کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

ئەم پرسیارە لە دوێنێوە، لە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەرەنسا بەردەوام دووبارە دەبێتەوە. 
 
هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە سەرۆکی حکومەت دەبێ یەكێک بێت لە حیزب و لایەنە دیارەکانی بەرەی نوێی گەل، کە براوەی یەکەم بوو لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی دوێنێ. 
 
ئەو بەرە جەماوەرییە نوێیە لە هەموو لایەنە چەپەکان بە رەوتە جیاجیاکانییانەوە پێکهاتووە کە لە ماوەیەکی کورتدا وەک پێویستییەکی هەنووکەیی لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و نیشتمانی، بە پێی پرۆگرامێکی هاوبەش راگەیێندرا.
 
لە ماوەی هەڵمەتەکانی دوو هەفتەی رابردوودا، ژنێک لەناو ئەو بەرەیە وەک سەرکردەیەکی ئازا و بوێر و روون و رۆشنگەر، خۆی سەلماند: ئەو ژنە خاتوو مارین تۆندولیە، تەمەنی 38 ساڵە و سکرتێری گشتیی پارتی سەوزە (Europe Ecology). پسپۆڕان وای بۆ دەچن کە ئەو ژنە کە باشترین کەسایەتییە بۆ سەرۆکایەتیکردنی حکومەتیی داهاتووی فەرەنسا. ئەو ژنەش خاتوو مارین تۆندولیە-یە.

 

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین  کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.
 
چی رێگرە لەبەردەم بوونی مارین تۆندولیە بۆ بوونی بە سەرۆکوەزیر؟
 
1. ناکۆکیی نێوان لایەنە چەپەکان و پەڕگیریی سەرۆکی گروپی چەپی رادیکال، ژان لوک مێلانشۆ. سەرەڕای ئەوەی چەپەکان لە ماوەیەکی زۆر کورت توانیان بەرەیەکی یەکگرتووی جەماوەریی کارا پێکبهێنن و ببنە هێزی یەکەم لە بەرامبەر توندڕەوەکان، بەڵام ناکۆکی هەیە لە نێوانیان؛ ناکۆکییەکان ئەوەندە لە ناوەڕۆکدا ئایدیۆلۆژی نین بە ئەندازەی ئەوەی تایبەتن بە رووانین و شێوازی گوتار و هەڵوێستیان لە بەرامبەر هەندێ پرسی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی وەک پرسی غەززە، بۆ نموونە. مێلانشۆ لەم بارەیەوە لە لایەن زۆربەی لایەنەکانی ناو بەرە پەسەندکراو نییە و زۆرن ئەوانەی کە دەڵێن ناتوانن لەگەڵ ئەو هاوکاری بکەن. لەم دۆخەدا، پسپۆڕان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بۆ ئەوەی پرۆسەی حوکمڕانی نەپچڕێ، دەبێ لە ماوەیەکی کەمدا ناکۆکییەکانیان بخەنە لاوە و لەسەر پرۆگرامێکی ستراتیژیی هاوبەش و کەسایەتییەک رێکبکەون.
 
2. هۆکاری دووەم تایبەتە بە یەکیێتی ئەوروپا و بەهای بازاڕ و سیاسەتی ئابووری. ئەم خاڵە گرنگترینیانە و زیاتر لە لایەن ئابووریناس و بازاڕناسەکانی ئەوروپییەوە قسەی لەسەر دەکرێت. ئەگەرچی ئەوروپا و زۆربەی ئەندامانی یەکیێتی ئەوروپا (جگە لە هەنگاریا و ئیتالیا) دڵخۆشن بەوەی کە لوپێن-یە توندڕەوەکان دۆڕاون، بەڵام بە رای ئەوان، بەری چەپەکان دۆستی بازاڕ نین، خۆیان لەناو بەهای بازاڕی ئەوروپا نادۆزنەوە و رەخنەگری سەرسەختی سەرۆک ماکرۆن بوون کە بە کاپیتالیست و نیولیبرال پێاسەی دەکەن، چونکە گرنگیی زۆرتری داوە بە سیاسەتی بازاڕ، نەک دادوەریی کۆمەڵایەتی. ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم لایەنە ئەوروپیانە فشار بخەنە سەر فەڕەنسا و چەپەکان  ناچار بکەن حکومەتێکی هاوپەیمان لەگەڵ ماکڕۆن-یەکان پێکبهێنن. هەروەها ماکڕۆن-یش ناچار بکەن، لە هەندێ لە چاکسازییە ئابوورییەکانی خۆی پاشگەز بێتەوە.
 
3. هۆکاری سێیەم تایبەتە بە ژنبوونی تۆندولیە-وە، هەمووان وا دەزانین فەرەنسا سنورەکانی پیاوسالاری بڕیوە و یەکسانیخوازە. ئەمە تا ڕاددەیەک راستە و لە رابردوو دوو سەرۆکوەزیری ژن هەبوون (ئێدیت کرێسۆن و ئێلیزابێت بۆرن). بەڵام تا ئێستاش، بە تایبەتی لە سەروبەندی چالاکبوونەوەی بیروباوەڕی توندڕەو و کۆنەخوازەکان، گەڕانەوەیەک هەیە بۆ دواوە و ژنان وەک پێویست و بە هەمان پێوەری پیاوان شایانیان لێ نانرێ و توانا و وزە و کارەکانیان بەرز هەڵناسەنگێنرێ. 
 
خاتوو مارین تۆندولیە ئەمڕۆ لە رادیۆی فرانس ئەنتێر و زۆربەی کەنالەکانی دیکەش باسی لە سێ خاڵی زۆر گرنگ کرد: ساڕێژکردن؛ پارێزگاریکردن و دڵنیاییکردنەوە. بۆ ئەمەش وتی پێویستە کۆکەرەوە بین، لەگەڵ یەک و پێکەوە کاربکەین، نەک تەنیا لە تەنیشت یەک یا لە بەرامبەر و دژی یەکتر، بەڵام لەسەر بنەمای بەهای سیاسیی هاوبەشی دادوەرانە و یەکسانیخواز و ژینگەپارێزانە، لە بەرژەوەندیی هەمووان، نەک تەنیا هی چینێکی زۆر دەوڵەمەند و سەپێنراو.
 
ئەو ژنە وزە و توانای کۆکردنەوەی لایەنەکانی هەیە، رەخنە دەگرێ، بەڵام توندڕۆ نییە، روون و زانایە. دۆخی دژواری دوای هەڵبژاردنەکان لە فەڕەنسا کە لە چەند هەفتەی رابردوو بەهۆی بەهێزبوونی رەوتی توندڕۆ و رەگەزپەرستانەی لوپێن-یەکانەوە پڕ بوولە ناکۆکی و گرژی و لێترازان، دەبێ بژاردەی سیاسی فەڕەنسا کار لەسەر ساڕێژکردنی برینەکانی خەڵک لە ئەنجامی ئەو گرژی و لێکترازان و ناکۆکییانە بکات. دوو) پارێزگاری لە هاوڵاتییان و بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات، ئەمەش تەنیا بە سیاسەتی بازاڕ و سەرمایەداری نایەتە دی، بەڵکو پێویستی بە دادوەریی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی دەرفەتی کار و خوێندن و بەشداریی سیاسی کەمینەکان و ژنان هەیە. بۆ ئەوەی هاوڵاتییانیش دڵنیا بکرێنەوە، دەبێ ئەو بژاردەیی حوکمڕانی دەکات لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک بێت. 
 
بەڕای من، مارین تۆندولیە هەموو ئەو خاسییەتانەی تێدایە و دەتوانێ جڵەوەی سیاسەتێکی لەمجۆرە بگرێتە دەست و بەرەوڕووی هەموو ئەو ئاڵنگارییانەش بێتەوە کە دێنە ڕێ. بەڵام ئەو بە تەنیا ناتوانێ: دەبێ پیاوەکان دان بە گەورەیی و لێزانی و بەتوانایی ئەودا بنێن، نەک هەر رێگری لێ نەکەن، بەڵکو جێگای بۆ چۆڵ بکەن تا سەرکردایەتییان بکات. ئایا پیاوەکان ئەمە دەکەن؟
 
کۆتایی