یەک خولەکی دیکە دەوڵەتی کوردستانە

08-10-2017
چۆلی فایەق
نیشانەکردن دەوڵەتی کوردستان
A+ A-


ئێستە سەرمایەکە، کوردەواری گوتەنی "تف هەڵدەیت دەیبەستێت" ئەم تێڕمیناڵە هێندە چۆڵە، نەک مرۆڤ، من هیچ مێروولە و حەشەراتێکیشی لێ نابینم. شەوەزەنگە، کەشێکی تەماویی هەیە، دنیا کپ و ماتە. میلی بچووکی کاژێر لەسەر ژمارە سێ و درێژەکەیش لەسەر شەشە، یانی سێونیوی شەوە. قیچێکە ڕابوومە، دەمی دی بۆڕژابووم، سێ کورسی ژووری چاوەڕوانیی تەنیشت سکەم کردووەتە قەرەوێڵە، لەسەری شەکەت لێی ڕاکشاوم، ماڵی سەرما ئاوا نەبێ، خەوی زڕاندم. ئێروکانە بە ئیرە و بە هێندە بە کۆتا نایەت، بەڵکە دەبێت سێ کاژێری دیکەش چاوەڕێ بین، تا شەمەندەفەری مەبەست دێت و ئێمە دەگەیەنێت.

ئەم پەڕەگرافە، یاداشتی نێو  Noteی هاندەکەی دەستمە، چیڕۆکێکی لەدواوەیە، هەوڵدەدەم بە تەکنیکێک بە خوێنەرانی بگەیەنم.

شەوی 25ی مانگ، من و سەرمەد لە شارۆچکەی (ڕیکلین- هاوزن)ی سەر بە (دوسلدۆرف) لە ئەڵمانیا میوانی فریادی هاوڕێم بووین. دوای تاوتوێکردنی پلانی گەڕان و سووڕانمان، وامان بڕیاردا بەیانی سبەینە زووەکەی بچین بۆ شاری کۆڵن، لەوێ لە پڕۆسەی دەنگدانی ڕیفراندۆم بەشدار بین و دواتریش لەم شارەدا لێی وەسووڕێین. بەیانیی زوو خۆمان پێچایەوە، چووینە شوێنی پاس و بەسەرکەوتین، فریاد دەگەڵ دوو گەنجی کورد کەوتە چاکوچۆنی، پاشان ئێمەی بەیەکتر ناساند، ئیدی زانیم کە ئەوانە هۆشمەند و هۆشەنگن، ئەم جووتە برایە منداڵی خێزانێکی کەرکووکین، ئەمانیش لە ڕیکلن هاوزن دەژین و ئەمڕۆ هاوگەڕانمان دەبن.

25ی مانگمان لە کۆلن بەڕێ کرد، دوای دەنگدانمان بە ئەلیکترۆنی، فریاد لەبەردەم کلێسای بەناوودەنگی  (Dom)ی کۆڵن، جلکی ئافرەتانەی کوردیی پۆشی، مەبەستی گەیاندنی هێندێ پەیامی تایبەت بوو کە لای من گەیاندنی و پەیامی جوانیش بوون. لەوێ سەرنجی گەشتیارانی بۆ خۆی ڕاکێشابوو. 

ئێمە تکتێکی تایبەتمان بڕیبوو، تۆ لە هەشتی بەیانییەوە تا سێی شەو، بۆت هەبوو گشت ئەم موقاتەعەیە بکەیت، لەم ماوەیەدا بۆت هەبوو سەت جاریش سەرکەویە نێو قیتار. بەرەبەری ئێوارە، بڕیارمان دا لە کۆڵنەوە بچینە شاری نۆیس، لەوێ سەر لە کۆساری هاوڕێمان بدەین. چووینە ئەوێ، لە کافێ- کەیان دانیشتین و بووە درەنگانی شەوێ و خۆمان لەبیر کرد. ئیدی بەخۆکەوتین و چووینە بانۆڤی شار.  قیتار هات و سەرکەوتین بۆ دوسلدۆرف. لەنێو قیتار فریاد سەیری پلانی دەرچوونەکانی قیتاری کرد، گوتی کە دادەبەزین، شەش خولەکی تر قیتاری ئێمە دەگات، ئیدی لە دوسلدۆرف دابەزین.

 من قاچم هەوی کردبوو، ئەستوور بووبوو، هەمووی پیڤکە و برین بوو، لەبەرئەوەی بەپێیان زۆر گەڕابووین و کالە-کەی پێشم نوێ بوو، هێشتا ڕەق بوو و نەکرابووەوە. سەرمەد بەپێش کەوت و ڕۆی، منیش لە نێوەڕاستێ دەڕۆیشتم، فریادیش لەپاش بوو. لەیەکتری زۆر دوور نەبووین، خۆی ئەندازەی نێوان قادرمەکانیش هێندە دوور نەبوو، بەڵام نێوانیشمان هەبوو، دەنگی من بە هیی فریادی دەگەیشت. سەرمەد غاری دا، خێرا بەسەر قادرمەکان کەوت. منیش لە فریادم پرسی: ڕابکەین؟ ئەو وەڵامی دایەوە "نەخێر، نایەوێ، هێشتە شەش خولەکی ماوە" ئیدی منیش لەخوام دەوێ، خۆم قاچم دێشێ، لەوە چێتر بەکاوەخۆ بڕۆم!... من و فریاد وێکڕا گەیشتینە سەرەوە، سەرمەدیش لەوێ چەقی بوو. هێندەمان زانی، ئەو قیتارەی وەستابوو، هەتا قاچمان گەییە کۆتا قادرمە، لە هێکڕا بۆی دەرچوو. سەرمەد ئۆفێکی کرد و بە لەپەدەستی ڕاستی شەقێکی لە کەمەری خۆی دا و هاواری کرد: "شایسه، ئەوە قیتارەکەی ئێمە بوو، لەبەر ئێوە منیش نەچووم، قیچێک زووتر بگەیشتبان" فریاد کە ئەوەی بیست، کوردەواری گوتەنی ئیمانی له کەللە نەما. گوتم ها چ باسە فریاد، وەڵامی دامەوە: "تەفنیش دەبین، ئەوە کۆتا قیتاربوو دایرێکت بۆ ڕێکلن هاوزن بچێت، دوای ئەوە نامێنێت" ئێرە چونکە شارێکی بچووکی دەوڵەمەندنشینە، وەک شارە قەرەباڵغەکان، قیتار بەردەوام نییە. 

ئیدی پلانی گەشتمان لێ تێکچوو، بینەوبەردە، ناچار بە قیتارێک سەرکەوتین تا شاری "ئیسن"ی بردین، لەوێ ئێمەی دابەزاند و ئیدی قیتار وەستا. کاژێر بووبووە سێی شەو، لەلایەک تکتەکەمان سووتاوە و وەختی خۆی بە کۆتا هێناوە، لەلایەکی دیش قیتار نەماوە.  لەم بانۆڤە سارد و شەوەزەنگە، هەر ئەو سێ کەسە بووین، دەرگەی ژوورێکیان کرابووەوە، لەوێ لێی ڕاکشاین، وەلێ سەرما و لەرزین، وەخەبەری هێناین. سەرونەهێشێنم، تا کاژێری شەش، ئێمە لەوێ چاوەڕێی ئەوە بووین بانۆڤ ببێتەوە و قیتاری ئێمە بێت. وەڵحاسڵ، ئێمە نێزیک کاژێر هەشتی بەیانی، گەیینەوە شوێنی حەوانەوەی خۆمان لە ڕێکلن هاوزن. دوێنێ هەشتی بەیانی لە ماڵ دەرچووین، ئەمڕۆ هەشتی بەیانی گەیشتینەوە، ئەمەش لەنێوچەوانی لێتێکچوونی پلانی قیتار.

من لەوێ کە سێ کاژێر ساردی و شەکەتیم بەدەم چاوەڕوانیی قیتارەوە دیت، وەک گەنج و نووسەرێکی کورد، یەکسەر هەستێکم بۆ درووست بوو و هۆشم بۆ لای دۆزی کورد و دۆخی کوردستان ڕۆیی. قیتارەکەم بە دەوڵەتی کوردستان هاتە بەرچاو، خۆیشمان بە دیسکۆرس و ڕەوتە جیاوازەکانی لەمەڕ باسی خۆمانەوە، دەهاتە بەرچاو. سەرمەد نوێنەرایەتی ڕەوتی گەیین بە دەوڵەتی دەکرد، فریادیش نوێنەرایەتی دەنگی دژەدەوڵەتی و داوای دواخستنی دەکرد. منیش نوێنەرایەتیی ئەو دەنگە بووم کە لەخۆوە ئاوڕ لەوەی دواوەم دەدەمەوە. پێچەوانەی ڕێسای باو، لەباتی ئەوەی چاو لەوەی پێشم بکەم، ئاوڕی دواوە دەدەمەوە، بۆ ئەوەی بەدووی ئەوەی پشتەوەم بکەوم. دەوڵەتی کوردستان (قیتار) وا هاتووە و بۆمان وەستاوە، سەرمەد ڕێبەرایەتیی دەکات و خۆی پێگەیاندووە، هاوار دەکات پەلە بکەن با پێی بگەین. فریاد لەسەرەخۆ دەڕوات و بەکاوەخۆ دەڵێت: "هێشتە  کاتی نەهاتووە" منیش دەگەڵ ئەم "هێشتە کاتی نەهاتووە" دەکەوم. 

سەرمەد هاوار دەکات تەنیا خولەکێکی ماوە و خولەکی تر قیتار "دەوڵەتی کوردستان"ی مەیە، بەخۆکەون، کاتییەتی. ئێمەش بە کاتی نییە، قیتار "دەوڵەت"مان لەدەستەخۆمان دا. ئیدی ئەگەر عەقڵ میوانی مرۆڤ نەبێت، ئەوها لەسەر یەک خولەک، دەبێت وەک ئێمە سێ کاژێر زێتر، سەرما و شەکەتی و ئازار بچێژێت، لە ئەنجامیشدا، هەر سێ دەنگ و ڕەوت، باجی دواکەوتنەکە دەدات، بە سەرمەد "ڕێبەر"یشەوە. 

من ئەوەم دەهاتە بەرچاو، قیتار وا گەییوە، ئەگەر خۆمان گەیاندبایێ، ڕزگارمان دەبوو، تووشی ئەو قوڕبەسەرییە نەدەبووین. مادام قیتار "دەوڵەت" گەیشت، ئیدی هەموو دەم کاتییەتی تۆ وەسەرکەویت. کە بڕیارت دا هێشتا کاتی نییە، ئەگەر وەک ئێمە بۆ خولەکێکیش دواکەوتیت، ئەوا سێ کاژێر، نا، سێ ساڵ، نا سێ سەتەی دیکەش بێت، کاتێ ئەم پێگەیشتنەت دواخست، چەشتنی ئەم ساردی و ئازار و شەکەتییە، چەسپاوە، ڕێژەی نەگۆڕە، بۆت دانراوە. ئێمە ئەو شەوی با یان شەوێکی دوای سێ ساڵی دیش بێ، کاتێ بۆ خولەکێکیش لە شەمەندەفەر خۆمان دوادەخەین، دیسان سێ کاژێری ئازار و شەکەتیی چاوەڕوانیی دەچێژین.

مەبەستمە بڵێم، ئێستا دەوڵەتی کوردستان گەیشتووە، بۆمان وەستاوە و ڕەوتێکیش هاواریەتی با خۆمانی بگەیەنینێ. تۆ کە دەڵێی هێشتا کاتی نەهاتووە، ئێستە بێت یان لە ئایندە، ساڵێکی تر بێت یان سەتی دیکە، هەر دەبێت باجی چاوەڕوانی بدەیت و هیچ کامیشمان دەربازمان نابێت، ئازاری دواخستن هەموومان دەگرێتەوە، لە سەرمەدەوە تا فریاد، هەڵبەت بە منیشەوە. چاوت لەوە نەبێت هەڵوێستی عێراق و وەڵاتانی دیکەی دراوسێ بگۆڕدرێت. ئەم ململانێ و دەنگەشەیە، چەندە سیاسی و ئیکۆنۆمیانەیە، هێندەش فیکری و گرفتێکی وجوودیی نەتەوەییانەیە. ئاخر کورد کە خاوەنی گشت توخمە پێکهێنەرەکانی نەتەوەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەوڵەت هێشتە بە میللەت هەژمار دەکرێت، لەگەڵ ڕاگەیاندنی کیانی سەربەخۆ و بوونی دەوڵەت، ئیدی میللەتی کوردیش وەک ئەوانی تر به نەتەوە حسێب دەکرێت. ئەمەیش وا بە ئاسانی بە ئەوان هەزم ناکرێت و خودشکۆیی نەتەوەیی، عەقڵانییەتی سیاسی و تۆلێرانسی فیکری دەوێت.

ئەم باسە پرسێکی نیشتمانییە، سەرکەوتن بەسەر ئەم قیتاره، هەموو ڕەوت و ئاراستەکان پێدەگەیەنێت. دواکەوتنیش لێی، باجەکەی لەسەر هەمووان مسۆگەر دەکات. من حەزم بە پێبەندبوون بە یاسا و ئەتەکێت و ژیانی مەدەنییەوە هەیە، بۆیە کە گەییمە نێو قیتار "دەوڵەت"ێ، خەباتکار و چاڵاکی سەرسەختی چاککردنەوەی نەنگی و ڕاستکردنەوەی لارییەکانی نێوی دەبم، هەنگینێ هەست بە ڕاستگۆیی و چێژی وجوودیی خۆم دەکەم. خەباتی ڕاستەقینە دژ بە گەندەڵیی دەسەڵات و حزبە کوردییەکان، ئەوسات بەهای خۆی نیشان دەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە