دەسەڵاتی پێنجەم!

09-05-2019
رابەر تەڵعەت‎
نیشانەکردن فەیسبووک رابەر تەڵعەت کوردستان
A+ A-

سۆشیال میدیا، بەتایبەتیش فەیسبووك لە باشووری كوردستاندا؛ لەڕووی بەكارهێنان و ئامانجەكانی پشت بەكارهێنانییەوە، ناتوانین تەنها وەك درێژەپێدەر و پاڵپشتی رۆژنامە و میدیای ئازاد (دەسەڵاتی چوارەم) تەماشای بكەین. فەیسبووك بووە بەو دەسەڵات و سەنگەر و پەناگەیەی كە نەك هەر دەسەڵاتی چوارەم خۆی لە پشتیدا حەشار داوە، بەڵكو سێ دەسەڵاتەكەی تریش بە هەموو توانای ماددی و مەعنەویی خۆیانەوە هەوڵی كۆنترۆڵكردن و دەستبەسەرداگرتنی دەدەن.

 فەیسبووك هیچ سنوورێك ناناسێ و هیچ كەس و لایەنێكیش بەدەر نین لە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتەكەی. ئەگەر دەسەڵات ئەو شتە بێت كە دەتوانێت ئیرادە و رەفتارەكانی تاك ملكەچی دونیابینیی خۆی بكات، یان ببێتە میكانیزمێك بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی مۆدێلی رەفتار و باوەڕهێنان بەو بەهایانەی كە ئاراستەی بیركردنەوە و رەفتاری مرۆڤ دەكەن، ئەوا فەیسبووك دەسەڵاتە و هەموو دەسەڵاتەكانی تریشی لەناوەوەی خۆیدا هەڵگرتووە و لە فۆرمی جیاجیادا و بەو زمانە رۆژانەییەی خۆی جارێكی دیكە دەرخواردی كۆمەڵگا و تاكەكانی دەداتەوە. 

ئینتەرنێت و تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی سەردەم لە دەیان كەناڵی جۆربەجۆرەوە‌ خۆیان خزاندووەتە ناو ژیانی مرۆڤی ئەم سەردەمە، لەڕووی بەكارهێنان و جۆریشەوە؛ بێ هەژمار فرەڕەنگ و فرە رەهەندن و بازاڕەكەشیان لەسەر ئەوە وەستاوە كە كامیان دەتوانن بە خزمەتگوزاری و ئەپلیكەیشنی تازە و سەرنجڕاكێشەوە سەرنجی بەكارهێنەرەكانیان بۆخۆیان رابكێشن؟ لەناو ئەوانیشدا فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی هاوشێوەی ئەو، ئەوەیان بۆ خۆیان مسۆگەر كردووە كە وەك دەسەڵاتی پێنجەم پۆلێن بكرێن، بەجۆرێك كەوا كاریگەری و هێزیان زۆر لە دەسەڵاتی چوارەم زیاترە، چونكە لە گیرفانی هەموو كەسێكدا جێگایان بووەتەوە و لە خێرایی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاریی هەمەڕەنگیشدا، شوێنیان بە رۆژنامە و میدیای چاپكراو و تەنانەت بینراو و بیستراویش چۆڵ كردووە.

ئابووری پێشكەوتووی جیهان بە پشتبەستن بە تەكنەلۆژیا و ئینتەرنێت، زۆرترین سەرمایەگوزاری لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیا كردووە. نەك هەر تەنیا لە ئابووریدا، بەڵكو لە هونەر و فاشیۆن و سیاسەتیشدا، فەیسبووك بووە بەو دەسەڵاتەی كە زۆرترین ئامادەیی لە فەزای گشتیی كۆمەڵگادا هەیە. مینبەری نەك هەر بە تەنیا گروپە كۆمەڵایەتییە سەردەستەكان و كەسایەتییە جیهانی و ناسراوەكانە، بەڵكو بووە بە مینبەری گروپە پەراوێزخراوەكان و تەنانەت ئەو كەسانەش كە لە دونیای واقعیدا هیچ كەس نەیدەخوێندنەوە و لە دونیای مەجازیی فەیسبووكەوە توانیویانە بگەڕێنەوە بۆ ئەو دونیا واقعییەی كە پێشتر تیایدا خاوەنی هیچ دانپێدانانێك نەبوون و ئێستا لەناویدا ناسراون و خاوەن پێگەن. 

لەو وڵاتانەشدا كە دەیان ساڵ بوو نەیاندەهێشت دەسەڵاتی چوارەم سەر بەرز بكاتەوە یان هەر وجودی هەبێت؛ سۆشیال میدیا توانی باز بدات بەسەر هەموو بەربەستەكاندا و بەشدارییەكی كارای هەبێت لە دروستكردنی ناڕەزایەتی و هەڵگیرساندنی شۆڕش و رووخاندنی دەسەڵاتی دیكتاتۆرەكاندا، بەجۆرێك ئەوەی كە دەسەڵاتی چوارەم ساڵانێك بوو بۆ دەربازبوون لە هەژموونی دەسەڵاتەكانی تر هەوڵی بۆ دەدا، فەیسبووك لە ماوەیەكی كورتدا نەك هەر پێویستی بە مۆڵەتی ئەوان نەبوو، بەڵكو دەسەڵاتەكانیشی پێچانەوە و هەڵیدایە زبڵدانی مێژووەوە. 

لە هەرێمی كوردستاندا؛ دەتوانین بە فەیسبووك بڵێین دەسەڵاتی پێنجەم، ئەگەرچی لە بوونی دەسەڵاتی چوارەم دڵنیا نیم، وەك چۆن لە سنوور و ئاشكرایی و دابەشبوونی دەسەڵاتەكانی یەكەم و دووەم و سێیەمیش هەر دڵنیا نیم، بەڵام دەتوانم ئەوە ببینم كە هەموویان بەجۆرێك لەگەڵ دەسەڵاتی پێنجەمدا (فەیسبووك) مامەڵە و سەودایان هەیە و ناتوانن خۆیان لە بوون كاریگەرییەكانی بپارێزن، هەروەك چۆن ناتوانن دەستبەرداری ئەوەش بن كە چۆن ئەو دەسەڵاتە بەكاربهێنن. 

لە هەرێمی كوردستاندا، قوربانییەكانی دەستی دەسەڵاتی پێنجەم كەم نین؛ لەسایەی دەسەڵات و هەژموونی فەیسبووكدا، هەریەكە لە ئێمە رۆژانە رووبەڕووی دەیان شەپۆلی دەنگوباس و زانیاری و ورتە ورت دەبینەوە، چاومان دەچێتە سەر سەدان وێنە و ڤیدیۆ و گرافیك و سكێجی رەنگاو رەنگ و هەمەچەشن؛ تیایاندا هەر لە كۆمیدیاوە بۆ تراژیدیا و هەر لە پیاهەڵدانەوە بۆ داشۆرین و ناوزڕاندن، دێنە بەر دید و هۆشمان، هەیانە دڵخۆشت دەكەن و زۆریان دڵتەنگ و وەڕزت دەكەن، هەموو هەستێكت لەلا دروست دەكەن تەنها هەستی دڵنیایی نەبێت؛ بەڵام چونكە دەسەڵاتە و هێزی كۆنترۆڵكردنی هەیە، نەك هەر دەستبەرداری نابین، بەڵكو بەدواشیدا دەچین. هیچ شتێكیش واقیعی ئەو دەسەڵاتە و كاریگەرییەكانی بەسەر تاك و كۆمەڵگاوە ناگۆڕێت، تێگەیشتن و دونیابینی تاكەكان نەبێت بۆ واقیعی ژیانی خۆیان. 

چونكە هەموو دەسەڵاتەكان بەگوێرەی تێگەیشتنی تاكەكان بۆ ژیانی خۆیان رەفتار دەكەن و دەست بەسەر كۆمەڵگادا دەگرن، ئەگەر فەیسبووك دەسەڵات بێت و مۆدێلێكیش بێت بۆ ئاراستەكردنی رەفتار و دونیابینی ئێمە، سەرئەنجام هەموو ئەوەی كە لە فەیسبووكەوە دەردەچێت، رەنگدانەوەی تێگەیشتن و دونیابینی ئێمەیە بۆ حاڵی خۆمان.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە