ئەدەبیاتی گێڕانەوە لەناو مێژوودا

09-06-2017
غەمگین بۆڵی
نیشانەکردن (حەلیم یوسف) وەك نموونە
A+ A-

ئەدەبیاتی گێڕانەوە رەگێكی قووڵی بە رابردووەوە هەیە، وەلێ ئەوەی لە رێگەی ئەدەبیاتی گێڕانەوەوە دەنووسرێتەوە، تەواو جیاوازە لە گێڕانەوەیەكی مێژوویی. تۆماركردنی مێژوو ئەوەندەی نووسراوێكی ستایشئامێز و پێداهەڵگوتن و دروستكردنی كارەكتەری پاڵەوانی جەنگە، ئەوەندە خەریكی دیوە جوانەكانی مێژووی نەتەوەیی و مرۆیی نییە، یان ئەوەندە خەریكی دیوە شاراوەكان نییە. بۆیە زۆرجار ئەوەی بە مێژوو ناكرێت، بە ئەدەبیات دەكرێت. ئاخر زۆربەی جاران نووسینەوەی لاپەڕەكانی مێژوو لەپێناوی مێژوودایە، مێژوویەك رووت و بەبێ هیچ ئێستیتیكایەكی هونەری. ئەوە جگە لەوەی زۆرجارانیش لەناو مێژوودا غەدری گەورە دەكرێت لەسەر وەختی تۆماركردندا. بۆ نموونە: لە تۆماركردن و نووسینەوەی مێژوودا هەرگیز باس لە ئازایەتی و جوامێریی سەربازێك، یان پێشمەرگەیەك ناكرێت، بەڵكو هەمیشە گێڕانەوە و تۆماركردنەكە لە رێگەی پێشەوا و سەرۆكەوە دەبێت. مێژوو نووسراوێكی شانازییە بۆ دەوڵەت و سەرۆك و نەتەوەیەك، وەلێ نووسراوی ئەدەبی شانازییە بۆ هەموو كەسێك. چون ئەدەبیاتی گێڕانەوە وەك نووسراوی مێژوویی دەستەمۆ ناكرێت و هەمیشە لە هەوڵی هەڵفڕیندایە، هەمیشە دەیەوێت سنوورەكان ببەزێنێت و بچێتە ئاسمانی دەوڵەتێكی دیكە، دەیەوێت لە رێگەی ئێستیتیكای نووسینەوە جوانی نیشانی سەرۆكەكان بدات، گەرەكیەتی ببێتە موڵكی هەموو نەتەوەیەك. 

جیاوازییەكانی نێوان مێژوو و ئەدەبیات زۆرن، وەلێ خاڵێكی بنەڕەتی كە لە یەكیان جیادەكاتەوە ئەوەیە: مێژوو باس لە شتێك دەكات كە روویداوە، وەلێ زۆرجار ئەدەبیات باس لە شتێك دەكات كە دەشێت رووبدات. لە نووسینەوەی مێژوودا گرنگ نییە زمانی نووسین و هونەری جوانیناسی، بەڵكو ئەوەی گرنگە ستایشكردنی جەنگەكان و شانازیكردنی نەتەوە و تاكەكانیەتی بە سەركردەكانیانەوە. وەلێ لە ئەدەبیاتدا بەتایبەت لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا، ئەوەی گرنگە زمانێكی تۆكمەی گێڕانەوەیە، چیرۆكێكی نایابە. ئەوەی ئێمە لێرەدا دەمانەوێت لەبارەیەوە بنووسین، ئیشكردنی ئەدەبیاتی گێڕانەوەیە لەناو مێژوودا، دیارە لە هەردووكیاندا بەریەككەوتنێك هەیە كە گێڕانەوەی رۆژانی رابردووە، یان تۆماركردنی زەمەنێكە. واتە: هەم لە نووسینەوەی مێژوودا و هەمیش لە ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا، دەگەڕێینەوە رابردوو. دیارە مێژووی كوردیش لەم لایەنانەوە پشكی شێری بەركەوتووە، چون زۆربەی ئەو سەرچاوانەی كە هەن و لەبارەی مێژووی كوردەوە نووسراون، لەلایەن كەسانی بیانییەوە بوونە. بۆیە بەبڕوای من دووبارە دەستبردن بۆ نووسینەوەی ئەو مێژووە، باشترین رێگەیە و شێوازێكی نووسین، ئەدەبیاتی گێڕانەوەیە. دیارە نووسەرانی ئێمەیش دركیان بەم بۆشاییە گەورانە كردووە، بۆیە نووسەرانێك بە پرۆژەی بەردەوام كار لەسەر پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە گەورەیە دەكەن. یەكێك لەو نووسەرانەیش (حەلیم یوسف) ە. 

حەلیم یوسف نووسەرێكی رۆژئاوای كوردستانە و خەڵكی شاری عاموودەیە و ئێستا لە ئەڵمانیا دەژیت. ئەم نووسەرە خاوەن بەرهەمگەلێكە، وەلێ لەم چەند ساڵەدا بەرهەمەكانی لە كورمانجییەوە كرانە سۆرانی. پێشتر وەك ناو، تەنیا جارێك چیرۆكێكم خوێندبووەوە. بۆیە دووبارە بەركەوتنم بە ناو و بەرهەمی حەلیم یوسف نائاشنا نەبوو. وەك خۆیشی ئاماژەی بە دەستەواژەی (نووسەری نیوەكورد) دەكات، هەتا نووسەرانی كوردی سۆرانینووس بە كورمانجی نەخوێنرێنەوە و نووسەرانی كوردی كورمانجینووسیش بە سۆرانی نەخوێنرێنەوە، نابنە نووسەری كورد. بۆیە پتەوكردنی ئەو پردە، پتەوكردنی كولتووری كوردییە و باشترین خزمەتێكە ئێمە بە نووسەرانی نیوەكوردی دەكەین.

كاتێك ماسییەكان تینوو دەبن:

ئەمە ناونیشانی رۆمانێكی رۆماننووس حەلیم یوسفە و لەڕێگەی كارەكتەرێكەوە بەناوی (ماسی)، خۆڕاگریی شەڕڤانەكان و ژیان و مەینەتی و دژوارییەكانی گەریلاكان دەگێڕێتەوە. رۆماننووس لەڕێگەی (گێڕەرەوە)وە تەكنیكێكی جوانی بۆ هونەری گێڕانەوە بەكارهێناوە. كاتێك دەرگەیەكی كۆن دەبێتە گێڕەرەوە، یان نووشتەیەكی بن هەنگڵ، یان سەگێك، یان كڵاوێك، یان قەڵەمێك. واتە لە هونەری گێڕانەوەكە ئەوەندە ورد و هۆشیارانە گێڕەرەوەی دروستكردووە، كە خوێنەر بە جۆرێك كەمەندكێش دەكات، زۆرجار بڕوا بەوە دەكات بەردێك لە شاخە سەختەكانی كوردستان بۆ گێڕانەوەی واقیعی ژیانی گەریلاكان دێتەگۆ. رۆماننووس ئەگەرچی ئەو هەموو گێڕەرەوەیە لەناو رۆمانەكە دروستدەكات، وەلێ بە شێوەیەكی ئەوەندە تۆكمە و هونەرییانەیە كە خوێنەر هەست بە بێزاری و پچڕانی رووداوەكان ناكات. چون لەناو هەموو چیرۆكەكەدا واقیعێك هەیە كە بوونی كوردە. 

واتە بوونی ئەو مێژووەیە كە گەلی كورد خەباتی بۆ دەكات. مێژوویەكی بریندار و خوێن لەبەر رۆیشتوو. ئەو مێژووەی كە تینووە و خەبات و تێكۆشان دەكات بۆ ئاوی سەربەخۆیی. دیارە رۆماننووسیش بە مەبەست پەیڤی (تینوو)ی بەكارهێناوە و دەیەوێت وەك رەمزێك بەكاری بهێنێت بۆ گەیشتن بەو ئاوە. زۆرجارانیش بۆ مەینەتی و ئەو ناخۆشیانەیە كە گەریلاكان لە شاخە سەختەكان بەسەری دەبەن. رۆماننووس هێندە ورد و قووڵ چووەتە ناو رووداوەكانەوە كە هەرگیز  لە مێژوودا وەها باس ناكرێت. ئاخر مێژوو ناتوانێت ئەو هەموو وردەكاریانەی ناو جەنگ باس بكات، یان باسی گەریلایەك بكات بەدرێژایی وەرزی زستان لە ژێرزەمینێكدا، یان ئەڤینێكی راستەقینە لەناو شەڕدا. ئەوانە بۆ مێژوونووس سەختە و مێژوونووس ناتوانێت هێندە ورد بچێتە ناو قووڵایی رووداوەكانەوە، یان لەناو دڵی كارەكتەرەكاندا دابنیشێت و هەستەكانیان بخوێنێتەوە. بۆیە دەشێت ئەم ڕۆمانە بەشێك بێت لە مێژووی نەبەردی و قارەمانێتی گەریلاكان، كە بڕواناكەم هەرگیز لە نووسینەوەی مێژوودا، وەها ورد و جوان بێتە بەرباسەوە.


حەلیم یوسف

ژنانی نهۆمە بەرزەكان:

ئەوەیان ناونیشانی كۆمەڵە چیرۆكێكی حەلیم یوسفە و دووەمین كتێبی بڵاوكراوەیەتی و لەدوای بڵاوبوونەوەی كۆمەڵە چیرۆكی (پیاوی ئاوس)ەوە دێت. ژنانی نهۆمە بەرزەكان لە پێنج چیرۆك پێكهاتووە: "ئەڤینی سەركرمێ- لەداردانی لووتێك- سەردێڕی نووسین- لاشەیەكی خۆبوغزێن (بەشێك لە رۆمانێكی ونبوو)- ژنانی نهۆمە بەرزەكان". بەگشتی ئەم كتێبەیش باس لە مێژووی كورد دەكات و لەناو مێژوویەكی كۆندا چیرۆك دروستدەكات، یان مێژوویەكی كۆن و دەمامكدار دەهێنێت و لەگەڵ مێژوویەكی دیكەدا لێكیاندەدات و چیرۆكێكی تازەیان لێ دروستدەكات. ئەوەی لەناو هەموو چیرۆكەكانیش وەك خەتێكی گشتگیر دەبینرێت، نەهامەتی و ناخۆشییەكانی نەتەوەكەیەتی كە نەتەوەی كوردە. لە چیرۆكەكاندا ژیان و دۆخی خەڵك و مێژووی بەجێماو و تۆمارنەكراوی ئەو رۆژانە بوونەتە كەرەستەی نووسین و چیرۆكەكانی. واتە بوونی دوو رۆژگاری لە یەكتر دوور بەیەكەوە گرێ دەدات و لە رێگەی هونەرێكی جوانی گێڕانەوەوە، دەیگێڕێتەوە و دەیكاتە چیرۆكێكی پڕ رەهەندی نەتەوەیی. لێرەدا دەمەوێت باسی چیرۆكەكان بكەم و هەر چیرۆكەی بەجیا، بە كورتی لەبارەیەوە هەڵوەستە بكەم و روانگە مێژوویەكەشی بخەمە بەر رۆشنایی. 

ئەڤینی سەركرمێ:

ئەم چیرۆكە ئەوەندەی ئیشكردنە لەناو مێژوودا و نیشاندانی مەینەتییەكانی گەلی كوردە، ئەوەندە باسی كارەكتەر و رۆژگار نییە. یان ئەوەندەی ئەو ئەڤینەی كە هاتووەتە بەر گێڕانەوە ئەڤینێكی نەتەوەیی و خاك و خۆڕاگرییە، ئەوەندە ئەڤینی ئافرەت و سامان و دەسەڵات نییە. ئاخر حەلیم یوسف ئەوەندە راستگۆیانە باسی ئەو ئەڤینە دەكات، كە خوێنەر ناتوانێت لەسەر دێڕەكانی نەوەستێت: "من پێش دوو هەزار و شەش سەد ساڵ مردبووم. كاتێك كە هەڵوەدای ئەڤینی خاك بووم، دەستم بە خواردنی خۆڵ كرد".

لەداردانی لووتێك:

ئەم چیرۆكەیش لە هەوڵێكی چڕدایە بۆ گێڕانەوەی چیرۆكێك لەناو چەند پارچە چیرۆكێكی كۆن و پەراوێزدا. هەموو رووداوەكان بە تەنافێكەوە بەستراونەتەوە، كە بوونی لووتێكی گەورەیە. ئەمەیش هەم وەك سیمبوڵ بەكارهاتووە، هەمیش وەك گەڕانەوەیەك بۆ مێژوو. ئەو رووداوە مێژوویانەیش لە چوارچێوەی چیرۆكدا بەرجەستە بوونە و خەم و ناسۆر و نەهامەتییەكانی تاكی رۆژهەڵاتی و مرۆڤی كورد و خاكی داگیركراو نیشاندەدەن.

سەردێری نووسین:

ئەم چیرۆكە راستەوخۆ ئیشی لە دیوێكی شاراوەی ژیانی ئەحمەدی خانی (نووسەری داستانی مەم و زین)دا كردووە، هەموو چیرۆكەكەیش زەقكراوەتەوە بۆ نیشاندانی مێژوویەكی پڕبرین كە مێژووی كوردە و ئەم مێژووەش بە دەستی نەیارانەوە بەردەوام بریندار كراوە. دیارە لەسەروەختی خوێندنەوەی ئەم چیرۆكەدا، رۆمانی (میرنامە) ی رۆماننووسی كورد (جان دۆست)م بیركەوتەوە، وەلێ هیچ یەكێكیان وەك ئەوەی دیكە نەبوون و هەردووكیان بە شێواز و دیدگەی جیاواز ژیانی ئەحمەدی خانییان گێڕاوەتەوە و ڕووداوەكانیشیان موتوربەكردوون بە نەهامەتی و ناسۆرییەكانی كورد و خەمی كوردبوون.

لاشەیەكی خۆبوغزێن – (بەشێك لە رۆمانێكی ونبوو) 

یەكێك لە چیرۆكە تایبەتەكانی نێو ئەم كۆمەڵە چیرۆكەیە، چون نووسەر دەستی بۆ بابەتێكی زۆر هەستیاری نێو مێژووی كورد بردووە، ئەویش كوشتاری ئەرمەنەكانە لەلایەن كۆمەڵێك كوردی بەكرێگیراوی دەستی تورك. نووسەر لە رێگەی ئەم بابەتە هەستیارەوە، دەیەوێت لە رێگەی چیرۆكی ئەڤیندارییەوە بڵێت: كورد گەلێكی خوێنڕێژ نییە، بەڵكوو گەلێكە پڕە لە خۆشەویستی و ئەڤین. بۆیە لە رێگەی ئەڤینی كوڕێكی كورد و كچێكی ئەرمەن، دەیەوێت تیماری بەشێكی بچووكی ئەو برینە گەورەیەی مێژووی ئەرمەنەكان بكات. هەروەها ئەوەیش بڵێت كە ئەڤینداری هیچ سنوور و ئایین و نەتەوەیەك ناناسێت و كورد بە تەنیا بڕوای بە ئەڤین هەیە.

ژنانی نهۆمە بەرزەكان:


ئەم چیرۆكە ئەگەرچی رەهەندی جیاوازی هەیە و ئێمەیش دەمانەوێت باسەكەمان مێژوویی بێت و باس لە گێڕانەوەی مێژوو بكەین بە زمانی ئەدەبیات، یان باسی ئەدەبیاتی گێڕانەوە بكەین لەناو مێژوودا. بۆیە تەنیا رۆشنایی دەخەینە سەر ئەو لایەنە. ئەم چیرۆكە باسی ژیانی سترانبێژی كورد محەممەد شێخۆ دەكات و لە رێگەی مەینەتی و ئازارەكانی ئەو هونەرمەندەوە، نەهامەتی و ئازاری كورد باس دەكات. واتە ژیانی محەممەد شێخۆ بەهانەیەكە بۆ نیشاندانی ئازاری مرۆڤی كورد كە بێگومان دواجار محەممەد شێخۆیش تاكێكی كوردە و نموونەی هەزاران كوردی دیكەیە كە لەناو نەهامەتی و ئازاری كوردبووندا دەژین. 
 
سەرچاوە:

١-كاتێك ماسییەكان تینوو دەبن – ڕۆمان – حەلیم یوسف – وەرگێڕانی: سەڵاحەدین بایەزیدی. لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە – چاپی یەكەم: 2015.
٢-ژنانی نهۆمە بەرزەكان – چیرۆك – حەلیم یوسف – وەرگێڕانی: فەرهاد چۆمانی. لە بڵاوكراوەكانی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە – چاپی یەكەم: 2017.   

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە