لە ساڵی 1957 تیمێکی کەرت ریچەر، کە زانایەکی ئەمریکییە و لێکۆڵینەوە لە رەفتاری مرۆڤ دەکات، تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر کۆمەڵێک مشک کرد. تیمەکە کۆمەڵێک مشکیان خستە نێو دەفرێکی پڕ لە ئاوەوە، کە هیچ دەرچەیەکی دەربازبوونی تێدا نەبوو. تیمەکە بەجیا دوو کۆمەڵە مشکیان خستە نێو دەفرەکەوە، کۆمەڵەی یەکەمیان کە مشکی کێوی بوون، تەنیا توانیان 15 خولەک مەلە بکەن و دواتر خنکان، بەڵام کۆمەڵەی دووەم، کە مشکی ماڵی بوون، توانیان 40 تاوەکو 60 خولەک مەلە بکەن.
ئەنجامی تاقیکردنەوەکە سەرسووڕمانی توێژەرەکانی لێکەوتەوە. تیمەکە دواتر بڕیاریاندا شێوازی تاقیکردنەوەکە بگۆڕن؛ ئەم جارە کۆمەڵێک مشکی کێوییان خستە نێو دەفرەکە و دوای چەند خولەکێکی کەم دەریاندەهێنان و دواتر دووبارە مشکەکانیان خستەوە نێو دەفرەکە. ئەنجامی تاقیکردنەوە بۆ تیمەکە سەرسووڕهێنەر بوو، لەبەرئەوەی ئەم جارە مشکە کێوییەکانیش توانیان 40 تاوەکو 60 خولەک لەنێو ئاوەکەدا بمێننەوە. بۆچی مشکەکان ئەو ماوە زۆرە توانیان لەنێو ئاوەکەدا بمێننەوە؟ مشکە کێوییەکان، ئەوانەی کە لە تاقیکردنەوەی یەکەم مردن، هەرگیز بیریان لەوە نەدەکردەوە کە کەسێک بەهانایانەوە دێت و رزگاریان دەکات، بەڵام دوای ئەوەی کە لە خنکان رزگارکران، تێگەیشتن کە بەردەوام ئەگەری رزگاربوون هەیە. تیمەکە بە رزگارکردنی مشکەکان لە خنکان شتێکی بەهێزیان پێبەخشین، شتێک کە توانای بە مشکەکان بەخشی ئەو ماوە زۆر بەردەوام بن لە مەلەکردن؛ ئەو شتەش هیوا بوو.
هیوا بزوێنەری ژیانە، هێزی بزوێنەری ئێمەیە: "هیوادارم ئەم خۆشەویستییە بۆ هەمیشە بەردەوام بێت". "هیوادارم ئازاری گەدەم شتێکی جیددی نەبێت". "بەهیوام کە کارێک بدۆزمەوە یان لە بەندینخانە ئازاد بکرێم". "بەهیوام کە جەنگەکە کۆتایی پێبێت". ."بەهیوام باران ببارێت بۆ ئەوەی بەرهەمەکەم باش بێت". هەموو بەیانییەک بە هیوایەک دەست پێدەکات، ئینجا ئەو هیوایە بچووک بێت، بۆ کەشوهەوایەکی باش بێت یان بۆ گفتوگۆیەکی مانادار. کاتێک کە کۆچبەرێک دەچێتە نێو بەلەمێک، کاتێک کە نەخۆشێک دەچێتە نێو نەخۆشخانە، هیوا نیشاندەری رێگەکەیانە.
هیوا لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکان هێزمان پێدەبەخشێت
ئەگەر لە روانگەی بیردۆزی پەرەسەندنەوە سەیری بکەین، هیوا بەهای خۆی سەلماندووە و پاڵنەری کردارەکانە. ئەوانەی پێیانوایە ئەنجامی کارەکەیان باش دەردەچێت، هەموو رێکارێکی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی ئامانجەکەیان بەدەستبێنن. لە پڕۆسەی بەدەستهێنانی ئامانجەکان دا، ماندووێتی و گوشار پەراوێز دەخرێن و جەستە پاڵ بە سنوورەکانەوە دەنێت. ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە دەتوانێت جیاوازی لەنێوان مانەوە و مردن، نەخۆشی و چاکبوونەوە دروست بکات. توێژینەوەکانی رابردوو سەلماندوویانە گەشبینی وەکو دەرمانێکی نەبیندراو کار دەکات.
زانستی دەمارەکان سەلماندوویەتی هیوا بنەمایەکی فیزیکی لە مێشک دا هەیە، هەروەها زانایان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کاتێک کەسێک بەهیواوە بیردەکاتەوە، ناوچەیەکی مێشک کارا دەبێت.
باوەڕ یارمەتیدەرە
لەوانەیە پێکەنیناوی بێت، بەڵام ئەو حەب و دەرمانانەی کە هیچ پێکهاتەیەکی کیمیاییان تێدا نییە و نەخۆشەکان پێیانوایە راستین و پێکهاتەکانیان تێدایە، دەتوانن نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە نەخۆش کەم بکەنەوە.
ئەو بیروباوەڕە وا لە مێشک دەکات دەست بە چالاکیی کەمکردنەوەی ئازار بکات، زۆر جاریش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارەکە.
هیوا لە جیهانێک کە پڕە لە ئاڵنگاری
لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆمان دا، هیوا بە ئەستەم دەتوانێت بگاتە شوێنەکەی. زۆر جار هیوای مۆدێرن پەیوەستە بە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی تەواو بەسەر شتەکان و بوونی سەلامەتییەکی رەها. ئێمە دەبێت باوەڕمان بەوە هەبێت کە هەموو نەخۆشییەکان دەکرێت چارەسەر بکرێن و هەمیشە ئەگەرێک هەیە کە تەندروستیمان بۆ بگەڕێتەوە، بەڵام ئەم شێوازی بیرکردنەوەیە وادەکات کە توانای خۆگونجاندنمان لەگەڵ ئەو شتانە نەبێت کە ناتوانین چارەسەریان بکەین. هیوای راستەقینە بە مانای ژیان لەگەڵ نەخۆشییەکان دێت، نەک سڕینەوەیان.
مەترسییەکانی هیوا و ئەرێنیبوونێکی ناڕاستەقینە
هەندێک جار هیوا دەتوانێت ببێتە تەڵە و مەترسیداریش بێت. لە جیهانی رۆژئاوای مۆدێرن، بەردەوام هیوای زیاتر و زیاتر دەخوازین، زۆر جار هیواکانمان زیاترن لەوەی کە پێویستیمان پێیانە. هەبوونی چەند بژاردەیەکی جیاواز دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی متمانە. زۆربەی ئەو کتێبانەی کە بۆ بەرەوپێشبردنی خۆمان دەیانخوێنینەوە و ئەو کتێبانەش کە گوایە چارەسەری کێشە و گرفتەکانمان دەکەن، بەردەوام پێشنیازمان بۆ دەکەن کە ئاڵنگارییەکانمان بە بیرکردنەوەیەکی ئەرێنی چارەسەر دەبن. لەکاتێکدا بیرکردنەوەی ئەرێنی دەکرێت بۆ هەندێک کەس یارمەتیدەربێت، بەڵام بۆ هەندێکی دیکە دەکرێت ببێتە بارگرانییەکی بەرگەنەگیراو.
جەختکردنەوە لەسەر بیرکردنەوەی ئەرێنی و پشتگوێخستنی ئاستەنگەکان وا لە خەڵک دەکات نەتوانن بەرگەی هەموو ئەگەرەکان بگرن. خەونبینین بە داهاتوویەکی تەواو بێ کەموکوڕی وادەکات ئەو هەوڵانە پشتگوێ بخەین، کە پێویستن بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە. ئاڵنگارییەکانی وەکو نەخۆشی، جیابوونەوە، لەدەستدانی ئازیزان و کۆچکردن دەبنە هۆی دروستبوونی ئازارێک، کە چارەسەرکردنیان ئاسان نییە. بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرەو پێشەوە بچێت، دەبێت سەرەتا ئێستای خۆی قبووڵ بکات.
قبووڵکردنی دۆخی ئێستات لەکاتێکدا هەرچەندە ئازاربەخشیش بێت، یەکەمین هەنگاوە بۆ بنیاتنانی هیوایەکی نوێ. بنیاتنانی هیوایەکی نوێ بەندە لەسەر بنەمای راستی و قبووڵکردنی کێشەکانی ژیانت، بەڵام دووبارە پێناسەکردنەوەی ئەو واقیعە لەوانەیە گەشتێکی پڕ لە ئازاربێت.
"هیوا گەشبینیی نییە"
هەروەکو ڤاتسلاڤ هاڤێلی چیکی، کە داکۆکیکارێکی بەنێوبانگی مافەکانی مرۆڤە دەڵێت، "هیوا گەشبینی نییە. هیوا ئەو تێڕوانینە نییە کە دەبێت شتەکان هەموویان باش بن، بەڵکو شتێکە لەگەڵ کەتوار (واقع) و لۆژیک دەگونجێت و مانادارە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئەنجامەکەی هەر چۆنێک بێت".
رەنگە لەڕووی سیاسییەوە ئەو جۆرە هیوایە بووبێتە هۆی ئەوەی کە گەلی کورد چەندین سەدە بە خۆڕاگری بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ