شیش و كه‌بابه‌كانی عێراق

09-09-2019
هێمن عەبدوڵڵا
نیشانەکردن عادل عەبدولمەهدی
A+ A-
له‌وه‌ته‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق دروستكراوه‌، هیچ سه‌رۆكوه‌زیرانێكی هێنده‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌ باشی باسی نه‌كرابوو، كه‌چی له‌سه‌ر ئه‌ویش هانی هانی دروستبووه‌. به‌تایبه‌تیش كه‌ ده‌گوترێت له‌ سه‌رده‌می ئه‌ودا هیچ كێشه‌یه‌كی عێراق چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌ و هه‌موویانی هه‌ڵپه‌ساردووه‌، خه‌ریكه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ به‌رز ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن كاتی گۆڕینی هاتووه‌. به‌ڵام دوو پرسیار پێویستیان به‌ وه‌ڵامه‌: یه‌كه‌م، كاته‌كه‌ گونجاوه‌ بۆ گۆڕینی و دووه‌میش، ئه‌گه‌ر گۆڕدرا، كێ جێگه‌ی ده‌گرێته‌وه‌؟ 
 
له‌ به‌غدا پێیده‌ڵێن زۆر نه‌رمه‌ به‌رامبه‌ر كوردستان. ده‌ڵێن بۆ رازیكردنی دڵی بارزانی هیچ گوشارێك ناكات و له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌ولێر پابه‌ند نییه‌ به‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵی هه‌یه‌تی. خه‌ڵكی به‌سره‌ ده‌ڵێن هیچیه‌ك له‌و كێشانه‌ی هه‌یانه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ رژانه‌ سه‌رشه‌قام، چاره‌سه‌ری نه‌كردوون و ته‌نیا خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ قسه‌ی خۆش سڕكردووه‌. ئاراسته‌ زۆر ئێرانی و تونده‌كه‌ی نێو حه‌شدی شه‌عبی ده‌ڵێن ئیسرائیل به‌ چاوساخیی ئه‌مریكا سه‌روه‌ریی ئاسمانی عێراقی پێشێل كرد و حه‌شدی شه‌عبیی كرده‌ ئامانج، كه‌چی تاوه‌كو ئێستا عادل عه‌بدولمه‌هدی لێدوانێكی توندی له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌داوه‌ و له‌ میدیادا ته‌نیا ده‌ڵێت "لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامن"! ئه‌وانه‌ی دۆستی ئه‌مریكان، ده‌ڵێن مه‌هدی موهه‌ندیس رۆژانه‌ خه‌ریكی كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆڵی عه‌بدولمه‌هدییه‌ وه‌ك فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراق و هه‌وڵده‌دات حه‌شد له‌ژێر فه‌رمانده‌یی ئه‌و ده‌ربهێنێت. به‌كورتییه‌كه‌ی به‌ چاویلكه‌ی هه‌ریه‌ك له‌ ئاراسته‌ دژبه‌یه‌كه‌كانی عێراق سه‌یری بكه‌یت، هه‌موویان شتێكی ئه‌و پیاوه‌یان به‌دڵ نییه‌. 
 
وه‌ك ده‌زانین عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكی حیزبێك یان ئاراسته‌یه‌كی سیاسی نییه‌ له‌ عێراق و هیچ كورسییه‌كیشی له‌ په‌رله‌مان نییه‌. پیاوێكه‌، هه‌رچه‌نده‌ بۆ دروستكردنی ته‌وافوق له‌نێوان شیعه‌كان و رێگه‌گرتن له‌ په‌رته‌وازه‌تربوونی نێوماڵیان دانرا، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌شه‌ كه‌ وایكردووه‌ سه‌رۆك بارزانی (واته‌ كوردستان) له‌ قۆناخی پۆست- گشتپرسییه‌وه‌ به‌هێزه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌غدا و هه‌ر ئه‌ویش وایكرد سوننه‌ ئومێدێكیان به‌ ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی عێراقه‌وه‌ په‌یداببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش شتێكه‌ كه‌ هه‌م ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌یانه‌وێ، هه‌م توركیا و ئێران و ره‌نگه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بیش پێیان باش بێت كه‌ له‌م قۆناخه‌دا له‌ ناوچه‌كه‌ بپارێزرێ.
 
عێراق به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ده‌چێت، كه‌ له‌ مانگی ئه‌پریلی ساڵی داهاتوو ده‌كرێت. بۆیه‌ش له‌ئێستاوه‌ بانگه‌شه‌ی ناڕاسته‌وخۆ و موزایه‌ده‌ی لایه‌نه‌كان به‌سه‌ر یه‌كدییه‌وه‌ ده‌ستیانپێكردووه‌. بۆ ئه‌مه‌ش هیچ شتێك ئاسانتر نییه‌ له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر عه‌بدولمه‌هدیی بێ حیزبی سیاسی و جه‌ماوه‌ر و ره‌خنه‌گرتن له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی و تۆمه‌تباركردنی به‌ به‌رپرسیاربوون له‌ هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی له‌ عێراقدا هه‌ن و له‌ڕاستیدا كه‌ڵه‌كه‌بووی نزیكه‌ی بیست ساڵ خراپ به‌ڕێوه‌بردنی عێراقن له‌ قۆناخی پاش سه‌دام حوسێندا. ده‌نا هه‌مووان ده‌زانن ئه‌و نه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌و هه‌موو قه‌رزه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌ی له‌سه‌ر عێراقه‌ و سه‌رۆكوه‌زیرانه‌كانی پێش ئه‌و كردوویانه‌، نه‌ سیاسه‌تی تائیفه‌گه‌رایانه‌ی په‌یڕه‌و كردووه‌ و سوننه‌كانی كردووه‌ته‌ دژی ده‌وڵه‌ت، نه‌ سیاسه‌تی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ و سزادانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر په‌یڕه‌و كردووه‌ كه‌ وابكات كوردستان له‌ به‌غدا دووركه‌وێته‌وه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ وایكردووه‌ جارێكی دیكه‌ هه‌مووان (به‌ پێكهاته‌كانی نێوخۆی عێراق و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و به‌تایبه‌تیش كه‌نداو) وه‌ك یه‌ك رووبكه‌نه‌وه‌ به‌غدا. ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می تێگه‌یشتنیه‌تی له‌ واقیعی عێراق و هه‌مان ئه‌و شته‌شه‌ كه‌ هه‌م وه‌ك بیرمه‌ندێكی ئابووری و هه‌م پێشتریش وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی نێو ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و هه‌م وه‌ك وه‌زیری پێشتری نه‌وت و كاربه‌ده‌ستی باڵای حكومه‌ته‌كانی پێشوو، به‌ ئه‌زموون له‌سه‌ر عێراق بۆی ده‌ركه‌وتووه‌.
 
به‌ڵام گریمان له‌ نێوخۆی عێراق شیعه‌كان و سه‌رۆك بارزانی (وه‌ك كوردستان) و لایه‌نه‌ سوننه‌كانیش، ئینجا دوای ئه‌وان ئه‌مریكا و ئێران و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ش كۆك بوون له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌و پیاوه‌، كێی له‌ جێگه‌ داده‌نێن كه‌ بتوانێ له‌ عێراقێكی له‌بنه‌ڕه‌تدا فشۆڵ وابكات نه‌ ئه‌و هه‌موو شیشه‌ بسووتێن، نه‌ ئه‌و هه‌موو كه‌بابه‌؟ 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی، مامۆستای زانکۆ، سیانسپۆ - پاریس

پیاوانی مەزهەب و یاسا

ترسناکترین بڕگەی پڕۆژەیاسای باری کەسی بڕگەی 50ـیە کە تایبەتە بە هاوسەرگیریی منداڵان. ئەو بڕگەیە ماف دەداتە باوک و باپیر کچەکانیان لە تەمەنی ساواییەوە بەشوو بدەن و شەرعییەت بەوە دەدات لە تەمەنی 9 ساڵیدا جەستە و ئەندامی زاوزێی کچ، لەبارە بۆ سێکس و زاوزێ. ئەم بڕگەیە کوڕیش دەگرێتەوە