وردەکارییەکانی بودجەیەکی مێژوویی لە عێراق؛ مەترسییەکان و دابەشبوونی بەپێی کەرتە جیاوازەکان

بەرایی 
 
رۆژی 5ـی نیسانی 2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژە بودجەی 2023 و دوو ساڵی داهاتوو کرد و چاوەڕواندەکرێت خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دواتریش رەوانەی لیژنەی تایبەتمەند بکرێت. ئەم پرۆژە یاسایە لەڕووی ژمارەکانییەوە بە مێژوویی ناودەبرێت، نەوەکو لە تەرخانکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی عێراق لەمڕۆ و داهاتوودا. پرۆژەکە لە 67 ماددە پێکهاتووە کە چۆنیەتی مامەڵەکردن و خەرجییەکانی عێراقی بۆ ئەمساڵ و  ساڵانی داهاتوو خستووەتەڕوو. 
 
داڕشتنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵ چەند مەترسی و دەرفەتێکی جیاوازی تێدایە. لەسەرووی هەموویانەوە مەترسیی جێگیریی نرخی نەوت و هەناردەکردنی نەوتە بۆ دەرەوە. بۆ نموونە 1 دۆلار جیاوازی لەو نرخەی لە بودجەدا دانراوە 1.3 ملیار دۆلار یاخود 1.6 تریلۆن دینار جیاوازی دەخاتە ئەو پارەیەی لە نەوتەوە دێت. لە پرۆژە یاسای بودجەکەشدا 87.14% داهات لە نەوتەوە دیاریکراوە، بەڵام بەپێی خەرجییەکانی 2022، رێژەی 95% ئەو پارەیەی کە خەرجکراوە، لە نەوتەوە هاتووە.
 
هەروەها، بەپێی رێنمایی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی (IMF) لەبارەی ئامادەکردنی بودجەوە ئاماژە بەوەکراوە بودجە بۆ یەک ساڵ ئامادە دەکرێت، خەرجی و داهاتی یەک ساڵ لەخۆدەگرێت و بۆ یەک ساڵیش دەنگی لەسەر دەدرێت و جێبەجێدەکرێت. بۆ نموونە زۆربەی وڵاتانی نیو رێکخراوی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان (OECD) کە گەورە ئابوورییەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەخۆدەگرێت، بودجەکەیان بۆ یەک ساڵ ئامادە دەکەن. شانشینی سعودیە کە نزیکترین وڵاتە لە عێراق لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتەکەیەوە، بودجەکەی بۆ یەک ساڵە، بەڵام لە فرەچەشنی داهات و خەرجییەکاندا جیاوازییەکی گەورە لەنێوان سعودیە و عێراقدا هەیە.  
 
دابەشبوونی خەرجییەکان چ خەرجی بەکاربردن یاخود خەرجی وەبەرهێنان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023ـدا وێنایەکی دیکە بەم پرۆژەیە لەبارەی عێراقەوە دەبەخشێت، بۆ نموونە کۆی کارمەندانی حکومی 4 ملیۆن و 96 هەزار و 1 کارمەند دانراوە، کە 1 ملیۆن و 503 هەزار و 339 کارمەندیان لە سێکتەری ئەمنیدا كاردەكەن، واتە سێکتەری ئەمنی لە عێراق رێژەی 36.7% کۆی کارمەندان پێکدەهێنێت. هەروەها، کۆی مووچە لە پرۆژە بودجەکەوە 92.56 تریلۆن دینارە، کە ئەمەش دەکاتە 79%ـی ئەو داهاتەی لە نەوتەوە دێت!
 
لێرەدا، هەڵوەستە لەسەر وردەکارییەکانی نیو پرۆژە بودجەی 2023ـی عێراق دەکەین، کە ئێستا لە لیژنەی تایبەتمەندە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندکردنی لە پەرلەمان بکرێت.
 
ژمارەکانی نێو بودجەی 2023ـی عێراق و  دابەشبوون بەپێی سێکتەرەکان
 
داهاتی خەمڵێنراوی عێراق بۆ 2023 لەسەرووی 134.55 تریلیۆن دینارە، بەڵام خەرجییەکانی 199 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، کە بەتەنیا بودجەی تەرخانکراوی (بەکارخستن، بەرنامەی تایبەت و قەرزەکان) 149.55 تریلیۆن دینارە، هەروەها، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە؛ خەرجییەکانی سەرمایەگوزاری 49.46 تریلۆن دینارە (سەرمایەگوزاری بەردەست، وەبەرهێنانی نێوخۆیی و وەبەرهێنان لەڕێگەی قەرزەوە)، کە نزیکەی 9.9 تریلۆن دیناری ئەو خەرجی وەبەرهێنانە لەڕێگەی قەرزی نێوخۆیی و دەرەکییەوە دانراوە. 
 
هەروەها، کورتهێنانی بودجەی گشتی 64.4 تریلۆن دینارە، بەڵام لەوانەیە ئەم کورتهێنانە روونەدات و ئەگەر هەشبێت بڕەکەی زۆر کەمتر بێت، چونکە لە دوانزە مانگەکەی ساڵ، نزیکەی سێ مانگ و نیو تێپەڕیوە، هێشتا بودجەکەش پەسند نەکراوە! هەروەها، زۆربەی کورتهێنان لە خەرجیی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان، کە قەرزی دەرەکی بۆ دەکرێت بۆ  پڕکردنەوەی، بەوپێیەش ناتوانرێت لە 8 مانگی داهاتوودا پلانی پرۆژەکان، تەندەرین و خەرجییەکانیان بۆ بکرێت، هەرچەندە رێژەی 20%ـی بۆ پرۆژەی نوێ دانراوە لە بودجەی 2023.
 
دابەشبوونی سێکتەرەکان لە پرۆژە بودجەی 2023ـدا بەشێوەیەکە کە سێکتەرەکانی (پیشەسازی، کشتووکاڵ، گواستنەوە و پەیوەندییەکان و بیناسازی) بەهەموویانەوە، 14.4% بودجەکە پێکدەهێنن، بەڵام پرۆژەی تەرخانکراو بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرگری 15%ـی بودجەکە پێکدەهێنن، بڕوانە خشتەی 1 لەبارەی دابەشبوونی رێژە و بڕی پارەی دانراو لە بودجەی 2023ـی عێراق بۆ کەرتە جیاوازەکان.
 
 
 
لەڕووی دابینکردنی بودجە بۆ سێکتەرە جیاوازەکان، وزە و کەرتی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینی و مووچەی شەهیدان * رێژەی 52%ـی نیوەی بودجەکە پێکدەهێنن، لەکاتێکدا کەرتە گرنگەکانی وەک کشتووکاڵ و پیشەسازی و گواستنەوە و گەیاندن و بیناسازی و نیشتەجێبوون بە کەرتی تەندروستیشەوە 11.8% بۆ دابینکراوە، کە عێراق لەڕووی هەریەکە لەم كەرتانەوە نەوەک پێویستی بەڵکو لە خراپترین دۆخدایە لەسەر ئاستی جیهان، بۆ نموونە بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، کەرتی تەندروستی عێراق لە رێزبەندی 167ـەمین وڵاتە لەنێو 190 وڵاتدا. 
 
هەروەها، لە خەرجییەکانی بەکارخستن و دابینکردنی پارە لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق بۆ دامەزراوەکانی سەرۆکایەتییەکان لە عێراق بە بەراورد بەو کەرتانەی دیکە بەشێوەیەكە کە وێنا ناکرێت، بۆ نموونە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران 1.2 تریلۆن دینار، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرووی 418 ملیار دینار، سەرۆکایەتی کۆمار 94 ملیار، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق 401 ملیار، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق 307 ملیار و دەزگای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر 797 ملیار و حەشدی شەعبی 3.7 تریلۆن دینارە. 
 
دیوێکی دیکەی ئەم بودجە مێژووییە پەیوەستە بە خەرجییەکان بۆ كەرتە جیاوازەکان، بۆ نموونە لە بودجەی پرۆژەکان، ئەویش نەک لە داهاتی نیوخۆ بەڵکو لە قەرزی جایکای ژاپۆنی کە بڕەکەی 1.29 ملیار دۆلارە، تەنیا 2.5 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دانراوە، بەڵام 905 ملیۆن دۆلار بۆ پرۆژەکانی وەزارەتی نەوت دانراوە! هەروەها، لە قەرزی بانکی نێودەوڵەتی کە بڕەکەی 418 ملیۆن دۆلارە، 26 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دانراوە، بەڵام لە قەرزێکی 435 ملیۆن دۆلاریی بانکە بیانییەکان، 35 ملیۆن دۆلار بۆ حەشدی شەعبی دانراوە، لەکاتێکدا  3.77 تریلیۆن دیناری دیکە بۆ خەرییەکانی حەشدی شەعبی لە بودجەکەدا دانراوە. 
 
لەکاتێکدا، بەپێی یۆنامی و بانکی جیهانی، عێراق مەترسییەکی گەورەی لەرووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە پێشە بەشێوەیەک یۆنامی مەترسییەکانی زیادبوونی خۆڵبارین و بەبیابانبوون لە هاوینی ئەمساڵ لەسەرە و بانکی جیهانی هۆشداری لە کەمبوونەوەی ئاو و خراپبوونی کوالێتی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی عێراق داوە، بەشێوەیەک کە زیانی 4% گەشەی بەرهەمی نیوخۆیی GDP یان 6.6 ملیار دۆلار لە عێراق دەدات. هەروەها چاوڕواندەکرێت تاوەکو ساڵی 2050، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما 1 پلەی سیلیزی روویدات، کە ئەمەش دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی بارانبارین بەرێژەی 10% و کەمبوونەوەی ئاوی سازگار بەرێژەی 20%، بەمشیوەیەش لێکەوتەکەی ئەم باوردۆخە دەبێتەهۆی ئەوەی یەک لەسەر سێ زەوییە ئاودێرییەکان لە عێراق ئاویان نەبێت.
 
پشتبەستن بە داهاتی نەوت و لێکەوتەکانی
 
لە پرۆژە بودجەکەدا رێژەی لەسەدا 87ـی داهات لە نەوتەوە دێت بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، لەکاتێکدا بەپێی حساباتی کۆتایی 2022، رێژەی 95% داهاتی عێراق لە نەوتەوە بووە و رێژەی 5%ـی لە بەرهەمی نانەوتییەوە بووە. 
 
بەگوێرەی پرۆژەیاساکە، عێراق رۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بە نرخی 70 دۆلار هەناردەی دەرەوە دەکات و هەر دۆلارێک بە 1300 دینار دانراوە، لەکاتێکدا هەر لە ئێستاوە کیشە بۆ ئەمە دروستبووە. لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا عێراق رۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و لە چەند رۆژی رابردووشدا پابەندی خۆی بە کەمکردنەوەی 210 هەزاری بەرمیل نەوتی دیکە لە مانگی ئایاری 2023ـەوە راگەیاندووە لە چوارچێوەی بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی 1.1 ملیۆن بەرمیل نەوت. ئەگەر بەمشیوەیەش بێت، کەواتە هەناردەی نەوتی عێراق کە بەتێکڕا لە کانوونی دووەمی 2023ـدا 3.33 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، لە شوباتی 2023، بڕی 3.29 بەرمیل نەوتی رۆژانە و لە ئاداری 2023ـشدا 3.25 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، لە ئایاری ئەمساڵەوە بۆ نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا کەمدەبێتەوە. 
 
هەروەها، ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە لە چوارچێوەی سۆمۆ و وەکو ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق هاتووە، دابنێین، ئەوا هێشتا عێراق نزیکەی 3.4 ملیۆن هەناردە دەکات و 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە کەمتر دەبێت لەوەی دیاریکراوە، ئەمە لەکاتێکدا نیو مانگی تێپەڕاندووە و هێشتاش هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەكردووەتەوە. 
 
عێراق دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو رێکخراوی ئۆپێک لە دوای سعودیە، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لەنێوان سعودیە و عێراق لە پشتبەستن بە نەوت بۆ دابینکردنی بودجە هەیە، بۆ نموونە لەساڵی 2022دا، رێژەی 32%ـی داهاتی سعودیە نانەوتی بووە، کە 410.9 ملیار ریالی سعودی بووە، واتە 68% داهاتی نەوتی بووە، کە بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە 27.68 ملیار دۆلار سەرڕێژی بودجەیان هەبووە، بەڵام لە هەمان ئەو ساڵەدا داهاتی عێراق تەنیا 5%ـی نانەوتی ( 5.3 ملیار دۆلار) بووە، واتە 95%ـی داهاتەکەی لە نەوتەوە هاتووە. 
 
سعودیە وەک وڵاتێکی نەوتی لەمانگی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکدا بودجەی ساڵانەی پەسند دەکات، کە بۆ ساڵی 2023 کۆی خەرجییەکان بە 1.114 تریلیۆن ریالی سعودی دانراوە، لەکاتێکدا کۆی داهاتەکان 1.130 تریلیۆن ریالی سعودیە، واتە 16 ملیار ریاڵی سعودی سەرڕێژی بودجەکەیانە، بەڵام بودجەی 2023ـی عێراق 64 تریلیۆن دینار کورتهێنانی هەیە لەم دۆخەی نرخی نەوتدا، کە چاوەڕواندەکرێت ساڵانی داهاتوو گۆڕانکاری گەورە لە نرخی نەوتدا رووبدات. 
 
ئێستا، بەتێکڕا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا نرخی نەوت 78 دۆلار بووە، چاوەڕواندەکرێت بەتێکڕا لە 2023دا نرخی نەوت 89 دۆلار بێت، واتای 19 دۆلار سەرووی ئەو نرخەیە کە لە بودجەی 2023ـی عێراقدا هاتووە، لەکاتێکدا 1 دۆلار جیاوازی نزیکەی 1.3 ملیار دۆلار دەکات.
 
کۆتایی
 
نزیکەی سەرووی 40%ـی دانیشتووانی عێراق لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوەن، کە هیچ پرۆژەیەکی ستراتیژی بۆ ئەم دانیشتووانە گەنجە لە پرۆژەیاساکەدا بەدیاریکراوی نەهاتووە، لەکاتێکدا بەپێی یونیسێف 60% گەنجەکان لە عێراق توانای کارامەیی دیجیتاڵیان بۆ کارکردن نییە. 
 
هەروەها، جیاوازییەکی دیکە لە داهاتی نەوتی و نانەوتی لە عێراقدا هەیە، هەرچەندە لە پرۆژەیاساکەدا سەرووی 87% داهات لە نەوتەوە دانراوە و 13%ی نانەوتییە، بەڵام لەڕاستیدا ئەزموونی ساڵانی رابردوو دەریدەخات کە داهاتی نانەوتی عێراق بە دەگمەن لە 6% نزیكبووەتەوە، تەنانەت لەساڵی 2020ـشدا كە ئەو كاتە نرخی نەوتی برێنت بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە نزمترین ئاستی تۆمارکردبوو.
 
هەروەها، گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە بازاڕی وزە و کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بەهۆی هاتنەئارای دۆخێکی نوێوە لە پەیوەندییەکان، لەوانەیە بڕیاری جیاوازتری لەوەی ئێستا لە بازاڕی وزەدا هەیە، لێ بكەوێتەوە کە عێراق پابەنددەکرێت بەو بڕیارانەوە و، پشتبەستنی بە داهاتی نەوت مەترسی و دەرفەتی گەورەی لەڕووی بڕی هەناردەکراو و نرخی نەوتەوە لە هەگبەدایە.
 
لەکۆتاییدا، پرۆژەیاسای بودجەی 2023ـی عێراق لەرووی گەورەیی ژمارەکانەوە مێژووییە، بەڵام لەڕووی وەبەرهێنان و دابینکردنی بەگوێرەی كەرتەکان جگە لە کورتهێنانێکی خەیاڵی، ئەگەر بەمشیوەیە پەسەندبکرێت، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ساڵانی رابردوودا نییە. ئەمەش لە خەرجییەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرۆکایەتییەکانەوە بەڕوونی دەردەکەوێت.