حیزبەکانی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدان!

لە کۆتاییدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشانکرد. حیزبەکانی کوردستان، هەریەکە و لە ئاستی پێگەی چەندایەتی و چۆنایەتی لەنێو سیستمدا، لەبەردەم بەرپرسیاریێتییەکی گەورەدان، چونکە هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی تەواو ناسک و هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەر بڕیارێکی هەڵە، هەر هەنگاوێکی هەڵە، جێبەجێکردنی هەر ستراتیژەتێکی هەڵە، دەکرێت ئەنجامی تراژیدیی گەورەی بەدوادا بێت. بۆچی دۆخەکە یەکجار هەستیارە؟
 
دابڕانێکی ستراکتۆراڵ لەنێوان حیزب و کۆمەڵگەدا
 
گەورەترین مەترسی لەسەر هەر ئەزموونێکی دەسەڵاتداری، بەتایبەتی لە سیستمی دیموکراتی و نیمچە دیموکراتی، بریتییە لە فراوانبوونی مەودای بێمتمانەیی لەنێوان کۆمەڵگە و گرووپەکانی فەزای سیاسی. چەند ئەم مەودایە فراوان بێت، هێندەش بێباکی کۆمەڵگە لەبەرامبەر حیکایەتە گەورەکاندا چڕدەبێتەوە. 
 
هەرێمی کوردستان، لەوەتەی دروستبووە و تائێستاش، چەندین هەڕەشەی لەسەر بووە و لەسەرە، لەداهاتووشدا بەشێکی زۆر لەو هەڕەشانە هەر لێرە دەبن، بەڵام بە بۆچوونی من؛ ئەو هەڕەشەیەی دەبێت، لەسەر هەر سێ ئاستی ئێستا، مەودای مامناوەند و دوورمەودادا مامەڵەی ستراتیژی لەگەڵ بکرێت بریتییە لەو دابڕانەی لەنێوان جەماوەر و حیزبدا دروستبووە.
 
ئەم دابڕانە گەیشتووەتە ئاستێک کە چیدیکە، چەندین کاتەگۆریی کۆمەڵایەتی شەرم نەکەن لە پشتکردنە کۆی ئەو حیکایەتە گەورانە کە زیاتر لە سەدەیەکە، ناسیۆنالیزمی کوردی چەندین نەوەیان لەسەر پەروەردەکردووە.
 
لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی جیهان، کاتێک کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییەکان لە حیزبەکانی دەسەڵات توڕەدەبن، بۆ گوزارشتکردن لەم توڕەبوونەیان دەڕژێنە سەر شەقامەکان و بەدەم گوتنەوەی سروودی نیشتمانیی خۆیان، ئاڵای پیرۆزی وڵاتەکەیان بەرزدەکەنەوە و پەنا بۆ سیمبوولە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان دەبەن. تونسییەکان وایانکرد، میسرییەکان وایانکرد، تەنانەت عێراقییەکان لە 2019 وایانکرد و ئەو کاتەش، کە خوێنی ئاڵی 600 گەنجی عێراقی لە ماوەی سێ مانگدا رژایە سەر شەقامەکان، ئەوان هەر سرووتی "موطني - مەوتنی"ـان دەگوتەوە و ئاڵای پیرۆزی وڵاتەکەیان بەرزکردبووەوە. بەڵام لە کوردستاندا، کاتەگۆرییە کۆمەڵایەتییە توڕەکان، بۆ گوزارشتکردن لە توڕەبوونیان، پشتدەکەنە ئاڵای پیرۆزی کوردستان و "ئەی رەقیب"، لەبری بەرزکردنەوەی سیمبوولە نەتەوەییەکانی کورد، سیمبوولی نەتەوەکانی دیکە بەرزدەکەنەوە!
 
لێرەوە، بزووتنەوەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی، لە چەپی چەپەوە بۆ راستی راست، دەبێت زۆر بە قوڵی و بەوردی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتییە ترسناکە بخوێننەوە و، بە پرۆژەی ستراتیژی و پراکتیکییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. 
 
بەهێزبوونی دوو ئەکتەر لە بەغدا: پرۆئێرانی و ناسیۆنالیزمی عێراقی 
 
هۆکارێکی دیکەی هەستیارکردنی دۆخەکە بۆ هەرێمی کوردستان بریتییە لە بەهێزبوونی دوو ئەکتەر لەیەککاتدا لە بەغدای پایتەخت. یەکەمیان پرۆئێرانییەکان و دووەمیشیان ناسیۆنالیزمی عێراقی. راستە جیاوازییەکانی ئەم دووانە زۆرن، بەڵام لە هەمان کاتدا لە چەند رووبەرێکیشدا یەکدەگرنەوە. یەکێک لەو رووبەرانە بریتییە لە بەکارهێنانی هەموو میکانیزمەکان، ئابووری، سیاسی، دیپلۆماسی، یاسایی و ئەمنی بۆ گێڕانەوەی هەرێمی کوردستان لە قەوارەیەکی فیدراڵییەوە بۆ هەمان ئەو چوارچێوەیەی لە حەفتاکاندا عێراقی بەعسییەکان ناویاننا: حوکمی زاتی!
 
خۆی لەڕاستیدا، لەو دۆخەدا کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی تێدایە، بۆچی و لەبەرچی و بە چ هۆکارێک، تۆ دەبێت چاوەڕوانی پێچەوانەی ئەم تێزە لە عێراقییەکان بکەیت؟ بەناوی بنەمای ئەخلاقییەوە؟ بەناوی شەرعییەتی دیموکراسییەوە؟ بەناوی باوەڕبوون بە پرانسیپی پێکەوەژیانەوە؟ بەناوی برایەتیی کورد و عەرەبەوە؟
 
بەدرێژایی سەدەی رابردوو، تۆ ئەکتەرێکت لە بەغدا دەستنەکەوتووە پرۆژەیەکی راستەقینەی پێبووبێت بۆ ئەم درووشمانە. بەپێچەوانەوە، لە یادەوەریی دەستەجەمعیی مرۆڤی عێراقیدا، ئەوەی هەیە تەنها عێراقە و بەس، عێراق لە فاوەوە تاوەکو زاخۆ: یەک خاک کە خاکی عێراقییە، یەک نەتەوە کە نەتەوەی عێراقییە، یەک سەروەری کە سەروەریی عێراقییە، یەک ئابووری و یەک دیپلۆماسی و یەک سیستمی دادوەری و یەک سیستمی سەربازیی هەیە و بەس. سەد لە سەد دڵنیام لەوەی ئەگەر تۆی کورد، لەبری ئەوەی عێراقی بوویتایە و لە هەمان پێگە و شوێنی ئەودا بوویتایە، هەروا دونیات دەبینی و هەروا مامەڵەت دەکرد!
 
لە دۆخی ئێستا و ئێرەدا، چەند نوێنەرە سیاسییەکانی ئەم یادەوەرییە دەستەجەمعیە لەنێو دەسەڵاتی عێراقیدا بەهێزبن، هێندەش قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر مەترسیی سیستەمییەوە، رێک وەک ئەوەی لە ئێستا و ئێرەدا لە ئارادایە. گرفتی من لەگەڵ ئەوەدا نییە ئەو، چۆن بیردەکاتەوە، بەڵکو لەگەڵ تۆدایە کە چۆن و بە چ میکانیزم و ستراتیژییەتێک لەگەڵ ئەوێکدا مامەڵە دەکەیت، کە بوونی تۆ بە مەترسی لەسەر خۆی دەزانێت.
 
شانسێک لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا
 
لەم دۆخە زۆر هەستیار و ناسکەدا، رووبەرێک تائێستاش ماوە بۆ ئەوەی هەرێم هەستێتەوە، کە ئەویش بریتییە لە خواستی هێشتنەوەی عێراق وەک دەوڵەتێکی لەرزۆک لەلایەن زلهێزەکانەوە. نە ئێران، نە تورکیا، نە کەنداو، نە ئەمریکا و نە ئەوروپاش، تائێستا عێراقێکی بەهێزیان دەوێت، کە ببێت بە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانیان و عێراقییەکانیش تەواو هۆشیارن بەم رێکەوتنە نەنووسراوەی نێوان زلهێزە هەرێمایەتی و جیهانییەکان لەسەر وڵاتەکەیان. ئەم رووبەرە تائێستاش لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا بەکراوەیی ماوەتەوە و دەتوانێت مانۆڕی تێدا بکات.
 
کەسایەتییەکی گەورەی عێراقی پاش سەدام حوسێن، بۆ دووپاتکردنەوەی ئەم تێزە، پێیگوتم: ئێمەی عێراقی 'یاغنیشین - گەمژەین' ئەگەر پێمانوابێت تاسەر دەتوانین بەم جۆرەی ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا مامەڵە بکەین. گرفتی من لێرەدا نییە، بەڵکو لەسەر ئاستی بابەتی، لەو شوێنەدایە کە پەیوەندیی بە بیرکردنەوە و جوڵانەوە و پراکتیک و کشانی هەرێمی کوردستانە لەنێو ئەم رووبەرە کراوەدا.
 
ئێستا هەموو جیهانی دیپلۆماسی، لە واشنتنەوە تاوەکو پاریس، چاوی لەسەر ئێوەی حیزبەکانی کوردستانە و دەیانەوێت بزانن چۆن لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شەشدا مامەڵە دەکەن: ئایا وەک کۆمەڵە حیزبێکی بەرپرسیار لەبەرامبەر نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتدا مامەڵە دەکەن، کە 100 ساڵە خەون بە مافی چارەیخۆ نووسینەوە دەبینێت، یان تەنها وەک چەند گرووپێک بە کۆمەڵێک چاوەڕوانیی سنوورداری هەنووکەییەوە لەگەڵ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەماندا مامەڵە دەکەن؟