گرژییەكانی نێوان ئەمریکا و هێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بەرەو كوێ دەچن؟
شەڕێكی سنووردار
ھاوكات لەگەڵ پێشهاتە سەربازییەكانی شەڕی غەززە و تووندبوونی پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و پێداگریی تەلئەڤیڤ لەسەر تێكشكاندنی حەماس لە كەرتی غەززە، لە عێراقیشدا ململانێی نێوان ئەمریكا و ھێزە پرۆكسییەكانی سەر بە ئێران بەرەو گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر دەڕوات. ھەرچەندە ھێشتا ململانێی نێوان ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران، كە ناویان لە خۆیان ناوە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لەگەڵ ئەمریكا لە ئاستێكی سنوورداردایە، بەڵام دەكرێت ئەم ململانێیە لە كۆتاییدا ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت، بەرەو ئاراستەیەكی مەترسیدارتر بڕوات، بەتایبەت ئەگەر ھێرشی گرووپە چەكدارەكانی شیعە بۆ سەر ھێزەكانی ئەمریكا بەردەوام بن. لەدوای دەستپێكردنی شەڕی غەززە، بەتایبەتییش لە 17ی ئۆكتۆبەر تاوەكو ئێستا ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە عێراق و سووریا نزیكەی 115 ھێرشیان بە درۆن و مووشەك كردووەتە سەر ھێزەكانی ئەمریكا لە بنكە سەربازییەكانی عەین ئەسەد لە ئەنبار، ھەرێمی كوردستان و سووریا.
بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشە بەردەوامەكانی ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران، ئەمریكا ئەمە چەندین جارە وەكو كاردانەوە ھێرش دەكاتە سەر پێگەی میلیشیا شیعەكان و سوپای قودس لە عێراق و سووریادا. لە تازەترین و دیارترین ھێرشیشدا لە 4ی كانوونی دووەمی 2024، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بارەگای لیوای 12ی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبیی لە شەقامی فەڵەستینی بەغدا کردە ئامانج و بەهۆی هێرشەکەوە چەند سەرکردەی حەشد کوژران و بریندار بوون.
گرووپە پرۆكسییەكانی ئێران و بەئامانجگرتنی ئەمریكا
لەڕاستیدا ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی، زۆر ئامانج و مەبەستیان ھەیە لە بەئامانجگرتنی ھێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، كە دیارترینیان بریتین لەم خاڵانەی خوارەوە:
یەكەم: ئێران دەیەوێت گوشارێك لەسەر ئەمریكا دروست بكات بۆئەوەی لەلایەك یارمەتییەكانی بۆ ئیسرائیل رابگرێت لە شەڕی غەززە، لە لایەکی دیکەیشەوە تەلئەڤیڤ ناچار بكات بۆئەوەی ھێرشەكانی بۆ سەر حەماس رابگرێت.
دووەم: ئێران، بەتایبەتیش سوپای قودس، رۆڵی سەرەكیی ھەبووە لە ھاندانی حەماس بۆ ھێرشكردنە سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەردا. ئێران و حەماس پێیان وابوو كاردانەوەی ئیسرائیل ھاوشێوەی جارانی پێشوو سنووردار دەبێت و بیر لە داگیركردنی كەرتی غەززە ناكاتەوە. گوتەبێژی سوپای پاسداران رەمەزان شەريف لە 28ی کانوونی یەکەمی 2023 لە لێدوانێكدا باسی ئەوەی كرد کە ھێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ئەنجامی تۆڵەكردنەوەی كوشتنی قاسم سولەیمانی بووە.
ھەرچەندە دواتر بەھۆی كاردانەوەكان و نیگەرانییەكانی حەماس، سوپای پاسداران لەو لێدوانە پەشیمان بووەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە ئێران رۆڵی كاریگەری ھەبووە لە ھاندانی حەماس بۆ ھێرشكردنە سەر ئیسرائیل. ھەربۆیە ئێستا ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی بەرامبەر رای گشتیی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی تووشی جۆرێك لە شەرمەزاری بوون، بەوەی لە سەرەتادا ھانی حەماسیان داوە و ئێستاش وەكو پێویست بەرگریی لێ ناكەن. بەتایبەت دوای ئەوەی بۆیان دەركەوت حساباتیان ھەڵە بووە و ئەمجارە ئیسرائیل مەبەستیەتی بە تەواوتی حەماس تێكبشكێنێت.
سێیەم: كشانەوەی ئەمریكا لە عێراقدا یەكێكی دیکەیە لە ئامانجە سەرەكییەكانی گرووپە چەكدارەكان لە ھێرشكردنە سەر ئەمریكا. ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی بە چڕی كار لەسەر ئەو خاڵە دەكەن، كە ئەمریكا بە تەواوەتی لە عێراق بكشێتەوە. بێگومان ئەمەش لەو روانگەیەوەیە كە ھەبوونی ئەمریكا لە عێراقدا بە گەورەترین بەربەست دادەنرێت لەبەردەم سیاسەت و ئەجێنداكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی، بەتایبەت لە عێراق و سووریادا. لەدوای ھێرشی ئەمجارەی ئەمریكا بۆ سەر گرووپی نوجەبا، ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران لە ھەموو لێدوانەكانیاندا جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە دەبێت بە زووترین كات ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە. تەنانەت سوودانیش لەمیانەی گوتارێكیدا لە 5ی كانوونی دووەمی 2024دا لە ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانیدا باسی ئەوەی كرد، هیچ لایەنێك مافی ئەوەی نییە سەروەریی عێراق پێشێل بكات و لیژنەیەك بۆ كشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراقدا پێكهێناوە.
چوارەم: رەنگە ھۆكارێكی دیکەی ئەو ھێرشانە ھاندانی رووسیا بێت، ئەمەش لەو روانگەیەوە كە رووسیا لەوانەیە زیاتر ھانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی بدات، تاوەکو ھێرش بكەنە سەر ئەمریكا، تاوەكو زیاتر سەرقاڵ بكرێن و كەمتر گرنگی بە پرسی ئۆكراینا بدەن.
سیاسەتی بایدن بۆ راگرتنی ھێرشی گرووپە میلیشیاكان
سیاسەتی ئیدارەی بایدن بەرامبەر ھێرشی پروكسییەكانی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانیان بە دوو ئاراستە بووە. لەلایەك لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ھەوڵ دراوە گوشار لەسەر ئێران و حكومەتی عێراق دروست بكات بۆئەوەی ھێرشەكانیان رابگرن. لەم رووەوە لە 5ی تشرینی دووەمی 2023 ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەغدای كرد و راستەوخۆ لەگەڵ سوودانی كۆبووەوە و ھۆشداریی تووندی دایە بەغدا سەبارەت بە بەردەوامیی ھێرشی گرووپە شيعەكان بۆ سەر ئەمریكا. لەو سەردانەدا ئەمریكا چوار پەیامی گرنگی بە بەغدا دابوو:
یەكەمیان، بلینكن زۆر راشكاوانە بە حكومەتی عێراقی راگەیاندووە كە دەبێت ئەركی خۆی بهجێبگهیێنێت لە رێگریكردن لە گرووپە میلیشیاكان لە ھێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا. لەم رووەوە بلینكن ئاماژەی بەوە كرد، ئەو هەڕەشانەی لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن، بە تەواوەتی قبووڵ نەکراون. دووەمیان، ئەمریكا بەرامبەر ھێرشكردنە سەر بەرژەوەندی و بنكە سەربازییەكانی بێدەنگ نابێت. لەم رووەوە جەختی لەسەر ئەوە كردووەتهوه، كە ئەگەر ھێرشەكان بەردەوام بن، ئەمریكا راستەوخۆ گرووپە میلیشیاكان دەكاتە ئامانج و رووبەڕووی گورزی سەربازی دەبنهوه.
خاڵێكی دیكەی گرنگ (سێیەم) ئەوە بووە كە ھانی حكومەتی عێراقی داوە، رێگە لە گرووپە میلیشیاكان بگرێت لەوەی بە مووشەك و درۆن له رێگەی عێراقەوە ھێرش بكەنە سەر ئیسرائیل و دەبێت سنوورێكیان بۆ دابنرێت. چوارەم، بلینكن جەختی لەسەر ئەوە كردووەتهوه كە لەگەڵ ئەوەدا نین بازنەی جهنگەكەی غهززە فراوان بێت؛ بەڵام ئەگەر ئێران یان ھاوپەیمانەكانی بەرەیەكی دیکەی جهنگ بكەنەوە، راستەوخۆ لە ئێران دەدەن. لەم رووەوە ئەنتۆنی بلینکن لە سەردانەكەیدا بۆ بەغدا ئاماژەی بەوە كرد، نایانەوێت لەگەڵ ئێران رووبەڕووبوونەوەیان هەبێت، بەڵام هەموو رێکارێک بۆ پاراستنی هێزەکانیان و هاووڵاتییانیان دەگرنەبەر.
لە لایەكی دیکەیشەوە كاتێك ئیدارەی بایدن دەبینێت حكومەتی سوودانی دەستەوەستانە بەرامبەر ھێرشی گرووپە چەكدارەكان و وەك پێویست كار ناكات بۆ راگرتنی ھێرشەكانیان، ئەوا لە رووی سەربازییەوە لە ئاستێكی سنوورداردا گورزی سەربازی لەم گرووپانە وەشاندووە. خاڵی ھەرەگرنگ لەم ھێرشانەدا ئەوەیە كە جاران زیاتر لە سووریا لە گرووپە میلیشیاکان دەدرا، بەڵام ئێستا ئەمریكا لە خاكی عێراق و لەناو جەرگەی بەغدا لەو گرووپانە دەدات. بێگومان ئەمەش كۆمەلێك پەیامی گرنگی ھەیە: یەكەم، ئەمریكا نیگەرانە لە سیاسەتی حكومەتی سوودانی و ئەو بێھەڵوێستییەی كە ھەیەتی بەرامبەر پرۆكسییەكانی ئێران لە ھێرشكردنە سەر بنكە سەربازییەكانی لە عێراق و سوریادا. لەم رووەوە پێدەچیت ئەمریكا بێ ھیوا بووبێت لە بەغدا كە بتوانێت رووبەڕووی ئەو ھێزانە ببێتەوە. بۆیە ئەمریكا چیتر موراعاتی حكومەتی سوودانی ناكات، بەڵكو خۆی راستەوخۆ وەڵامی ھێرشەكان دەداتەوە و گورزی سەربازییان لێ دەدات.
دووەم، خاڵێكی دیكەی گرنگ ئەوەیە كە ئەمریكا چیتر پارێزبەندی ناداتە گرووپە میلیشیاکان لە عێراقدا و دەیانكاتە ئامانج. بەتایبەت لە سەردەمی ئیدارەی بایدن تاڕادەیەك لە هەوڵی ئەوەدابوون كە ئەمریكا تۆمەتبار نەكرێت بە پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق. لەبەر ئەمەش ئەمریكا لە جارانی پێشوودا زیاتر ھێزە شیعەكانی لە سووریا دەكردە ئامانج، نەك لە عێراقدا. بەڵام ھێرشاكانی ئەم دواییەی ئەمریكا بۆ سەر پرۆكسییەكانی ئێران بەتایبەتیش لە جرف سەخەر و لە بەغداش ئەوە دەردەخات، كە ئەمریكا ئیدی وازی لەو سیاسەتە ھێناوە و رێگە نادات میلیشیا شیعەكان بە ئازادی لە عێراقدا بجووڵێنەوە و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بخەنە مەترسییەوە.
سێیەم، سیاسەتی بایدن لە رووی سەربازییەوە بەرامبەر گرووپە میلیشیاكان زیاتر خۆی لە ستراتیژیی بەرپەرچدانەوە (Deterrence policy) دەبینێتەوە، كە مەبەسەت لەم سیاسەتە ئەوەیە وا لە دوژمن بكەیت كە ترسیان ھەبێت یاخود خۆیان بپارێزن لە ھێرشكردنە سەرت، چونكە دەزانن رووبەڕووی سزا و وەڵامی تووند دەبنەوە. ئێستا سیاسەتی بایدن بەرامبەر ئێران و ئەو گورزە سەربازییانەی كە لە پرۆكسییەكانی دەدات، زیاتر بۆ ئەوەیە پێیان بڵێت ھەر ھێرشێك بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بێ وەڵام نابێت و رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە. ھەرچەندە ھەندێك چاودێری سیاسی پێیان وایە ھێشتا بایدن سەركەوتوو نەبوو لە پراكتیزەكردنی ئەو ستراتیژییەتە، بەتایبەت وەڵامەكانی بۆ سزادانی گرووپە چەكدارەكان لەو ئاستەدا نییە، كە وا بكات ئەم گرووپانە ترسیان ھەبێت لە ھێرشكردنە سەر پێگەكانی ئەمریكا. چوارەم، پاراستنی بەرژەوەندی و پێگە سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا ھۆكارێكی دیكەیە كە ئەمریكا لە چوارچێوەیەكی سنوورداردا ھێرش دەكاتە سەر پێگەی گرووپە میلیشیاكان. لەم رووەوە لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا، ماتیو میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە "پێویستە حکومەتی عێراق هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا کە لەسەر بانگهێشتی ئەوان لەوێن" ھەروەھا گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند: "ئێمەش هەمیشە گوتوومانە کە مافی بەرگریکردن لە خۆمانمان هەیە و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانمان دەگرینەبەر."
بە شێوەیەكی گشتی ھێشتا ئاستی گرژییەكانی نێوان ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران و ئەمریكا لە عێراقدا لە ئاستێكی سنوورداردایە و نە ئێران و نە ئەمریكاش لەگەڵ ئەوەدا نین ئەو گرژییانە لە كۆنتڕۆڵ دەربچن. لەلایەك ئیدارەی بایدن لە مانگی 11 ی ئەم ساڵەدا ھەڵبژاردنی لە پێشە و ھەڵگیرسانی شەڕێكی دیكە زیانی گەورە لە پێگەگەی دەدات. بەھەمان ئاراستەش ئێران و ھێزە پرۆكسییەكانی لە بەرژەوەندییان نییە شەڕەكە لە عێراقدا گەورە ببێت، چونكە لە زۆر لایەنەوە زیانی گەورەیان بەردەكەوێت. بەتایبەت ئێستا ھاوپەیمانەكانی ئێران جومگە گرنگەكانی دەسەڵاتیان لە عێراقدا لە دەستدایە و حكومەتیش سەر بە خۆیانە. ھەروەھا لە ھەڵبژاردنی پارێزگاكانیش بەھۆی غیابی رەوتی سەدر لە زۆربەی ناوچە شیعەكان سەركەوتوون. بۆیە بەرزكردنەوەی ئاستی گرژییەكان لەگەڵ ئەمریكا مەترسی راستەقینە لە سەر دەسەڵات و بەرژەوەندی و حكومەتەكەیان درووست دەكات و تەنانەت ئەگەری رووخاندنی حكومەتی سوودانی دێتە ئاراوە.