لە نوگرەسەلمانەوە بۆ ئیجە

08-07-2024
مەحموود نەجمەدین
A+ A-
 
لەم شەوانەدا گەڵاڵەی چیرۆکێک خەوی لێ تۆراندم، تا درەنگانێک بیرم لە کارەکتەرێک دەکردەوە، کوردێک لە بیابانی سەماوەوە بۆ دەریای ئیجە. گەرداڵێک لە شەو مابوو، من ھێشتا بیرم لەو کارەکتەرە دەکردەوە. کورد چی نەبینیوە!؟ بیابان دەیخنکێنێ، دەریا دەیخنکێنێ... بۆ چیرۆکەکە نازانم کەی و چۆن دەینووسم، بیرۆکەکە لە چیرۆکدا لەنگەر دەگرێ یانژی پەل دەھاوێت بۆ رۆمان؟ با ئەوەیان بمێنێ بۆ کات و ساتی گونجاوی خۆی.
 
لەم کونجە چووکەڵەیەدا باسی رۆمان و چیرۆک لە ئاراد نییە، باسوخواسی بەژان و سوێی دوو شوێنی تۆقێنەرە، ئەو دوو شوێنەی بۆ کورد لە دۆزەخ سەختتر و ناخۆشترن. ئەم ئێستا وا ئەم وتارە دەنووسم ئەو دێڕە شیعرەی مامۆستا ھێمن دێتەوە بیرم. "... بیخە ئەستۆی من کە کوردم، کورد بەشی خنکاندنە..." ئەم نیوە دێڕە پڕاوپڕ گوزارشت لەم نەتەوە بەدبەختە دەکات، کە ھەرتم و ھەرتم بەشی خنکاندن بووە، رۆژگارێک لە بیابانی نوگرەسەلمان بە ھەزاران ئینسانی بێ گوناهـ، تەنھا لەبەر ئەوەی کوردبوون زیندەبەچاڵ کران و خنکێنران، لەژێر ناوی ئەنفالدا و بە بەرچاوی دنیاوە بیابان وەک ئەژدیھا ھەزاران کوردی بە زیندوویی قووتدا. ئەنفال فەوت و فینارکردنی نەتەوەیەک بوو لە خەیاڵی گێلانەی بەعسدا کە پێی وابوو دەتوانێ کۆتایی بە کورد بھێنێ و بیسڕێتەوە. ئەمما نە کورد کۆتایی و نە عێراقیش حەسایەوە. کورد بە ھەزار برینەوە دەژی. ئەگەرچی سفت و سوێی ئەنفال کۆتایی نایەت و خێزاوی ئەو برینە دەریایەکە. لێ ئەوەی کۆتایی ھات بەعس بوو نەک کورد.
 
دوای ئەو ھەموو ساڵە لە ئەنفال، لەم سەردەمەدا دەریا ھاوشێوەی بیابان گەنجەکانمان ھەناسەچن دەکات. ئەم ئێستاکە دەریای ئیجە شوێنگرەوەی بیابانە و ساڵانێکە ھەزاران گەنجی کوردی ھەناسەچن کردووە. ھاوشێوەی ئەنفال بڕبڕ سوارچاکە خەمگینەکانی ئەم وڵاتە خۆیان رادەستی دەریای ماڕز دەکەن. 
 
گەرچی دەریا بەرجەوەندێکی جوانی ھەیە و ئینسان چێژ لە دیمەن و شەپۆلەکانی دەبینێ، بەڵام بۆ ئێمەی کورد دەریا تۆقێنەر و خەمھێنەرە، بۆنی ھەناسەی گەنجە خێرلەخۆ نەدیوەکانی لێ دێ. کورد یا لە ژێر لمی گەرمی بیاباندا یا لە دەریای سارد و جەمسیودا دەخنکێ. 
 
ھێشتا برینی دایکانی ئەنفال ساڕێژ نەبووە، ھێشتا فرمێسکی سێ ریزی کچانی چاوەڕوانی ئەنفال وشک نەبووەتەوە. ھێشتا دایکانی جەرگ جن جن کراو چاوەڕێی گەڕانەوەی ئێسک و پروسکی رۆڵەکانیانن لە بیابانەکانی سەماوە و نوگرەسەلمانەوە، دایکانی جەرگسووتاوی دەریای ئیجەشی ھاتەسەر، ئەم ئێستاکێ دایکانی کورد چاوەڕوانی بەزەیی دەریان تاوەکو تەرمی جوانخاسەکانیان بە تلیساوی بۆ بھێنێتە سەرێ.
 
نوگرەسەلمان و ئیجە، یەکێکیان گەرمە وەکو دۆزەخ و ئەوی دیکەیان ساردە وەک زستانی کەلیخان، ھەردوو شوێنەکە بۆ کورد تراژیدین و دیمەنێکی تۆقێنەریان ھەیە، دەریا و بیابان دەتوانن لە دووری ھەزار فرسەخەوە دڵی مرۆڤی کورد بگوشن. مرۆڤی کورد وەختێک باسی بیابان و دەریای بۆ دەکەیت کەلەشی دەکەوێتە لەرزە و دڵی ھەزارە دەکات.
 
پڕۆسەی ئەنفال بە فێڵی جاش و بە زۆری بەعسییەکان، پڕۆسەیەک بوو سەدان ھەزار مرۆڤی کوردی بەرەو نوگرەسەلمان برد، برسی کران، عەزاب دران... پاشان زیندەبەچاڵ کران. ئەمما پرۆسەی ئیجە جۆرێکی ترە، گەنجی خێرلەخۆ نەدیوی ئەم کوردستانە بە حوسن و رەزای خۆی و بە پارەی خۆی مەرگێکی تۆقێنەر ھەڵدەبژێرێ. بە لاقی خۆی بەرەو مردن رادەکات. ئەوانەی بە خەیاڵی ژیانێکی خۆشی ئەورووپاوە چەندین ڕۆژ لە یەختێکی کۆن و شڕدا بە برسێتی بە ترس و لەرزەوە چاوەڕێن یەختەشڕە بگاتە ئەوبەری دەریا و ناگات، وا گەیشت، لە ئەورووپایەکی بێ رەحم و سارد و سڕدا چی دەکەیت؟
 
ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە ئەوانەی وا لە ئەورووپان بێزارن لە ژیانی سارد و سڕ و دابڕاوی ئەورووپا، دەیانەوێت بگەڕێنەوە، ئەوانەش وا لێرەن پەلەی گەیشتنیانە بۆ ئەو بەھەشتەی ئاریشەکانی لە کێشەکانی نیشتمان زۆر زیاترە. ئەوانەی ساڵانێکە لە ئەورووپان چیرۆکی ژیانی سەخت و ناخۆشی خۆیان دەگێڕنەوە و بەردەوام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوێمان لە دەردەدڵەکانیان دەبێ. کەچی لێرەوە، لە نیشتمانێکی بریندارەوە کاروان بەڕێکەوتووە، بڕبڕ گەنجەکانمان خۆیان رادەستی دەریا دەکەن، بەبێ ئەوەی بیر بکەنەوە ئاخر دەریایە، خۆ حەنەک نییە! تیتاڵی لەگەڵ ناکرێ، سەیر و سۆزەرت لەو باوکەی جەرگە شیرینەکەی خستۆتە ناو یەختێکی شڕەوە و بە خەونی ئەورووپاوە ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەناو دەبات!
 
ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە ئەو گەنجانەی خۆیان رادەستی ئەو دەریا ماڕزە کردووە و بڕە پارەیەکی باش دەدەن تاوەکو بگەن بە ئەورووپا! باشە ئەو پارەیە ئەگەر لە وڵاتەکەی خۆتدا کەسابەتێکی پێ بکەیت باشتر نییە؟! ئەو رێگا تۆقێنەرە دەبڕی و دەچی لە ئەورووپا چی دەکەیت؟ کرێکاری؟ ئەی بۆ لێرە نایکەیت؟ ئەو تەمەنە جوانەی خۆت لە کەمپێکدا بەخەسار دەدەیت و ھەروا چاوەڕوانی مافی پەنابەریت پێ بدرێ!. بۆ کوێ دەڕۆی؟ لە چی رادەکەیت؟! لە وڵاتەکەی خۆت رادەکەیت؟ لە دەست نادادی و گەندەڵی رادەکەیت؟ بۆ بەگژیا ناچیتەوە؟! بۆ لە نیشتمانی خۆت رادەکەیت؟ تا کەی لە وڵات و لە کێشەکان رادەکەیت؟ ئەم وڵاتە بۆ کێ بەجێدەھێڵی؟ بچیتە ھەرکوێیەکی ئەم دنیایە دەگەڕێیتەوە، کەوایە بۆ کوێ دەڕۆی؟ بیرناکەیتەوە و یەکسەر بڕیار دەدەیت، بە دەستی خۆت منداڵەکەت، ئەو جەرگە شیرینتە دەرخواردی دەریا دەدەیت!.
 
ئیدی کورد بەشی خنکاندنە، لە بیابان بێ یا لە دەریای بەرین.
 
پەیڤ و رامان: 
 
ھەرتم: ھەمیشە
خێزاو: کێم و خوێنی برین
ماڕز: زاڵم، لاسار و سەرسەخت
کەلەش: جەستە
حەنەک و تیتاڵی: گاڵتە
سۆزەرت: سەمەرە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. نەزەند بەگیخانی

کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەرەنسا؟

خاتوو تۆندولیە دەمێکە لەناو کایەی سیاسی ناسراوە و لەسەر بنەمای لێدانی کەسانی دیکە دروست نەبووە، بەڵکو بەهۆی هەوڵ و ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی گەیشتۆتە پایەکی سیاسیی شیاو و سەردەمییانە و ژینگەپارێز. ئەو خاتوونە لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا وەک کەسایەتییەکی بوێر و زانا و پڕ وزە و توانا جڵەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە دژی بەرەی توندڕۆی لوپێن-یەکان گرتە دەست. لە کۆبوونەوە گشتییەکان، لەگەڵ جەماوەر، لە کەنالەكانی میدیا و لە دیدارەکانی بە جوانی و بە روونی و لەسەر بنەمای بەڵگە و راستییەکان ئایدیاکانی خۆی دەخستە ڕوو و باسی لە هەڕەشەکانی توندڕەویی و لوپێن-یەکان دەکرد. بۆیە هەرزوو بوو بە شوێنی سەرنجی هەمووان و ئەمڕۆش شایانی زۆری لێ دەنرێ. پسپۆڕ و میدیاکارانیش بە ئاشکرا و بە نهێنی دەڵێن خاتوو تۆندولیە یەکێکە نەک هەر لە گونجاوترین، بەڵکو لێهاتووترین کەسایەتی بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی فەڕەنسا.