لە عێراق؛ مانگانە چۆن 10 ملیار دۆلار داهاتی نەوت خەرجدەکرێت؟

08-05-2022
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
 
بەرایی
 
عێراق لەم مانگانەدا داهاتێکی سەروو 10 ملیار دۆلاری لە نەوتەوە بۆ دێت، کە چاوەڕواندەکرێت سەرڕێژی بودجەکەی بە قەد ئەو بودجەیە بێت کە ئێستا کاری پێدەکات و، پێنج مانگە هیچ نیازێکی راستەقینەش بۆ ئامادەکردن یاخود کارکردن بۆ بودجەی  2022 نییە. لەڕاستیشدا هەروایە و لەکۆنیشەوە گوتراوە "کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە"، هەربۆیەش ئێستا کێشەکان دەرناکەون و کەس دەنگی لێ نایەت، چونکە هەرچۆنێک داوا بکەێت هەیە ، بەڵام کاتێک نییە و ئەبێت رێکبخرێتەوە و دیاریبکرێت لە چ کەمبکرێتەوە و بۆچی کەمدەکرێتەوە، ئەوکات هەمووكەس هاوار دەکات.
 
لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا داهاتی نەوتی عێراق 38.502 ملیار دۆلار بووە و بەتەنیا لە مانگی شوباتدا 8.8 ملیار دۆلار بووە ، بەڵام لەو مانگەدا 3.49 تریلیۆن دینار، واتە 2.407 ملیار دۆلار تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەران لە عێراق خەرجکراوە، کە نیوەشی فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری بووە! لەکۆتاییەکانی مانگی رابردوودا سندوقی نێودەوڵەتی دراو IMF گەشەی ئابووری عێراقی لەنیو یەکێک لە وڵاتە گەشەکردووەکانی ئەمساڵ داناوە، ئەگەرچی هەندێک لە شارەزایان بە گەشەکردنی ئابووری هەژماری ناکەن و تەنیا لە چوارچێوەی هاتنی پارەیەکی زۆر و زەبەن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە تەماشای دەكەن، هەربۆیەش ئەو پرسیارەی لێرەدا دەمانەوێت وەڵامی بۆ بدۆزینەوە ئەمەیە: ئەو پارە زۆرەی مانگانە دێتە عێراق چی لێدەکرێت و لەچیدا خەرجدەکرێت؟ بۆ ئەم مەبەستەش بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی نەوتی عێراق، هەڵوەستەیەک لەسەر داهات و خەرجییەکانی مانگی شوباتی 2022 دەکەین.
 
داهات و خەرجییەکان لە شوباتی 2022
 
وەزارەتی دارایی عێراق لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا کۆی داهات و خەرجییەکانی بۆ مانگی شوبات 2022 خستووەتەڕوو، کە بەپێی راپۆرتەکە  95%ی داهات لە نەوت و 5%یشی لە نانەوتییەوە دێت. بەشێوەیەک 10.14 تریلۆن دینار داهاتی نەوتی و 325.6 ملیار دینار داهاتی نانەوتی و 6.8 ملیار داهاتی دیکەی دەوڵەت* بووە . ئەگەر زیاتریش داهاتی نانەوتی عێراق بۆ مانگی شوبات وردبکەینەوە وەکو لە گرافیکی یەکەمدا هاتووە،  63.86 لە ئاڵۆگوڕی پارەوە و 55.48 ملیار لە باج و  85.1 ملیاریش لە رسوماتەوە هاتووە.  
 
داهاتی نانەوتی لە مانگی شوباتی 2022دا. سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق
 
راپۆرتی وەزارەتی دارایی، خەرجییەکانی مانگی شوباتی بە 6.7 تریلۆن دینار داناوە ، بەشێوەیەک لەنێوان سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکان و پارێزگاکاندا جیاوازییەکی خەیاڵی هەیە. بۆ نموونە کۆی خەرجی وەزارەتی ناوخۆ  988 ملیار دینار بووە و، بەتەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ئەم وەزارەتە 976.2 ملیار دینار خەرجکراوە!
 
لەنیو سەرۆکایەتییەکانیشدا، ئەنجومەنی نوێنەران لەمانگی شوباتدا، تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی 40.24 ملیار دینار، سەرۆکایەتی کۆمار 3.07 ملیار دینار، ئەنجومەنی وەزیران 415.46 ملیار دیناری بۆ مووچە بردووە. هەر لەو مانگەشدا تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەران 3.49 تریلۆن دینار خەرجکراوە.
 
خەرجییەکانی مووچەی فەرمانبەران بەگوێرەی دامەزراوە و سەرۆکایەتییەکان بۆ مانگی شوبات 2022 لە عێراق. سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق
 
هەروەها لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش بۆ مووچە جیاوازییەکی گەورەیە لەنێوان پارێزگاکاندا هەیە وەکو لە گرافیکی سێیەمدا دەردەکەوێت. لە پارێزگا سونییەکان ئەو پارەیەی وەکو مووچە خەرجدەكرێت زۆر كەمە، ئەویش لەکاتێکدا پارێزگاکانی دیکە دە هێندەی بۆ تەرخانکراوە. بۆ نموونە بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای بەسرە 2.98 ملیۆن کەسە و پارێزگای نەینەوا 3.82 ملیۆن کەس بووە ، کەچی پارێزگای بەسرە 86 ملیار دینار وەک مووچە و پارێزگای نەینەواش تەنیا 3.19 ملیار دیناری بۆ مووچە وەرگرتووە!
 
خەرجییەکانی مووچەی فەرمانبەران بەگوێرەی پارێزگاکانی عێراق لەمانگی شوبات 2022دا. سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق
 
جیاوازییەکی دیکە و لەڕاستیدا کارەساتێکی دیکەش، تەرخانکردنی پارەیە بەگوێرەی وەزارەتەکان، ئەویش نەک بۆ بودجەی پرۆژەکان یاخود بۆ بنیاتنانی پرۆژەی ستراتیژی، بەڵكوو بۆ مووچەی فەرمانبەرانە یاخود ئەو کەسانەی لەو کەرتانەدا کار بۆ حکومەت دەکەن. بۆ نموونە بەتەنیا لە مانگی شوبات دا، تەنیا بۆ مووچەی کارمەندەکانی  وەزارەتی ناوخۆ 976.24 ملیار دینار و وەزارەتی بەرگری 566.07 ملیار دینار خەرجکراوە، لەکاتێکدا هەموو وەزارەتەکانی دیکە نێوەی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆیان بۆ خەرجنەکراوە، وەکو لە گرافیکی چوارەمەدا هاتووە. 
 
خەرجییەکانی مووچەی فەرمانبەران بەگوێرەی وەزارەتەکان لە عێراق بۆ مانگی شوبات 2022دا. سەرچاوە: وەزارەتی دارایی عێراق
 
کۆتایی
 
ئێستاش سەڕەای ئەوەی پارەکە زۆرە، کەس نایپەرژێتە سەر پرۆژە هەنووکەییەکان چجای پرۆژە ستراتیژییەکان. لە دوو دەیەی رابردوودا هەر پرۆژەیەک ستراتیژی بووبێت و گوژمەی زۆر یاخود ژمارەی سفرەکانی لە 12 تێپەڕ بووبێت، ئێستا کەلاوەی بەردی بنەخاکەی ماوە، چونکە تەرخانکردنی پارەکە تەنیا لەسەر کاخەز بووە. لەم بەراوردکارییەدا ئەوەی روونە تەنیا بۆ مووچە مانگانە 3.49 تریلۆن دینار خەرجدەکرێت و نزیکەی نیوەشی بۆ وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی بەرگری، لەکاتێکدا بەهەموو پێوەرەکانی ئابووری خەرجی دەوڵەت، پێویستە بەرەمهێنەر بێت نەوەکو بەکاربەر. هەربۆیەش عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت وەزارەتەکەی من لە وڵاتێکی دیکەدا بە 180 کەس بەڕێوەدەچێت، بەڵام من 33 هەزار فەرمانبەرم هەیە!
 
هەروەها، بەپێی بانکی جیهانی  پێوەرەکانی گەشەکردن، و بەتایبەتیش لە کەرتی ئابووری هەر وڵاتێکدا بەندە بە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی GDP، زیادبوونی ساڵانەی داهاتی کشتووکاڵ، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، هەناردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزاری، زیادبوونی داهاتی تاک، رێژەی بێکاریی و کارکردنی بەرهەمهێنەر لە کەرتەکانی کشتووکاڵ، بازرگانی و خزمەتگوزاری و هتد، نەوەکو تەنیا هاتنی پارە و خەرجکردنی بۆ مووچە وەکو لەسەرەوە باسکرا.
 
لەکۆتاییدا، داهاتی عێراق لەم مانگانەدا وەک خەون وایە و تەنیا لە نەوتەوە، مانگانە 10 ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت، بەڵام بەپێی شارەزایان رۆژگارێکی سەختی لە پێشە ئەگەر بەم شێوەیە ئیدارە بدرێت، هەرچەندەش چاوەڕوانی باشتریشی لێناکرێت!
 
تێبینی، بۆ بینی تەواوی داتاکان بە کوردی و بەفایلی ئیکسڵ بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شێخ فاتیح

بۆ ئەوەی شەش بە چوار نەبین دەبێ سەرژمێری بکەین

عێراق دەڵێت: کوردستان تۆ 12.67 لەسەدی بۆیە 24 تریلیۆن دەنێرم، بەڵام گوێز بە ژماردن مایەکەی دیارە، ئەگەر سەرژمێری بکرابایە، کوردستان 15٪ دەبوو و شایەنی 30 تریلیۆن دینار دەبوو، کەواتە هەر لەجێوە و لە رێوە 6 تریلیۆن دینار چاوی تۆ خۆش.