مەترسیی قاعیدە بۆ سەر کوردستان


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان، داوای لە حکومەتی کوردستان کردووە کە کۆمیتەیەک پێکبهێنن بۆ لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو گەنجە کوردانەی دەگوترێت بۆ جیهاد دەچنە سووریا. حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمان ئەو کێشەیەی هەیە کە وڵاتانی ئەوروپاش هەیانە. شەڕی جیهاد لە سووریا قاعیدەی هەر لە سنوورەکانی ئەوروپا نزیکتر نەکردەوە، بەڵکو لە سنوورەکانی کوردستانیش نزیکی کردەوە. ئەوەش لە دوایین هێرشیاندا (واتە تەقینەوەکە) لە هەولێر دەرکەوت.

چەندین راپۆرت ئاماژە بەوە دەکەن کە زۆر گەنجی جیهادی لە مزگەوتەکانی پارێزگای سلێمانییەوە ئامادەکراون و بردراون بۆ سووریا. یەکینەکانی پاراستنی گەل چەندین کوردی خەڵکی کوردستانی عێراقیان دەستگیرکردووە لە سووریا، هەروەها زۆر هەواڵیش هەبوون دەربارەی ئەو جیهادییە کوردانەی سەفەری سووریا دەکەن. زۆربەی ئەوانە خەڵکی ناوچە زۆر ئیسلامییەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن و هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکەن.

هەرچەندە بەرپرسان ئاگایان لەو هەڕەشانە هەبوو، بەڵام هێزە ئەمنییە کوردییەکان پێدەچێت سەرکەوتوو نەبووبن لە رێگەگرتن لە گەشەکردنی جموجۆڵی جیهادییەکان لە کوردستان. گرووپە جیهادییە کوردییەکان زۆربەیان دوای ساڵی 2003، کە ئەمریکا هاتە عێراقەوە، چوونە دەرەوەی کوردستان. هەروەها بەشداریپێکردنی هێزە ئیسلامییەکان لە سیستمی سیاسیی کوردستاندا وایکرد کە ئەو هێزە جیهادییانە بەهێز نەبن. ئێستا شەڕی سووریا هەلی زۆرتری داوەتە جیهادییەکان بۆئەوەی سەرلەنەوێ دەستبکەنەوە بە هێرشەکانیان و تووندوتیژی بەکاربهێنن.

رۆژی 18/11/2013، بۆ یەکەمجار هێزە ئەمنییەکانی کوردستان جیهادییەکیان دەستگیرکرد کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە لە سەفەری تورکیا دەگەڕایەوە.

هەرچەندە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا کەوتوونەتە نێو شەڕێکی راگەیاندنەوە لەدژی یەکدی و کێبڕکێی ئەوەیانە کە کامیان رێبەرایەتیی کورد بکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەڵام بۆ قاعیدە هیچیەک لەو پارتانە جیاوازییان نییە و هەموویان دوژمنن.

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی عێراق و شام بە زاراوەی سۆرانی (کوردی) بڵاوکراوەتەوە، کەسێک بەناوی ئەبوو حارس ئەلکوردی دەڵێت: “بەم چەکانەوە دەگەڕێینەوە کوردستان و هەموو ئەندامانی پارتی و یەکێتی و هێزە ئەمنییەکان دەکوژین”.

پێدەچێت بەهاری عەرەبی تەنیا کوردەکانی سووریای بەهێز نەکردبێت، بەڵکو قاعیدەشی بەهێز کردبێت و وایکردبێت هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکات. هەمان شتیش لەگەڵ کوردەکانی سووریا بکات. لە ماوەی رابردوودا قاعیدە هێرشی کردووەتە سەر ئامانجی جیاوازی هەموو پارتە کوردییەکان لە قامشلۆ، کۆبانی، تەل مەعرووف و هەولێر، هەروەها هێرشێکیش لە ئاکرێ پووچەڵکرابووەوە.

هەندێک دەنگۆ لەسەر ئەوە هەن کە لە هێرشەکەی هەولێردا هەندێک کوردیشی تێدابوون. هەرچەندە هێزە ئەمنییەکان گوتییان گومانلێکراوەکان خەڵکی مووسڵن.

ئەمە ئەو راستییە پیشاندەدات کە پارتە کوردییەکان پێویستیان بە کارکردنە لەسەر ئەو مەسەلەیە. چونکە ئەگەر ئیشی لەسەر نەکەن، تەنیا ناوچە کوردییەکانی سووریا (رۆژئاوا) نا، بەڵکو کوردستانی عێراقیش دەرهاویشتە خراپەکانی دەبینێت.