هەڵەی بێدەنگی!

 
وەک چۆن هەڵبژاردن کۆڵەگەیەکی سەرەکیی دیموکراسییە، بەڵام هەموو دیموکراسی و تاکە فاکتەر و بنەمای بەدیهێنانی دیموکراسی نییە، بە هەمان شێوە، بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردندا بەشێکی گرنگی بەشداریی سیاسییە، وەلێ کۆی پرۆسەکە نییە. لەگەڵ ئەمەشدا، چۆن هەڵبژاردن بۆ قووڵکردنەوەی ئەزموونی دیموکراسی گرنگە، بە هەمان ئاست و قەبارە؛ بەشداریکردنی هاووڵاتییانیش لە پرۆسەی دەنگداندا بۆ خاوێنڕاگرتنی خودی پرۆسەی هەڵبژاردن، گرنگ و پێویستە.
 
لەم روانگەیەوە، کاتێک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سه‌نگ و پتەوبوونی پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان و نوێبوونەوەی ره‌وايه‌تيى دامه‌زراوه‌كانمان، به‌ ئه‌نجامدان و سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و ئازاده‌وه‌ به‌نده‌. بۆيه‌ ئه‌ركى هه‌موومانه‌ پێكه‌وه‌ كار بۆ سه‌ركه‌وتنى بكه‌ين." ئەوا بەم پەیامەیان دەیەوێ خەیاڵ و زەینمان بباتەوە سەر خاڵێکی زۆر گرنگ، ئەویش رۆڵ و کاریگەریی ئەرێنیی بەشداریکردن و دەنگدانی هاووڵاتییانە لە پاکی و بێگەردیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی پرۆسەکە، چۆن؟
 
بەشداریکردنی هاووڵاتی لە دەنگداندا، بە تەنیا گوزارشت نییە لە ویست و ئیرادەی بۆ خاوەندارێتیکردنی مافە سیاسی و یاساییەکانی، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئاگاییە سیاسی و هۆشیارییە کۆمەڵایەتییەکەیشی. بەوپێیەی جگە لە کاریگەرییەکەی لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکاندا، بەشداریکردن و دەنگدانی هاووڵاتی لە پرۆسەکەدا، هاوکار و یارمەتیدەر دەبێت کە پرۆسەی دیموکراسی بە راستەڕێ و ئاقاری دروستی خۆیدا بڕوات و ساڵ دوای ساڵ، لەژیانی سیاسیدا رەگاژۆتر بێت و ببێتە کولتوور و بەشێک لە هۆشیاریی نێوکۆیی کۆمەڵگە. 
 
لەم گۆشەنیگایەوە، چەندە رێژە و ئاستی بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر و بەرزتر بێت، ئەوەندە زیاتر پرۆسەکە سەرکەوتووتر دەبێت و خودی دیموکراسیەتیش پتەوتر دەبێت و دڵنیایی و متمانە لای کۆمەڵگا زیاتر دەکات، بەتایبەتی ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەپێی بنەما و پرەنسیپە دیموکراسییەکان و پێشمەرجە یاسایی و دەستوورییەکان بەڕێوە بچێت.
 
جەختکردنەوەی سەرۆک (نێچیرڤان بارزانی)ش لەسەر ئەوەی کە "هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانێكى به‌هێز، ده‌رفه‌ت و يارمه‌تيده‌رێكى گرنگه‌ بۆ پته‌وكردنى سيستمى ديموكراسى و دامه‌زراوه‌يى و چاكسازى." دەچێتە خانەی هەمان ئەم تێگەیشتنە قووڵە لە رەهەندەکانی دیموکراسی و چییەتی و بایەخی هەڵبژاردن. 
 
بەوپێیەی بەشداریکردن و دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا؛ گرنگییەکی زۆری لە بەهێزکردنی دیموکراسی و پێشخستنی نیشتمان و دیاریکردنی چارەنووسی نەوەکاندا هەیە. بۆیە تاک/ هاووڵاتی دەکەوێتە بەردەم ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورە لە بەرامبەر خۆی و نەوەکانی داهاتوو و نیشتماندا، بەوەی کە دەتوانێت بە دەنگی خۆی؛ هەم سیستمی دیموکراسی بپارێزێت، هەمیش بەشداریی لە پێشخستنی نیشتمانەکەی و گۆڕینی چارەنووسی گەلەکەی بەرەو باشتر بکات.
 
بەپێچەوانەوە، بەشدارینەکردن و خۆدوورەپەرێزکردنی تاک/هاووڵاتی لە هەڵبژاردندا، جا بە بیانووی بێ متمانەیی بە سیستەم و دەسەڵات بێت، یان بە هەر بیانوویێکی دیکەوە بێت، دواجار راکردنە لە مافە یاسایی و دەستوورییەکان و خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتییە ویژدانی و ئەخلاقییەکان بەرامبەر ئێستا و داهاتووی گەل و وڵاتەکەی و هەڵەیەکە و بێدەنگ بەرامبەر خۆی و نەوەکانی داهاتووی دەیکات!