ژنەكەی خۆی رووتاندەوە

تەمەنی 12 ساڵان بوو كە باوكی مرد، لە تەمەنی 18 ساڵیدا ئەركی بەخێوكردنی خێزانەكەی كەوتە ئەستۆ، ئەو نەك هەر خێزانەكەی بەخێو دەكرد، بەڵكو دوای ماوەیەك بووە خاوەنی داهاتێكی باشیش، بەڵام تووشی بە تووشی پیاوێكەوە بوو كە ژیانی وێران كرد.

مەبەست لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەو ئافرەتە ئەوەیە هەندێك ئافرەت وا دەزانن ئەگەر كێشەیان لەگەڵ مێردەكانیان هەبێ‌، ناتوانن داوای جیابوونەوە بكەن، چونكە وا حاڵی كراون كە تەڵاق تەنیا بەدەستی پیاوانە.

ئەو ئافرەتە بۆی گێڕاینەوە، دوای ئەوەی دایك و باوكی لەدەست دەدات، ئەركی بەخێوكردنی خێزانەكەی دەكەوێتە ئەستۆ، ماوەیەك بەدوای كاردا دەگەڕێ‌، دواتر لە كۆمپانیایەك كاری دەستدەكەوێ‌.

دوای ماوەیەك كاركردن لەو كۆمپانیایە، دەكەوێتە پەیوەندیی خۆشەویستی لەگەڵ خاوەنی كۆمپانیاكە، تا وای لێدێ‌ كەس نامێنێ‌ لە كۆمپانیاكە بە پەیوەندییەكەیان نەزانێ‌. ئەو ئافرەتە هەر لەگەڵ كاركردن، خوێندنی زانكۆش تەواو دەكات، دواتر داوا لە خاوەنی كۆمپانیاكە دەكات كە چیدی بەو جۆرە درێژە بە پەیوەندییەكەیان نەدەن و خوازبێنی بكات، چونكە خەڵك و كارمەندانی كۆمپانیاكە تانە و تەشەری لێدەدەن. 

خاوەنی كۆمپانیاكەش كە خێزاندار بووە، دەڵێت با پرسێك بە هاوژینەكەم بكەم. بەڵام هاوژینی خاوەن كۆمپانیاكە رۆژێك دەچێتە كۆمپانیا و هەر قسەیەكی ناشیرین بەسەر دەمیدا دێت بە ئافرەتەكەی دەڵێت، ئیدی ئافرەتەكە ناچار دەبێ‌ كۆمپانیاكە جێبهێڵێ‌ و كۆتاییش بە پەیوەندییەكەی لەگەڵ خاوەنی كۆمپانیاكە بهێنێ‌.

ئەو ژنە درێژەی بە گێڕانەوەكەی دا و گوتی: "كارێكی دیكەم دۆزییەوە، دوای دوو ساڵ كەسێك هاتە خوازبێنیم و رازی بووم و مارەی بڕیم، چەند رۆژێكی كەمی مابوو زەماوەند بكەین، كەچی پەشیمان بووەوە، كەسێك چووبووە لای باسی رابردووی منی بۆ كردبوو، ئەویش پێیگوتم من ناتوانم لەگەڵ تۆ زەماوەند بكەم، دواتر خەڵك قسەم لەدوا دەكات، پێیگوتم ناچارم تەڵاقت بدەم و قەرەبووت بكەمەوە. من لە رووی ماددییەوە هیچ كێشەیەكم نەبوو، ئۆتۆمبێل و پارە و زێڕم هەبوو، بەڵام دڵم بە هیچیان خۆش نەبوو.

تا رۆژێكیان پیاوێكی دیكە هاتە خوازبێنیم، كە پرسیارم كرد گوتیان كەسێكی باش نییە، منیش بە هێندم وەرنەگرت و لەو باوەڕەدا بووم كە دەتوانم بە ئامۆژگاری و قسەی خۆش بیكەمە كەسێكی باش. پێمگوت بەو شێوەیە باست دەكەن، ئەویش گوتی منیش هەموو شتێك لەبارەی رابردووت دەزانم، گوتم كەواتە هەردووكمان عەیبدارین، بۆیە بڕیارماندا هاوسەرگیری بكەین، بەڵام رۆژە خۆشەكانم لەلای ئەو پیاوە زۆر كورت بوون، هەرزوو دەستی دایە رەفتاری توندوتیژ بەرامبەرم. چەندینجار داوام لێكرد تەڵاقم بدات كەچی نەك هەر تەڵاقم نادات، ئیهانەشم دەكات و باسی رابردووم دەكات، هیچی پێوە نەهێشتووم، سەیارە، زێڕ، پارە، هەمووی بە قومار دۆڕاند".

ئامۆژگاری ئافرەتەكە كرا كە بچێتە دادگای باری كەسی و سكاڵا تۆمار بكات، بەوجۆرە ئافرەتەكە لە پیاوەكە جیابووەوە. لە ماددەی 40ی یاسای باری كەسیدا هاتووە كە هەردوو هاوسەر بۆیان هەیە داوای جیابوونەوە تۆمار بكەن، ئەگەر یەكێك لە هاوسەرەكان زیانی گەیاند بە ئەوی دیكە. بەپێی یاساكە خواردنەوەی مەشروب، كێشانی مادەی هۆشبەر، قوماركردن بە ماڵی هاوسەرێتی، بە زیانگەیاندن هەژمار دەكرێ‌.