئاڵۆزییە لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا باسی لێكرا، واتە نەبوونی گفتوگۆی دەروونی. بەڵام میكانیزمی شەرم و وەهمی مێتافیزیك دەتوانن دوو هۆكاری دیكە بن كە من هەوڵ دەدەم بە كورتی ئاماژەیان پێبدەم.

كاتێ باس لە شەرم دەكەین، بێگومان باس لە رەوەندێكی سایكۆلۆژیانە دەكەین كە فرۆید لە تیۆری" ئێگۆ" و "سوپەر ئێگۆ"دا باسی كردووە. شەرم لە روانگەی فرۆیدەوە ئەو قۆناغەیە كە تاك لە نێوان (من- ئیگۆ) و (بان من- سوپەر ئێگۆ) دا رادەوەستێ. مەبەست لە "بان من" ئیلتیزامە كۆمەڵایەتییەكانە كە لە سەرەتای منداڵییەوە لە هەناوی ئێمەدا رەگ دادەكوتێ، كاتێ لێكچوونەكان بە پێچەوانەی پێوەرەكانی "بان من" بن، ئەوا دیاردەی شەرم سەرهەڵدەدا. نۆربێرت ئێلیاس، كۆمەڵناسی ئاڵمانی كاتێ باس لە رەوەندی چێبوونی كەسایەتی لە كۆمەڵگای نەریتیدا دەكا، ئاماژە بە میكانیزمی شەرم دەدا و دەڵێ كۆنترۆڵی گرووپە كۆمەڵایەتییەكان بۆ بەهێزكردنی شەرم لەڕاستیدا سوپەر ئێگۆی كۆمەڵگای نەریتییە. مەبەست لە گرووپە كۆمەڵایەتییەكان بنەماڵە، گەڕەك، شار، مزگەوت، قوتابخانە و تەنانەت دەسەڵاتی سیاسیشە. (من) لە كۆمەڵگای نەریتیدا دەبێ هەمیشە ئاگاداری ئەوە بێ لە سنووری ئەو شەرمانە لانەدا كە (بان من) بۆی دیاری كردووە، چونكە دەركەوتنی رەهەندە ناشرین و دژەباوەكان، (من) وێران دەكات و لە هەمان كاتیشدا دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر شەرافەتی خەڵكانی دیكەش. بەم چەشنە یەكێك لە هۆكارەكانی ئاڵۆزیی زمان لە چیرۆكدا رەنگە لە میكانیزمی شەرمدا خۆی ببینێتەوە، واتە نووسەر لە ترسی شكاندنی شەرم پەنا بۆ شكاندنی چەمك دەبا.

دونیای مۆدێرن توانیویەتی تا رادەیەكی زۆر دوالیزمی ریالیتی و فانتازی پێكەوە ئاشت بكاتەوە و لە ئەنجامدا ریالیزمی ئەدەبی تێكەڵ بە تێگەیشتنێكی ئیگزیستانسیالیستی بكات. لای ئێمە هێشتا چیرۆكنووسمان هەیە كە چاو و گوێی بەسەر جیهانی دەوروبەریدا داخستووە و چاوی لە تاریكستانەكانی ئاسمان بڕیوە و بە تێڕوانینێكی میتافیزیكییەوە لەو بۆشستانەدا، لە دوای خۆی دەگەڕێ. لە وەها دۆخێكدا زۆر سرووشتییە كە رستە و گوتەی چیرۆكەكانیان تەمومژاوی بن.

رووداو: ئەدەبی پۆستمۆدێرن كاریگەری لەسەر چیرۆكی كوردی داناوە؟ چیرۆكی كوردی چۆن خۆی ئاوێتەی ئەدەبی پۆستمۆدێرن كردووە؟

رزگار ئەمین نژاد: با سەرەتا پرسیار لە خۆمان بكەین كە هونەری پۆستمۆدێرن بۆچی سەریهەڵدا؟ هومێد پەیامێكی گرنگی مۆدێرنیزم بوو، بەڵام ئەم هومێدە جەهەندەمێكی ترسناكی بۆ مرۆڤ دروستكرد. زیگمۆند باومان دەڵێ: پەیامی مۆدێرنیتە ئەوە بوو جیهان لەو شتە ناپاكانە خاوێن بكاتەوە كە كۆسپ دەخەنە بەردەم "شارستانیەت" و "پێشكەوتن". هەڵبەت شارستانیەت و پێشكەوتن وەها تیۆریزە كرابوو كە وەك ئایدیۆلۆژیای سەدەی بیستەم پێناسە دەكرا. پرسی سڕینەوەی ئامانجی نوخبەكانی سەدەی بیستەم بوو بۆ كۆتاییهێنان بە دژەكولتوور. ئەم رەوتە خزمەتێكی گەورەی بە پرۆسەی بەرهەمهێنانەوەی  ئۆتۆریتەی نوخبە كرد. پۆستمۆدێرنیزم بۆیە سەریهەڵدا تاوەكو كۆتایی بە كولتووری ئۆتۆریتاری نوخبە بێنێ و هونەر دێمۆكراتیزە بكات، واتە كۆتایی بە ئایدیای دژەكولتوور هێنا و پارسەنگی نێوان كولتووری نوخبە و كولتووری گەلی  پاراست. ئەمە وایكرد كە ئەدەب چیدی لە دیوەخانی نوخبە و كولتووری باندەستدا نەژی، بەڵكە بەرەو شەقام و كۆڵانەكان داگەڕێ و لە خزمەتی ئەو هاودژییەدا بێ كە چینی باندەست خەریكبوو دەیسڕییەوە. یەكەم شت كە هونەری پۆستمۆدێرن كردی ئەوە بوو كە لە جەغزی میكانیزمی شەرمدا نەما. دووەم شت ئەوە بوو كە دیاردەگەلی نێو شەقامی گشتی كرد بە سووژە، واتە ئەو واقیعە سادانە كە نوخبەكان وەك دیاردەی دژەكولتوور سەیریان دەكرد. سێیەم شت ئەوە بوو كە لە رێگای سادەكردنەوەی زمانەوە پاوانی زمانی نوخبەیان شكاند. 

لەباری فێمۆنۆلۆژییەوە چیرۆكی كوردی مەودایەكی زۆری هەیە لەگەڵ پۆستمۆدێرندا، چونكە كۆمەڵگای ئەدەبی كوردی زەمینەی وەها هاودژییەكی كولتووری بۆ فەراهەم نەبووە كە لە وڵاتانی مۆدێرندا روویدا. بۆ نموونە چیرۆكی كوردی زۆر بە كەمی هەوڵیداوە خۆی لە میكانیزمی شەرم لادا و موعاناتێكی ئێگزیستانسیالیستی بۆ شەرم بەرهەم بێنێ. چیرۆكنووسی كورد هێشتا هەر گرفتاری كۆنترۆڵی گرووپە كۆمەڵایەتییەكانە و هەوڵی نەداوە بەستێنێك بۆ هاودژیی كولتووری فەراهەم بكا. بەڵام لەباری فۆرمەوە ئێمە نیشانەكانی پۆستمۆدێرن لە بەشێك لە چیرۆكەكاندا دەبینین و ئەمەش زۆر ئاساییە، چونكە فۆرمی چیرۆك وەك تێكنۆلۆژیا وایە و سەردەم بەسەرماندا دەسەپێنێ.
 
رووداو: ڕەخنەی كوردی توانیویەتی پێ بەپێی چیرۆك هەنگاو بنێت؟

رزگار ئەمین نژاد: جێگای بەتاڵی ناوەندێكی ئاكادیمی بۆ رەخنە و نرخاندن لای ئێمە زۆر دیارە. ئەمە قسەی من نییە، بەڵكو بۆچوونی زۆربەی هونەرمەندان و ئەدیبانی كوردە. ئێمە وەك دیاردەیەكی كەسی مامەڵە لەگەڵ رەخنەدا دەكەین. یەكێ لە تەنزە سەیروسەمەرەكانی رەخنەی ئەدەبی ئەوەیە كاتێ رەخنەگر چیرۆك یاخود رۆمانێك دەنرخێنێ، چیرۆكنووس وەڵامی دەداتەوە و تەنانەت لە هێندێ حاڵەتدا هەڵوێستی گرژی لێدەكەوێتەوە. نووسەری كورد فێر نەبووە كە كاتێ چیرۆك كەوتە دەست خوێنەر، ئیدی ئەو چیرۆكە هی چیرۆكنووس نەماوە بەڵكو هی خوێنەرە و خوێنەریش مافی خۆیەتی چۆن ئەو چیرۆكە هەڵسەنگێنێ. ئەم چەشنە مامەڵەكردنە لەگەڵ رەخنەگر پێوەندیی راستەوخۆی هەیە بە روانگەی ئێلیاس لەمەڕ میكانیزمی شەرم. نووسەری چیرۆك وەك بەشێك لە گرووپە كۆمەڵایەتییەكان، هەوڵ دەدا هۆكارێك بێ لە میكانیزمی شەرمدا و لە رێگای كۆنترۆڵی شەرمەوە دۆخەكە بەرەو ئەو ئاقارە ببات كە بەلای شەرافەتی ئەودا نەشكێتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە