چارەكە سەدەیەك رەنج

 
 
لە گەرمەی ئەو هەموو قەیران و شەڕپێفرۆشتن و هەڕەشە جددیيەی بۆ لەناوبردنی قەوارەی كوردستان و خۆبەدەستەوەدانی گەلەكەی لە ئارادایە، بڵاوبوونەوەی زنجیرە ڤیدیۆیەك لەم  رۆژانەدا بە ناونیشان و ناوەڕۆكی (گەر پێشتر وەك ئەم چوار ساڵە كار بكرایە، هەموو سێكتەرەكانی ژیان لە كوردستاندا پێشكەوتووتر دەبوون)، جێی سەرنج و لەسەروەستان بوو، نەك تەنیا لەبەرئەوەی دۆخی كوردستان و هۆش و فیكر و خەمی خەڵكەكەی لە دۆڵێك و ناوەڕۆكی ئەم زنجیرە ڤیدیۆیە لە دۆڵێكی دیكەن، بەڵكو زیاتر لەبەر ئەوەی: بەڕاستی رووقایمی و جەسارەتێكی بێ وێنەی دەوێت رەنج و خەباتی چارەكە سەدەیەكی میللەتێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی وڵاتە وێرانەكەی، هەروا سووك و ئاسان و بە نووكە قەڵەمێك، كەموكورت و نادیدە بگیرێت!!. 
 
ڤیدیۆكان ناوی بەرهەمهێنەرەكەیانی لەسەر نییە و ئەوەش خۆی لەخۆیدا و بە پێوەری میدیای متمانەدار و پیشەیی، كارێكی ناپەسندە. سۆراخم كرد و زانیم كە چەند گەنجێكی ڤیدیۆچیی كەم ئاگا لە مێژوو و كەم ئەزموون، لە پشت ئەم كارەوەن و بە نیازی ماركێتینگ بۆ كار و پڕۆژەكانی حكومەتی خۆمان كردوویانە، بەڵام پێدەچێ پەلەپروزێ و لێوردنەبوونەوە، سەرچیخی بردبن و بۆ پەسنی ئێستامان، ئەو تفەنگەیان بە رابردووی خۆمانەوە نابێت. 
 
لەم ساتەوەختەدا كە لە هەموو لایەكەوە ناحەز و دووژمن خەریكن ئەزموونی خودحوكمڕانیی 30 ساڵی رابردووی گەلەكەمان وەك ئەزموونێكی شكستخواردوو وێنا بكەن و لەبەرچاوی خەڵكەكەمانی بخەن و بەرهەمەكەی لەناو ببەن، پێویستە چەند سەرەقەڵەم و چەند راستییەكی یەكجار سادە و بەڵگەنەویست بەبیر ئەو گەنجانە بێنینەوە بۆ ئەوەی كارەكان و ڤیدیۆكانیان و تفەنگنانیان بە رابردووی ئەزموونەكەمانەوە، ئاو نەكاتە ئاشی ناحەزانەوە: 
 
ئێوە بەر لەوەی حەقتان بە خۆتان دابا ئەو مێژووە پڕ كار و ئازار و دەسكەوت و مەینەتە هەڵسەنگێنن، دەبووا بزانن و بپرسن بەر لە 30 ساڵ كە كوردستان ئازادكرا و كەوتەوە دەست خەڵكەكەی، چ وێرانەماڵ و كەلاوەیەكی خاپوور بوو، ئەوانەی ئێوە پێیان دەڵێن باش كارتان نەكرد!! بە چ چنگەكڕێ و رەنج و خەباتێك بەرد لەسەر بەردی سێ هەزار گوند، شارۆچكە و شاری رووخاویان هەڵچنییەوە!!. چۆن بە كەمترین توانا و ئیمكانات ملیۆنان كوردی جەنگزەدەی ماڵوێران، راگوێزراو، كولتوورشێوێندراو، ئۆردووگانشین، دەستوپێ سپی، دوورخراوە لە جووتیاری و كەسابەت و سەرچاوەی بژێوییان، دووبارە ئاوێتەی ژیان و ئومێد و بژێوی كردەوە.
 
ئەو قۆناخەی ئێوە دەڵێن وەك پێویست ئیشی تێدا نەكرا، قۆناخی قۆڵهەڵماڵین و رەنج و ئارەق رشتنی هەزاران ئەندازیار، پزیشك، مامۆستا، پیشەوەر، رۆشنبیر، نووسەر، هونەرمەند، كرێكار، جووتیار، به‌ڕێوه‌به‌ر، راوێژكار، سیاسەتڤان، وەزیر و كادری لێزان و كارزانی گەلەكەمان بوو لە تاقیکردنەوەی سەختی سەلماندنی لێوەشاوەییدا و بۆ ئەوەی بیسەلمێنن گه‌لى كوردستان شایستەی خۆبەڕێوەبردنە و دەتوانێ وڵاتی خۆی بینا بكات و هیچی لە میللەتانی دیكە كەمتر نییە. جا كوا هەموومان هەمیشە و هەر بەو رۆحە شێلگیر و گیانە نیشتمانییە پڕ حەماسەت و باوەڕبەخۆبوونەی ئەوێ رۆژێ كارمان كردبا!. 
 
ئەو ساڵانەی ئێوە دەڵێن باش كاریان تێدا نەكرا، نەك هەر ئەو هەزاران گوند و دەیان شارە وێرانەی تێدا ئاوەدان كرایەوە، بەڵكو ساڵانی گەشانەوە و فراوانبوونی شارە گەورە و پێشكەوتووەكانمان بوون كە پیشتر دواكەوتوو و پەراوێزخراو بوون: هەولێر لە هەولێرێكی فەرامۆشكراوی بێ خزمەتەوە بووە ئەو شەكرەشارەی چووە ریزی شارانی گەشەسەندووی جیهانەوە. دهۆك وەك شارێكی  تەواو دەستكردی خه‌ڵكى كوردستان و بەرهەمی خودحوكمڕانیی كوردی دامەزرا، دیانای لاچەپ و نەناسراو بووە شاری فراوان و گەشاوەی سۆران، گەرمیان دەستی هانای گەیشتێ، هەڵەبجەی خنكاو ژیایەوە و سەدان شارۆچكە و شاردەدێی مەحفەوەبوو ژیانیان بەبەردا كرایەوە. لەو پرۆسە مەزن و فراوانە نیشتمانسازییەدا تەواوی سیستم و سێكتەرەكانی ژیان قەڵەمبازيی گەورەیان بڕی تاوەکو بەو فراوانبوونە شارستانییە مەزنە رابگەن.    
 
نكۆڵی لەوە نەكراوە و ناكرێت كە لەو قۆناخە پڕكار و پرۆژە و گەشەسەندنەدا، كەم و زۆر كەم و كورتی و كەمتەرخەمیش هەبوون و چەندین هەڵەش روویاندا، هەر كەسێكیش دوور لە پێداهەڵگوتن و مەدح و سەنا ئەو مێژووە هەڵسەنگێنێ، ناتوانێ نكۆڵی لەو  هەڵە و كەم و كاسیانە بكات و لە قازانجییش نییە ئەو نكۆڵییە بكات، بەڵام  كار و بەرهەم و دەستکەوتی مەزنی ئەو خەڵكەی ئێوە دەڵین باش كاریان نەكرد، بووە مایەی ئەوەی جیهان هەرێمی كوردستان ناوبنێت "عێراقەكەی دیكە"، هەڵبەت دەشزانن عێراقەكەی دیكە واتە ئاوەدان، سەقامگیر، پێشكەوتوو، دیموكراتخواز و رێزگری مافی مرۆڤ و ئازادی و فرەیی و پێكەوەژیان.
 
داخۆ لە بیری خەڵك چووبێتەوە بووژانەوەی ئابووريی دوای 2005 چ خۆشگوزەرانی و گەشانەوەیەكی هێنایە کایەوە؟ بازاڕ چ بەرەكەتێكی تێكەوت و چۆن بە لێشاو گەنجان بەرەو مەیدانی كار و ئەو سەرمایەگوزارییە فراوانە دەچوون كە بە ئەندازەیەك پەرەیسەند تەنیا سەرمایەی دەرەكیی بەشدار لەو پرۆسەیەدا بە هەوڵ و حیكمەت و ئاسانكاری و هاندانی حكومەت گەیشتە 30 ملیار دۆلار. بە بیرتان نایەت بەرلەوەی داعش و قەیران یەخەمان بگرێ، چۆن بە لێشاو كوردانی هەندەران، تاڕاوگەیان جێدەهێشت و لە كۆچێكی پێچەوانەی سەرنجڕاكێش دا بەرەو كوردستان دەگەڕانەوە؟!
 
تەنانەت لەوکاتەی كەسادی ئابوورییش جیهانی گرتەوە، دیسان دۆخی هەرێمی کوردستان هەر تێکنەچوو، چونکە بازاڕی ئازادی دوور لە گوشار و دەستێوەردان گەش کرابوو و کۆمپانیاکان كە حكومەت ئاسانكار و پشتیوانیان بوو، بە‌هێز و سەرحاڵ مابوونەوە.
 
بریا دەتانزانی ئەو قۆناخی نیشتمانسازی و بووژاندنەوەیەی كوردستان كە ئێوە تانەی لێدەدەن، چ قۆناخێكی دەگمەنی یەكگرتنەوەی ئیرادە و ئیدارە و یەكێتیی ریزەكانی گەل و حیزبەکان بوو، چۆن ئاسەوارەكانی شەڕی ناوخۆ و دووبەرەكی سڕانەوە و دامەزراوە و دیموكراسی پەرەیانسەند. چۆن رێككەوتنی ستراتیژی و هاودەستی و کاری پێكەوەیی سەرۆك بارزانی و رەوانشاد مام جەلال و ئەو یەكڕیزییە نیشتمانییە كەم وێنه‌يەی لە ئارادا بوو، بوونە پشت و پەنای حكومەت لەپێناو ئاوەدانكردنەوە و بووژانەوەی ئابووری و پێشخستنی كوردستان دا. 
 
بریا كە بەو ڤیدیۆیانە تفەنگتان بەو قۆناخەی ئەزموونی حوكمڕانیی كوردستانەوە نا، ئەوەشتان لەبیربا كە بە شانازییەوە پارتیمان بە رابەرایەتیی سەرۆك بارزانی پشکی شێری سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردن و سەرخستنی ئەو قۆناخی نیشتمانسازی و ئاوەدانكارییە و سەرۆكایەتیكردنی كابینەكانی حكومەتی یەكگرتووی بەركەوت، ئەو پارتەی خۆی بۆ ئاوەدانكردنەوەی كوردستان تەرخان كرد و هەر لە سەرۆك و رابەرەكەیەوە تاوەکو دوا كادیری، خزمەتكاری ئەو پرۆسەیە بوون. بۆیە غەدركردن لەو قۆناخە و تانەلێدانی بەوەی باش كاری تێدا نەكرا، غەدرە لە پارتی بەر لە هەر لایەنێكی دیكە.
 
بریا دەتانزانی ئەوانەی ئێوە دەڵێن وەك پێویست كاریان نەكرد، لە پرۆسەی دابینكردنی ئەمن و ئاساییش و تەناهیدا تاوەکو لە سایەیدا سەرمایەگوزاری، كار و كەسابەت و ئاوەدانكاری هەڵسوڕێن و حكومەت بە ئەركەكانی رابگات، هەر لە راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشەوە تاوەکو یەكە یەكەی كارمەندانی ئاساییش، ئەو ساڵانە چ شەونخونی و گیانبازییەكیان كرد.
 
دەبووایە ئەوەشتان لەبیر بێت هەر لەو قۆناخەدا كە ئێوە تانەی لێدەدەن، میللەتەكەمان بەرگەی شەڕی داعش و داڵدەدانی ملیۆنان ئاوارە و ئابڵوقەی بەغدا و سەرەتای شەڕی نانبڕینی گرت.
 
ئێوە كه هه‌موو‌ ئه‌مانه‌تان له‌بير خۆتان بردووه‌ته‌وە‌، خه‌ڵكى كوردستان زۆر باش له‌بيريانه و هه‌رگيز به‌ كارێكى ناكامى ئاوا له‌بيريان ناچێته‌وه‌!