گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان و عێراق؛ دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و کوالێتیی هەوا

 
بەرایی
 
دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەیە، بەتایبەتیش گەرمبوونی زەوی، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کوالێتیی هەوا لە جیهاندا. ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 7ی ئەیلوولی وەکو رۆژی هەوای پاک و ئاسمانی شین ناساندووە، بەڵام بەپێی دوایین بڵاوکراوەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان 99%ی خەڵکی جیهان هەوای پیس هەڵدەمژن و بەپێی پێوەرەکانیش بێت، عێراق لەو وڵاتانەیە کە پیسترین هەوای لە جیهاندا هەیە، کە ئەمەش بۆ ئاسایشی مرۆیی لەم وڵاتە هەواڵێکی دڵخۆشکەر نییە!
 
لە ساڵی 2021دا دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە عێراق 177.8 ملیۆن تۆن بووە، لە کاتێکدا لە پێنج دەیەی پێشتردا تەنیا 27.1 ملیۆن تۆن بووە، واتە نزیکەی حەوت هێندە زیادیکردووە؛ ئێستاش ساڵانە بە رێژەی 4.85% دەردانی ئەم گازە زیانبەخشە زیاتر دەبێت.
 
روویەکی دیکەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن پەیوەندیی بە کوالێتیی پاکبوون یاخود پیسبوونی هەواوە هەیە، کە بەپێی دوایین راپۆرتی ساڵانەی کوالێتیی هەوای جیهان WAQ، عێراق دووەم پیسترین هەوای لەنێو 131 وڵاتی جیهان هەیە، هەروەها لەڕووی کوالێتیی هەواوە، لەنێو 7323 شاردا، بەغدا بە پلەی 13وە لە ریزی پیسترین شارەکانی جیهانە و هەولێریش ریزبەندیی 336ـەمینی وەرگرتووە.
 
سەرچاوەی سەرەکیی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەوە دێت، بەڵام لە عێراق، سووتانی گازی هاوەڵ لە بەرهەمهێنانی نەوتەوە، سەرچاوەیەکی دیکەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆنە، بە شێوەیەک کە بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە IEA عێراق لە ساڵێکدا 17 ملیار مەتر گازی هاوەڵ دەسووتێنێت، کە سەرچاوەیەکی پیسبوونی هەوایە لەو شارانەی نەوتی لێوە بەرهەم دێت، هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی ویندۆی کەنەدی، بە تەنیا بە گۆڕینی سیستمەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سووتەمەنی (بەنزین، گاز و نەوت) بۆ گازی سرووشتی، دەتوانرێت 50 ملیۆن تۆن دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن کەمبکرێتەوە.
 
دوو گەورەترین سەرچاوەی سەرەکیی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە عێراق بریتین لە کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا و کەرتی گواستنەوە، بە شێوەیەک لە ماوەی نێوان ساڵانی 1990 بۆ 2021 لە عێراق بە رێژەی 371% بۆ کارەبا و 34% بۆ گواستنەوە زیادیکردووە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەوروپا دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە رێژەی 31% کەمیکردووە و بۆ کەرتی گواستنەوە بە رێژەی 16% زیادیکردووە.
 
هەروەها، لەڕووی تەندرووستییەوە لێکەوتەکانی پیسبوونی هەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، کە بە شێوەیەک ساڵ بە ساڵ ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیادی کردووە. لە پارێزگایەکی وەکو بەسرە لە ماوەی سێ ساڵدا بە رێژەی 20% زیادیکردووە، لە هەرێمی کوردستانیشدا لە ماوەی 2020 بۆ 2021 تووشبووانی شێرپەنجە دوو هێندە زیادی کردووە.
 
دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەوە لەسەر ئاستی عێراق و بەپێی تاک
 
 
لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا گۆڕانکاریی گەورە و زیادبوونێکی بێ وێنە لە دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بەسەر عێراقدا هاتووە. بەتایبەتیش لەم ساڵانەی دواییدا، بە شێوەیەک لە ساڵی 2000دا 88.6 ملیۆن تۆن، بەڵام لە 2021دا گەیشتووەتە 177.8 ملیۆن تۆن، واتە بە رێژەی 100% زیادیکردووە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە رێژەی 22% کەمیکردووە. هەڵبەت بەگشتی لە جیهاندا بە رێژەی 46.5% زیادیکردووە.
 
هەروەها، لەڕووی تاکەوە بۆ دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەکانەوە لە عێراق گۆڕانکاری یاخود زیادبوونێکی بەرچاو رووینەداوە، بە شێوەیەک، بۆ تاکێک لە عێراق کە لە ساڵی 2000دا گەیشتووەتە 3.7 تۆن، بەڵام لە 2021دا، واتە دوای دوو دەیە بەرزبووەتەوە بۆ 4.1 تۆن، واتە بە تەنیا بە رێژەی 10% زیادیکردووە، بڕوانە گرافیکی دووەم.
 
 
دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە کەرتە جیاوازەکانەوە لە عێراق
 
عێراق بەراورد بە وڵاتانی دیکەی جیهان و وڵاتانی ئەوروپا گۆڕانکارییەک یاخود زیادبوونێکی تەواو جیاوازی لە دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە سووتانی سووتەمەنییەکانەوە (نەوت، گاز و بەرهەمەکانی دیکەی کاربۆن) بۆ دەستکەوتنی وزە هەیە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی ئەوروپا پشتبەستن بە بەرهەمە سووتەمەنییەکان کەمیکردووە، لە سێ دەیەی رابردوودا دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیش بە رێژەی تاوەکو 40% کەمیکردووە. کەچی لە عێراق بۆ هەموو کەرتەکان بەرزبووەتەوە. ئەمەش دوو نیشاندەری سەرەکیی زیادبوونی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەردەخات، یەکەمیان پشتبەستن بە سەرچاوە کاربۆنییەکان و وزە باوەکان بۆ کۆی کەرتە جیاوازەکان. دووەمیان نەبوونی سەرچاوەی گۆڕینەوەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بۆ ئۆکسجین، واتە کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی و زیادبوونی بەبیابانبوون، لە کاتێکدا سەرەڕای گوتەکانی سەرۆکوەزیران لە کۆنفرانسی کەشوهەوا لە بەسرە، کە پلانی چاندنی 5 ملیۆن داری راگەیاند، بەڵام بەپێی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکو کۆتایی مانگی شەش هیچ بڕە پارەیەکی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە وەزارەتی ژینگە خەرجنەکردووە.
 
دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لەو سووتەمەنییەی کە بۆ فینککەرەوە یاخود گەرمبوونی باڵەخانە و خانووەکان لە عێراق بەرهەم دێت گەیشتووەتە ئاستێک لە 2.17 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا، واتە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوو بە رێژەی 136% زیادیکردووە، لە کاتێکدا لە یەکێتیی ئەوروپا بە رێژەی 41% کەمیکردووە و لە جیهاندا بە رێژەی 65% زیادیکردووە. بەهۆی لاوازیی گواستنەوەی گشتی لە عێراق، دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لەو سووتەمەنییەی کە بۆ گواستنەوەی گشتی بەکاردەهێندرێت، لە 2021دا گەیشتووەتە 34.55 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا. بەگشتی لە ماوەی سێ دەیەی رابردووشدا بە رێژەی 157% زیادیکردووە، لە کاتێکدا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە رێژەی 32% کەمیکردووە و لە هەموو جیهان بە رێژەی 2% زیادیکردووە، بڕوانە خشتەی 1 بۆ کۆی جیاوازییەکان.
 
 
هەروەها، وەکو لە خشتەی یەکەمدا هاتووە، ئەو بەرزبوونەوەیە لە کەرتی پیشەسازی بووە، بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت و سووتانی گازی هاوەڵ لە عێراق.
 
هەروەها، سەرچاوەی سەرەکیی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و پیسبوونی هەوا لە عێراق لە دوو کەرتی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە ئەوانیش کەرتی پێشەسازیی بەرهەمهێنانی کارەبا و گواستنەوەن. بە شێوەیەک کەرتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ساڵی 2000دا 25.086 ملیۆن تۆن بووە، بەڵام لە 2021دا گەیشتووەتە 65.057 ملیۆن تۆن، ئەوە بۆ کەرتی گواستنەوەش لە 2000دا 26.3 ملیۆن تۆن بووە، بەڵام لە 2021دا بە رێژەی 34.59 ملیۆن تۆن بووە.
 
 
سەرچاوەکان و بڕی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوای زەوی
 
پەیوەست بە سەرچاوەکانی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، بەپێی IPCC زیاتر لە 7500 سەرچاوەی گەورەی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا هەن، کە لە ساڵێکدا لە سەروو 0.1 ملیۆن تۆن دەردەدەن. ئەم سەرچاوانەش لەڕووی جوگرافییەوە جیاوازن و پێشبینییەکان جەخت لە زیاتربوونی سەرچاوەکانی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەکەنەوە تاوەکو ساڵی 2050، بەتایبەتیش لە هەردوو کەرتی پیشەسازی و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەباوە.
 
بەپێی ناسا، دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوای زەویدا دەبێتە هۆی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا. هەروەها، چالاکییەکانی مرۆڤ لە ماوەی 200 ساڵی رابردوودا دوانەئۆکسیدی کاربۆنیان لە بەرگە هەوای زەویدا بە رێژەی 50% بەرزکردووەتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بڕی دوانەئۆکسیدی کاربۆن ئێستا رێژەی 150%ی ئەو بڕەیە کە لە ساڵی 1750 هەبووە. هەروەها، ئەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی مرۆڤەوە زۆر گەورەترە لەو زیادبوونە سرووشتییەی کە لە کۆتایی دوایین سەردەمی سەهۆڵبەندی 20 هەزار ساڵ پێش ئێستا روویداوە.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئێستا دەتوانرێت گۆڕانکارییەکان لە هەبوونی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوای زەویدا بە تێپەڕبوونی کات ببیندرێت کە چۆن رەنگەکان دەگوڕێن، بۆ نموونەش لە 2002دا لە یەک ملیۆن بەشی هەوا تەنیا 365 بەشی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بووە، بەڵام لە 2022دا، گرنگیشە لەوە تێبگەین کە "پارچەکان لە ملیۆنێک" ئاماژە بە ژمارەی گەردی دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەکات بۆ هەر ملیۆنێک گەردی هەوای وشک. ئەم پێوانەیە لە ناوەڕاستی ترۆپۆسفێرەوەیە، چینێکی بەرگەهەوای زەوییە کە 8 - 12 کیلۆمەتر (نزیکەی 5 - 7 مایڵ) لە سەرووی زەوییەوەیە؛ کە لەم داتایانەوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی چڕی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگە هەوادا دەردەکەوێت و کاریگەریی چالاکییەکانی مرۆڤ لەسەر کەشوهەوای زەوی دەردەخات.
 
کوالێتیی هەوا لە عێراق؛ دووەم پیسترین لەسەر ئاستی جیهان
 
مانگی ئاداری 2023، کۆمپانیای تەکنەلۆژیای کوالێتیی هەوا راپۆرتی ساڵانەی بە ناونیشانی "راپۆرتی کوالێتیی هەوای جیهان 2022" بڵاوکردەوە، کە راپۆرتەکە ئەنجامی هەڵسەنگاندنە بۆ چۆنێتیی هەوای 131 وڵات و 7323 شاری جیهان، کە لە رێگەی 30 هەزار وێستگەی چاودێریی هەوا و هەستەوەری کوالێتیی هەوا، بە هاوکاریی حکومەت، دامەزراوە ناحکومییەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوە و هتد، کراوە. لە راپۆرتەکەدا پشت بە بنەمای داتای چۆنێتیی هەوای PM2.5 دەبەسترێت، کە داتایەکی پەیوەندیدارە بە ماددەی تەنولکە کە تیرەکەی 2.5 مایکرۆن یان کەمترە لە هەوا و بە پیسکارێکی مەترسیداری هەوا دادەنرێت.
 
بەپێی بڵاوکراوەکانی IQAir کە لە عێراق رۆژانە داتای هەردوو پایتەخت (بەغدا و هەولێر) کۆدەکاتەوە، لە ماوەی ساڵی 2022دا عێراق هەوایەکی ناتەندروستی هەبووە و لەو ساڵەدا تێکڕای چڕی PM2.5 لە عێراق 16 ئەوەندە زیاتر بووە لەو ستانداردەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بۆ جۆرایەتیی هەوا دایناوە. هەروەها، عێراق لە ریزبەندیی دووەم پیسترین وڵاتی جیهانە لەڕووی کوالێتیی هەوا لەدوای وڵاتی چادەوە. هەروەها، ساڵ بە ساڵ رێژەی پیسبوونی هەوا لە عێراق زیادیکردووە و لە 2022دا گەیشتووەتە 80.1، کە بەمەش ئەو ریزبەندییەی تێپەڕاندووە کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ستانداری کوالێتیی هەوا دانراوە.
 
 
کوالێتیی هەوای بەغدا و هەولێر لەنێو زیاتر لە 7000 شاری جیهان
 
بەپێی راپۆرتی کوالێتیی هەوای جیهان لەنێو 7323 شار لە جیهان، پیسترین شاری جیهان لابور لە پاکستان بۆ ساڵی 2022 و پاکترین شاریش ئارک لەیپ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. بەپێی راپۆرتەکە، لەنێو ئەو 7000 شارەدا لەڕووی پیسبوونی هەوا، بەغدا لە پلەی سێزدەیەمین و هەولێر لە پلەی 336مین دێت. هەروەها، هەوای بەغدا زیاتر لە 10 هێندە و هەولێر پێنج بۆ حەوت هێندە کوالێتییەکەی خراپترە لەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دایناوە.
 
پێوانەکردن یاخود دەستنیشانکردنی کوالێتیی هەوای شارەکان PM2.5 بە شێوەیەک یاخود لەسەر بنەمای تێکڕای چڕیی ساڵانەی PM2.5 بۆ هەر میلیگرام/سێجا پێوانە کراوە. لە هەمان کاتدا، بەگوێرەی رێنوێنیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHO، کوالێتیی هەوا پێویستە لەنێوان 0-5 PM2.5دا بێت، ئەگەر لەنێوان 5.1-10 دا بێت ئەوا کوالێتیی هەوا یەک بۆ دوو جار لە رێنوێنیی یاخود ستانداردی رێکخراوەکە زیاترە.
 
 
 
کۆتایی
 
بەپێی راپۆرتێکی بانکی جیهانی، مەزەندەی تێچووە ئابوورییەکان و زیانە تەندروستییەکانی پەیوەست بە بەرکەوتن بە پیسبوونی هەوا کە بەهۆی دوانەئۆکسیدی کاربۆن روویداوە، ساڵانە زیاد دەکات. ئەمەش لەڕووی ئابوورییەوە گەیشتووەتە 8.1 تریلیۆن دۆلار، کە یەکسانە بە 6.1% گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی جیهان.
 
هەروەها، بەپێی لێکۆڵینەوەی باری نەخۆشییەکان، پیسبوونی هەوا لە 2019دا بووەتە هۆی مردنی پێشوەختەی 6.4 ملیۆن کەس لە جیهان و لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ژمارەی مردن بە پیسبوونی هەوا، هەڵکشاوە. کاریگەرییە گرنگەکانی پیسبوونی هەوا لەسەر تەندروستی، کۆمەڵایەتی و ئابووری، بانکی جیهانیی ناچار کردووە پشتیوانیی وڵاتانی جیهان بکات لە چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوادا.
 
پەیوەست بە عێراقەوە، دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و پیسبوونی هەوا لە شارەکانی عێراق لێکەوتەی راستەوخۆی تەندروستیی هەبووە، بە شێوەیەک لە شارێکی وەکو بەسرە، بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ماوەی 2015 - 2018دا، نەخۆشیی شێرپەنجە بەهۆی پیسبوونی هەواوە نەوت بە رێژەی 20% بەرزبووەتەوە و بەپێی ئاماری دیکەش، ژمارەی نەخۆشەکان سێ هێندەی ئەوەیە کە بڵاودەکرێتەوە. لە هەرێمی کوردستانیش، بە تەنیا لە ماوەی 6 مانگدا 3000 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراوە.
 
لە کۆتاییدا، زیادبوونی دەردانی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە عێراق و پیسبوونی هەوا بە وشێوەیەی ئێستا بە دڵنیاییەوە دانیشتووانەکەی دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە کە پێویستە مشووری بخورێت. 

 

تێبینی:
 
ئەم گوتارە بەشی سێیەمە لە شەش بەشی هەڵسەنگاندنێک لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا کە لە ماوەکانی داهاتوودا لە بەشی بیروڕای پۆرتاڵی رووداو بڵاودەبنەوە؛ نووسەر تێیاندا هەڵوەستە لەسەر گۆڕانکارییەکان دەکات و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای عێراق و هەرێمی کوردستان بە داتا دەخاتەڕوو. 
 

 

سەرچاوەکان
 
Annex I: Properties of CO and carbon-based Fuels Annex I - IPCC. Available at: https://www.ipcc.ch/site/assets/uploads/2018/03/srccs_annex1-1.pdf (Accessed: 20 August 2023). 
 
Sources of CO2 - IPCC. Available at: https://www.ipcc.ch/site/assets/uploads/2018/03/srccs_chapter2-1.pdf (Accessed: 20 August 2023). 
 
Carbon dioxide concentration (2023) NASA. Available at: https://climate.nasa.gov/vital-signs/carbon-dioxide/ (Accessed: 23 August 2023). 
 
“World Bank. 2020. The Global Health Cost of Ambient PM2.5 Air Pollution. © World Bank, Washington, DC. http://hdl.handle.net/10986/35721 License: CC BY 3.0 IGO.”
 
H Al-Fehdly, W ElMaraghy, S Wilkinson,Carbon Footprint Estimation for Oil Production: Iraq Case Study for The Utilization of Waste Gas in Generating Electricity, Procedia CIRP, Volume 80,2009, Pages 389-392, ISSN 2212-8271, https://doi.org/10.1016/j.procir.2019.01.029