لەسەر رێچکەی محەممەد ئوزون

08-09-2020
عەبدوڵڵا کەسکین
نیشانەکردن محەممەد ئوزون
A+ A-
محەممەد ئوزون لە ناوەڕاستی ساڵانی 70 کاندا کاتێک تەمەنی 20 ساڵان بوو، بەڕێوەبەری نووسین بوو لە گۆڤاری "رزگاری" کە یەکێک بوو لە گۆڤارە هزرییە دەگمانەکانی ئەو سەردەمە. دادگایی کرا و خرایە زیندانەوە، لە زیندان هاتەدەرەوە. بەنێو زەوی مینڕێژکراودا و بە رێگەی قاچاخ چوو بۆ رۆژئاوای کوردستان. ئەو نەوەیەی ناسی کە لە دوای هاوار مابوونەوە. ئەو کەوتە دوای سەرەداوی ئەو نەوە ونبووە. دواتر رۆیشت بۆ سوێد. لەوێش لە کوردستان پرێس کاری کرد کە یەکێکە لە نموونە نادیدەکانی رۆژنامەڤانی کوردی. دەستیکرد بە نووسینی رۆمانی کوردی. لە ساڵی 1985 دا یەکەمین رۆمانی بە ناونیشانی تۆ (سەن) بڵاوکردەوە. لە 92 گەڕایەوە و لە بۆنەیەکدا کە بە شەرەفی ئاپێ موسا لە ئیستەنبووڵ رێکخرابوو، رۆمانەکەی پێشکەشکرد و ناساندی.   
 
رۆژێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا هاتە نووسینگە یەک ژوورییەکەی رۆژنامەی "وەڵات" لە گەڕەکی جاغاڵئۆغڵوی ئیستەنبووڵ. گوڵێکی بەدەستەوە بوو، هێشتا رۆژنامەکە دەرنەچووبوو، هاتبوو بۆ پیرۆزباییکردن. یەکەمین گوڵ بوو بۆمان بێت. لەبارەی کارەکانمانەوە زانیاریمان پێدا، چاوەکانی دەدرەوشانەوە. ورەیەکی یەکجار زۆری پێداین. هاوکارمان بوو. دواتر بۆ دامەزراندنی ئاڤێستا زۆر هانی داین. لە یادمە کاتێک رۆمانەکەی "بیرا قەردەرێ" مان بۆ چاپ ئامادەدەکرد کە لەبارەی جەلادەت بەدرخان بوو، بە شەو و رۆژ گفتوگۆمان دەکرد. هەرچەندە ئەو شتانەی ئەوسا دەمانزانی بەبەراورد بە ئێستا زۆر کەمتر بوون، بەڵام هێشتا لەبارەی جەلادەت عەلی بەدرخان کە زانایەکی هەرە مۆدێرنی ئەو سەردەمە بوو، وێنەیەکی روون لە مێشکماندا بوو. بەشێكی زۆری گفتوگۆکانمان لەسەر ئەو پرسیارە بوو، ئایا ئەوە راستیە یان خەیاڵە. زۆرێک لەو شتانەی پێم وابوو خەیاڵن، گوتی راستین، چونکە خۆی گەیاندبووە ئەو کەسانەی سەرچاوەن و خاتوو رەوشەن لە زۆر بابەتدا بە ژیانی تایبەتیشیانەوە دەستکراوانە زانیاری پێداوە و دەرگای کانتۆرەکەی بەڕوویدا کردبووەوە. دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک، لەو وێنانەدا کە لەوانەیە محەممەد خۆیشی نەیبینیبێ، بینیم ئەو کەسایەتییە و چیرۆکەکانی راستین. 
 
لەگەڵ محەممەد ئوزون لە ساڵی 1990 تاوەکو 2007 تا ئەو کاتەی ماڵاوایی لە ژیان کرد لە یەکەوە نزیک بووین، پێکەوە زۆر قسەمان کرد و گفتوگۆمان کرد. ئێستا وا هەست دەکەم قسە و گفتوگۆکانمان بەردەوام وەک ئەوە وابوو دوای سەرە داوێک کەوتبین. کاتێک لە ناوچەکانی بەیئۆغڵو، جاغاڵئۆغڵو و کادیکۆی ئیستەنبووڵدا پیاسەمان دەکرد وەک ئەوە وابوو دوای سەرەداوێک کەوتبین. وەک ئەوە وابوو دوای سەرەداوی ئەو نەوە ونبووە کەوتبێت کە لە بواری زمان و کولتووری کوردیدا چەندین داهێنانیان کردووە و ئیستەنبووڵیان کردووەتە مەسکەن. لە راستیدا دواتر دەرکم بەوە کرد کە گەڕان بەدوای سەرەداو مۆرکی لە هەموو ژیانی محەممەد داوە. 
 
محەممەد ئوزون، دوای ئەو رۆیشتنە ناچارییە، لە شامەوە رۆیشت بۆ ستۆکهۆڵم و لە سەرەتاکانی ساڵانی لاوێتییەوە، دەستیکرد بە نووسینەوەی هەموو ئەو شتانەی لە شارۆچکەی گرێسۆر (سیڤەرەک) ـی روها، لە زیندان و لە "بنخەت" (مەبەست لێی ئەودیوی سنوور، رۆژئاوای کوردستان) دەیزانی. چەندین شێوازی ئەدەبی جیاوازی تاقیکردەوە، بە تایبەتی شیعر... هەموو نووسراوە دەستییەکانی ئەو سەردەمەی ماون. بەباشی هەڵی گرتوون، بەڵام وا پێدەچێت بڕیاری لەسەر نووسینی رۆمان دابێت و دوای ماوەیەکی کورت لە ساڵی 1985 یەکەمین رۆمانی بەچاپ گەیاند. 
 
"تو" بە تورکی (سەن) وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت ئەم رۆمانە لایەنێکی بایۆگرافی یەکجار جیدی لەخۆگرتووە. لە رۆمانی "مرنا کالەکی رند" دا (مردنی پیاوێکی بەساڵاچووی چاک) هەوڵی داوە پرۆفایلی نەوەی "هاوار" بخاتە روو کە لەودیووی سنووری ناسیبوون. لە سێیەمین رۆمانیدا بە ناونیشانی "سیا ئەڤینێ" (لە سێبەری عەشقێکی ونبوودا) جارێكی دیکە کەوتووەتە دوای سەرەداوی ئەو نەوە ونبووە. باسی لە ژیانی مەمدوح سەلیم بەگ کردووە. لە رۆمانی "رۆژێک لە رۆژان عەوداڵی زەینک" لە کەسایەتی عەوداڵی زەینک-ی دەنگبێژدا کە دەنگبێژێکی بەناوبانگ بوو باس لە دەنگبێژی دەکات. لە رۆمانی "بیرا قەدەرێ" (بیری قەدەر) کە لە کۆتاییەکانی 1995 چاپکرا باس لە ژیانی جەلادەت عەلی بەدرخان دەکات. 
 
"بیرا قەدەرێ" لە ماوەیەکی کورتدا بوو بە یەکێک لەو رۆمانە کوردییانەی زۆرترین خوێنەری هەبوو، بە تایبەتی وەرگێڕە تورکییەکەی (کادەر کویوسو، وەرگێرانی موحسین کزلکایا) زۆر کاریگەربوو لە ناساندنی جەلادەت عەلی بەدرخان لە نێو نەوە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردیدا. لە کۆتاییەکانی نەوەتەکاندا لە یادمە لە پێشانگەی کتێبی تویاپ لەنێو رەفی کتێبە چاپکراوەکانی دەزگای چاپی ئاڤێستا خوێنەرێک کاتێک کتێبەکەی جەلادەت عەلی بەدرخانی بینی بە هاوڕێکەی گوت "ئای چەند سەیرە، قارەمانی بیری قەدەر کتێبیشی نووسیوە". بەلای ئەو کچە گەنجەوە جەلادەت عەلی بەدرخان ئاکتۆرێکی هەرە گرنگی کولتووری کورد و قارەمانی ئەو رۆمانە بوو کە لە کوردییەوە وەرگێڕدرابووە سەر زمانی تورکی. 
 
محەممەد ئوزون لە زۆربەی گفتوگۆکاندا باسی زۆر و زەحمەتییەکانی نووسینی رۆمانی "بیرا قەدەرێ"ـی دەکرد و دەیگوت چەندین بۆ ئامادەکردنی ئەو رۆمانە کاری کردووە، وەک ئەوە وابووە بە نووکی دەرزی بیرێک هەڵبکۆڵی. رێک لەو ساڵەدا کە رۆمانەکە بڵاوکرایەوە، لە ئاداری 1985 چووەتە سووریا، لە شارۆچکەی بانیاس بووە بە میوانی رەوشەن بەدرخان هاوژینی جەلادەت عەلی بەدرخان. 4 بۆ 5 رۆژ گفتوگۆیان کردووە، ئەو پرسیاری کردووە و خاتوو رەوشەن وەڵامی داوەتەوە. تۆماری دەنگیی قسەکانیان لە ئەرشیفی رەوشەن بەدرخاندا دۆزرایەوە. 
 
کاتێك ئامادەکاریم دەکرد بۆ چاپکردنی گفتوگۆکە بە ناونیشانی "بانیاس 1985" لەبارەی ئەو نامانەی لەلایەن خاتوو رەوشەن نووسرابوون زانیاریم دەستکەوت. نامەکان لەنێو بەرگەکانیاندا بەباشی هەڵگیرابوون. لە کۆی 14 نامە، 10 نامەیان بە پێنووسی حبر و بەدەست و خەتێکی جوان نووسرابوون، تورکی بوون. دووان لە نامەکان بە ئەلف و بێ ی عەرەبی نووسرابوون. سەرەتا وابیرمان کردەوە کە خاتوو رەوشەن بە عوسمانی نووسیبێتی، بەڵام کاتێك نامەکانمان نووسییەوە بۆمان دەرکەوت ئەو دوو نامەیە نەک تەنیا بە پیتی عەرەبی نووسراون، بەڵکو زمانەکەشیان عەرەبییە. هەردوو نامەکەمان وەرگێڕایە سەر زمانی تورکی و بوو بە سوپرایزێکی گەورە بۆ خوێنەران. چیرۆکی عەشقێکی زۆر شاراوەمان دەستکەوت. چیرۆکی ئەو قارەمانانەی کە محەممەد ئوزون دوایان کەوت و دواتر رۆمانی لەسەر نووسین، ئەوەندەی چیرۆکی ئەڤیندارییان شاراوە بوو. نووسەر، ئاوێتەی چیرۆکی ئەو قارەمانانە ببوو کە دوای بەسەرهاتەکانیان کەوتبوو. 
 
با کاتێكی دیکە باس لەو چیرۆکە بکەین کە هیچ کەسێكی نزیک لە محەممەد ئوزون لێی بە ئاگا نەبووە و تەنانەت لەوانەیە خۆیشی بەتەواوەتی نەیزانیبێت. با لە نووسینەکەی دیکەمدا بەدواداچوون بۆ ئەو عەشقە ونبووە بکەین. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.