بەرایی
لەم رۆژانەدا ژمارەی ئەو پرۆژانەی لە کەرتی نیشتەجێبوون کاریان تێدا دەکرێت زیاتر بوون، بەتایبەتیش تاوەرەکانی نیشتەجێبوون. ئێستا دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەو یەکانەی لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بنیاتدەنرێن شوقەن و، دووهێندەی کۆی هەموو ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوونن کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا لە سلێمانی جێبەجێکراون. ئێستا پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکن کە خەریکە دیمەنی رابردووی شار لە ئاسۆییەوە بگۆڕێت بۆ ستوونی، ئەمەش لەداهاتوودا لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنی خۆی دەبێت.
بەپێی دوایین داتای دەستەی وەبەرهێنان لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا لە 13 کەرتی جیاواز بە سەرمایەی 69 ملیار و 287 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە هەزار و 225 پرۆژە دراوە. کەرتی نیشتەجێبوونیش بە سەرمایەی 20 ملیار و 261 ملیۆن دۆلار و 216 پڕۆژە، بەشداریی لە وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی زانیارییەکان، ئێستا مۆڵەتی پێدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان بۆ کەرتی نیشتەجێبوون راگیراوە، بەڵام ژمارەی ئەو پرۆژانەی بۆ کەرتی نیشتەجێبوون لە هەموو پارێزگەکان و بەتایبەتیش پارێزگای سلێمانی لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا وەرگیراون و بە وەبەرهێنەران دراون، زیاترە لە نیوەی کۆی پرۆژەکانی دوو دەیەی رابردوو، لەم کەرتەدا.
بەپێی داتا کۆکراوەکان، کۆی ژمارەی ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە ئێستا لە بازاڕ هەن و دەکەونە سەنتەری پارێزگای سلێمانی، 98 پڕۆژەن بە رووبەر و یەکەی جیاواز. ژمارەی ئەو پڕۆژانەش کە بڕیارە ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو تەواو بن، 37 پڕۆژەن، هەموو ئەمانەش سەرەڕای ئەوەی باس لە دەیان پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون دەکرێت، کە مۆڵەتی وەرهێنانیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا دەستپێنەکراون.
ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش تەواو دەبن، سەروو 47 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە، لەکاتێکدا هەموو ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە لە 2006ـەوە تاوەکو ئێستا لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بنیاتنراون، 90 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە.
لێرەدا بەخستنەڕووی ژمارەی پڕۆژەکان و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی هەڵوەستەیەک لەسەر ژمارەی یەکەکان، گۆڕینی شار لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی، دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی پشت مۆڵەتپێدان و هۆکارەکانی پشت خێرا بیناکردنی تاوەرەکان، هەروەها جۆری کڕیارانی یەکەکان مەبەستەکانیان دەکەین. پرسیارێکی دیکەی گرنگیش ئەوەیە؛ ئایا سلێمانی پێویستی بەم هەموو یەکە نوێیە هەیە؟
ئاماژە نوێیەکانی نێو ژمارەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون (شوقە، خانوو، ڤیلا) لە سلێمانی
ئێستا ئەو پرۆژانەی بنیاتدەنرێن زیاتر دوو جۆرە؛ شوقە و ڤیلا. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە لە دابەشبوونی چینی ئابووری کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی چینی نێوەڕاست لە تەواوی هەرێمی کوردستان.
ئەگەر سەیری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بکەین، دەبینین لە کۆی ئەو 98 پرۆژەیەی نیشتەجێبوون کە ئێستا لە بازاڕدا هەن، 54 پڕۆژەیان شوقەن، 21 پڕۆژەشیان ڤیلا و خانوون و 23 پڕۆژەشیان تێکەڵەی هەموویانن. وەک یەکەی نیشتەجێبوونیش؛ دوو لەسەر سێ زیاتری یەکەکان لە کۆی پڕۆژەکان شوقەیە.
بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان زۆرترین سەرمایەی وەبەرهێنان لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان لەساڵی 2021 بووە، کە بە سەرمایەی 8.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون بووە لە کەرتی خانووبەرە و دابەزاندنی دەسەڵاتی وەبەرهێنان بووە بۆ ئاستی پارێزگاکان.
بەپێی هەمان داتای دەستەی وەبەرهێنان 1-8-2006 بۆ 2-5-2024 کەرتی خانووبەرە لەدوای کەرتی پیشەسازییەوە بەڕێژەی 29.24% بەشداریی لە کۆی سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ژمارەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون لە تەواوی هەرێمی کوردستان کە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە 216 پڕۆژەیە، بەڵام ژمارەی پڕۆژەکانی ئەم کەرتە زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی دەستەی وەبەرهێنان، چونکە زۆربەی پرۆژەکانی ئەم دواییە مۆڵەتیان لە وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە ئەویش بەهۆی خاوەنداریێتی زەوییەکانەوە بووە کە موڵکی وەبەرهێنەرەکە خۆی بووە.
هۆکارەکانی بیناکردنی خێرای تاوەرەکان
ئێستا بیناکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی نیشتەجێبوون و لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی، وەرگرتنی مۆڵەت و تەواوکردنی رێکارەکانی دەستکردن بە پرۆژەکان خێراتر بووە. ئەو یەکانەی بڕیارە لەم چوار ساڵەدا بێنە بازاڕەوە، نیوە زیاتری کۆی هەموو ئەو یەکانەن کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا لە سەنتەری سلێمانی بنیاتنراون.
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەنێو پڕۆژەکانی خانووبەرەی سلێمانی، وەبەرهێنانی یەکێک لە کۆمپانیاکانی خانووبەرەیە کە یەک لەسەر پێنجی کۆی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دروست دەکات و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەستیکردووە بە وەبەرهێنان لەم کەرتەدا. ئەم کۆمپانیایە ئێستا کار لەسەر 5 پڕۆژەی نیشتەجێبوون دەکات کە سەروو 18 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت و لەم رۆژانەدا کلیلی یەکێک لە پڕۆژەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکات، پرۆژەیەکی نوێش هەر لەم رۆژانەدا رادەگەیێنێت وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا هاتووە.
لەڕاستیدا ئەو پڕۆژانەی لە سەرەوە و لە گرافیکی دووەمدا هاتوون کۆی پڕۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون نین کە لەم ساڵانەی دوای کۆرۆنا و لەدوای نزیکەی 8 ساڵ لە راگرتنی پێدانی مۆڵەتی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی مۆڵەتیان وەرگرتووە، چونکە پڕۆژەی دیکەش هەن، کە موڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دەستپێنەکراون، ئەو دواکەوتنەش لەبەر دوو هۆکار بووە: یەکەمیان، رەوشی بازاڕ و نادڵنیایی لە بازاڕ. دووەمیان، ئەو وەبەرهێنەرانە چاوەڕوانی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکایەتیی شارەوانی دەکەن بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ دەستبەکاربوون و بنیاتنانی هەزاران یەکەی نوێی نیشتەجێبوون.
ئەم خێرا بنیاتنانەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون نەک تەنیا لە پارێزگای سلێمانی بەڵکو لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت نێوەڕاست و باشووری عێراقیش زۆر بەڕوونی دەبینرێت. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان قازانج و ماوەی گەڕانەوەی قازانجی سەرمایەی وەبەرهێنانە لەم کەرتەدا، بەشێوەیەک قازانجکردن لەم کەرتەدا نەک دووهێندە بگرە سێ هێندە زیاترە. ئەمەش سەرەڕای بەردەوامیی گەڕانەوەی قازانج بۆ وەبەرهێنەر بەهۆی درێژەدان بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ پڕۆژەکان دوای تەواوکردنیان.
بەگشتیش ئەگەر خەمڵاندنێک بۆ تێچووی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون بکەین ئەوا نرخی یەک مەتردووجا لەنێوان 300 بۆ 600 دۆلاری تێدەچێت بۆ یەک مەتر دووجا، ئەویش ئەگەر بە باشترین کوالێتیی بیناسازی و دابینکردنی باشترین کەرەستە و ماددە بەکارهاتووەکان بینابکرێت، لەکاتێکدا لەکاتی فرۆشتنەوەی یەک مەتر دووجا لەنێو ئەم پرۆژانەدا لە 500 دۆلار بۆ سەروو 1000 دۆلارەوەیە، بۆ خانووەکانیش کە بە ڤیلا ناودەبرێن بۆ سەرووی 2000 دۆلار دەڕوات، کە ئەمەش بە مانای چەند هێندەبوونی قازانج دێت ئەگەر پڕۆژەکان تەواوبکرێن.
دیاردەیەکی دیکەی نوێ لەم بازاڕەدا لە تەواوی هەرێمی کوردستان و سەنتەری پارێزگای سلێمانی هاتنەکایەی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە پێشەکیی زۆر کەم و قیستی مانگانەی زۆرکەم، و تەنانەت قیستی درێژخایەن بۆ دوای تەواوکردنی یەکەکان، کەچی پێشتر و لە سەرەتای وەبەرهێنان لەم کەرتە، ئەم جۆرە پڕۆژانە نەبوون.
بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی تەواو جیاواز بووە لە شارەکانی دیکە، بەتایبەتیش لە هەولێری پایتەخت، چونکە نزیکەی 90%ـی کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی نێوخۆیین و بۆخۆیان یان کەسوکاریان دەیکڕن. هەروەها، سەرەڕای زیادبوونی کۆمپانیاکانی عەقارات لە سلێمانی لەم ساڵانەی دواییدا، هێشتا وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری یەکەکان بۆخۆیان راستەوخۆ یەکەکانیان بە کڕیاران دەفرۆشن و بەشی فرۆشتنیان هەیە.
لەڕووی کڕیارانی نێوخۆیشەوە، بە پلەی یەکەم خەڵکی شارەکەن جا چ لەنێوخۆ یان دەرەوەی وڵات، دووەمیان، خەڵکی دەورووبەری پارێزگاکەن بەتایبەت قەزا و ناحیەکانی دەورووبەری کە ئەمەش نیشانەیەکی زۆرباش نییە و ئاماژەیە بۆ کۆچکردن و چۆڵکردنی قەزا و ناحییەکان بەهۆی نەمانی دەرفەتی ژیان و کارکردنەوە. هەروەها، رێژەیەکی زۆر کەمی ئەو کەسانەی لە نێوەڕاست و باشووری عێراق لەماوەی ساڵانی رابردوودا هاتوونەتە سلێمانی، بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنیی ناوچەکانیانەوە، یەکەیان لە سلێمانی کڕیوە، هەرچەندە ئێستا ئەمەش کەمبووەتەوە، ئەگەر بەڕێژەی سەدییش لێکیبدەینەوە ئەوا لە رێژەی 15% ئەم کڕیارانە کەمبوونەتەوە بۆ رێژەی 5%.
پرسیارێکی دیکە لێرەدا ئەوەیە؛ داهاتووی ئەم بازاڕە لە تەواوی هەرێمی کوردستان و سلێمانیش ئاڕاستەکەی بەرەو کوێیە؟ ئەمەش روانگەی وەبەرهێنەرانی سلێمانی دابەش کردووە. بۆ نموونە ئەو وەبەرهێنەرانەی پرۆژەکانیان بە پێشەکی و قیستی مانگانەیە، ئاماژە بە داڕمانی ئەم کەرتە دەکەن بەهۆی دواکەوتنی مووچە و یەکلانەکردنەوەی ئەم پرسە، چونکە بەشێکی زۆر لەوانەی یەکەکانیان کڕیوە، فەرمانبەرن یان کاسبکاری نێوخۆیین، ئەمانیش هەر پشت بە فەرمانبەران دەبەستن، چونکە ئابووریی هەرێمی کوردستان و سلێمانیش ئابوورییەکی کرێنشینییە و پشت بە مووچە دەبەستێت، کەرتی گشتی هەڵسوڕینەری بازاڕە. هەربۆیە لەماوەکانی رابردوودا بەهۆی دواکەوتنی مووچە، هەندێک لە کڕیارەکانی ئەم یەکانە داوای فرۆشتنەوەیان لە کۆمپانیاکان کردووە ئەگەر بە زیانیش بێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەو وەبەرهێنەرانەی بە زۆری پشتیان بە سەرمایەکانیان بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا و تەواوکردنی پرۆژەکان بەستووە، ئاماژەیان بە پێویستیی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ سلێمانی دەکرد بەهۆی زیادبوونی کۆچکردنی خەڵک لە دەورووبەری سلێمانی بۆ نێو سلێمانی و هاتنی هاوڵاتییانی عێراقی بۆ نێو سلێمانی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە. یەکێک لە نموونەکان خێزانێکی بەغدایە کە لە خراپی کواڵێتی هەوای بەغدا هەڵاتوون و بڕیاریانداوە لە یەکێک لەم یەکە نوێیانەی سلێمانی بژین. هەروەها، لە رابردوودا بۆ زیاتر لە 8 ساڵ مۆڵەتی بیناکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون راگیرابوو، ئێستاش دووبارە راگیراوە و نازانرێت چەندی پێدەچێت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی مۆڵەتپیدان بە پرۆژەکانی خانووبەرە.
هەردوو روانگەکە داهاتووی ئەم کەرتە لە سلێمانی بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەبەستنەوە، چونکە گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی مووچە نەک تەنیا دەتوانێت دڵنیایی لە هاتنی مانگانەی مووچە بدات و پرۆژەکان تەواوبن و جووڵەی بازاڕ هەبێت، بەڵکو دەرفەتی قەرزدان بە فەرمانبەران دەکاتەوە و شارەکانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر بەڕووی هاووڵاتییانی عێراقی دەکرێنەوە و دواجار ئەم یەکانەش زۆر زووتر تەواو دەکرێن، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە بێت، ئەم کەرتە شکست دەهێنێت.
لێکەوتەکانی گۆڕینی شار لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی
شار و بنیاتنانی شار مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەپێی پێنگوین راندۆم هاوس (2021)، شارەکانی سەنتەری شارستانیەتی کۆن و ونبوو، شاری رووبارە مەزنەکان، شارە دەریاییەکان، شارە دیزایینکراوەکان و شارە نوێیە دروستبووەکان (شاری میترۆپۆلی مۆدیرن) لە جۆرەکانی شارن لە دنیا. هەریەک لە شارەکانی رۆما، ئیستەنبووڵ و بابلیۆنەوە تاوەکو سیئۆل، دوبەی، باکۆ و سەنگاپوور دەکەونە چوارچێوەی ئەم پۆلینکردنەوە، بەڵام ئەم فراوانکردنەی شارەکان لە هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی بنیاتنانی ژێرخان بۆ ئێستا و داهاتوو بووە. ئەگەر لەڕووی بنیاتنانی ژێرخانەوە سەیری دوو شار بکەین لەندەن و سەنگاپوور، ئەوا ژێرخان ئامادەکراوە ئینجا دەستکراوە بە سەرخان و یەکەکانی نیشتەجێبوون. بۆ نموونە، لەندەن کە مێژوویەکی دێرینی هەیە و، ئیستا بەدەست قەرەباڵخی و جەنجاڵیی شەقامەکانەوە دەناڵێنێت و شارەوانی لەندەن رێکاری گەورەی گرتووەتەبەر بۆ چارەسەرکردنی، لە ساڵی 1863 یەکەم هێڵی ژێرزەویی گواستنەوەی شەمەندەفەری لەنێوان پادینگتۆن و فارینگدۆن کردووەتەوە، لە ساڵی 1875 سیستەمی ئاوەڕۆی لەندەن تەواوکراوە و وایکردووە ئەوکات لەندەن شارێکی تەندروست بێت بۆ ژیان و دانیشتووانەکەی، لاپەڕە (88). سەنگاپووریش یەکێک لەو وڵاتانەی لە دوورگەیەکدایە و شارەکانی لەلایەن ناشناڵ جیۆگرافیکەوە بە شاری داهاتوو ناسراون، لەئێستاوە ئامادەکارییەکانی بۆ دابینکردنی کۆی سەرچاوەکان بۆ دانیشتووانەکەی لە پێنج دەیەی داهاتوودا کردووە،
بۆ نموونە لەڕووی بنیاتنانی یەکەکانەوە، یەکەمجار ژێرخانەکانی گواستنەوەی رێگەی خێرای ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر و دابینکردنی وزە و کێبڵەکانی ئینتەرنێتی لەژێر زەویدا چین بە چین بنیات ناوە، لەڕووی سەرچاوەی ئاوی پاکەوە 70 کۆگەی بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران دروستکردووە، بنیاتنانی وێستگەیەکی پێشکەوتووی گۆڕینی ئاوی دەریای بۆ ئاوی خواردنەوە بە تێچوویەکی کەم و، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ئەم پرۆسەیە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ داهاتوو داناوە.
ژمارەی ئەو یەکانەی لە داهاتوودا لەم شارانەی هەرێمی کوردستان دێنە بازاڕەوە زۆر زیاترە لەوەی لە ژمارەکانی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان هەیە، چونکە هەندێک لە پرۆژەکان لە کۆی سێ بۆ چوار زۆن تەنیا یەک زۆنیان تەواوکراوە یان کاریان تێدا دەکرێت، هەرچەندە ئێستا شارەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو گۆرانکاریی خێرا دەڕۆن و زیاتر بەرەو ستوونیین، بەڵام گۆڕینی شار لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنی گەورەی لە داهاتوودا دەبێت، لە لێکەوتە ئەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە، نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان لە رووبەرێکی کەمدا، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، ئاوەڕۆ و کارەبا و رێگاوبان بۆ دانیشتوان و هتد، لێکەوتە نەرێنییەکانیشی بریتییە لەتوانای ژیان و بەردەوامی (Livability and Sustainability) لە داهاتوودا بەهۆی نەبوونی ژێرخانی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان و بەکارهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک ئاو، رێگاکانی گواستنەوە، سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە، کەمی رووبەری سەوزایی و لەسەروو هەمووشیانەوە رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دانیشتوانەکەی. ئەگەر ژمارەکان ورد بکەینەوە بۆ نموونە بنیاتنانی نزیکەی 50 هەزار یەکەی نوێی نیشتەجێبوون بە واتای نیشتەجێکردنی بەلایەنی کەمەوە 200 هەزار دانیشتووی نوێ دێت بۆ سلێمانی، ئەگەر رێژەی زیادبوونی دانیشتوانیش بەمشێوەیەی ئێستای سلێمانی لێکبدەینەوە.
هەروەها، بناتنانی ئەو هەموو یەکەیە لەم ساڵانەدا و تەواوکردنیان لەکاتی خۆیدا بەشێوەیەک لە شێوەکان، رەنگە زۆر قورس نەبێت، چونکە لە سەردەمی قەیرانێکی سەختی ئابووری، نەبوونی پارە، خراپیی رەوشی ئەمنی و سیاسی هاتووەتە ئاراوە، بەڵام دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک رێگەوبان، شەقامەکان، ژێرخانی دابینکردنی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرچاوەکانی وزە، کە ئێستا لە ئەستۆی وەبەرهێنەرە بە چواردەوری پرۆژەکەی خۆیدا دەیکات، ئەی کێ شەقام و رێگەکانی دەرەوەی پرۆژەکان تەواوبکات؟ کێ رێگەی نوێی گواستنەوە بنیات بنێت، کە نزیکەی یەک دەیە زیاترە لایەکی شەقامی 100 مەتری تەواو نەکراوە؟ یان سەرچاوەی نوێی دابینکردنی ئاو و هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو و وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو دابین بکات؟ کە بەم دۆخەی ئێستاوە هەندێک لە پرۆژە نایابەکانی نیشتەجێبوون رۆژانە بە تانکەر ئاو بۆ دانیشتووانەکەیان دابین دەکەن.
لێکەوتەیەکی دیکەی ئەم گۆڕانکارییە پەیوەستە بە سەرمایەی گشتی یان هاونیشتمانیان و هاووڵاتیانەوە کاتێک سەرمایەکانیان دەخەنە یەکێک لەم پرۆژانە، کە دەبووایە نرخی یەکەکان رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوون بوایە بەهۆی کەمبوونەوەی زەویی نیشتەجێبوون و زیادبوونی دانیشتووانی شارەوە، بەڵام لە هەندێک لە پرۆژەکان بەپێچەوانەوە بووە و روو لە دابەزین بووە، ئەویش بەهۆی نزمیی کواڵێتی یەکەکان و، نرخی سەرەتایی یەکەکان کە بە قیستی درێژخایەن بووە و جیاوازیی کاش و قیست و خستنەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە یەکەی نوێ لەماوەیەکی کەمدا.
راستییەکی دیکەش لەبارەی ئەم بازاڕەوە نرخی یەکەکان و یەک مەتر دووجای هەندێک لە پرۆژەکان کە لەنێوان 60 هەزار بۆ سەروو 150 هەزار دۆلارە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی دۆخی ئابووری و بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان نییە، تەنانەت سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکیش پشتیوانی بازاڕەکە ناکات، ئەمەش نەک تەنیا لە سلێمانی بەڵکو لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق.
کۆتایی
ئێستا پرۆژەکانی نیشتەجێبوون جووڵەیەکی بازرگانی و دەستی کار و رەخساندنی هێزێکی نوێی ئاڵۆگۆڕی پارەیە لە سەنتەری پارێزگاکان، بگرە لە هەندێک لە ئیدارە سەربەخۆکانیش لە هەرێمی کوردستان. ئەم کەرتە بە دووەم کەرتی وەبەرهێنان دێت لەدوای پیشەسازییەوە، بەڵام ئەگەر سەرمایەی ئەو پرۆژانە کە لە دەرەوەی دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە و بنیاتنراون هەژمار بکەین، بەدڵنیاییەوە ئەم کەرتە دەبێتە یەکەم کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا.
رۆژانی رابردوو؛ دەرکەوتنی کێشەیەکی ملیۆنان دۆلاری لە کەرتی خانووبەرەی هەولێر تاڕادەیەک کاریگەریی تەواوی کردووەتە سەر بازاڕی خانووبەرە نەک لە هەولێر بگرە لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکەش، بۆیە ئێستا ئاراستەی بازاڕەکە لەڕووی نرخەوە رووی لە دابەزین کردووە، کە سەرەڕای ئەم هۆکارانەش زۆریی خستنەڕوو و کەمیی داواکاریش رۆڵێکی گەورەی هەبووە بەهۆی رەوشی ئابووری و سیاسییەوە جیاوازییەکی گەورەی تێکەوتووە.
بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی جیاوازە لە شارەکانی دیکە و پەیوەستە بە دۆخی ئابووریی گشتییەوە واتە بە مووچەی فەرمانبەرانەوە، چونکە رێژەی 90% کڕیارەکان کڕیاری نێوخۆیی و خەڵکی سەنتەری سلێمانی و قەزاکانن، واتە بەهەر شێوەیەک بێت، پشت بە داهاتی نێوخۆ دەبەستن، هەربۆیە هەندێک لە وەبەرهێنەرەکان ئاماژەیان بە گرنگیی مووچە و لێکەوتەکانی دواکەوتنی مووچە دەکرد، بۆ نموونە لەماوەکانی رابردوودا بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، هەندێک لە کڕیارەکان گەیشتبوونە ئاستی فرۆشتنەوەی یەکەکان بە وەبەرهێنەرەکان بە کەمتر لەوەی پێشووتر لێیان کڕیون.
لەڕاستیدا، ئەم شێوازەش لە فرۆشتنی یەکەکان دوو مەترسیی گەورە دروستدەکات، یەکەمیان، وەستانی جومگەکانی دیکەی ئابووری و بازاڕ بەهۆی بەستنەوەی هاونیشتمانیان بە بەشکردنی نیوەی داهاتیان لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنی ئەم پرۆژانە. دووەمیان، لە ئەگەری بەردەوامیی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە، دەبێتە هۆی نەک تەنها دواکەوتنی تەواوکردنی پرۆژەکان، بگرە شکستهێنانیان چونکە بەشێکی گەورەی پشتی بە داهاتی ئەو کەسانە بەستووە کە چاوەڕوانی مووچەکانیانن و یەکەی نیشتەجێبوونیان لەم پرۆژانەدا کڕیوە.
لەکۆتاییدا، بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی بەهۆی پێدانی مۆڵەت و خواستی وەبەرهێنەران بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا وایکردووە ژمارەی پرۆژەکان و تاوەرەکان زۆر زیاتر بێت، بەڵام ئەگەر پلانێکی خێرا و گشتگیر و چاودێریکردنی حکومی نەخرێتەگەڕ، ئەوا بەدڵنیاییەوە سەرەڕای پێویستیی خەڵک بۆ نیشتەجێبوون لە یەکەیەکی نوێ، دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی دەیان ملیۆن دۆلاری سامانی هاونیشتمانیان و هاووڵاتییان و سەتان ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنەرانیش، چونکە دەبێتە کۆنکریت و باڵەخانەیەکی تەواونەکراو. ئەم چاودێری و پێداچوونەوەیە لەم پرۆژانەدا بۆ بنیاتنانی یەکەیەک کە هیچ نەبێت دڵنیایی بدات لە بەرگەگرتنی کارەساتی مرۆیی و سرووشتی لە داهاتوودا ئەگەر رووبدات.
سەرچاوەکان
چاوپێکەوتن، لەگەڵ وەبەرهێنەران لە پرۆژەکانی کۆمپانیای ئیم جەی، دانیا سیتی، ئەوین سیتی، سنتراڵ پارک، باشوور سیتی، شاری دایک، کۆمپانیای قەیوان گرووپ، نووسینگەکان و کۆمپانیاکانی عەقارات، 29 و 30ـی نیسان 2024 و 1ـی ئایار 2024، سلێمانی.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و زانیاری (2024). وەبەرهێنان بەپێی سێکتەرەکان و سەرمایە و رووبەر لە 01-08-2006 تاوەکو 02-05-2024.
Great cities: The stories behind the world’s Most fascinating places (DK history changers): DK: 9780744029222: Amazon.com: Books. Available at: https://www.amazon.com/Great-Cities-stories-behind-fascinating/dp/0744029228 (Accessed: 05 May 2024).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ